=KTML_Bold=ڕاستە ئێراق کێشەی نەختینەی پارەی هەیە؟=KTML_End=
#مەحموود بابان#
بڕی ئەو پارەیەی بانکی ناوەندیی ئێراق وەک دۆلار لە 2024دا بە دەرەوە و نێوخۆی فرۆشتووە، گەیشتووەتە سەرووی 62 ملیار دۆلار، واتە بە قەبارەی ئەم بڕە، دیناری وەرگرتووەتەوە، کە بە تێکڕاش بۆ ئەو ساڵە دەکاتە نزیکەی 80.6 تریلیۆن دینار. لەلایەکی دیکەشەوە بڕی ئەو پارەیەی وەک داهاتی نانەوتی لە باج و ڕسومات و دەروازەکانەوە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، تاوەکوو کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024، گەیشتووەتە 14.3 تریلیۆن دینار، کەواتە هەردووکیان پێکەوە نزیکەی 95 تریلیۆن دینار دەکات، بەڵام تاوەکوو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، کۆی خەرجییەکانی ئێراق گەیشتووەتە 122 تریلیۆن دینار، واتە هێشتا دوو مانگی خەرجی ساڵ ماوە، بەڵام دیناری بەدەستهاتوو لە داهاتی دۆلارەوە کە لە نەوتەوە دێت کۆتایی پێ هاتووە.
ئەمەش لە کاتێکدا ڕوویداوە بەپێی ڕاپۆرتەکانی بانکی ناوەندی، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، هێندەی 2024 دۆلار بە کاش و حەواڵە نەخراوەتەڕوو، کە بڕەکەی بەڕێژەی 34% لە ساڵی ڕابردوو زیاترە و بەم ڕێژەیەش بڕی دینار بۆ قاسەکەی بانکی ناوەندی و دواتر #وەزارەتی دارایی# گەڕاوەتەوە، ئەی بۆچی باس لە نەبوونی پارەی کاش دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی هەندێک لە دامەزراوەکان لە بەغدا و پشکی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؟
بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی ئێراق بۆ داهات و خەرجییەکان لە 9 مانگی یەکەمی 2024، کۆی خەرجییەکان 94.5 تریلیۆن دینار بووە، کە 85 تریلیۆن دیناری خەرجیی بەکارخستن و 9.5 تریلیۆن دیناریشی خەرجیی وەبەرهێنان بووە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی مانگی 10ی وەزارەتی دارایی، کۆی خەرجییەکان بەرزبووەتەوە بۆ 122.7 تریلیۆن دینار، کە خەرجیی بەکارخستن گەیشتووەتە 100.6 تریلیۆن و خەرجیی وەبەرهێنانیش گەیشتووەتە 22 تریلیۆن دینار. ئەگەریش بگەڕێینەوە بۆ مانگەکانی پێشوو تر، ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت کە خەرجییەکان، مانگانە لەنێوان 10 بۆ 11 تریلیۆن دینار بووە. بۆ نموونە لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکوو مانگی تەممووز کۆی خەرجییەکان 73 تریلیۆن دینار بووە، لە مانگی ئابدا بووەتە 83 تریلیۆن دینار و لە ئەیلوولیشدا گەیشتووەتە 94 تریلیۆن دینار، واتە مانگانە خەرجییەکان 10 بۆ 11 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە مانگی 10دا خەرجییەکان دەگاتە 28.2 تریلیۆن دینار و کۆی گشتیشی لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکوو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، 122 تریلیۆن دینار بووە. واتە لەو مانگەدا لەجیاتی 11 تریلیۆن دیناری مانگانە 28.2 تریلیۆن دینار خەرجکراوە، کە بەهۆی هەردوو جۆری خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنانیشەوە بووە. بەشێوەیەک خەرجی بەکارخستن کە مانگانە 9 بۆ 10 تریلیۆن دینار بووە، لە مانگی 10ی 2024 گەیشتە 15.6 تریلیۆن و خەرجیی وەبەرهێنان مانگانە 1 تریلیۆن بووە، لەو مانگەدا گەیشتە 12.6 تریلیۆن دینار.
ئێستا بەهۆی خەرجییەکانی مانگی 10وەیە نەختینەی کاش لەبەردەست وەزارەتی دارایی نییە، بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی کۆتایی 2024، چونکە ئەو خەرجییە زۆرەی لە یەک مانگدا کراوە سێ هێندە بووە. هەروەها لە ڕووی داهاتەوە، لەو 10 مانگەدا کۆی داهاتەکان زیاتر بووە لە خەرجییەکان، بەڵام نەتوانراوە کۆی داهاتی نەوتی بەدەستهاتوو بکرێت بە دیناری ئێراقی، یان ڕاییکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان بە دۆلار بێت بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتەوە، کە دەبێت لە ناوخۆدا هەموو مامەڵەکان بە دینار بێت و هەموو مامەڵە دەرەکییەکانیش بە دۆلار و لە ڕێگەی حەواڵەوە بێت.
وەکوو لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی ئێراقدا هاتووە، خەرجییەکان لە مانگی 10 دا بەشێوەیەک زیادیکردووە کۆی ئەو دینارەی بە خستنەڕووی دۆلار بۆ دەرەوە و ناوخۆ بەدەستهاتووە، لەگەڵ داهاتی نانەوتی ناوخۆ لە قەرەی نەیەت، کە 28 تریلیۆن دینار بووە و نزیکەی 18 تریلیۆن دیناری زیاتر بووە لە خەرجی مانگەکانی پێشووتری. هەروەها دیاریش نییە وەزارەتی دارایی چۆن خەرجییەکانی ئەم کۆتاییەی ساڵ پڕ دەکاتەوە، چونکە ڕێژەی 95%ی کۆی پارەی چاپکراوی ئێراق لە دەرەوەی بانکەکان بڕەکەی 95.5 تریلیۆن دینارە، لەکۆی 101.3 تریلیۆن دینار تاوەکوو کۆتایی تشرینی دووەمی 2024.
لەڕاستیدا ئەوەی لێرەوە بەدیاردەکەوێت لاوازیی سیستمی دارایی و نەبوونی سیاسەتی خەرجی و داهاتە لە ئێراق، چونکە هێشتا وەزارەتی دارایی ڕێژەی 60%ی بودجەکەی بۆی دانراوە خەرج نەکردووە، ئاوا کێشەی بۆ درووستبووە، ئەگەر بودجەکە وەک خۆی جێبەجێکرایە ئەو کات لە نیوەی ساڵەوە کێشەی نەختینە درووست دەبوو، نەوەکوو کۆتایی ساڵ.
لە کۆتاییدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ڕاستە ئێراق کێشەی نەختینەی هەیە؟ بەڵێ ڕاستە ئێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی داهاتی نەوت و کەمیی نرخی نەوت یاخود نەبوونی پارە و نەخستنەڕووی دۆلارەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی سیاسەتی ئابووریی خەرجی دەوڵەتەوەیە، کە لە یەک مانگدا خەرجییەکان بەڕیژەی نزیکەی 300% هێندە زیادی کردووە. [1]