ئا: ئاوێنە
بەپێچەوانەی ئەوەی لەناو خەڵکدا لەبارەیانەوە باوە، بارزانییەکان خێڵێک پێکناهێنن و سیستەمە ئابوورییەکەیان هیچ چەشنە دەرەبەگایەتییەکی بەخۆیەوە نەدیوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە بارزانییەکان کۆنفیدراسیۆنێکی خێڵەکی پێکدەهێنن کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە چەند لقێکی خێڵی زێبار پێکدێ. ئەوان گرووپێکی نهێنی پارێزن کە توانیویانە نهێنییەکانی زۆربەی بیروباوەڕەکانیان بەشاراوەیی بپارێزن.
ئەمە بۆچونی نووسەری یەکێک لە پەرتووکە ناوازەکانە دەربارەی ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکان، کە نووسەرەکەی
فەرید ئەسەسەردفەرید ئەسەسەردە، پەرتووکەکە 414 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە.
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم لێکۆڵینەوەیەی بەهۆی دژواریی گەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکان و فاکتەرە پێکهێنەرەکانی و پشکنینی، حەوت ساڵی خایاندوە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە بەپشتبەستن بەمێرخاسی و بەخت یاریی بنەماڵەی شێخانی بارزان، تەکییەی بارزان ڕەوشێکی ئایدۆلۆژیی لەسەر بنەمای سیستمێکی پشتبەستو بەبەهاکانی دادو ژیانی هەرەوەزی داهێنا، بێگومان بیروباوەڕی بارزانییەکان بیروباوەڕێکی سادە و ساکارە، بەڵام پێداگرتنی ئەم بیروباوەڕە لەسەر هێشتنەوەی بنەماکانی بەنهێنی، وای کردووە گەیشتنە بنج و بناوانی کارێکی ئەستەم بێت.
=KTML_Bold=بارزان و شێخەکانیان=KTML_End=
بارزان کەوتووەتە ئەوپەڕی باکووری ڕۆژاوای پارێزگای #هەولێر#، لە نزیک سنووری ئێراق لەگەڵ هەریەک لە ئێران و تورکیا، ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەکات کە بەرلەوەی شێخ تاجەددین لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا تەکییەی تێدا دابنێ، بارزان لە گوندێکی زێبارییەکان بەولاوە هیچی تر نەبو. بارزانییەکان بەبنەچە سەر بەخێڵی زێباری بوون، بەڵام بارزان ئەو گوندە بوو کە ناوی خۆی بەبارزانییەکان و بیروباوەڕەکەیان بەخشی. شێخەکانیان خاوەن کاریزما بوون و بەپیرۆز دادەنران، شێخەکانی بارزان بەپێچەوانەی شێخەکانی زێبارو سوورچی و برادۆستی دراوسێیان یان شێخەکانی قادری و نەهری و تاڵەبانییەوە نەبوونە چینێکی ئەرستۆکراتی کشتوکاڵی و زەویدار.
=KTML_Bold=ئیسماعیلی و سۆفیگەری=KTML_End=
لەگەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکاندا، نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە بیروباوەڕی بارزانییەکان دوو بناوانی هەیە:بناوانێکی ئیسماعیلی و بناوانێکی سۆفیگەری. بۆچونێکی تریش ئەوەیە کە هەردو بناوان لەسەرەنجامدا یەکیان گرتووەتەوەو ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێکهاتەی ئایدۆلۆژیی بیروباوەڕی بارزانییەکان بەجێهشتوە.
ئیسماعیلییەکان گرووپێکی شیعە مەزهەبی توندڕەوبوون، کە ئایین و سۆفیگەری و سیاسەتیان تێکەڵی فەلسەفە کرد. هەروەها بیروباوەڕی بارزانییەکان لەبەشێکی گرنگی پێکهاتە فیکرییەکانیدا پشت ئەستوورە بەبەها سۆفیگەرییەکان و ڕیشەی دووەمی بیروباوەڕی بارزانی پێکدەهێنن، کە لە سەدەی نۆزدەیەمەوە بەلای تەریقەتی نەقشبەندیدا وەرچەرخاوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سۆفیگەری تۆکمەترین بیروباوەڕی ئایینییە لە ڕێی زانینی ڕوحانییەوە، کە بەچاوێکی سوکەوە لە ژیانی مادی دەڕوانن و هەژاری شکۆمەندییە.
