ناونیشانی بابەت: کۆچیادی سەرکردەی مەیدانیی شۆڕش و ئەندازیاری بەرەی کوردستانی
ئامادەکردنی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
ڕۆژی #31-01-1987#، گەلی کوردستان سەرکردە و خەباتگێڕێکی گەورەی لەدەست دا، کە ئەویش
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی، سەرکردە و تێکۆشەری گەلەکەمان و کوڕی ڕابەری نەتەوەیی #مستەفا بارزانی#یە.
ئیدریس بارزانى، خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەری شێخانی بارزان و شۆڕشگێڕەکانی ئەو ناوچەیە پەروەردە کراوە. ئەو دەڤەرە لە مێژووی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورددا چەندین ڕابەر و سەرکردەی گەورە و بەتوانای تیادا دەرکەوتووە، لەوانە #شێخ عەبدولسەلام بارزانی# و شێخ ئەحمەد بارزانی و سیمبولی نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی و چەندین شۆڕشگێڕی دیکە.
ئیدریس بارزانی، لە #شۆڕشی ئەیلوول# هاوشان لەگەڵ سەرۆک #مەسعود بارزانی#، لەژێر ڕێنمایى ڕابەر و باوک و گەورەی بیری نەتەوەییان، مستەفا بارزانیی باوکیان، ڕۆڵێکی کارا و گرنگیان بینیوە. لە دوای نسکۆی شۆڕشیش لە ساڵی 1975، وێڕای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەموو ئالنگارییانەی ڕووی لە گەلی کوردستان و پێشمەرگە کرد، بە شێوەیەکی زۆر ئەندازیارانە شۆڕشی گوڵانیان پێکەوە بەڕێوە برد و لە ڕاپەڕاندنی کاروباری پێشمەرگایەتیدا ئەندازیار و ئازا بوون و بە ورەیەکی پۆڵایینەوە ئەو ئەرکە قورسەیان لەو ڕۆژە سەختانەدا بەڕێوە برد.
بۆ قسەکردن لەسەر لاپەڕەکانی پڕ لە خەباتی ئەم سەرکردەیە و هەڵدانەوەی چەند وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پڕ لە خەبات و پێشمەرگایەتی، چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی شێخ تاهیر عەبدولغەفوور شووشى، تێکۆشەر و کەسایەتیی ناسراو کرد، لێرەدا پوختەی قسەکانی بڵاو دەکەینەوە.
$ (باسنیوز) وەکوو ئاشکرایه، لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێکدا سەرکردە و کارێزما هەیه، بەتایبەتیی ئەو سەرکردانەی هەموو ژیانیان لە پێناو بەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلەکەیان تەرخان کردووە. لەم ڕۆژانەشدا گەلی کوردستان یادی سەرکردەیەکی گەورەی خۆی دەکاتەوه، کە ئیدریس بارزانییە، ئایا هۆکاری دەرکەوتنی ئەم سەرکردانەی گەلی کوردستان لەم دەڤەرە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟$
شێخ تاهیر شووشى: وا دیارە فەرمان و ئیرادەی خوای گەورە لەسەر ئەوەیە، بۆ سەرکەوتن و ڕزگاربوونی هەر میللەتێکی چەوساوە و ژێردەسته، کەسێک یاخود بنەماڵەیەک دیاری بکات کە هێز و توانا و خۆڕاگرییان پێ دەدات و ئامادەیان دەکات. لەناو میللەتاندا نموونەی زۆرمان هەیە، ڕابەری وا هەڵکەوتوون، کە بە ئازایەتی و قارەمانییەتی بوونەتە جێی متمانەی خەڵکی خۆیان و بەبێ ماندووبوون درووشمی خەبات و تێکۆشانیان هەڵگرت، تا ڕزگار بوون، وەکوو غاندی و نیلسۆن ماندێلا و چەندین سەرکردەی دیکە.
میللەتی کوردیش یەکێکە لەو میللەتانەی، بە سەدان ساڵە پەرتەوازە و ژێردەست و مافخوراو بووە و بە هەزاران شەهید و قوربانیی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی داوە، زۆر جاریش شکستی هێناوە و بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، خودای میهرەبان بنەماڵەیەکی خوداناس و ئەهلی عیرفان و عەدالەت و مرۆڤدۆستی بۆ میللەتی کورد دەرخست، کە لەناو ڕەحمی ئەو میللەتەدا و لە دەڤەری بارزان سەری هەڵدا و چرۆی کرد، ئەویش بنەماڵەی شێخەکانی بارزانە و بە بیر و باوەڕێکی کوردایەتیی قووڵەوە کەوتنە نێو ڕێڕەوی تێکۆشان و فیداکاری، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی میللەتی کورد.
