بەدر ئیسماعیل شیرۆکیبەدر ئیسماعیل شیرۆکی
یادێک بۆ #ئیدریس بارزانی#، لە سی و پێنج ساڵیی کۆچی ناوەختیدا.
بارودۆخی ناهەموار و تێکچڕژاوی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و ئاوارەبوونی بەشێکی زۆر لە خەڵک و شۆڕشگێڕانی کورد بۆ ئێران، قەیرانێکی دژواری سایکۆلۆژیی هێنابووە ئاراوە. لەو کەشە نالەبارە مرۆڤی و سیاسی و ئاساییشیە بێسەروبەرەدا، ئۆپۆرتۆنیزمی سیاسیی لایەنگری ئیدۆلۆژی چەپ، هەموو هەوڵی خۆی خستبووەگەڕ تاکوو لەدەستپێکی هەستانەوە و شێوەگرتنەوەی بنگەی شۆڕشدا، لەڕووی هزری و ئیدۆلۆژییەوە بزاڤەکە بخاتە ژێر هەژموونی و دیدگاکانی خۆیەوە و لەسەروی سەرکردایەتی بزاڤی ڕابوونەوە جێ خۆشبکات.
لە کەشێکی سەخت و تاقەتپروکێنی وەهادا، ئیدریس بارزانی یەکێک لەو کەسایەتییە ئوستورەییانە دەبێت، کە شان دەداتە بەردژواری ئیدارەدانی قۆناغ و ڕەسەن هێشتنەوەی بزاڤی کوردایەتی .
ئیدریس بارزانی لەتەک کۆمەڵێک لە تایبەتمەندیی باڵای کەسیی، لەدەربڕینی بۆچوون و ڕوانگە هزریەکانی، مرۆڤێکی ڕاشکاو و لێوەشاوە و باوەڕبەخۆ بوو، بارودۆخی داسەپاو و ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زەبروزەنگی دەسەڵات و دەوڵەتی سەردەست، کە ئەو تێیدا پەنابەرێکی ژێر هەڕەشەو بن چاودێریی هەمیشەیی بوو، ئەوی ناچار بە سازش و دەربڕینی ڕای جیاواز لە باوەڕ و ڕەوایی پرسەکان نەدەکرد و، هەرگیزیش لە پێناو ئاساییشی ژیانی کەسیی خۆی، ئامانج و ستراتیژ و پلانی هەستانەوەی، بەپێی بارودۆخی داسەپاو بۆ دەمێکیش هەڵنەدەپەسارد .
سەرباری هەموو ئەو ڕاشکاوی و شەفافیەت لە هەڵوێست و دەربڕینەکانیشیدا، هێشتا لە دید و ڕوانگەی هەندێک لە کاراکتەری سیاسی چەپگەرا، جێگای ڕەخنە و گازندەی توند بوو، چونکە داکۆکی ئەویان لە ڕەسەنایەتی و مەعنەویەت پارێزی، بە ئەزموونکردنەوەی ڕێکارە کۆنەکان و هەندێک جاریش بە کۆنەپارێز لە قەڵەم دەدا. ئیدریس بارزانی پێداگر بوو لە بەکارهێنانەوەی میراتی خەباتکاریی ڕابردووی شۆڕشەکانی بارزان و دەوڵەمەندیی مەعنەوی و جڤاکی ئەو بەرخۆدانانەی، کە بە پێی دووچەمکی لەیەکگرێدراوی باوەڕی عێرفانی و سەربەخۆخوازیی نەتەوەیی بەڕێوە دەچوون و مستەفا بارزانی مەزنیش، هەم پێکهاتەیەکی گرنگی ئەو مێژووە و هەمیش گەشە پێدەر و بەرەوپێشبەری ئەو ڕێبازە بووە، کە شۆڕشی ئەیلولیش بەشی هەرەزۆری پتانسێلی ئازادیخوازی و کوردایەتی و بڕوادارکردنی تاکی شۆڕشگێڕی ناوخۆی کوردستانی، بەپێی باوەڕی بارزانی، لەوە وەردەگرت، گەرچی لە بەکار هێنانی دیپلۆماسی و بۆ پەیوەندیکردن و بە نێودەوڵەتی کردنی کێشەی کورد و شۆڕش، کەڵکی لە نوێترین میتۆد و ڕێکاری هاوچەرخیش وەرگرتبێ.
تا ئەو شوێنەی من ئاگاداری ڕاو بۆچوونی ئیدریش بارزانی بووبم، ئەو هەرگیز بڕوای بەوە نەبووە کە هەرەس و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، لە ئەنجامی لاوازیی بیروباوەڕ و پتەو نەبوونی هزری نەتەوەیی شۆڕشگێڕان و شکان و ڕووخانی مرۆڤی و بنەما فەلسەفیەکانی ئەو بزاڤە ڕویدابێت، تەنانەت من نەمبیستووە، گازندەیەک، یان ڕەخنەیەکی لەو بارەوە ئاڕاستەی شۆڕشگێڕان کردبێتەوە.