ئەسەسەرد پێیوایە ئەم بیروباوەڕە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بیروباوەڕی بارزانی بەجێهێشت و جوتیارە هەژارەکانی هاندا پشتگیریی تەکییەی بارزان بکەن لەململانێیدا لەگەڵ ئۆرۆستۆکراسیی کشتوکاڵیدا. لەدیدی ئەوەوە بە بەراورد لەگەڵ شێخایەتییەکانی تردا، شێخایەتیی بارزان تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1969دا لەبەریەک هەڵوەشایەوە، هەر بەردەوام بوو لەسەر شکۆمەندکردنی هەژاریی. بەپێچەوانەی شێخایەتییەکانی قادری و نەقشبەندیەکانی ترەوە.
=KTML_Bold=خۆشاردنەوەو ئاشکراگەرایی=KTML_End=
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەکات کە بارزانییەکان بەدڵنیاییەوە گرووپێکی نهێنیپارێز پێکدەهێنن و توانیویانە نهێنییەکانی زۆربەی بیروباوەڕەکانیان بپارێزن. وەک زۆرێک لەگرووپە ئایینییەکانی تر، سیستمێکی بەهێز بۆ ڕێگرتن لەدەرچونی نهێنییەکان و ڕێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەری خۆی داناوە کە پێیدەڵێن تەقیە.
تەقیە کە پەیوەندی بەشیعەوە هەیە و ناوەرۆکەکەی ئاماژە بۆ شاردنەوەی بیروباوەڕ و دەرخستنی ئادگارێکی جیاواز دەکات. ئەم بیروباوەڕ شاردنەوەیە لەنێو ئێزیدی و عەلەوی و کاکەییەکان و شەبەک و هەقەکانیشدا هەیە کە کۆمەڵگەی داخراون.
=KTML_Bold=شێخ محەمەد=KTML_End=
ئەسەسەرد باس لەوە دەکات کە دوای شکستی
شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریشێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و دورخستنەوەی بەخاووخێزانەوە بۆ حیجاز، شێخ محەمەد چاو دەبڕێتە ئەوەی ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت لە ژیانی گشتیدا، بەڵام هەرچەندە دوای شکستی شێخایەتی نەهری، ڕوبەری بیروباوەڕی فراوانتر کردەوە، بەڵام شێخ محەمەد دودڵا بوو لە ڕاگەیاندنی بیروباوەڕی و پێیوابو کاتی ڕاگەیاندنی نەهاتووە. هاوکات شوێنکەوتووانی گەرموگوڕ بوون و کەوتنە نەهێشتنی خاوەندارێتی زەوی، لە پێناو کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دور لەچەوساندنەوەدا.
=KTML_Bold=شێخ عەبدولسەلامی دووەم=KTML_End=
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە پاش شێخ محەمەد، شێخ عەبدولسەلامی دووەم کۆنفدراسیۆنێکی خێڵەکی لەچوار بەرەباب پێکهێنا کە بریتی بوون لەبەڕۆژ، مزوری، شێرزان و دۆڵەمەڕی و لەگەڵ ئۆرستۆکراتەکانی خێڵی زێباری و برادۆست و ڕێکانی و سوورچیدا کەوتە شەڕ و ململانێیەکی سەختەوە.
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەکات کە هەروەک چۆن دروزەکان لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە دەرگای هاتنە نێو ئەو تائیفەیەیان بەیەکجاری داخست، بەهەمانشێوە لەمەبەدوا بارزانییەکان دەرگای وەرگرتنی بێگانەیان بۆ هەتاهەتایە داخست، پاش ئەوەی کۆنفدراسیۆنە خێڵەکییەکەیان پێکهێنا، هەموو چالاکییەکانی تایبەت بەبڵاوکردنەوەی بیروباوەڕیان ڕاگرت. کە بەپێی شیکاری نووسەر بیروباوەڕی بارزانی وەک بیروباوەڕێکی بێ ڕێ و ڕەسم خۆی دەنوێنێ، واتە پەیڕەوەکانی ئەم بیروباوەڕە هیچ فەرزێکی شەرعییان لەسەر نییە، کە ئەم پرەنسیپە بەتایبەتیی لەبیروباوەڕی ئیسماعیلی سۆفیگەرییەوە وەرگیراوە.