بزاڤ و تێکۆشانی بنەماڵەی شێخەکانی بارزان و شۆڕشگێڕانی ئەو ناوچەیە و ناوچەکانی تری کوردستان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشەی دەکرد و پێشکەوتنی زیاتری بەخۆوە دەبینی، بەتایبەت لە ڕووی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بۆیە دەبینین لەو ماوەیەدا زۆر ڕابەر و سەرکردەی بەتوانا سەریان هەڵدا و بوون بە قوتابیی ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی، بەتایبەتیی لەناو خودی شێخەکانی بارزاندا، وەک شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی و و مەلا مستەفا و ئیدریسی جوانەمەرگ.
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییه، دەبیین زۆر سەرکردە و کادیر و پێشمەرگەی قارەمان لە قوتابخانەی بارزانی پێگەیشتن و پڕ بە بیر و باوەڕی کوردایەتی و لە بوارەکانی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا ناوبانگیان پەیدا کرد، یەک لەوانە ئیدریس بارزانیی جوانەمەرگ بوو.
$ئیدریس بارزانی، وێڕای ئەوەی کوڕی مستەفا بارزانی بووە، هاوکات ناوبانگێکی گەورەی لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا هەیە، پرسیار ئەوەیە، دەکرێت سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەم سەرکردە گەورەیە باس بکەیت؟$
شێخ تاهیر شووشى: شەهیدی هەمیشە زیندوو، ئیدریس بارزانی، کوڕی ڕابەری کورد مستەفا بارزانی، لە 1944 لە گوندی بارزان لەدایک بووە، هەر لەو ڕۆژەی چاوی بە دونیا هەڵێناوه، کەوتووەتە نێو دەریایەکی پڕ کارەسات و جەنگ و ماڵوێرانی و دەربەدەری، چونکە لەو کاتەدا مستەفا بارزانیی باوکی سەرکردایەتیی شۆڕش و بەرخودانی خەڵکی کوردستانی دەکرد و کەوتبوونە نێو کێشمەکێشێکی گەورە لەگەڵ حکوومەتەکانی ئێراق و ئینگلیز، بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی میللەتی کورد.
لە ئەنجامی شۆڕشی بارزان لە 1945 و ئاوارەبوونی بارزانییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە 1946، ئەو کاتە تەمەنی ئیدریس بارزانی دوو ساڵ بووە، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ باشووری کوردستان، ئیدریس بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە شێخەکانی بارزان و خێزانەکانیان، بە فەرمانی حکوومەتی ئێراق دوور خرانەوە بۆ شاری مووسڵ، شێخ ئەحمەد بارزانی و چەند کەسێکی دیکەیان خستە زیندانی بەسڕە لە خوارووی ئێراق. ئەمە یەکەمین جار بوو ئیدریس بارزانی لە باوکی خۆی جودا ببێتەوە، چونکە بارزانی لەگەڵ 512 جەنگاوەری کورد سەریان بۆ حکوومەتەکانی ناوچەکە دانەنواند و ڕوویان کردە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، تا 1958 مستەفا بارزانی لەگەڵ هەموو جەنگاوەرەکان لە سۆڤیەت گەڕانەوە ئێراق و جارێکی تر ئیدریس لەگەڵ باوکی بە یەکدی شاد بوونەوە و لە یەکێک لە قوتابخانەکانی بەغدا لەگەڵ مەسعود بارزانیی برای، درێژە بە خوێندن دەدەن.
لە ساڵی 1962 هەردووکیان واز لە خوێندن دەهێنن و دەچنە ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوول و لەگەڵ باوکیان دەمێننەوە و خەباتی کوردایەتی دەکەن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەستێرەیان زیاتر دەگەشێتەوە و دەبنە پێشمەرگە و یاریدەدەر بۆ باوکیان، بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول. ساڵی 1964 ئیدریس بارزانی پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدات و 8 منداڵیان دەبێت، کە سێیان کچ و پێنجیان کوڕ بوون، بە ناوەکانی: نێچیرڤان، دلۆڤان، عەباس، یوسف، ڕەوان. و هەروەها سێ کچ.
$ئەو وێستگە و ڕووداوانەی لە ژیانی ئیدریس بارزانی چ ڕۆڵێکی لەسەر درووستبوونی ئەو خەسڵەتانەدا هەبووه، کە پێی ناسراوە؟$
شێخ تاهیر شووشى: ئەوەی زانراوە لە ژیان و ڕەوشتی ئیدریس بارزانی و بۆچوون و خەسڵەتەکانی، هەر لە منداڵییەوە زۆر زیرەک و ژیر و چالاک بووە و بیرمەندێکی کارامە بووە و زۆر حەزی لە خوێندن بووە و تێکەڵ بە کەسانی بیرمەند و شارەزا و شاعیر و ئەدیبان دەبوو، تەنانەت لەسەر دەستی شێخ بابۆ و کەسانی تر لە بنەماڵەی شێخەکانی بارزان و کەسانی بەتەمەنی ئەو ناوچەیە بووە خاوەن مێژوویەکی دێرین و پەند و بەسەرهاتەکانی، بەتایبەتیی ئەوانەی یاوەر و یاریدەدەرانی باوکی و شێخ ئەحمەد و شێخ عەبدولسەلام بارزانی بوون.
