خودای مەزن لە قورئاندا دەفەرموێت: (لاَ يُکَلِّفُ اللّهُ نَفْساً إِلاَّ وُسْعَهَا). واتە خوای گەورە ئەرک ناخاتە سەرشانی هیچ کەسێک، تەنیا بەگوێرەی توانای خۆی نەبێت. لەوەتەی چەرخی گەردوون لە سووڕانەوەدایە، هەر مرۆڤێک ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکی گەورەی کەوتبێتە سەرشان، پێشتر خودای مەزن توانا و بەهێزیی لەو کەسەدا بەدی کردووە. ئەگەرچی ئەم کەسانە بەسەختی ژیان بەڕێدەکەن، بەڵام بۆ هەمیشە بە نەمری لە پەڕەکانی مێژوودا دەمێننەوە.
لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا، فیلمی (BraveHeart) هاتەوە یادم. کاتێک ویلیام واڵاسی گەنج ڕێبەرایەتیی دۆزی گەلەکەی دەکات، ئەو گەلەی کە ساڵانێک بەدەست ئینگلیزەوە دەیناڵاند. ویلیام ملی دایە بەر ئەرکێکی قورس و بەربەرەکانێیەکی گەورە لە پێناو ئازادبوونی سکۆتلەندا. ئەگەرچی ویلیام تەمەنێکی کورتی هەبوو و لەم ڕێگەیەدا گیانی بەخت کرد، بەڵام گەلەکەی بە ئامانج گەیشت و ئەو بووە چیرۆکێکی نەمر بۆ نەوەکانی داهاتوو.
گەلی کورد، کە بەدرێژایی مێژوو چەوساوەتەوە، نموونەی زۆری لەم چەشنەی هەیە. ئەمڕۆ، لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییدا، یادی سەرکردەیەک دەکەینەوە کە لە تەمەنێکی کەمدا بارێکی قورسی خەباتی هەڵگرت.
#ئیدریس بارزانی# سەرکردەی زیندوو لە تەمەنی لاوێتیدا، ئێش و ئازارەکانی گەلەکەی بوونە ئەرکێکی گەورە لەسەر شانی. ئەو بڕیاری دا کە ژیانێکی کورت بەڵام پڕ لە واتا بژی. خۆشی و ئاسوودەیی ژیانی وەلا نا و لەنێو ئازارەکانی گەلەکەیدا ژیا، هەمیشە خەونی یەکڕیزی و سەرکەوتنی کوردی لە باوەڕدا بوو. ئەوەتا ئەمڕۆ، دوای دەیان ساڵ، ئیدریس بارزانی وەک سەرمەشقێکی نەمر ماوەتەوە و دەتوانین بڵێین بەشێک لەو ئامانجانەی کە ئەو بۆی ژیا، بەدی هاتوون. [1]
سالم جاسم