ناونیشانی بابەت: بەرکوڵێک لە پەرتووکى (ژیانی کوردێک).. مێژووی پڕ لە شۆڕش و بەسەرهاتەکانی کوردستان
ئامادەکردنی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
گومانى تێدا نییە، کە ژیانی هەر مرۆڤێکی کورد پڕە لە ڕووداوی جۆراوجۆر، لە خۆشى و ناخۆشى و هەڵبەز و دابەز و تەنانەت خاڵى نییە لە کارەساتیش، کە هەموو ئەوانە هەڵقوڵاوی ئەو ڕووداوگەل و کارەساتانەیە، کە بەدرێژایى ژیانى ڕۆژانە بەسەر مرۆڤی کورددا هاتوون. بۆیە پێویستە وەک ئەمانەتێکى مێژوویى، هەر کەسێکى بەئەزموون و تێکۆشەر، یا نووسەر و ڕۆشنبیر، لە هەر بوارێکدا بێت، هەوڵى پاراستن و تۆمارکردنى ڕووداو و مێژوو و کارەسات و بیرەوەرییەکانى بدات، لە ڕێگەى نووسین و وێنە و بەڵگەنامەوە تۆمار بکرێن و بپارێزرێن، تاکوو لەداهاتوودا سوودیان لێ وەربگیرێت و وەک پەند و ئەزموون و وانەى بەسوود کاریان پێ بکرێ.
لە هەمان کاتیشدا، ڕەوش و ڕووداو و کارەسات و گۆڕانکارییەکانى ناوچە کوردستانییەکان لە ساڵانى ڕابردوودا، بە نەوەى ئێستا ئاشنا بکرێن و سەرجەم تاکەکانى ئێستا و ئاییندەى لێ بەئاگا بێنین، تا بزانن لە ڕابردوودا چى ڕووی داوە و ژیان چۆن گوزەراوە و چۆن قوربانى و خەبات و تێکۆشان کراوە و دەبێت ئێستا چۆن کەڵک لەو ئەزموونە وەربگرین. لە هەمان کاتیشدا دەبێت قەدر و ڕێزى ئەو دەستکەوتانە بگرین، کە بە خەبات و قوربانیدان و خوێن و ئازار و مەینەتییەکى زۆر هاتوونەتە ئاراوە، تا دەرەنجام، ئەم قەوارە سیاسییەى لێ هاتووەتە بەرهەم، دەبێت بە گیان بیپارێزین.
لە و سەروبەندەدا، باس لە پەرتووکى (ژیانى کوردێک) دەکەین، کە لە نووسینى پێشمەرگە و خەباتگێڕێکى دوێنێى شاخ و پێشمەرگەیەکى ئەمڕۆى شارە، کە دوای پەنجا ساڵ خەبات، ئەزموونى ژیان و خەبات و بیرەوەرییە تاڵ و شیرینەکان و ڕووداوەکانى ڕابردووى دوێنێی بۆ ئێستا تۆمار کردووە. ئەویش هەڤاڵ #عومەر عوسمان مێرگەسۆری#یە.
ئەم هەڤاڵە بە نووسینى ئەم پەرتووکە، دەیەوێت ببێتە بەشێک لەو مێژووى تێکۆشانە و لەبەر ڕۆشنایى ئەو دەلاقە دیرۆکییەدا، دڵۆپێک لە دەریایەک خەباتى بزاڤى ڕزگاریخوازیى تۆمار بکات و لە دووتوێى پەرتووکێکى بەنرخدا، بۆ مێژوو، چەند ڕووداو و کارەسات و بیرەوەریى و هەڵوێست و ئاکارێک ئەرشیف و دیکۆمێنت بکات، وەک کارەکتەرێکى ناو ڕووداوەکان پشکێ لەو سەروەرییانەشى بەرکەوێ. یا مەڵۆیەک لەو خەباتە بخاتە سەر خەرمانى مێژووى شۆڕشگێڕیى کوردەواریمان، لە ڕێگەى #پارتى دیموکراتى کوردستان#ەوە.
عومەر عوسمان نووسەری پەرتووکی (ژیانی کوردێک)، ویستوویەتی لە ڕێگای ئەم پەرتووکەوە، باسێک بەناو مێژووی میللەتی کورددا بکات، لە قۆناغى ئەو سەردەمەی تێیدا ژیاوە و وەک کارەکتەرێک ڕۆڵى تێدا گێڕاوە، ئەویش مێژوویەکە پڕە لە ڕووداو و بەسەرهاتی مێژوویی خۆش و ناخۆش و ئاخنراو بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی و خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا.