ڕەفتارەکانی ئیدریس بارزانی لە ڕەفتارەکانی شێخەکانی بارزان دەچوو، چونکە خۆی بە موریدی تەکییەی بارزانی دەزانی و هەر لەو ڕێگایەوە بوو بە ئەهلی تەسەوف و خوداناسی. زۆر لە برادەر و دۆستانی ئیدریس بارزانی دەڵێن، ئیدریس هەر لە منداڵییەوە کەسێکی هەستیار و بیرمەندێکی بیرتیژ و چەلەنگ بووە و لە ڕووی هزر و بیر و ڕەفتارەوە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر بووە، حەزی لە خوێندن بووە و قوتابییەکی ڕێکوپێک بووە و هەمیشە ڕێزی لە قوتابییان و مامۆستایانی دەگرت و دۆستی هەمووان بووە و شارەزاییەکی تەواوی لە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، فارسی، تا ڕادەیەک لە ئینگلیزیشدا هەبووە). ئیدریس بارزانی وەک مستەفا بارزانیی باوکی، خاوەن ئیمان و بیر و باوەڕێکی بێ سنوور بوو، زۆر لە ئایەتی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ.)ی لەبەر بووە و لە قسەکانی خۆیدا ئاماژەی پێ دەکردن و لە هەمان کاتدا ڕێز و پێزانینی بۆ ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەکان هەبووه، وەک ئایینەکانی کریستیان و یەهوودی و ئێزدی و ئایینەکانی تر.
$هەڵسوکەوتى لەگەڵ منداڵەکانى و پێشمەرگە و هەڤاڵانى چۆن بووه؟$
شێخ تاهیر شووشى: ئیدریس بارزانی بۆ منداڵەکانی، باوکێکی بەهیمەت و پڕ ڕەحم و میهرەبانی بووە، زۆر لێیان نزیک دەبووەوە و بە باشترین شێوە پەروەردەی دەکردن، تا لە پاشەڕۆژدا بتوانن خزمەتی خۆیان و خەڵکی کوردستان بکەن، لە هەمان کاتدا، بایەخێکی زۆری بە پێشمەرگە و کادیرانی پارتی و کەسانی هەژار و بێدەرامەت دەدا. خاوەن دڵێکی فراوان و هیمەتێکی بێسنوور بووە و زۆر مرۆڤناس و بە ئەزموون بووە، وەڵامی بۆ هەموو پرسیارەکان هەبووە و بەئاسانی دۆست و دوژمنی خۆی لەیەکدی جودا دەکردەوە و خاوەنی فەرهەنگێکی قووڵی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی بوو.
$ڕۆڵی ئیدریس بارزانی لە مەیدانی کوردایەتی و شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا چۆن بووه، بەتایبەتیی کە سەرپەرشتیی چەندین داستانی وەک هەندرێن و زۆزکی کردووە؟$
شێخ تاهیر شووشى: هەر لە سەرەتای چوونی ئیدریس بارزانی بۆ ناو ڕیزەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە 1962، ببووە جێگای متمانەی بارزانیی باوک و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبوو و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامودەزگاکانی شۆڕش و پارتی و هێزی پێشمەرگە فراوان و قووڵتر دەبوون، هەروەها پەیوەندییەکی باش و کارای لەگەڵ ناوداران و سەرۆک هۆز و چینەکانی دیکەی خەڵکی کوردستان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان پەیدا کردبوو، چونکە خۆی لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و سەربازی و حزبی و کۆمەڵایەتی سەرکردەیەکی ژیر و لێهاتوو بوو و لە ماوەیەکی کەمدا بوو بە خاوەنی ئەزموون و خاوەنی بڕیار.
بۆ یەکەم جار بە فەرمانی باوکی سەرپەرشتیی (داستانی هندرێن و زۆزک)ی ساڵی 1966ی کرد و هێرشی دڕندانەی سوپای ئێراق و چەتە بەکرێگیراوەکانی تێک شکاند. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ پێشمەرگەی کوردستان و سەدایەکی گەورەی لە ناوەوە و دەرەوە دایەوە و ئازایی حیکمەتی ئیدریس بارزانی چووە نێو دڵ و مێشکی هەموو کوردێکی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ. هەر ئەو حەکیمییەی وای کرد حکوومەتی عەبدولڕەحمان بەزاز ملکەچی ئاگربەست بکات، بۆ شەڕ ڕاوەستاندن و گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و دەرکردنی بەیانی 29ی حوزەیرانی 1966 سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێراقدا.