=KTML_Bold=ئاسمان پەیامێکی پیرۆزی پێسپاردوە=KTML_End=
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەوەی تەکییەی بارزان لەگەڵ دەوربەری کەوتە ململانێیەکی دژوارەوە، بەلای دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکانی ڕەش و ڕوتدا دایشکاندو بارزان لە گوندێکی فەرامۆش و پەراوێزخراوەوە، بووە.گوندێک کە تامەزرۆی جیهانێکی دادپەروەرانەترو ئاشتیخوازتر بو. نووسەر باس لەگفتوگۆیەکی نێوان شێخ عەبدولسەلامی دووەم و قایمقامی #ئامێدی# بەوەکالەت لە ساڵی 1904دا دەکات کە ئەوەی لێهەڵدەهێنجرێ تەکییەی بارزان لەو بڕوایەدا بووە.ئاسمان پەیامێکی پیرۆزی پێسپاردوە کە ئەویش لابردنی ستەم و زۆرە لەسەر چەوساوەکان.
بەڵام وەک ئەسەسەرد جەغتی لێدەکاتەوە کە بزووتنەوەی بارزانی نە هیچ دیدێکی سیاسی هەبو نە هیچ دیدێکی شاری، بەڵکوو مۆرکی جوتیارانە بەسەریدا زاڵ بوو، ئامڕازی خەباتی جوتیاران و ڕاپەڕینەکانیان بوو لە دژی دامەزراوەی دەرەبەگایەتی، کە لەم ڕوەوە لەگرووپی هەقەوە نزیکن.
=KTML_Bold=بارزانییەکان ڕێز لە ژن دەگرن=KTML_End=
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەکات کە شێخایەتی بارزان ڕێزێکی زۆری لە ئافرەت گرت و لەبەشێکی ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی عەبدولسەلامی دووەمدا هەوڵدرا ڕێ لەزەوتکردنی مافی ئافرەتان بگیرێ، بەڵام بەبێ ئەوەی سنوور ببەزێنێت بۆ ئاستی یەکسانی ژن و پیاو. لەنێو بارزانییەکان دامەزراوەی هاوسەرگیری پەیوەندی زۆردارەکی تێدانییە.
=KTML_Bold=لەگەڵ کەمینە ناموسڵمانەکان کۆکن=KTML_End=
نووسەر باس لەوە دەکات کە شێخایەتی بارزانی پاکانەی بۆ هیچ دوژمنایەتی کردنێکی کەمینە ناموسڵمانەکان نەکردووە، تەنانەت لە کاتی سەرهەڵدانی گرژییەکەی نێوان شێخ عەبدولسەلامی دووەم و کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانیدا، شێخ عەبدلسەلام هانای بۆ کریستیانەکان بردووە.
=KTML_Bold=چەمکی میللەت=KTML_End=
ئەسەسەرد باس لەوە دەکات کە بارزانییەکان وەک گرووپێکی جیاواز لەدەوروبەری خۆیان، دەستەواژەی میللەت بەکاردەهێنن، کچیش نادەن بەغەیری خۆیان، لای بارزانییەکان مەرج نییە دایک بارزانی بێت، بەڵام مەرجە کە باوکەکە بارزانی بێت.
ئەو باس لەوە دەکات کە بارزانییەکان لەڕوی خۆناساندنەوە وەک گرووپێکی جیاواز لەدەوروبەری خۆیان، دەستەواژەی میللەت بەکاردەهێنن بۆ خۆیان. ئەمە لە کاتێکدایە کە چەمکی میللەت لەڕوی کۆمەڵناسییەوە بۆ ئەو گرووپە مرۆییانە بەکاردێت کە ژیان و گوزەرانیان بەپێودەنگی سیستمێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی دیاریکراو ڕێکدەخەن، ئەم گرووپانە پێیان وایە کە گرووپە پایەبەرزەکان تێکەڵاوبن لەگەڵ گرووپە نزمەکان زیانبەخش دەبێت.