هەڵسەنگاندنێکی درووستی بۆ قورسایی گەڵەکۆمەی هەرێمی و پیڵانگێڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکرد و خۆڕاگری و بەرهەڵستیی ئەو پیلانگێڕیە مەزنەی لە دەرەوەی توانای ئەوسەردەمی گەلی کورد و سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان دەدیت . ئەو ڕای وابوو کە دەبێت هەموو دەرد و ئازارەکانی شکان و ئاوارەبوون، لە ڕابردوو بەجێبهێڵرێن، تەنیا ئیرادە بکەنە هاوسەفەر و دەستی پێوەبگرن، تاکوو دووبارە شۆڕشی لەسەر بینا بکرێتەوە.
بە تێبینیکردنی ئەزموونەکانی شۆڕشی ئەیلول و ڕۆڵی دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانی، لە شکستپێهێنانی گەورەترین شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردان، ئیدریس بارزانی گەیشتبووە ئەو بڕوایە کە بێجگە لەهێز و توانای خۆیەتی کورد و هزری نەتەوەیی و فۆڕمی شۆڕشگێڕی خۆماڵی و خۆژێنیی کوردی، ئەوەی لە سەرهەڵدانەکانەنی شێخ عەبدولسەلامی بارزان لە 1908-1914 تا ڕابوونەکانی مەلیکایەتی شێخ مەحمود و بزاڤەکانی باکووری کوردستان، تا دەگاتە شۆڕشەکانی بارزان 1931-1945 بە شۆڕشی ئەیلولیشەوە، هیچ ئیدۆلۆژیەکی دەرەکی دیکە، ناتوانێت لە بەردەوامی و ئاڕاستەکردنی هزریی شۆڕشگێڕی کورد کاریگەر بێت.
من زۆر جاراران ئیدریس بارزانیم لە کۆڕی باوەڕمەندانی بارزان و خەڵکی سادەی پەنابەر بینیوە . ئەو لە ئاخافتنەکانیدا ڕەچاوی دووبابەتی زۆر گرنگی دەکرد و بە دوو شێوازی زۆر جیاواز دەپەیڤی. هەرگیز ئەو ڕستە و وشە و دەستەواژە زمانەوانیانەی، کە لە کۆڕ و کۆنفرانس و ڕێوڕەسمە فەرمییەکاندا بەکاری دەهێنان، لەگەڵ خەڵکی سادە و لە دانیشتنە جەماوەریەکان، کەڵکی لێوەرندەگرتن.
ئەو لە دانیشتنە خۆیەتیەکاندا، لەریزی ساکارترین مرۆڤەکان جێی دەگرت و بەو زمان و وشانە دەپەیڤی، کە مرۆڤێکی نەخوێندەواری گوندیی کورد بەکاری دەهێنان و بۆ تێگەیشتنی باشتری دانیشتووانیش، ئاخافتنەکانی خۆی بە مەسەلەیەک، یان پەندێکی پێشینیانی وەها پشتڕاست دەکردەوە، کە بۆ خەڵکەکە زۆر ئاشنا و جێی فام بێت.
لە ساڵی 1986 یەکێتی قوتابییانی کوردستان خوڵێکی تۆپی پێی بەناوی جامی بارزان بۆ هەموو تیپەکانی پەنابەران لە سەرتاسەری ئێران ڕاگەیاند . شوێنی کێبەرکێیەکان شاری کەرەج بوو، کە بارەگای لقی ئاوارەی یەکێتی قوتابییانی لێبوو، ئێمەش وەکوو تیپی فوتبۆڵی پەنابەرانی شاری نەغەدە بەشدار بووین .
لەو دەرفەتەدا، هەلێکیان بۆ ڕەخساندین تاکوو چاومان بە زیندەیاد ئیدریس بارزانی بکەوێ، بەڕێزی لە ماڵی خۆی زۆر بەگەرمی و خۆشەویستییەوە پێشوازی لێکردین. دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوارەکێک قسەی بۆ کردین، وتی حەزدەکەم ئێوە قسەم بۆ بکەن، دەمەوێت ڕای ئێوە لە بارەی بارودۆخ بزانم . هەندێک لە دۆستان پرسیار، و ڕایان هەبوو، منیش یەکێک لەوانە بووم، کە قسەم هەبوو، من داوای ئەوەم لێکرد کە خولێکی سیاسی بکرێتەوە، کە لاوانی پەنابەر زیادتر فێری ڕۆشنبیری سیاسی و ئیدۆلۆژی بکرێن . بەڕێزی دوای تەواو بوونی قسەکانم زۆر بەنەرمی پرسیاری ناوی باوک و گوند و هۆزی لێ کردم. پاشان چەند خوڵەکێک وەڵامی پرسیارەکانی منی دایەوە و وتی ئەگەر دەتانەوێ ڕۆشنبیر بن و بۆ گەلەکەتان بەکەڵک بن، لەبارەی مێژووی باب و باپیرانتان بپرسن و بخوێننەوە. ئەوە باشترین ئیدۆلۆژی و ڕۆشنبیری یە بۆ ئێوە .[1]