ڕاپەڕاندنی کاروباری پێشمەرگەی کوردستان و پڕچەککردنیان و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و خێزانیان، لە ئەجێندای ئیدریس بارزانیدا بوو، هەروەها لە ڕووی حزبایەتی و کوردایەتییەوە، پەیوەندییەکانی ئیدریس بارزانی کاراتر و فراوانتر دەبوون و ئاشنایەتیی بەرچاوی لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی لەشکری و حزبی و پیاوە ئایینییەکان و کەسانی ڕۆشنبیر و ئەدیب و کوردپەروەر هەمیشە لە زیادبووندا بوو.
$ئێستاکە، کە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا باس باسی دانووستاندن و گفتوگۆیە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، دەکرێت چ پەند و عیبرەتێک لە ئیدریس بارزانی وەربگرین، بەتایبەتیی کە خۆی و سەرۆک بارزانی لەو گفتوگۆیانەدا ڕۆڵێکی کارایان گێڕا، کە ڕێککەوتننامەى 11ی ئاداری 1970ى لێ کەوتەوە و بووە بنەمایەک بۆ ئەو فیدراڵییەی، کە ئێستا لە چوارچێوەی ئێراقدا بە دەستوور دانی پێدا نراوە؟$
شێخ تاهیر شووشى: ئیدریس بارزانی لە گەرمەی گفتوگۆکانی ساڵی 1970 لەنێوان بەرپرسانی حکوومەتی بەغدا و سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول، بە سەرپەرشتیی بارزانی، هەرچەندە ئیدریس بارزانی لە تەمەنێکی بچووکدا بوو، بەڵام لەبەر ژیری و توانا و دیدی سیاسیی بەهێزی، بەڕێزیان ڕۆڵێکی سەرەکی و بەرچاوی لەو گفتوگۆیانەدا گێڕا و لە کاتی خوێندنەوەی بەیانی 11ی ئاداری ساڵی 1970، خۆی و سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ خودی سەرکۆماری ئێراق لە شاری بەغدا ئامادە بوون و پێشوازییەکی گەرم و بێوێنەیان لەلایەن خەڵکی کوردستان و خەڵکی ئێراق لێ کرا و لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووەم لە 12ی ئادار لە گۆڕەپانی تەحریر لەگەڵ ئەحمەد حەسەن بەکر سەرکۆماری ئێراق و چەندین بەرپرسی تر ئامادەی ڕێپێوانێکی جەماوەریی گەورە و خوێندنەوەی وتاری خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان بۆ ڕێککەوتنی 11ی ئاداری بەناوبانگ دەربڕی.
$ئەی لە بواری حزب و لەناو پارتیدا، تا چەند توانیی ئەو ئەرکە قورسە لەئەستۆ بگرێت؟ بەتایبەتیی لە بواری بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و لەشکریدا؟$
شێخ تاهیر شووشى: ئیدریس بارزانی لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتیدا لە 1970 هاتە هەڵبژاردن بۆ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و لە کۆتایی 1973 بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، ئیدریس بارزانی وەک سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دامەزرا، کەچی لە هەموو بوارەکانی سیاسی و لەشکری و حزبی و پەیوەندییەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا، هەمیشە خەمخۆری ئاوارە و لێقەوماوان بوو، چ ئەوانەی ئاوارەی خوارووی ئێراق، یاخود ئەوانەی ئاوارەی ئێران و وڵاتانی بیانی بووبوون.
$لە مێژوودا باس لەو ڕۆڵەی ئیدریس بارزانی دەکرێت، کە لە 1974 لە کاتی هێرشی دڕندەی حکوومەتی ئێراق بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەدام حسێن کرایە سەر ناوچە کوردستانییەکان، ئایا چۆن توانیی بەو توانا کەمە لە چەک و تەقەمەنی، شکستی گەورە بە ئێراق بهێنێت؟$
شێخ تاهیر شووشى: ڕاستە ئیدریس بارزانی لە کاتی قەیران و ڕۆژە سەختەکاندا توانیی ڕۆڵێکی گەورە لە گۆڕینی شکست بۆ سەرکەوتن و وەرچەرخان بگێڕێت. ئیدریس بارزانی سڵی نەدەکردەوە لە خزمەتی دۆزی ڕەوای میللەتی کورد، بەتایبەتیی لە مانگی ئاداری 1974، دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی ئێراق و بە فەرمانی سەرۆک بارزانیی نەمر، شاندێکی کوردی بە سەرپەرشیی ئیدریس بارزانی چوون بۆ بەغدا بۆ وتووێژ لەگەڵ سەدام حسێن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار بۆ ماوەیەکی درێژتر، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی بەعس پێشنیارەکەیان ڕەت کردەوە و هێرشی سەربازیی دڕندانەیان بۆ سەر کوردستان و پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل و بێدەسەڵات فراوانتر کرد.
