=KTML_Bold=دەمرم، دەکوژم، کوردستان ڕزگار دەکەم =KTML_End=
#کاوە ئەمین#
لە یەکێک لە قاوەخانە کولتوورییەکانی #ئامەد# کە ئەو زیاتر حەزی دەکرد بەناوی دیاربەکرەوە ناوی شارەکە بێنین، یەکترمان بینی. قاوەخانەی #مەهاباد# پڕ بوو لە کوڕ و کچی گەنجی شارەکە، ناخۆشترین شت بەلای منەوە لە دیاربەکر، قسەنەکردنی خەڵکەکەیە بەتایبەتیی گەنجان بە زمانی کوردی. دیاربەکر بە هەموو جوانییەکانییەوە، بە دیوارە کەڤنارەکانییەوە، منارەی مزگەوت و ماڵی دەنگبێژان و کوچە و کۆڵانە تەنگەبەرەکانییەوە، شەقامە مۆدێرن و باڵاخانەکان، سیمای شارێکیان خەمڵاندووە کە هەموو نیشانەکانی پایتەخت بوونی پێوە دیارە.
بەداخەوە بەهۆی زۆردارییەوە دیاربەکر یان ئامەد بە زیندانەکانیشی بەنێوبانگە، بەتایبەتیی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەهۆی ئەشکەنجە و ئەو ناهەقیانەی بەرانبەر زیندانییە سیاسییەکان دەکرا، لە خراپیدا نێوبانگی دەرکردبوو لە دنیا دا! قاوە خواردنەوەکەم لەگەڵ کەسایەتی سیاسی و یەکێک لە ئەندامە دێرینەکانی دەدەکەدە (کۆمەڵەی شۆڕشگێری دیموکراتی کولتووری)، عەبدولحەی ئۆکۆموش بوو.
باسکردنی مێژووی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە #باکووری کوردستان# بەبێ ناوهێنان و تیشک خستنەسەر ڕۆڵی (دەدەکەدە) کە بە دایکی زۆر لە ڕێکخراوە چەپ و نەتەوەییەکانی باکووری کوردستان دادەنرێت، مێژوویەکی ناتەواو دەردەچێت. ئۆکۆموش هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە ئاشنایەتی لەگەڵ دەدەکەدە پەیدا دەکات. ئەو خۆی بە ئەسڵ خەڵکی فارقینە، بۆیە دەیەوێت ڕۆڵی فارقین لە دیرۆکی کوردستان دا نیشان بدات، ئاخر سەردەمانێک پایتەختی مەروانییەکان بووە کە پێگەیەکی گرنگیان لە مێژووی کوردستان دا هەیە و تەنانەت سکەی تایبەت بەخۆیان لێداوە.
زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی باسی بزووتنەوەی نەتەوەپەروەری کورد لە باکووری کوردستان دەکەن، بە دەنگی بڕنەوەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و شەخسی ژەنەراڵ بارزانییەوە گرێی دەدەنەوە، کە توانیبووی دڕ بەو شەوە زەنگەی باڵی بەسەر کوردایەتی لە باکووری کوردستان دا کێشابوو بدات. ئۆکۆموش دەڵێت هەر چەندە من لەو خەتەدا نەبووم، بەڵام لە بیرم دێت کە منداڵ بووم، مەلایەکی خزممان لە کۆتایی هەموو نوێژێکی دا دووعای بۆ #مەلا مستەفا بارزانی# دەکرد، مامۆستا بەوکارەی ختووکەی هەستی نەتەوەیی ئێمەی دەدا. هەرچی بیروباوەڕی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی بوو لە سەردەستی پارتی کرێکارانی تورکیا (تیک)ەوە سەرچاوەی گرتبوو، گەنجانی کوردی لە دەوری خۆی کۆکردبووە. ئۆکۆمۆش پێیوایە بەهۆی نکۆلیکردنی نەتەوەی کورد، کوردی باکووری کوردستان نەیاندەتوانی بەئاشکرا کوردبوون و کوردایەتی بکەن، بۆیە بۆ کاری سیاسی پەنایان بردبووە بەر پارتی کرێکارانی تورکیا، هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەندامە تورکەکانی ئەو پارتە بە سەرکردەکانیشیانەوە لەسەر ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد وەکوو نەتەوەیەک قسەیەکی زۆر جیاوازتریان لە کەمالیستەکان نەبوو، ئەوە لە کاتێکدایە ئەوان وەکوو هەر ڕێکخراوێکی سۆسیالیستی و کۆمۆنستی لە دنیادا درووشمی دادپەروەری و ئازادی و یەکسانیان بەرزکردبووەوە، تەنانەت کەسایەتییەکی وەکوو نازم حیکمەت بەقسەی ئۆکۆموش هیچ کاتێک دۆستایەتی کوردی نەکرد، بەڵکوو لە نامەیەک دا بۆ ئەتاتورک داوای لێبووردنی لێ دەکات و داوا دەکات بیبەخشێت.