پاشان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەر بۆیە لەلای بارزانییەکان بۆ پاراستنی پاکی خۆ، مەسەلەی هاوسەرگیریی دەرەکی فرە دژوار دێتە بەرچاو. باسکی پارێزگار هێشتا لەو بڕوایەدایە کە هاوسەرگیری دەرەکی هەڕەشەی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوە لەتۆکمەیی گرووپەکە دەکات و لێناگەڕێن کچەکانیان لە دەرەوەی گرووپەکانیان شو بکەن، بەڵام لەناو بارزانییەکاندا ئەم قەدەغەکردنە پیاوان ناگرێتەوە کە بۆیان هەیە ئافرەتی نابارزانی بهێنن. بۆ نموونە بارزانییەکان کە چونە ڕووسیا زۆربەیان ژنی ڕووسییان هێنا، مستەفا بارزانی لەسێ ژنەکەی یەکێکیان بارزانی نەبو کە دایکی #مەسعود بارزانی#یە.
نموونەیەکی دیکەش ساڵی 1983 کە هەزاران بارزانی لەسەر دەستی سەدام حسێن لەناوبران، هەزاران بێوەژن و کچی گەنجی بێ مێردو کۆستکەوتو ڕووبەڕووی کێشەی شوکردن بوونەوە چونکە ڕێسا خۆماڵیە توندەکانی ئەوان ڕێیان نەدەدا لە دەرەوەی گرووپەکە شو بکەن.
هەروەها باس لەوە دەکات کە لەو قەڵەمڕەوەدا بارزانییەکانی لێدەژی، سێ میللەتی بارزانییەکان و نەستۆریەکان و ئێزیدیەکان توند دەستیان گرتووە بە تۆکمەکردنی پەیوەندی ناوخۆییانەوە، ئێزیدی ئەو کەسەیە کە دایک و باوکی ئێزیدین، نەستوریش هەروەها، بەڵام لای بارزانی مەرج نییە دایک بارزانی بێت بەڵام مەرجە کە باوکەکە بارزانی بێت.
هەر سێ گرووپەکەش لەگەڵ دەوروبەریاندا لەگرژی و نەسازاندا بوون، کە شوێنەواری قوڵی لەسەر شێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریان بەجێهێشتوە، کە لێکەوتەیەکیان پێکهێنانی دەستەی هەمیشە چەکدار و سڵکردنەوە لەگەف و هەڕەشەی نەیاران بووە.
=KTML_Bold=تۆبەو گوێڕایەڵی=KTML_End=
پەرتووکی ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسەی لەسەر دەستی شێخ خۆی خاوێن دەکاتەوە ئەوا خۆی لە گوناهەکانی ڕابردوی پاکدەکاتەوە و دەبێتە ئەندام، لەم ڕوانگەیەوە تا ساڵی 1969 کە دوایین بەهێزترین ڕابەری ڕوحانی بارزانییەکان، شێخ ئەحمەد، کۆچی دوایی کرد، لەنێو هەموو گرووپە ئایینییەکانی کورددا، هیچ سیستمێکی گوێڕایەڵی لەڕوی توندوتۆڵی و تۆکمەییەوە شانی لەشانی سیستمی گوێڕایەڵی بارزانییەکان نەدەدا. هەر بۆیە تۆکمەیی گوێڕایەڵی بارزانی یەکێکە لەگرنگترین نیشانەکانی بیروباوەڕی بارزانییەکان.
=KTML_Bold=جامانەی سوور، ڕەمزێکی بارزانییەکان=KTML_End=
لەنێو هەموو خێڵەکانی کورددا، تەنیا بارزانییەکان جامانەی سوور دەبەستن، ئەمەش ڕەگوریشەو پێشینەی خۆی هەیە، پەیوەندی بەهەلومەرجێکی مێژویی و بەڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکانەوە هەیە.
