ڕابین شێروانی-کارزان هەورامی
بە بڕوای پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، #ئیدریس بارزانی# هاوکات لەگەڵ ئەوەی سەرکردەی بەرەکانی شەڕ بوو، بڕوای تەواویشی بە ئاشتی و پێکەوەژیان هەبوو. ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی. لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەستی بەوە کردبایە تروسکاییەک هەیە بۆ سەرهەڵدانی خەباتی شۆڕشگێڕی، یەکسەر دەستی هاوکاریی بۆ درێژ دەکرد.
ئەمڕۆ #31-01-1987# ساڵیادی کۆچی دواییی ئیدریس بارزانییە، سەرکردەیەکی خاکی و خەمخۆری کوردستان و گەلەکەی بووە. لەم یادەدا، هاوڕێبازان و نامەبەرێکی سەردەمی پێشمەرگایەتی، پەنجە دەخەنە ژیانی و نهێنیی سەرکەوتنەکانی دەگێڕێنەوە.
ئیدریس بارزانی لە گوندی بارزان لەدایک بووە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی لە سنووری بارزان دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی بەغدا، مووسڵ و بەسرا، لەگەڵ ئەوەی لە تەمەنی منداڵییەوە لە سۆز و خۆشەویستیی باوک بێبەش بووە و تا گەڕانەوەی (بارزانیی نەمر) لە سۆڤیێت لە ساڵی 1958، مرۆڤێک بووە لەناو جەماوەر خۆشەویست و سادە و بە قەناعەت بووە، بە سادەیی ژیاوە. خاوەن قسە و بەڵێنەکانی بووە، لەگەڵ هەر کەسێکدا بە زمانی خۆی و ئاستی تێگەیشتنی بەرانبەری قسە و هەڵسوکەوتی کردووە. هەرکە شۆڕش بەرپا بوو، بارزانیی نەمر سەرپەرشتیی ئەم شۆڕشەی کرد. ئیدریس بارزانییش هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە کە قوتابی بوو، دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و لەگەڵ بارزانیی باوکدا بەشداری لە شۆڕش کرد.
د.ناسیح غەفوور، کە یەکێک لە هاوڕێ و نامەبەرە تایبەتەکانی ئیدریس بارزانی بووە، لایەنێکی ژیانی سیاسی و تێکۆشانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەخاتە ڕوو و دەڵێت: کاک ئیدریس یەکێک بوو لەو کوڕە بلیمەتانەی بارزانیی نەمر کە بەرچاو بوو، جیددی بوو، حەزی لە بەشداریی سیاسی هەبوو، هەردەم لە دەور و خزمەتی بارزانیی باوک بووە، هاوکارێکی زۆر باش بوو، حەزی لە خزمەتکردن و خوێندن بوو، حەزی لە هاوکاریی پێشمەرگە و بارزانی هەبوو، بۆیە وردەوردە پێگەی ئەو لەناو شۆڕش بەرز بوویەوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەناو پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان خۆشەویست دەبوو.''
د.ناسیح غەفوور زیاتر لەسەر کەسایەتیی ئیدریس بارزانی قسە دەکات و جەخت دەکاتەوە ''ئیدریس بارزانی، جێگەی متمانە بوو، بۆیە لە داستانی (هەندرێن) کە حکوومەتی ئێراق شەڕی فەرز کرد بەسەر کوردستاندا، هێرشێکی گەورەیان کردە سەر کوردستان، جاشەکانی ئەو سەردەمەش بەشدارییان کرد، بەڵام لەو داستانەدا ڕۆڵی کاک ئیدریس زیاتر دەرکەوت، ئەو وەک سەرپەرشتکار دەرکەوت و سەرکەوتنیش بە ناوی ئەوەوە تۆمار کرا.''
عەبدوڵڵا ئەسعەد پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، جەخت دەکاتەوە لەوەی، ئیدریس بارزانی لە بواری سەربازیدا شارەزایەکی زۆر باشی هەبووە، سەرکردایەتیی هەر دوو داستانی هەندرێن و زۆزکی کردووە و، ئەو کات حکوومەتی ئێراقی ناچار کرد پاشەکشە بکات.
سادق سڵێمان پێشمەرگە و هاوڕێبازێکی دیکەیە و، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە، ئیدریسی جوانەمەرگ، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە تێکشکاندنی دوژمن، لە ساڵی 1966 کاتێک سەرپەرشتیی شەڕی هەندرێنی دەکرد، بە جورئەت و چاونەترس لەناو هێزی پێشمەرگە بوو، بۆیە توانی سوپای ئێراق بە جۆرێک تێک بشکێنێت کە هەر دوای ئەو شەڕە حکوومەتی ئێراق ناچار بوو داوای دانووستاندن لە سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بکات. حکوومەتی ئێراق زۆر لە کەسایەتی (ئیدریس بارزانی) دەترسا، بۆیە لە بواری سەربازی، سیاسی ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری هەبوو، هەروەها لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار ڕۆڵی هەبوو، لەگەڵ ئەوەی لە هەر پارچەیەکی کوردستان هەستی بەوە کردبایە تروسکاییەک هەیە بۆ سەرهەڵدانی خەباتی شۆڕشگێڕی، یەکسەر دەستی هاوکاری بۆ درێژ دەکرد.
ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی شۆڕشی ئەیلوول و شکستی حکوومەتی ئەوسای ئێراق، حکوومەتی ئێراق گەیاند بەو باوەڕەی کە ناتوانێت کێشەی کورد بە شەڕ یەکلا بکاتەوە، ناچار بوو پەنا بباتە بەر دانووستان لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر.
غەفوور لەوبارەوە دەگێڕێتەوە ''کاک ئیدریس هەمیشە لەگەڵ بارزانی بوو، بۆیە دەوری باڵای هەبوو لە بەشداریکردن و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، هەڵبەت کاک مەسعوود بارزانییش لەگەڵی بوو، ئەو کاتە، ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرپەرشتیی ڕێککەوتنەکەی دەکرد، سەددامیش بەشداریی کرد، لە واقعدا سەددام دەوری باڵای هەبوو لەو ڕێککەوتنە، بەڵام لەبەر ئەوە ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆککۆماری ئێراق بوو، ئەو ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاند و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتییش بەشدارییان کرد.''
وتیشی ''دەوری کاک ئیدریس دەورێکی گرینگ و باڵا بوو لە ڕێککەتنەکە. هەم وەک کوڕی بارزانیی نەمر و هەمیش وەک جێگای متمانەی بارزانی، خۆیشی بلیمەت بوو، ئازاد بوو، قسە لەڕوو بوو، بەتوانا بوو، دەیتوانی ڕۆڵ ببینێت. تا ساڵی 1974 ئەو هەمیشە دەیوت دەبێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، لە بەغدا بوو بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە داخەوە بەغدا پەشیمان بوویەوە.''
ناسح غەفوور هاوکات دەڵێت: ''لەبەر لێهاتووییەکەی، چەندین جار هەوڵی شەهیدکردنی ئیدریس بارزانی دراوە، چونکە یەکێک بووە لە هەرە چالاکەکانی شۆڕشی ئەیلوول، ئەو شۆڕشەی کە بەداخەوە لە ئەنجامی سەودایەکی نێودەوڵەتی شکستی هێنا. کە پێیم وایە لە ئیستایش کە ئەم سەودایە لەسەر کوردستان دەکرێت. هەڵبەتە هەمیشە کورد لە کاتی سەوداکردن زەرەرمەند بووە، ئەگەرنا بە هێزی پێشمەرگە و قارەمانەتییەکەی کورد قەت چۆکی دانەداوە.
لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشیشدا ڕۆڵی ئیدریس بارزانی بەرچاوە و ناسیح غەفوور ئاماژەی بەوە دا، ''دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول تووشی شکست بوو، هەوڵ درا جارێکی دیکە ئێمە شۆڕش بەرپا بکەینەوە. ئەو کات بارزانیی نەمر تەمەنی هەڵکشابوو، کێ دەبوو ئەوە بکات جگە لە بارزانی؟، کاک ئیدریسی هەمیشەزیندوو و کاک مەسعوود، دەورێکی باڵایان بینی بۆ بوژانەوە و ڕێکخستنەوەی پارتی، کە ئەو کات بە ناوی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بوو. کاک ئیدریس نەک لەبەر ئەوەی کوڕی بارزانییە، بەڵکوو داینەمۆی هەڵگیرسانی و درووستبوونەوەی پارتییە و دەوری سەرەکیی ئەو بوو لە هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان.
لە دوای بەرپاکردنی شۆڕشی گوڵان، حزبی دیکەش پەیدا بوون، ئەم فرەحزبییەش وای کرد پارتی لەگەڵ ئەو حزبانەدا کۆ ببێتەوە و، هەوڵ بدات لە دەوری یەکدی و بۆ یەک ئامانج تێبکۆشن، ناسح غەفوور دەڵێت ''کاک ئیدریس دەورێکی باڵای هەبوو لەوەی ئەگەر بمانەوێت سەرکەوین، دەبێت یەک بگرین، یەک بەرنامەمان هەبێت، ڕەنگە بیروڕای جیاواز هەبێت، بەڵام دەبێت ئەو بیروڕایە لە پێناوی سەرکەوتنی کوردستان بێت، ئەمانە هەمووی بیرکردنەوەی ئەو بوون.