لە کاتی شەڕ و هێرشەکانی سوپای ئێراق بۆ سەر کوردستان لە 1974، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی لە بەڕێوەبردنی بەرەکانی شەڕ و دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییە لۆجیستییە سەربازییەکان گێڕا، بۆ تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرتاسەری کوردستان، لەگەڵ دابینکردنی چەک و تەقەمەنیی تازە و مۆدرێن، ئەوەش بووە هۆی تۆمارکردنی سەرکەوتن و داستانێکی گەوره، کە لەو نەبەردییەدا، وێڕای کوژران و بریندارکردنی 65 هەزار سەرباز و ئەفسەری ڕژێم، توانییان دەیان فڕۆکەی جەنگی بپێکن، چ جای دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنییەکی زۆری سوپای ئێراق.
$ئەی لە شۆڕشی گوڵاندا، بەتایبەتیی لە دوای ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر، ئیدریس بارزانی چ ڕۆڵێکی گێڕا بۆ درێژەپێدان بە شۆڕش و گۆڕینی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەسەر گەلی کوردستاندا هات؟$
شێخ تاهیر شووشى: ساڵی 1975، دوای جاڕدانی ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و سەدام حسێندا، ئیدریس بارزانی حەکیمانە دژ بەو ڕێککەوتنە پیلانگێڕییە وەستا و بڕیاری دا، لەگەڵ مەسعود بارزانیی برای و سەرکردەکانی تر درێژە بە شۆڕش و بەرخودان بدەن و ئەو واقیعە قبووڵ نەکەن. ڕێککەوتننامەی جەزائیر کاردانەوەی گەورەی خستە سەرشۆڕش و خەڵکی کوردستان و بووە هۆکارێک بۆ سەرهەڵگرتن و کۆچکردنی هەزاران پێشمەرگە و خێزانی کورد بەرەو ئێران و گەڕانەوەی هەزارانی تر بۆ ئێراق و پەرت و بڵاوە پێکردنیان لە ناوەڕاست و خوارووی ئێراقدا، ئەوەش خۆی لە خۆیدا کارەساتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، هەروەک بارزانیی نەمر دەڵێت: (بۆ خەڵکی کوردستان ڕۆژێکی ڕەش بوو).
لە و ڕۆژەدا کورد جگە لە دوژمنی داگیرکەر، هیچ دۆست و کەسێکی نزیکی لە دەوروبەری خۆی نەبینی. پێشمەرگە بەرەکانی جەنگی جێ دەهێشت و پەرت و بڵاو بووبووەوه، بەبێ بیرکردنەوە لە ئاییندە و چارەنووسی خۆیان و خێزانیان، نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەبوونی سەرکردایەتیی پارتی بۆ ئێران، کاردانەوەیەکی نەخوازراوی هەبوو، بارێکی قورس و گرانتری خستە سەر شانی ئیدریس بارزانی، بەڵام ئەو سەرکردەیە هاوشان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، بە ورەیەکی بەرز و هەستێکی پۆڵایینەوه، بەرانبەر ئەو ئالنگارییانە وەستان و ئەرکەکانی کوردایەتیی خۆیان جێبەجێ کرد و دووبارە دەستیان بە ڕێکخستنەوەی ڕێزەکانی پارتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە و خۆیان ئامادە دەکرد بۆ هەڵگیرساندنی سەرلەنوێی شۆڕش لەنێو جەرگەی شاخە سەرکەشەکانی کوردستان.
