ناوی هۆنراوە: ئەو
ناوی نووسەر: #حەمە ئەحمەد جاف#
لەوەتی هەم
هەر ئەوەی هەم
لەوەتی هەم
من قەڵەمی
کورتەباڵای شەوی شارو
ئەو..
باڵای کەڵەگەتی شەم
لەوەتی هەم
دەبینم باڵای کۆشکی (ئەو)
هەرهەڵدەکشێ و...
بەژنی بەرزو کەڵەگەتی ، ..
تەلارە چاوبرسییەکانی نیشتیمانیش
بەسەر تەوێڵی کەوێڵی، ..
کوڵانە بێ تروسکەکانی ،
هەواری دڵما دەڕوانێ و..
بە گیرفانی خاڵیی خەمی، ..
وڵاتی مندا ڕۆدەچێ و...
لەگەڵ عومری شەمی شەوانی تەنیایی،
ئەشکی تۆدا دەتوێنەوە!
لێرەوە .... من
دەسڕی سواڵ و....
ئەو
دەسرۆکەی گەڕی شایی
دەنگی دەف و دەهۆڵی تۆش
لەدوورەوە
لە زەماوەندێکی ڕواژا سەوزی،
بەهاری سوورەوە
سرووەی باهۆز
گۆرانی گوڵ و گلێنە
سترانی سۆز
ڕەقسی عەجولی مەمکان و..
هەلهەلەی ماچ
هەرایەکی سێکسی
سەروو وەنەوشەیی دەنێنەوە!
لێرە
دەسکەنەی ئەوین و ..
بزەی بسکی ،
کچە قەرەجە قەمبورەکانی
قەراج و...
لەوێش......
هەلهەلەی ماچ و....
ڕەقسی مەمکی کچە عازەبەکانی ،
وڵاتی عەورەتی عاری عەرعەرو عوکاز
ئێستامن
لە زێدی ڕقی پیرۆزی،
هۆنراوەیەکی پەستەوە
دێم و
تۆش ....
لە چرپەی چەمی
چاوی پڕ لەئەسرینی
ڕەزە سووتاوەکانەوە
دێی و دەچیە
باوەشی تەنیایی ، ..
شەرابی شەوانی مەستەوە !
ئێستا (ئەو) ....
بەسیمایەکی گرژو...
چاوێکی شینی پشیلەیی
سمێڵێکی بابڕی قیت و
ورگێکی زل و....
سەرێکی ئەسلەع و قۆقز
ملێکی ئەستوور و
پێچراو بە ملپێچێکی سوورو
بۆینباخێکی بستێ پان
ئا (ئەو) ئاوا
لەوێوە دێ !
لەوێوە دێ و...
دەست لەناو دەستی کۆترە ژنێکی عەیارو
ملی شوشی شوشەیەکی ڕەنگ شەرابی، ..
گرتووە و
تابلۆی ڕەزێکی سووتاو
بەدیواری شەوانی باڕەکانی شارو ..
قاقای گۆرانی گومان و ..
گیرفانی گریانێکی گومناودا
هەڵدەواسێ !!
(ئەو)
بەسەرباڵی ڕەشەباو..
پشتی پڕووشەی بەفر و
سێبەری سمێڵی باراندا دێ !
دێت و لێرە..
بسک و گیسووی ،
ژنە سواڵکەرەکانی ئێرەو..
پرچی ڕەشماڵی کچەقەرەجەکانی وێ و...
کەزی سەر و قژ خۆڵاوی ، ..
کوختە هەژار نشینەکانی خانوە قوڕەکان
دێنێ و دەبا !
ئەو دێ و لێرە
خەونی خەڕاتەکانی وێ و ..
بێوەژنە نەوسنەکانی ، ..
نیشتیمانی چڵێسی ئێرە و ..
خەیاڵی ژنە قەیرەکانی ، ..
عەیامێک بەرلە ئەنفال
لەکۆڵانی شەهوەتی
شەوە تارو نوتەکەکانی تەمەندا
جێدەهێڵێ و..
گەڵا هەڵوەریوەکانی درەختی تەئریخ
لە پاییزی عومری،
بەهارێکی سەوزی ئاوسدا
ڕووبەڕووی
خەزانی خەمە خەنەییەکان دەکاتەوە !
***
هەمیشەپاییز ..
لە وەرزی وەرین و..
ڕووتبوونەوەی سرووشت دەدوێ
زستان
لە گریانی ڕەزو گۆرانی باران
بەهار
لە قاقای شەوانی تەنیایی شەراب و
بەد مەستیی بزەی مەی
هاوین
لە شایی نیشتیمانی سێبەرو
بووکی هەتاو
ئێستا
قاقای شەوانی شەراب و
بزەی بەدمەستیی مەی
ئەوان لە هۆڵێکدا کۆدەکاتەوە
لە دەرێش
من و تۆ و شیعرێکی ڕۆمانسی
گوێ لە گۆرانی باران دەگرین
گۆرانی باران و
باران و
باران
(ئەو) لە باران ناترسێ !
لێ من وتۆ و شیعر
لێرە لە بەر باران
کەسیڕە دەبین و ....
لە بەر چۆڕاوگەی ، ..
گوێسوانەی شەرما
بە توێی کراسێکەوە
بێ چەترو پاڵتۆ...
ڕادەوەستین !!
(ئەو) یش
لە ناو مەوسمی هەلهەلەی ماچ و
ڕەقسی عەجولیی لەرەی مەمکان و
شەپۆلی شەرابی شەوانی
قاقاو بەدمەستیی (مەی) دا
لە نێو نیگای.ڤێلاو
باڵای بڵندی تەلارێکی شۆخ و
کوڵمی کناچەی نیشتیمانی دۆلارو
مەوتەنی مەستی ماچ و مەی
حەسادەت
بەگیرفانێک عیشقی سەوزو
بەدمەستیی شیعرێکی پاییزیی
حەمە شێتەکانی
(شەعب) و (مەچکۆ) ی شارم دەبا! [1]