گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: لە ئێستا بە دواوە تێکۆشانی ئازاد، دیموکراسی و سۆسیالیزم بە ڕێگەی یاسایی و سیاسەتی دیموکراتیکەوە بەڕێوەدەبەین و لەسەر بنەمای دەرخستنی یاسای ئێنتیگراسیۆنی دیموکراتیکی، بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین.
ڕاگەیاندراوەکەی گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەم شیوەیەیە:
بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان
بەناوی گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکییەوە کە بۆ برەودان بە پڕۆسەی گۆڕان و وەرچەرخانی دیموکراتیکی پێکهێندراوە؛ سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشکەشی ئامادەبووان و هەموو شاهیدانی ئەم چالاکییە دیموکراتییە مێژووییەمان دەکەین.
ئێمەی ژنان و پیاوانی شەڕڤانانی ئازادی کە لە مێژوویی جیاجیادا بە ئامانجی شەڕکردن لە دژی هێرشەکانی نکۆڵیکردن و قڕکردنی کورد بەشداریمان لە ڕیزەکانی پەکەکەدا کردووە، چەکمان هەڵگرتووە و لە هەرێم و شوێنی جیاجیا تێکۆشانمان بەڕێوەبردووە، ئەمڕۆ وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان کە لە ڕاگەیەنراوەکەی ڕێکەوتی 19ی حوزەیرانی 2025ییدا بڵاوی کردبووەوە؛ هاتووین بۆ ئێرە. هاتنەکەمان لەسەر بنەمای بانگەوازی 27ی شوباتی 2025 بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان و بڕیارەکانی 12هەمین کۆنگرەی پەکەکەیە کە لە ڕۆژانی 5-7ی ئایاردا ئەنجامی دا. وەک نیازپاکی و هەنگاوی بڕیارداری لە پێناوی بەکرداریی سەرکەوتنی پڕۆسەی (ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی) و لە ئێستاشەوە بە ئامانجی بەردەوامیدان بە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و سۆسیالیزمیمان بە ڕێبازی سیاسەتی دیموکراتی و یاسایی و هاوکات لەسەر بنەمای دەرکردنی یاساکانی ئێنتیگراسیۆنی دیموکراتی؛ لە حزوری ئێوەدا بە ئیرادەی ئازادی خۆمان، چەکەکەمان لەناو دەبەین.
هیوادارین ئەم هەنگاوەمان ببێت بە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان بە تایبەتیی بۆ ژنان و گەنجان و بۆ گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و سەرجەم مرۆڤایەتی و ئاشتی و ئازادی لەگەڵ خۆی بهێنێت.
پڕ بە دڵ هاوڕاین لەگەڵ بانگەوازییەکەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان کە دەڵێت: بڕوام بە هێزی سیاسەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی هەیە، نەک چەک. بانگەوازی لە ئێوەش دەکەم ئەم پرەنسیپە پەیڕەو بکەن و مایەی شانازی و سەربەرزییەکی گەورەیە کە هەڵدەستین بە جێبەجێکردنی بنەماکانی ئەم پرەنسیپە مێژووییە.
دەزانین کە تا ئێستا هیچ شتێک بەئاسانی و بێ قوربانی و بەبێ تێکۆشان بەدینەهاتووە، بەپێچەوانەوە هەموو شتێک ڕۆژانە بە قوربانی گەورە و بە تێکۆشانی بێ وێنە بەدەستخراوە. هەڵبەت لە ئێستا بەدواییشەوە هەر بە تێکۆشانی سەخت و دژوار بەردەوام دەبێت. زۆر باش لەم ڕاستییە تێگەیشتووین و لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە و دەستکەوتی دیموکراتییانە لە ناخی دڵمانەوە بڕوامان بە فیکر و پارادایمی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالانە و متمانەمان بە خۆمانە و هاوکات وەکوو کۆمەڵەی هاوڕێیانیش متمانەمان بەهێزی هەرەوەزیمان هەیە.
لە ژینگەیەکی وەهادا کە گوشار و تاڵانکاری فاشیستی پەرەی سەندووە، ناوچەکەمان؛ ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە بە گۆمی خوێن و گەلەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە ژیانی ئاشتەوایی، ئازادی و یەکسانی و دیموکراتییە، گرنگی و ڕاست و پێویستی هەنووکەیی ئەم هەنگاوە مێژووییەمان دەبینین و هەستی پێدەکەین.
بە و هیوایەین کە هەموو لایەک لە؛ ژنان، گەنجان، کرێکار و ڕەنجدەران، هێزە سۆسیالیستی و دیموکراتەکان، واتا سەرجەم گەلان و مرۆڤایەتی؛ درک بەبەها و بایەخی ئەم هەنگاوە ئاشتی و دیموکراتیانەیەمان بکەن، تێیبگەن و ڕێزی بگرن.
هەر لەم سۆنگەیەوە بانگ لە سەرجەم هێزە هەرێمی و جیهانییەکان دەکەین کە بەرپرسن لە هەموو ئێش و ئازارەکانی گەلەکەمان، ڕێز لە مافە ڕەوا و نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلەکەمان بگرن و پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتییانە بکەن.
بانگەوازی لە گەلان بەگشتی، و بەتایبەتیی ژنان و گەنجان، کرێکار و ڕەنجدەران، هێزە دیموکرات و سۆسیالیستییەکان، ڕۆشنبیر، نووسەر، ئەکادیمیست، مافناس، هونەرمەند و سیاسەتمەداران دەکەین بەشێوەیەکی ڕاست و درووست لەم هەنگاوە مێژووییەمان تێبگەن و لەپاڵ ئێمە و گەلەکەماندا بن. هەروەها داوادەکەین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی و دیموکراتییانەی پرسی کورد چالاکانەتر تێبکۆشن و لە ئاستی جیهانیدا تێکۆشانی دیموکراتییانە، سۆسیال ئینتەرناسیۆنالی و پشتگیری و پشتیوانی بکەین.
بانگەوازیش لە گەلەکەمان و سەرجەم هێزە سیاسییەکانی دەکەین، بەشێوەیەکی ڕاست تێبگەن لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناخە مێژووییەی ئێستا و ئەم پڕۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'یەیی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە، ئەرکەکانیان لە هەموو بوارەکانی پەروەردەیی، ڕێکخستنی و چالاکییدا بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن و پەرە بە ژیانی دیموکراتییانە بدەن.
ستەم و داگیرکاری کۆتایی دێت و ئازادی و هاوخەباتی سەردەکەوێت.
پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی مسۆگەر سەردەکەوێت.
#2025-07-11#
گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی.[1]