$هەڵبەتە لەناو ئەو بارودۆخە نەخوازراوەدا، ئەو کۆسپ و ئاستەنگانە زۆر بوون، کە لەلایەک ئالنگارییەکی گەورە بوو بۆ پێشمەرگە و شۆڕش، لەلایەکی ترەوە نەهامەتیی گەلی کوردستان و ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی زۆر بوو، ئایا ئیدریس بارزانی چۆن توانیی شکست بگۆڕێت بە سەرکەوتن و وەرچەرخان بەرانبەر گەورەترین پیلانی نێودەوڵەتی لە دژی گەلی کوردستان درووست بکات و دۆخەکە بگۆڕێت بە دووبارە هەڵسانەوە و بەردەوامبوونی شۆڕش؟$
شێخ تاهیر شووشى: هەر وەک چۆن گەلی کوردستان لە دوای پیلانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دووچاری بوو، ڕەنگە باسکردنی ئەو بارودۆخە لەگەڵ ئەم زەمەنەدا جیاواز بێت، بەڵام لە ڕووی ناوەرۆک و گۆڕینی واقیع و شکستهێنان بە شکست لێکچوون و پەیوەندییەکی گەورەی پێکەوە هەیە، لێرەدا بەشێک لەو ئاستەنگانە باس دەکەم، کە هاتنە بەردەم ئیدریس بارزانی:
1-ئیدریس بارزانی بە چاوی خۆی دەیدیت چۆن بەشێکی میللەتی کورد لە ئەنجامی ڕێککەوتننامەی جەزائیر تووشی خیانەت و نەهامەتی و بێهیوایی بووە، هەموو خەم و پەژارەکانی میللەتەکەی لەئەستۆ گرت و بووە کۆڵەکەی ڕاگرتنی هاوکێشەکان، کە چۆن و بە چ شێوەیەک بەرەو کەناری ئارامیی ببات و ئەو دڵەڕاوکێ و نەهامەتییە بڕەوێنێتەوە، کە خەڵکێکی زۆر بەدەستییەوە گیریان خواردبوو.
2-زیادبوونی گەف و هەڕەشە و فشارەکان بۆ سەر ئیدریس بارزانی و یاوەر و هاوڕێیانی لە هەموو لایەکەوه، دۆستەکانی دوێنێ بووبوونە دوژمنی ئەمڕۆیان، بەتایبەت ساواک و دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسانی ئێران. هەموو بەرنامەی بەرپرسانی ئێران بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی کورد بۆ ئێراق و کوشتنی ڕۆحی کوردایەتی لەنێو دڵ و ناخ و مێشکی هەر تاکێکی وەفادار و شۆڕشگێڕی کورد.
3-زیندووکردنەوەی پڕوپاگەندەی تێکدەرانە لەناو ئەو گرووپە هەڵگەڕاوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ساڵی 64 و 66 لەنێو خانەی دوژمنداری و بۆ لەناوبردنی پارتی و بارزانی، بە سوودوەرگرتن لە ڕەوش و کاردانەوەی ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر و گۆڕینی سەنگەریان لە بەغداوە بەرەو دیمەشق و هەڵگەڕانەوەیان، لە لێبوردنی تایبەتیی سەرۆک بارزانیی نەمر لە ساڵی 1970، کە خودی ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی کاریگەریی لەو لێبوردنەدا بینی، بەرانبەر بەوانەی چەکیان دژی شۆڕشی میللەتی خۆیان هەڵگرتبوو.
4-پەیدابوونی چەند کەسانێکی بیرتەسک و ئاژاوەگێڕ لەنێو سەرکردایەتیی پارتی و ئۆرگانەکانی، کە دەستیان کرد بە پڕوپاگەندە و تۆمەت بەخشینەوە و تاوانبارکردنی سەرکردایەتیی پارتی و درووستکردنی دووبەرەکی لەنێوان کادیر و دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەک قسەیان دەکرد و پیشانی خەڵکیان دەدا، کە سەرکردایەتیی شۆڕش بەرپرسە لە تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول و ئۆباڵی ئەو کارەساتەیان دەخستە سەر شانی ئیدریس بارزانی و مەبەستیان ئەوە بوو، لە ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی دووری بخەنەوە، بەڵام بە پشتبەستن بە ئیرادەی لەبن نەهاتووی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کادیر و جەماوەری خۆڕاگری کوردستان، قسەکانیان وەک بڵقی سەر ئاو پووکایەوە و دواییش لەو قسانەی کردبوویان پەشیمان بوونەوە.
5-سەفەرکردنی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ بارزانیی نەمر بۆ ئەمەریکا، لە مانگی 6ی 1976 بۆ چارەسەری نەخۆشی و مانەوەی ئیدریس بارزانی بەتەنیا لە سەرکردایەتیی پارتی و پێشڕەویکردنی شۆڕشی گوڵان بە خۆڕاگری و کۆڵنەدەری، لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا و ئەرک و چالاکیی خۆی لەدەست نەدا. ڕێڕەوی خەباتی سیاسیی ئیدریس گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەسەردا هات و بیروباوەڕی بە ڕێبازی بارزانی فراوانتر بوو، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەس و لایەنە جۆراوجۆرەکان لە تەواوی ئاستەکانی ئێراق و ئێران و سووریا و لیبیا و چەندین وڵاتی تر پتەوتر و قووڵتر دەبووەوه، ئەوەیش بۆ پەیداکردنی کۆمەک و پشتگیری و یارمەتیی بۆ (قیادەی موئەقەتە)، کە سەرپەرشتیی کارەکانی ئەو قیادەیەی دەکرد.
