نووری بێخاڵینووری بێخاڵی
(لە پەراوێزی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی #ئیدریس بارزانی#دا)
ناوی مرۆڤەکان تەنیا ناون و هیچی تر، دەنگێکن و بە ئامادەبوونیان و لە کاتی گفتوگۆ و دواندنی یەکتردا، لە دەمماندا دەردەچن. ڕاستییەکەی، واتا و بەهایەکی ئەوتۆ لە ناوی کەسدا نییە، بەڵکوو لە جەوهەر و چییەتیی کەسایەتیی ناولێنراوەکەیدایە.
ڕوونتر بڵێین: واتا و بەها و بایەخی ناو، لە خودی ناولێنراودان و لە بیرکردنەوە و تێڕوانین و ڕوانگە و ڕەفتارەکانیدا ڕەنگ دەدەنەوە… لەو بیرکردنەوە ژیان و مرۆڤدۆستییەیدایە کە لە خزمەتی چاکەی گشتیدا خستوویەتی و دەیخاتە گەڕ… لەو کار و کردەوە، ڕەفتار و ئاکار، هەنگاو و هەڵوێستانەیدایە کە بە قازانجی بەرژەوەندیی گشتی تەواو بوون و دەبن… لە کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەدایە کە دەوروبەری بە دەستیانەوە دەناڵێنن… لە پاراستن و ڕزگارکردنی هەموو ئەو گیانانەدایە کە لە ترس و دڵەڕاوکێ، مەرگ و کوشتن ڕزگاری کردوون و دەیانکات.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر لە مێژووی نزیکەی سێ چارەگە سەدەی ڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان و ململانێی براکاندا ورد ببینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ڕەوانشاد (ئیدریس بارزانی) لە پێشەنگی سەرکردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا دێت لە پەیوەست بە دەستپێشخەری بۆ ئاشتەوایی، یەکڕیزی، تەبایی، هاوخەباتی و بەیەکەوە کارکردنی کوردان.
ئیدریس بارزانی باوەڕێکی نەگۆڕ و یەقینێکی کۆنکرێتیی بە ئاشتەوایی، یەکڕیزی و تەبایی هەبوو. لەو پێناوەشدا ماندوویی نەناسانە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستنە گەڕ بۆ کۆتایی پێهێنانی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان حزب و هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان. لەم ڕووەوە مێژوو ئەو دەسکەوت و شانازییەی بۆ (ئیدریس بارزانی) تۆمار کردووە کە:
یەکەم: ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان پارتی و #پەکەکە# لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بەرهەمی هزر و تێڕوانین، هەوڵ و تێکۆشانی نەپساوەی ئەو بوو. بۆیە هەر ئەو ڕاستییەشە وا لە (#عەبدوڵڵا ئۆجەلان#) دەکات، کە ساڵی 2013 زیندانی ئیمیرالی و لە گەرمەی گفتوگۆکانی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی، لە پەیامێکیدا بۆ پشتگیریکردن لە سەرخستنی کۆنگرەکە، بڵێت: کۆنگرەی نەتەوەیی بیرۆکە و دەستپێشخەریی لە مێژینەی (ئیدریس بارزانی) بوو.
دووەم: پشکی شێر لە هەوڵ و هەنگاوەکانی کۆتایی پێهێنانی شەڕی براکوژی لە شاخدا، دواتریش گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و پێکهێنانی (بەرەی کوردستانی)، هەر بەر (ئیدریس بارزانی) دەکەوێت.
لەم گۆشەنیگایەوە، کاتێک کە دەبینین (#نێچیرڤان بارزانی#) باوەڕمەند و متمانەبەخۆ، شێلگیر و پشوودرێژ، لە هەوڵ و تێکۆشانەکانی بۆ ئاشتکردنەوەی لایەنەکان، یەکخستنەوەی ماڵی سیاسیی کورد و یەکڕیزی و تەبایی کوردستانیان ماندوو نابێت و لە دەستپێشخەری ناکەوێت، بۆ هیچ کامێکمان مایەی شۆک و سەرسووڕمان نییە، چونکە وەک پەندە کوردییەکەی دەڵێت: “ گیا لەسەر پنجی خۆی دەژیێتەوە.” و ئەویش گیای سەر ئەو پنجە ڕەسەنەیە.
دووانەی باوک و کوڕ (ئیدریس و نێچیرڤان بارزانی) لە دۆخی کوردی و کوردستانیدا کە بەدرێژایی مێژووی سێ چارەگە سەدەی ڕابردوو، بە ناکۆکی و ململانێ و خۆکوژی و خۆخۆری بارگاویە، خەیاڵمان دەباتەوە سەر ئەو قسەیەی عەرەب کە دەڵێن: هذا الشبل من ذاک الأسد ئاخر ئاشتی پێویستی بە جەنگاوەری ئازا و شێری نەترس زیاترە، تا شەڕ و خوێنڕێژی![1]