نووسەر هەموو ئەو بۆچونە چەوتانە ڕەتدەکاتەوە کە پێیان وایە جامانەی سووری بارزانییەکان پەیوەندییەکە لەنێوان بارزانییەکان و کۆمۆنیزمدا یان هەندێک وای بۆ دەچن کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری گەڕانەوەیان لە ڕووسیاوە ساڵی 1958، چونکە کە بارزانییەکان چونە ڕووسیاوە لە ساڵی 1947دا، جامانەی سوور هەر ڕەمزی بارزانییەکان بو.
نووسەر باس لەوە دەکات کە یەکەم ئاماژەی جامانەی سوور بۆ ساڵی 1909 دەگەڕێتەوە، ئەویش لەهۆنراوەیەکدا کە باس لەشەڕێکی نێوان شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و دەرەبەگەکانی خێڵی زێبار دەکات.
درووشمی جامانەی سوور لەبیروباوەڕی بارزانییەکاندا پەیوەندیی بەبیروباوەڕێکی شۆڕشگێڕانەو هەلومەرجێکی دیاریکراوە و هەیە، ساڵی 1895 شێخ نشینی بارزان ڕووبەڕووی گەورەترین گەلەکۆمەکی لەهەمو مێژویدا بووەوە، کە لایەنەکانی پێکهاتبوون لەئۆرۆستۆکراتی خێڵە بەهێزەکەی زێبارو سوورچی و شێخنشینی نەهری و برادۆست و لۆلان، سەرەنجام پاش زنجیرەیەک شەڕ و پێکدادان شێخی بارزان توانی بەتەواوی دەست بەسەر بارزاندا بگرێت.
لەو سەردەمەدا گەورەترین کێشەی بارزان ئەوە بوو کە لەدەوروبەرێکی نەیاردا بوو، نەیارە بەهێزەکەی ئەم شێخ نشینە، ئۆرۆستۆکراتی دەرەبەگی خێڵی زێبار بوو، بەڵام پێداگری شێخی بارزان لەسەر بەهاکانی دادپەروەری و پشتگیری هەژار و چەوساوەکان هەیبەتی ئەوی زیادکرد و وای کرد بتوانێ زۆربەی جوتیارە چەوساوە ڕەشوروتەکان بەلای خۆیدا ڕاکێشێ، ئەمەش بووە.مایەی دەرکەوتنی وەک لایەنێکی بەسام و بێباک.
کۆتایهێنان بەسەردەمی شاردنەوەی بیروباوەڕ، واتە کۆتایهێنان بەتەقیە، بەرونی لە سەردەمی شێخ محەمەدی کوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەکەمدا دەستی پێ کرد، شێخ محەمەد لە ڕێی بەکارهێنانی هێزەوە ڕێز و هەیبەتێکی زۆری بۆ شێخ نشینەکە پەیدا کرد و پێی ناخۆش بوو پەیڕەوەکانی هەم دڵسۆزی تەکییەی بارزان بن و هەم دڵسۆزی ئۆرستۆکراتەکانی خێڵی زیبار، لەم ڕوەوە ناچاری کردن خۆیان ساغ بکەنەوەو تەواوی دڵسۆزییان تەنیا بۆ تەکییەی بارزان بێ، ئیتر کە پەیڕەوەکانی لەچنگ دەرەبەگەکانی زێبار ڕزگار کرد، تەکییەی بارزانی بۆ کردن بەتاکە سەرچاوەی بەهای کۆمەڵایەتی.
شێخ عەبدولسەلامی دووەم درێژەی بەپەیامی ئەو شێخانەی پێش خۆی دا کە ئەرکی بەرپەرچدانەوەی ئۆرۆستۆکراسیی زێبارییان دەستپێکردبو. ئەوەی تێکۆشانی جوتیارەکانی تۆکمەتر دەکرد ئەم بیروباوەڕەی تەکییەی بارزان بوو کە بانگەشەیان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەی جوتیاران دەکرد کە چیتر چینە دەستڕۆشتوەکان و دەوڵەمەندەکان لەسەر ڕەنج و ماندوو بوونی هەژاران نەژین و جوتیارەکان توندوتیژییەکی زۆریان لە دژی دەرەبەگاکانی زێبار بەکارهێنا. تا سەرەنجام بزووتنەوە جوتیارییەکان بەپشتیوانی شێخایەتی بارزان سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەیان بەسەر ئۆرستۆکراتەکانی زێباردا بەدەستهێنا، بەم سەرکەوتنانە شێخایەتی بارزان ئاساییشی خۆی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی جوتیارە تازە ڕزگاربووە.ان دامەزراند.