$پەیوەندیی نێوان ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی تەنیا پەیوەندییەکی برایانە نەبووە، بگرە پەیوەندییەکی هاوبیر و پێشمەرگایەتیی ڕۆژانی سەخت و مێژوویەکی قووڵ و دەوڵەمەندیش بووه، دەکرێت باسێکی ئەو پەیوەندییەمان بۆ بکەی، ئایا چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان هەبووە؟$
شێخ تاهیر شووشى: لێرەدا باسی تەنیا پەیوەندیی برایی و خێزان و بنەماڵە ناکەم، بەڵکوو باسی ئەو پەیوەندییە دەکەم، کە لە شۆڕشەکان و ژیانی پێشمەرگایەتیدا هەبووە، بەتایبەتیی لە شۆڕشی گوڵان، ئەوە بوو لە ساڵی 1978، دوای گەڕانەوەی کاک مەسعود بارزانی بۆ ئێران و کوردستان و درێژەدان بە خەباتی شۆڕشگێڕانە، بەڕێزیان لەگەڵ کاک ئیدریسی برای هەمیشە تەواوکەری یەکتر بوون. بە هەموو هێز و توانایەکەوە سەرکردایەتیی شۆڕشی گوڵانیان کرد و بە ماوەیەکی کەم توانییان جارێکی تر دەنگوباسی شۆڕشی گوڵان لە سەرتاسەری جیهان بڵاو بکەنەوە و زیانی گەورە لە هێزەکانی داگیرکەری ئێراق بدەن.
دوای ماڵاوایی مستەفا بارزانی و هەڵگیرسانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێراق و ئێران، هەردوو برا (ئیدریس و مەسعود بارزانی) سۆز و پەیمانیان دووپات کردەوە و بەڵێنیان دا، لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر زیاتر درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەن. دوای ماڵاوایی باوکی ڕۆحیی (مستەفا بارزانی) لە 1ی3ی1979 و بەستنی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی، هەر لەو ساڵەدا ڕێزدار (مەسعود بارزانی) لەلایەن ئەندامانی کۆنگرە بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا، دەبینین ڕۆڵ و ئەرکی ئیدریس بارزانی گەورە و کاراتر بوو، وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو بۆ ڕاپەڕاندنی شۆڕش و پارتی و هەمیشە برا و یاریدەدەرێکی بەئەمەک و کۆڵنەدەر بوو بۆ مەسعود بارزانی و قیادەی موئەقەتە و پێشمەرگەی کوردستان.
$ ئەندازیاری بەرەی کوردستانی و ئەندازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان، یەکێک لەو خەسڵەت و دەستکەوتانەی ئیدریس بارزانی بووە، ئایا لەو کاتە هەستیار و نالەبارانەدا، چۆن توانیی ئەو ڕۆڵە گرنگە بگێڕێت و بەرهەمەکەشی دامەزراندنی بەرەیەکی یەکگرتووی هەموو هێز و پارتە سیاسییەکانی لێ کەوتەوە؟$
شێخ تاهیر شووشى: ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوش و بارودۆخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی میللەتی کورد بووبن، بەتایبەت لە ساڵەکانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا، دەڵێن، کوردستان بە کات و ساتێکی هەستیار و نالەباردا گوزەری دەکرد، ئەوانەی چوونە هەندەران و ئەوانەی لە سەردەستی ڕژێمی بەعسی فاشی بۆ خوارووی ئەو وڵاتە دوور خرابوونەوە و ناچار کرابوون ژیانێکی پڕ کوڵەمەرگی لەناو کەمپە زۆرەملێکان بەسەر ببەن، زۆریان تووشی داپڵۆسین و ئەشکەنجە و زیندانی و لەسێدارەدان بوونەوە، ئەو پێشمەرگە و هێزانەی بەرەنگاری ئەو ڕژێمە بوونەوە، لە حاڵەتی ناتەبایی و پەرتەوازەییدا بوون و زۆر جار دژ بە یەک دەجەنگان.
ئیدریس بارزانی وەکوو خۆی بە خەمخۆری گەلەکەی دەزانی، هەموو هەوڵ و تەقەڵایەکی ئەوەبوو، بتوانێ ڕۆژێک لە ڕۆژان کارێکی گرنگ و کاریگەر بۆ یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی پارتەکان و پێشمەرگەی کوردستان ئەنجام بدات، ئەوەبوو لە ساڵی 1986 دەنگی خۆی بەرز کردەوە و هەوڵ و تەقەڵا و کۆششی خۆی خستە گەڕ، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان و شۆڕشگێڕان، بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکانیان سەبارەت بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و تەبایی تەواوی هێزەکان و یەکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دژی داگیرکەر.
