دهۆک بارزانی
یەکێک لە گەورە زانا و عارف و هەڵگرانی هزری مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی لە کوردستان، شێخ ئەحمەد بارزانییە. شێخ ئەحمەد لە ساڵی 1896 لە دەڤەری بارزان و لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر و ناودار لە دایکبووە، دوای شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی برا گەورەی، شێخ ئەحمەد شوێنی ئەوی گرتەوە و درێژەی بە بزووتنەوەی بارزان و خەباتی مرۆڤایەتی و شۆڕشگێڕی دا، هەروەها لە سەردەمی ئەودا چاکسازی کۆمەڵایەتی کرا و خەڵکی لەسەر تەحەممولکردن و سەر نەوینەکردن بۆ هیچ ستەمکار و زۆردارێک ڕادەهێنا. شێخ ئەحمەد بارزانی دوای تێکچوونی باری تەندرووستی لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا لە #11-01- 1969# کۆچی دوایی کرد.
شێخ ئەحمەدی بارزانی، دوای شەھیدبوونی برا گەورەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، ڕابەرایەتی بزووتنەوەی بارزان دەکەوێتە سەرشانی، کە ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیھانی یەکەم کە لە ئەنجامی ئەو شەڕە جیھانییە سەرەڕای ئەو ھەلومەرجە سەختەی کە بزووتنەوەی بارزان تێیکەوت، ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتیی کەوتە بەردەم گۆڕانکاری گەورە بە تایبەت لە ڕووی جوگرافی سیاسی کورد و کوردستان لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانە زەرەرمەندی سەرەکی بوون، ئەویش بەھۆی پارچە بوونی کوردستان لە دوو پارچەوە بۆ چوارپارچە، ھەروەھا ئەو فشار و گوشارانەی کەوتنە بەردەم بزووتنەوە و شۆڕشەکانی گەلی کورد لە ھەرچوار پارچەی کوردستان، تاڕادەی سەرکوتکردن و دامرکانەوە چوون، لەوانە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی ئاگری لە باکووری کوردستان، شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید لە باشووری کوردستان و شۆڕشی سمکۆی شکاک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
لەم ھەلومەرجەدا بارزان بە ڕابەرایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی، بووە جێگای ئومێد و ھیوای گەلی کوردستان، سەرەڕای ئەو دۆخە ناھەموارەی کە خودی بزووتنەوەی بارزان لە ئەنجامی شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و ستەم و ستەمی دوژمنانی کورد و کوردستان تێیکەوتبوو. لە ھەمان کات بووە تەنیا ئومێدی بەھاناوە چوون و داڵدەدانی شۆڕشگێران و لێقەوماوانی سەرجەم پێکاهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان.
ڕۆڵی ڕۆحانییەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی، بوو بە ناوەندێکی بەھێزی ئیلھام بەخش بۆ شۆڕشگێڕانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی، کە بارزان ھەمیشە ببێتە کەشتی نەجاتی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە قۆناغە سەختەکانی مێژووییدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی ڕەوشت بەرزی، لێبوردەیی و یەکسانخوازی بزووتنەوەی بارزان، لە پشتگیری خەڵکی ھەژار و ستەم لێ کرا و حەقانییەتی ئەو ڕێبازە بۆ دەستخستنی مافی حەقخوراوان و پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو لێقەوماوان و ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایینەکان.
ئەم ڕێبازە بوو بە بنەمای کاری ڕابەرایەتی کردن لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری، بۆ ئەمڕۆی دۆزی کورد و لە ھەمان کات وەکوو ئەزموونێکی کارا و دەوڵەمەند، بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، لەسەر دەستی ڕابەری ئەمڕۆی گەلی کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانی، کە درێژەپێدەری ئەم ڕێبازەیە و لە بارەی ھیوا و ئومێدی خەڵکی کوردستان، بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی و کامەرانی ھەمان میراتگری ئەم ڕێبازەیە. [1]