ڕەنگە وەکوو ئەوەی نووسەر ئاماژەی پێ کردبێت، پەرتووکەکە بێ کەموکورتی نەبێت، چونکە ڕووداو و بەسەرهات و یادەوەریی تەمەنی ساڵەهای کەسێک، بەبێ هەڵە و کەموکورتی نییە و ڕەنگە بۆچوونەکانیش لەسەر ڕووداوێک جیاوازییان هەبێت، بەڵام بەپێی پێویست هەوڵی داوە، لە ڕێگای ئەم پەرتووکەوە پەرتووکخانەی کوردیی پێ دەوڵەمەندتر بکات. ڕەنگە ئەو ڕەخنەیە لە نووسەر بگیرێت، کە بەپێی پێویست هەقی خۆی بە ڕووداو و کارەساتەکان نەدابێت، بەڵام بۆ تێپەڕبوون بە گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکان، نووسەر ناچارە خێرایی بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەی لە پەرتووکێکدا تەواوی ژیان و ڕووداو و کارەساتەکانی چەندین دەیەى ڕابردووى خەباتى شۆڕشگێڕى و بەگشتى مێژووی خەبات و تێکۆشانى پڕ لە سەروەریی شۆڕشگێڕان و بەتایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان بگێڕێتەوە و تۆمارى بکات.
ڕەنگە ئەزموونی پەرتووکخانەی کوردی لە بواری پەرتووکی یادەوەریى شۆڕشگێڕانى کورد شتێکی نوێ بێت، ئەگەرچی چەندین پەرتووکی دیکە چاپ کراون و پەرتووکخانەی کوردیی دەوڵەمەند کردبێت، بەڵام ئەم ئەزموونە گرنگی و بایەخى تایبەتى خۆی بۆ مێژوونووسان و بۆ دیکۆمێنتکردنی ڕووداو و بەسەرهاتەکان هەیە، بەتایبەتیی مێژووی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرەکانی لە یەکێتیی سۆڤیەت و کودەتای بەعس و هێرشی بۆ سەر دەڤەرى بارزان و قۆناغە جیاجیاکانی پێشمەرگایەتی و جەنگ و شەڕ لە ساڵانی 1963 و 1965 و 1974، پاشان ڕووداو و کارەساتە دڵتەزێنەکانى ڕابردوو، کە بە چەندین دیکۆمێنت و وێنەی گرنگى ئەرشیفى و مێژوویی دەوڵەمەند کراوە و پەخش کراوە.
هەروەها لە پەرتووکەکەی (ژیانی کوردێک)، نووسەر زۆر بەڕوونی و باشی باس لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ئەو دەمەی ڕێککەوتنى 11ی ئادار دەکات و پێی وایە، بەسەرهاتێکی گرنگ و دەستکەوتێکی بێوێنە بوو بۆ میللەتی کورد و لە هەموو شارەکانی ئێراق و #بەغدا#، خەڵکی کوردستانی هوتافیان دەکێشا (بژى کورد.. بژی بارزانی).
لە درێژەى باسەکەدا و لەم وێستگە گرنگەی کورددا، نووسەر باس لە کارزانى و لێهاتوویى و شارەزایى ڕەوانشاد
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی دەکات و ڕۆڵی گرنگ و دیارى لە زۆربەى کاتە ناهەموارەکاندا دیار دەکات، بە ساتى گفتوگۆ و دانووستاندن و هەروەها لە بەرەکانى جەنگ و لە شەڕ و ئاشتیدا. ئینجا لەمەش گرنگتر، کاتێک پرسیاری لە نووسەران و خەڵک کردووە (چۆن لە ڕێککەوتننامەى 11ی ئادار دەگەن و خەڵک چی دەڵێن؟ بەدڵیانە یا نە؟) تەنانەت کاتێک پێی گوتراوە خەڵکی بەدڵیانە، کاک ئیدریس بارزانى پێی گوتوون: (ڕاستە، بەڵام دەبێت هۆشیار بین و خۆشمان لەبیر نەچێتەوە و خۆبین نەبین).
لە لاپەڕە 66دا، نووسەری پەرتووکی ژیانی کوردێک، بەشێکی گرنگی پەرتووکەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە 1974-1975 تەرخان کردووە و تێیدا ناوی زۆربەی شەهیدەکان و سەرکردە شەهیدە پاڵەوانەکانی ئەو دەمەی تێدا هاتووە و بەوردی زانیاریی لەسەر بەرەکانی شەڕ و چۆنییەتیى خۆسازدان و ئامادەکردنى پێداویستیى شەڕ و سەربازى و تفاق و تەقەمەنی و هێرشى ئاسمانی و خەباتی ئەو سەردەمە دەکات، کە لە پێناو کەرامەتی مرۆڤی کورد و ڕزگاری و ئازادیی خاکى کوردستان گیانیان کردە قوربانی، بۆ پاراستنى کوردستان و خەڵکی کورد، تا دەرەنجام ڕۆژەکانی ئەمڕۆیان بەخوێن تۆمار کرد.
لە تەوەرێکی گرنگی دیکەی پەرتووکەکەدا، نووسەر بەوردی باسی لە ژیانی ئاوارەبوون و ژیانی شاری قەزوین و کۆچى دوایى سیمبولی نەتەوەی کورد (بارزانیی نەمر) کردووە. لە ناوەڕاستی پەرتووکەکەشدا باس لە قۆناغی سەرلەنوێی پێشمەرگایەتی کردووە و ڕووداوی جەرگبڕی کۆچى دوایى (ئیدریس بارزانی)ی باس کردووە. هەر لە داستانی خواکوڕکەوە تاکوو شەڕ و چالاکییەکانی تری دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕ.