هەر لەو ڕوانگەیەوه، ئیدریس بارزانی داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆستانی کورد کرد، یارمەتیی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ ناوبژیکردن لەنێوان لایەنە کوردییەکان و هانیان بدەن یەک بگرنەوە و یەکڕیزی لەناوماڵی کورددا بەرپا بکەن، ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە بەڕێز (جەلال تاڵەبانی) سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەویش لەلای خۆیەوە ڕۆڵێکی گەورە و گرنگی هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی تر و بەپیر بانگەوازەکەی ئیدریس بارزانییەوە هاتن و ئاکام لە ساڵی 1987، بەرەی هێز و لایەنەکانی باشووری کوردستانیان ڕاگەیەند، ئەوەش بووە مایەی خۆشحاڵیی هەموو لایەک، بۆیە هەر ئەو بەرەیە بووە هۆی ترس و بیم و دڵەڕاوکێی خستە نێو دڵی دوژمنانی کورد و توانیی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێ، تا سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی مێژوویی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 و دانانی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان و دابینکردنی ئەمن و ئاساییش بۆ خەڵکی کوردستان و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر زێدی خۆیان و لاولاوە ناچارکردنی ڕژێم بە کشانەوەی هێزە ئەمنی و سەربازی و ئیدارییەکانی لە کوردستان و دامەزراندنی پەڕڵەمان و حکوومەتی کوردستان لە ساڵی 1992، پاشان چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵیی کوردستان، بە بڕیاری یەکەمین ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان کە ئەم هەموو دەستکەوتانە تێکڕا بەرهەمی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزیی گشت پارت و چینەکانی خەڵکی کوردستان بوو.
$کاردانەوەى کۆچى دوایى ئەم سەرکردەیە چۆن بوو؟ ئەى چۆن لەم سەرکردە خاکی و بەئەمەکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پەند و عیبرەت وەربگرین، تاوەکوو لە ڕۆژە سەختەکاندا ڕووناکی بداتە بەر کاروانی خەبات و میللەتەکەمان و لەم نەهامەتییە دەربازی بێت؟$
شێخ تاهیر شووشى: پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، بە پێویستی دەزانم باسێکی ئەو ڕۆژەتان بۆ بکەم، کە یەکێک لە گەورەترین سەرکردەکانی کورد ماڵاوایی لێ کردین، بەڵام بە ڕۆح و بە فیکر نا، بەڵکوو تەنیا بە جەستە، هەر بۆیە گەلی کوردستان ئەم سەرکردەیە بە ناوی (شەهیدی هەمیشە زیندوو9 ناو دەبەن. ئەوە بوو بە غەم و پەژارەیەکی زۆرەوه، ئێوارەی ڕۆژی 31ی1ی1987 هەواڵی دڵ ڕاوەستان و ماڵاوایی سەرکردەی کورد (ئیدریس بارزانی) لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو بووەوە، ئۆرگانەکانی پارتی و شۆڕشی گوڵان و سەرتاسەری کوردستان و زۆربەی زۆری خانەوادە کوردەکان لە ئێران و ئێراق و وڵاتانی دەرەوه، بە شین و گریانەوە بەرگی ڕەشیان پۆشی، بۆ لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە کوردپەروەر و سیاسەتمەدار و قارەمان و کۆڵنەدەر و خۆشەویستە.
هەموو خەڵکی کوردستان تووشی شۆک بوون بە لەدەستدانی ئیدریس بارزانی، کە هێشتا میللەتی کورد و شۆڕشەکەی پێویستیان بە حیکمەت و فەرمانەکانی ئەو بوو، بەڵام وا دیارە ئەمە دەستی قەدەرە و فەرمانی خودای پەروەردگاری لەسەرە، بەڵام لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان لەبەر خۆشەویستییان بۆی، ناوی ئیدریس بە سەرکردە و شەهید و جوانەمەرگ و هەمیشەزیندوو ناو دەبەن و ناوى منداڵەکانیان بەوەوە ناو دەنێن.
هەرچەندە ئیدریس بارزانی لە تەمەنی 43 ساڵیدا ماڵاوایی لە شۆڕشگێڕان و خەڵکی کوردستان کرد و چووە بەر ڕەحمەتی خودای گەورە و دلۆڤان، بەڵام لە دڵی هەمووان هەر بەزیندوویی دەمێنێتەوە و حیکمەت و خەبات و تێکۆشانی ئەو سەرکردە قارەمانە بووەتە بەشێکی گرنگ و پڕ سەروەری لە ڕێبازی بارزانیی نەمردا و هەمیشە قسە و ڕەفتار و چالاکییەکانی لەناو هزر و بیر و دەروونی هەزاران هەوادارانی ئەو ڕێبازە پیرۆزە لە پێشمەرگە و کادیرانی پارتی و خەڵکی کوردستان لە ئێستا و ئاییندەدا هەر دەمێنێتەوە و دووبارە دەبێتەوە.[1]