دهۆک بارزانی
ئەمڕۆ ئێمە ساڵیادی پیاوێکی شۆڕشگێڕ و دیاری ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەکەینەوە، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێشخستنی خەبات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەبووە، هەمیشە لە سەنگەری خەبات و سیاسەتدا ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە بۆ سەرخستنی گەلەکەمان بەسەر نەیارانی کورد و شۆڕش، ئەویش ئیدریس مستەفا بارزانی، کوڕی مەلا مستەفای ڕێبەری ڕۆحی گەلی کوردستانە.
ئیدریسی هەمیشەزیندوو هەر لە منداڵییەوە و لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا چەکی کوردایەتی و پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و شانبەشانی #مەلا مستەفا بارزانی#، ڕێبەری ڕۆحی گەلی کوردستان دەست بە خەباتی پێشمەرگایەتی و چالاکی سیاسی دەکات و هەر لە سەرەتاکانیشەوە کاک ئیدریس بەوە ناسرابوو کە پیاوێکی هۆشیار و چالاکە لە کاروباری سیاسییدا، لەپاڵ خەباتی پێشمەرگایەتی کە بۆ ئەو کات زۆر پێویست بوو.
ئیدریسی هەمیشەزیندوو ڕۆڵێکی کارای هەبوو لە هەڵسانەوەی شۆڕشی گەلی کوردستان لە دوای نسکۆی 1975، کە هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ ئەوەی دیسانەوە ڕیزەکانی شۆڕش ڕێکبخاتەوە و لەمەشدا سەرکەوتوو بوو، بە جۆرێک دەستی دیار بوو لە ڕێکخستنەوەی دووبارەی ڕیزەکانی پارتی و شۆڕشی گەلی کوردستان. هەروەها ئیدریس بارزانی بەوە ناسرابوو کە زۆر بەدڵسۆزییەوە ڕۆڵی خۆی دەگێڕا بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و کەسایەتییەکانی ناو شۆڕش و دواجار ئاشتی و تەبایی.
#ئیدریس بارزانی#، لەتەک بارزانیی نەمر، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕا لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕش و لە ماوەیەکی کەمیشدا، توانی ببێت بە سەرکردەیەکی لێهاتوو، هەر بۆیەش لە ساڵی 1965، لەنێو گەرمەی شەڕدا، بە فەرمی بە یاریدەدەری بارزانیی نەمر بۆ کاروباری سەربازی و کۆمەڵایەتی دەستنیشانکرا و لە سەردەمە ناخۆش و جیاوازەکانی شۆڕشیشدا، هەمیشە هەوڵی داوە کە ڕیزەکانی گەلی کورد یەکبخاتەوە و بەرەیەکی کوردستانی پێکبهێنێت کە وەک قوتابخانەی بارزانیی نەمر، بڕوای بە گفتوگۆی دیموکراسی و تەبایی و یەکڕیزی هەبوو، هاوکات بە ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی هێزەکانی کوردستان دادەنرێت، کە لە ئاکامدا، بەرەی کوردستانی لە دایک بوو، هەر ئەم بەرەیەش بوو کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکانی خەڵکی کوردستانی کرد لە ساڵی 1991دا.
ئێستاش خەباتی ئیدریس بارزانی بەردەوامە و #پارتی دیموکراتی کوردستان# و جەنابی سەرۆک بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە دەدەن خەونی نەتەوەیی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی بەدی بهێنێت کە سەربەخۆیی و سەرخستنی پرسی گەلی کوردستانە لە ناوچەکە و جیهاندا، ئیدریس بارزانی ئەو پیاوە شۆڕشگێڕە بوو کە هەمیشە دوژمن لێی دەترسان، بۆیە زۆربەی جارەکان لە شاندەکانی بەشداری دەکرد و سەرکەوتنی گەورەشی بەدەست دەهێنا لە پرسی دیالۆگ و چالاکی سیاسیدا. بەڵام مخابن دوای گەڕانەوەی لە کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی ئێراق لە تاران، لە ڕۆژی #31-01-1987# دا، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بەمەش کورد سەرکردەیەکی گەورە و پێشمەرگەیەکی ئازا و پیاوێکی زۆر بلیمەتی لەدەستدا، بەڵام ڕێگەی ئیدریس بارزانی هەر بەردەوامە. [1]