یادی ئیدریس بارزانی، یادی پێکەوەکارکردن
#ئاسۆ حاجی#
#ئیدریس بارزانی# کە کاری بۆ درووستکردنی بەرەی کوردستانی دەکرد لەوە تێگەیشتبوو کە ئەو بەرەیە و سەرکردایەتی کردنی بەبێ #مەسعود بارزانی# و #جەلال تاڵەبانی# وەدی نایێ.
ئیدریس بارزانی نەک لە بەر ئەوەی کوڕی مستەفا بارزانییە و یەکێک بووە لە فەرماندە سیاسی و سەربازیە دیارەکانی شۆڕشی ئەیلول و سەرکردایەتی شاندی دانووستانکاری شۆڕش بووە لەگەڵ حکومەتی ئێراق کە بەیاننامەی یازدەی ئازاری لێکەوەتەوە یادکردنەوەی پێویستە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوانەشدا ئیدریس بارزانی بۆ یەکەمجار توانی دەستەواژەیەکی نوێ بخاتە ناو کاری سیاسی و بە ڕوحیەتێکی نوێوە هێز وەبەر بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانی بێنێتەوە و دەرئەنجامەکەی ڕاپەڕینی کوردستان بێت کە پەڕڵەمان و حکومەتی کوردستان مەزنترین بەرهەمیەتی.
ئیدریس بارزانی کۆکەرەوەی هێزە کوردستانییەکان بوو لەژێر چەتری بەرەی کوردستانی بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی براکوژی و کلتوری یەکتر سڕینەوە بهێنرێت و تێگەیشتنێکی دیکەی نوێ بخاتە ناو دیرۆکی خەبات و تێکۆشانی کوردستان کە ئەگەر یەک حزب نەتوانێ جێگا بۆ هەمووان بکاتەوە بەهۆی بیروبۆچوونی سیاسی و ئایدۆلۆژیا و فکری ئەوە بەرەیەک دەتوانێت کاروانەکە باشتر و بەهێزتر بەردەوام بکات.
ئیدریس بارزانی کە کاری بۆ درووستکردنی بەرەی کوردستانی دەکرد لەوە تێگەیشتبوو کە ڕاگرتنی ئەو بەرەیە و سەرکردایەتی کردنی بەبێ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی وەدی نایێ بۆیە کە لە براکەی دڵنیا بوو، ئەو یەکەم هەنگاوی بۆ لای تاڵەبانی هەڵگرت و پیشنیارەکەی خستە بەردەمی و پێکەوە توانیان کارەکە سەرکوتوانە تەواو بکەن، ڕەوان شاد کاک فەلەکەدین کاکەیی بۆی باسکردم کە ئیدریس بارزانی وازی لە هەموو شتێک هێنا تا بەرەی کوردستانی درووستکرد، چوونکە بڕوای وا بوو کە پێکەوە نەبێت ناتوانرێ ئامانجەکان و دەست بێن کاک فەلەکەدین ئەوەشی باس دەکرد کە بیرۆکەی پیکەوەکارکردن لە چوارچێوەی بەرەیەکدا لەلایەن ئیدریس بارزانییەوە بۆ کۆتایی ساڵانی حەفتاکان دەگەڕێتەوە کە درێژەدان بە شۆڕش و بەرنگار بوونەوەی داگیرکەران پێویستی بە هەمووانە، کاک فەلەکەدین کە یەکێک بووە لە نزیکترین کەسەکان لە ئیدریس بارزانی ئەوەشی باسدەکرد کە ئیدریس بارزانی لەگەڵ زۆر لە سەرکردەکان قسەی کرد بوو بەڵام کەمیان بە پیر بیرۆکەکەیەوە هاتن بۆیە ئەو کارە سەری نەگرت تا حزبەکان خۆیان و گەلی کوردیشیان تووشی کارەساتی براکوژی کرد و دواتر گەڕانەوە سەر بیرۆکەکەی ئیدریس بارزانی و لەژێر چەتری بەرەی کوردستانی پێکەوە فێری یەکەمین ئەزموونی پێکەوە کارکردن بوون.[1]