دواتر نووسەر، (عومەر عوسمان مێرگەسۆرى) باس لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و کۆچڕە و قۆناغی گفتوگۆ و شەڕی پەکەکە و قۆناغەکانی شەڕی ناوخۆى باشوورى کوردستان دەکات و ڕووداو و کارەساتى #01-02-2004# و قۆناغەکانی تری ژیانی نووسەر ئاماژەی پێ کراوە، کە هەموو دەکرێت پەند و ئەزموونى لێ وەربگیرێت، بۆ دووبارەنەبوونەوەى ئەو ڕووداو و کارەساتانە.
ئەوەی لاپەڕەکانی پەرتووکى بیرەوەریی ژیانی کوردێکی دەوڵەمەند کردووە، ئەو ژمارە زۆرەی وێنەکانە، کە هەر لە لاپەڕە 217 تاکوو 302، کە دەکرێت تاکی کورد خوێندنەوەی تایبەتیی لەسەر ئەو وێنانە هەبێت و ڕۆڵی لە گێڕانەوە و سەلماندنی زۆر لە ڕووداو و کارەسات و وێستگە گرنگەکانی مێژووی ئەم نەتەوەیە هەبێت، چونکە هەر وێنە و باس و خواسى تایبەت بە خۆى هەیە و مێژووى چرکەساتى چرکاندنى ئەو زەمەن و ئەو ساتەوەختانە دەگێڕێتەوە.
بەگشتى، ئەم پەرتووکە چەند یاداشت و یادەوەرى و کارەسات و ڕووداوى گرنگى خۆش و ناخۆش و کەوتن و هەستانەوە و خەبات و شۆڕش و بەرخودانى ساڵانى ڕابردووى پێشمەرگە دەخاتە بەرچاو، جگە لە چەند وێنەیەکى ئەرشیفیى گرنگ، کە وەک بەڵگەى زیندوو، یا وەک گەواهیدەرێک و شاهیدحاڵێک بۆ تێکۆشان و شۆڕشڤانیى نووسەر بەرجەستە دەکا، لە ڕێگەى حزبێکى شۆڕشگێڕى گرنگى ئەو قۆناغە، کە ئەویش پارتى دیموکراتى کوردستانە.
نووسینەوە و تۆمارکردنى ئەم جۆرە کارانە و ئەو مێژووەش، بەشێکە لە ئەرک و کارى پێشمەرگایەتى، بە تۆمارکردن و بە دیکیۆمێنتارکردنى ڕووداوگەلێکى مێژووى شۆڕشگێڕى و خەباتى پێشمەرگایەتى لە ڕۆژگارى سەختى خەباتدا، تاکوو بزر نەبێت و نەوەکانى ئێستا و داهاتووى لێ ئاگادار بن، کە باس لە زیاتر لە نیوسەدە ڕەوش و ڕووداوى مێژوویى دەکات، کە شرۆڤە بۆ بارودۆخى ئەو دەمەى کوردستان دەکات، هەرچەندە بەشێکى زیاترى پەیوەستە بە ژیانى خودى نووسەر خۆیەوە، بەڵام بە شێوەیەکى گشتگیر، توانیویەتى ڕەوشەکە لە سەردەمانى قۆناغێکى گرنگى شۆڕشگێڕیدا بەرجەستە بکات و لاپەڕەک لە مێژووى شۆڕشگێڕى تۆمار بکات. لەو نێوەندەیشدا، نەیتوانیوە ڕۆڵ و باس و خواسى شەهیدان بەگشتى فەرامۆش بکات، وەک ئەمەک و وەفایەک ڕۆڵى زۆر لە هەڤاڵە شەهیدەکانى خۆى و حزبەکەى بەرز نرخاندووە، ئەمەش دڵسۆزى و ئەمەکداریى نووسەر دەردەخات.
ئەم پەرتووکە بە شێوەیەکى باش بابەتە هەستیار و گرنگەکانى شرۆڤە کردووە، کە بە چەند قۆناغێکى جیاجیا دەستى پێکردووە و بە شێوەیەکى سەرکەوتوو بە ئامانج گەیەنراوە.
بەگشتى، ئەم جۆرە کارانە بۆ قۆناغى ئێستامان زۆر گرنگ و پێویستن، هەڵبەت هیچ شتێکى لەم چەشنە بەبێ کەموکورتى و هەڵەى چاپ نابێت، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى، قۆناغێکى سەرکەوتووى بڕیوە. دیارە خواستێکى باشى هەبووە، بۆیە بۆ جارى سێیەم چاپ کراوەتەوە و پەرتووکخانە هەژارەکەمانى پێ دەوڵەمەند کراوە. [1]