لەو سەردەمدا بەرەیەک درووستکرا کە هاوپەیمانەتی لەگەڵ حزبی بەعسی ئێراق بەست، لە بەرانبەردا بەرەیەکی دیکە درووستکرا ئەو بەرەیە لە پارتی و حزبی شیوعی و سۆسیالیست و پاسۆک بوو، د، ناسح غەفوور دەگێڕێتەوە کە، ئیدریس بارزانی هەستی بەوە کردبوو کە دەبێت حزبە کوردستانییەکان بە یەکگرتوویی کار بکەن و دەڵێت: ''کاک ئیدریس دەوری هەبوو لە نزیکبوونەوەی لەگەڵ حزبەکان. کاک ئیدریس دەیوت دەبێت لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوین، بۆیە ساڵی 1986 لەگەڵ مام جەلال یەکتریان بینی، لە مانگی 1ی هەمان ساڵ، بناغەی سەرەتای ئاشتبوونەوەی یەکێتی و پارتی دانرا، دواتر کە بەرەی کوردستانی درووستکرا، لە ساڵی 1991 ئەو لە ژیان نەمابوو، بەڵام بەرەی کوردستانی لە بنەڕەتدا کاک ئیدریس ئەندازیاری بوو.''
کاوە عوسمان پێشمەرگەیەکی دیکەی شۆڕشی گوڵانە، لەو ڕووەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی، ڕۆڵ و کاریگەریی ئیدریس بارزانی لە درووستکردنی بەرەی کوردستانیدا، شۆڕشی کوردی بردە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسساز، ئەگەرچی چەند مانگێک دوای کۆچی دوای جێبەجێ کرا، بەڵام ئەوە بەرهەمی بیری کوردانەی ئەو بوو.
د، ناسح غەفوور هەروەها دەڵێت: لە ماوەی چوار ساڵ کارکردنمادا لە خزمەتی کاک ئیدریس، بۆم دەرکەوت کە ڕۆحی هاوکاری هەبوو، لەگەڵ شیوعییەکان و پاسۆک و حزبەکانی دیکەش هاوکار بوو، لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە دەوری باڵای هەبوو، دەیزانی چۆن بڕوا بە بەرانبەرەکەی بهێنێت، بۆیە لە کۆنگرەی تاران، ئەو سەرپەرشتیی شاندی کوردستانی کرد، ئەو کاتە عەلی عەبدوڵڵا، سکرتێری پارتی بوو، لەگەڵ کاک فەلەکەددین کاکەیی بەشدارییان کرد. کاک ئیدریس دەوری باڵای هەبوو و وتارێکی زۆر گرینگی خوێندەوە.
د، ناسح غەفوور و زۆربەی کوردستانیان، وەفاتی ئیدریس بارزانی بە خەسارەتی گەورە ناو دەبەن، پێیان وایە بە مانەوەی لە ژیاندا دەیتوانی لە پێناوی دۆزی گەلەکەیدا کاری زۆرتر بکات، بەڵام بە داخەوە لە تەمەنی 44 ساڵیدا#31-01-1987# کۆچی دوایی کرد.
ئەو دەگێڕێتەوە کە، ''چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی وەفات بکات خواحافیزی لێ کردم، منی نارد بۆ سووریا بۆ کارێک، کاک نێچیرڤان بارزانی لەوێ ئامادە بوو. وتی تا دەتوانیت زوو بگەڕێوە. هەڵگری پەیامی سیاسی و نامەبەری بووم کە شانازی پێوە دەکەم. ڕاستییەکەی بیرکردنەوەیەکی سەیری هەبوو، شتی لە بیر نەدەچووەوە. من پاش دە ساڵ کە گەڕامەوە بۆ کوردستان و چوومەوە خزمەتی، کاک نێچیرڤانیش لەوێ بوو، ناوی نهێنیی منی هێنا کە لە پێشمەرگایەتی بە کارمان دەهێنا.''
عەبدوڵڵا ئەسعەد پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ئیدریس بارزانی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ خەڵک هەبوو، سەرکردەیەک بوو بڕوای بە ئاشتی و پێکەوەژیان هەبوو، ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی، بۆیە ئەگەر جەنابینا نەبووایە ئەو بەرەیە نەدەهاتە کایەوە. بەرەیەک کە بووە هۆکاری سەرکەوتنی ڕاپەڕین و دامەزراندنی حکوومەت و پەڕڵەمان. لەگەڵ ئەوەی ئەرکی ئیدریس بارزانی لە ئێران زۆر قۆرس بوو، ئەرکی هەموو ئاوارەکانی بەسەر شانەوە بوو، تا بیتانیبایە کێشە و گرفتەکانی ئەوانی چارە دەکرد. [1]