سیروان تۆفیق شەفیق
مرۆڤەکان کە لە دایک دەبن ھەموویان بە سرووشت ئاسایین بێ ئەوەی پەروەردەی خێزان و بنەماڵە کاریگەریی بخاتە سەریان و ھەندێک لەم مرۆڤانە ھەر چۆن ھاتوون وا گەورە دەبن و ھەندێکیشان ناتوانن ھەر وا بەئاسانی لەگەڵ ژیان ھەڵبکەن و خۆیان بدەنە دەست قەدەری ژیان و ڕۆژگار، بەڵکوو بیر لە داھاتووی خۆیان و گەلەکەیان دەکەنەوە و دەبنە سمبول و ڕابەر و سەرکردەیەک بۆ گەلەکەیان. کاتێک دەتەوێت باس لە ژیانی کەسێک وەک سەرکردە و کەڵەپیاوانی گەلەکەت بکەیت دەبێت ئەو کەسە چەندین ڕەوشت و سیفاتی تێدا بێت جیاوازتر لە کەسی ئاسایی بۆ ئەوەی ببێتە کاریزمایەک.
کەواتا ئەوەی دەمەناوێت باسی ژیانی سەرکرد و سمبولێکی گەلی کورد بکەین لەم چەند دێرەدا، لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت بە چەندین نووسین و لێکوڵینەوە باس لە ژیان و ڕۆڵی سەرکردەی ھەمیشە لە یاد کاک ئیدریس بکەین. بەڵام لە ساڵی 1944 وەک ھەر منداڵێکی دیکەی کوردستان لە دایک دەبێت، بەڵام جیاوازتر پەروەردە دەکرێت و ھەر لە منداڵییەوە دەبێتە قوتابییەکی زیرەک و چاوکراوەی قوتابخانەی شۆڕش و بەرخودانی بارزانی باوک و گۆش دەکرێت بە بیرکردنەوە لە ئازادی و سەربەخۆیی و پێکەوە ژیان لە کوردستان، بۆیە ھەر زوو لە تەمەنی لاوێتیدا و کاتێک کاک ئیدریس تەمەنی دەبێتە 17 ساڵ بەتەواوی تێکەڵاوی شۆڕش و قوربانیدان دەبێت بۆ گەلەکەی و ھاوشان لەگەڵ بارزانی باوک لە شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەبێتە پێشمەرگە بۆ پاراستنی کوردستان، کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو لە قۆناغەکانی ژیانیدا چەندین ڕۆڵی گرنگی بینیووە لەناو شۆڕشی چەکداری کوردستان و سەرکردایەتی کردنی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، لەبەر ئازایەتی و لێھاتووی بارزانیی نەمر سەرکردایەتی داستانەکانی زۆزک و ھەندرێن دەسپێرێت بە کاک ئیدریس بارزانی و ڕۆڵی ئازایانە دەگێڕێت لەم داستان و نەبەردیانە، ھەم لەبەر ئەوەی کوڕی بارزانی باوک دەبێت و ھەم لەبەر ئازایەتی و لێھاتووی و نزیکی و خەمخۆری لە پێشمەرگە.
خوێندنەوە و لێھاتووی سەرکردە وای کرد ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت لە دانووستانەکانی نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و ڕژێمی ئەو کاتی ئێراق کە ئاکامەکەی ڕێکەوتنامەی 11ی ئاداری لێکەوتەوەو کە بۆ یەکەم جار بوو ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێراقی دانان بە مافی ئەتۆونۆمی بۆ کوردستان بنێت، کە ئەمەش بۆ سەردەم و کاتی خۆی گەورەترین دەسکەوتی شۆڕشی کوردستانی بوو، چونکە حکومەتی ئێراقی دەیزانی بە سەرکووت کردن و چەوساندەوە و شەڕ لەگەڵ کورددا ناگاتە ھیچ ئامانجێک بۆیە بە ناچاری ملکەچی دانان بە مافی ڕەوای کوردستان بوو.
لە دوای نسکۆی شۆڕش و پلانی ناحەزان جارێکی دیکە ئیدریس بارزانی ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا لە دووبارە دەستپێکردنەوەی چەخماخەی بەرخودان و ھەڵسانەوە بەرەو ئاسۆ، ئەوانەی کە سەردەمی شۆڕشی گوڵان دەیگێڕنەوە باس لە چۆنێتی بیرکردنەوە و ھەنگاوەکانی کاک ئیدریس دەکەن بەوەی زۆر وردبین و واقیع بینیانە بڕیاری دەدا ھەر بۆیە زوو و بە ھاوکاری و پاڵپشتی سەرۆک #مەسعود بارزانی# توانیان ئەو بیرکردنەوانە بگۆڕن کە باسیان لە کۆتایی ھێنانی شۆڕشی کوردستان دەکرد و بە ھەڵیگرسانەوەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز جارێکی دیکە ھیوایان بۆ میللەت و گەل گێڕایەوە و دوژمنیان تووشی ھیستریا کرد.
کاتێک باسی بەرەی کوردستانی دەکەین ڕۆڵی کاک #ئیدریس بارزانی# وەکوو ئەندازیاری ئاشتی و پێکەوە ژیانی حزبەکانی کوردستان بەرز دەنرخێندرێ، چونکە ھەوڵ و کۆششی سەرکردە لەو قۆناغە ھەستیاری کوردستان و ھەبوونی ململانێ و شەڕی نەویستراوی ناوخۆی پارت و لایەنە کوردستانییەکان کاریگەریی نەگەتیفی کردبووە سەرشۆڕش و بە پێچەوانەوە بوبووە ھۆی بەھێزی دوژمنانی کوردستان، بۆیە یبرکردنەوە و ھەوڵ و کۆششی کاک ئیدریس لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی نەھێشتنی دووبەرەکی لەنێو ماڵی کورد بەرز دەنرخێندرێت و ھەر کاتێک باسی درووستبوونی بەرەی کوردستانی دەکرێت ڕۆڵی کاک ئیدریس وەکوو ئەندازیار و مامۆستا و سەرکردەی بیرمەند دێت.
چەندین خەسڵەتی دیکەی وەکوو (سادەیی، نزیکی لە پێشمەرگە و خەمخۆری ھەژار و لێقەوماو ئاوارەکانی کوردستان و یەکسانی و دادپەروەری ... ھتد) لەم زاتە پیرۆزە بەدی دەکرا، ھەر بۆیە کاتێک باس لە ژیان و مێژووی سەرکردەی ھەمیشە لەیاد دێت چەندین ڕەوشت و ئاکاری کاک ئیدریس وای کردووە وەکوو کاریزما و سەرکردەیەک ھەمیشە بە زیندووی بمینێتەوە لە مێژووی خەباتی کوردایەتی و بەرخودانی گەلێک و ببێتە سیمبولی ئاشتی و تەبایی نێو ماڵی کوردی و باشترین بەڵگە و شاھێدی دان بۆ کاک ئیدریس بارزانی وەسفەکەی سەرۆک بارزانییە کە دەفەرمووێت: دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانیی نەمر بوو، کەواتا لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کاک ئیدریس بە سادەیی لە دایکبووبووە سەرکردەیەک و کاریزما و سمبولێک بۆ نەتەوەی کورد، بۆیە دوایی 32 ساڵ کۆچی دوایی بە شانازییەوە یادی دەکرێتەوە. [1]