ئۆکۆمۆش دوای ئەو هەموو ساڵە کە بە ناوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستییەوە خەباتی کردووە، بۆ هاوسەنگی هاوکێشەکە ئیسلامی و چەپ و کۆمۆنیستەکانی تورکیا دەخاتە تای یەک تەرزاووەوە و دەڵێت لە بەرانبەر کورد دا دەنگی هەمان دەهۆڵن. ئۆکۆموش بە زەردەخەنەیەکی پەشیمان ئامێزانەوە دەڵێت سەردەمانێکسۆسیالیزم ئەوەندە لەلامان پیرۆز بوو، بیانگوتایە کورد نییە ڕەنگە بمانگوتایە ڕاست دەکەن.
کاتێک کوردانی نێو پارتی کرێکارانی تورکیا بەهۆش خۆیان هاتنەوە و ڕەوشێکی سیاسی جودا لە تورکیا دەستی پێ کرد، تاوەکوو ڕادەیەک شنەبایەکی دیموکراسی ڕووی لەو وڵاتە کرد، بەتایبەتیی دوای لێبووردنی گشتی ساڵی 1947، ئیتر کورد ماڵی خۆیان لە پارتە کۆمۆنیستەکان جیاکردەوە، بەڵام بەهەمان جلوبەرگی سۆسیالیستییەوە، دەیان پارت و ڕێکخراوی کوردی دامەرزان، هەریەکەشی لە ئاشێکی دەکرد. ئۆکۆموش باسی ڕۆڵی پارتە کوردییەکان دەکات و دەڵێت بەداخەوە ئێمە بە چاوێکی مارکسیستانەوە تەماشای شۆڕشی باشوورمان دەکرد و پارتی دیموکراتمان بە پارتێکی پاشکەوتوو لە قەڵەم دەدا.
دامەزاردنی دەدەکەدە هەنگاوێک بوو بەرەو کوردایەتی، بەڵام لە فۆرمێکی سۆسیالیستی دا، کۆمۆنیستەکانی تورکیا هەر بە چاوی شۆڤێنیانەوە لە ئێمەیان دەڕوانی، تەنانەت ڕۆژنامەنووسێکی بەنێوبانگی تورکیا بە ناوی کەمال ئیلجاق لە وتارێکیدا بە توانجەوە کورتکراوەی DDKD بە دەمرم، دەکوژم، کوردستان ڕزگار دەکەم شرۆڤە کردبوو. ئاخر خەڵکانی وەکوو خەتیب دیجلە و ویدات ئایدن کە لە نەوەتەکاندا لەلایەن بکەری نادیارە و شەهید کران، لە کادرە سەرەکییەکانی دەدەکەدە بوون.
لە بەرنامەی (پەنجەمۆر) دا لەگەڵ ئۆکۆمۆش لە دەرگای زۆر باس و خواسمان داوە بەتایبەتیی مێژووی چەپ و پەیوەندی لەگەڵ کورد لە باکووری کوردستان دا، چونکە زۆربەی زۆری پارتەکانی باکووری کوردستان جگە لە #پارتی دیموکراتی کوردستان#ی تورکیا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە کانی سۆسیالیزم ئاو دەخۆنەوە، ڕێکخراوە کوردییەکانی باکوور هەریەکە بە باڵای وڵاتێکی سۆسیالستی دا هەڵیدەدا، هەروەها بەردەوام لە ناکۆکیدا بوون لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانیش دا، ئاخر ئەوان شەڕەکانیان تەنیا لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکان دا نەهێشتەوە بەڵکوو چەکیان لە یەکتر ڕاکێشا، زۆربەی سەرچاوەکان ژمارەی کوژراوانی نێوان #پەکەکە# و کوک بە نزیکەی دووسەت کەس دەخەمڵێنن.
لە کاتێکدا کە باسی چەکدانانی #پەکەکە# دەکرێت، ئۆکۆمۆس باس لە مێژوویەکی بسیت و پێنج ساڵ بەر لە ئێستا دەکات و دەڵێت کاتێک پارتی (هەپ) لە ساڵی 1990 وەکوو پارتێکی مۆڵەت پێدراو دامەزرا، پەکەکە دژی وەستا، چونکە هەموو شتێکی لە لوولەی تفەنگ دا دەبینی. هەرچەندە دوایی بووە بناخەی کاری سیاسی مۆڵەتپێدراو بۆ ئەوان .
بەسەرهاتەکانی زیندانی دیاربەکر و ئەزموون لەگەڵ بەڕێوەبەری زیندانەکە ئەسەد ئۆکتای کە بە دڵ ڕەقترین زیندانەوان لەنێو کورد دا ناسراوە، پەیوەندی بە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین، بۆچی عەرەفات ناوی کوردی نەدەهێنا و دەیوت نەوەکانی سەڵاحەدین؟ گەلێک بابەتی دیکە لە پەنجەمۆردا شایەتیان لەسەر دەدرێت .[1]