شێخ عەبدولسەلام لە کاتێکدا ژمارەی پەیڕەوەکانی زیادی دەکرد و تادەهات زیاتر پشتیوانی هەژارەکانی بەدەستدەهێنا، جامانەی سووری کردە درووشمێک بۆ پەیڕەوەکانی. هەڵبژاردنی ئەم درووشمە پەیوەندی بەو هەلومەرجەوە هەیە کە تێیدا تەکییەی بارزان ئەوەندە لەخۆی دڵنیابو کە ترسی لەئاشکراکردنی بیروباوەڕی خۆی نەما بو.
ئیتر درووشمی سووری بیروباوەڕی بارزانییەکان بووە.هاوتای نەریتی خەتەنە لەلای باوەڕدارەکانی جوولەکەو موسڵمان، کە مەبەستی سەرەکی خەتەنە لێکجیاکردنەوەی باوەڕداران و ناباوەڕدارانە و پەیوەندی بەو پەیمانەوەیە کە لەنێوان خواوەندو باوەڕداراندایە. لەبیروباروەڕی بارزانییەکانیشدا جامانەی سوور ئەو ئەرکەی پێسپێردراوە کە خەتەنە لەجولەکایەتی و ئیسلامدا پێیسپێردراوە و بارزانییەکان لەنابارزانییەکان جیادەکاتەوە.
=KTML_Bold=خودان=KTML_End=
نازناوی خودان کە ناوبانگێکی زۆری بۆ شێخ ئەحمەد بارزانی درووستکرد، خۆی لەخۆیدا نیشانەی تێپەڕاندنی ناوەرۆکی ئایینی کۆمەڵایەتی نازناوی دێرینی شێخە. نازناوی خودان بە شێخ ئەحمەدەوە نووساوە کە بزووتنەوەی بارزانی لە سەردەمی شێخایەتی ئەودا گەیشتە ترۆپکی ڕوحانییەت و خودی خۆیشی پیرۆزییەکەی لەلای شوێنکەوتووەکانی گەیشتە ئاستێک کە لەمەوبەر هیچ شێخێک پێی نەگەیشتبو. بارزانییەکان لەبەکارهێنانی نازناوی خوداندا جگە لەمانای گەورەیی هیچ مانایەکی تری لێتێنەگەیشتن.
=KTML_Bold=ساڵە سەختەکان=KTML_End=
بارزانییەکان لەمێژوی 150 ساڵی ڕابردویاندا گەلێک ڕۆژگای سەخت و دژواریان تێپەڕاندوە، لەوانە تێکچونی پەیوەندی لەگەڵا عوسمانییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەم و سەروەختی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، پاشان شەڕ لەگەڵا بەریتانییەکان و مەترسی نیشتەجێکردنی ئاشوریەکان لە ناوچەی بارزان، زنجیرەیەک جەنگ شێخ ئەحمەد بارزانی لە دژی ئینگلیزەکان و دەوڵەتی ئێراق کە خێڵەکان بەهانایەوە نەچون و تاک کەوتەوە، سەرەنجام لە ساڵی 1931دا شێخ و مەلا مستەفای برای بەخاووخێزانەوە خۆیان ڕادەست بەتورکیا دەکەن و دوای ساڵێک مانەوە بەچەرمەسەری ڕادەستی دەوڵَەتی ئێراق دەکرێنەوە و دوردەخرێنەوە بۆ موسڵا و پاشان بۆ ناسریەو دواتریش بۆ ئاڵتون کۆپری و #کفری# و #سلێمانی# و ژیانی کولەمەرگی بەسەردەبەن. تا مەلا مستەفا لە سلێمانی هەڵدێت بەرەو ئێران و دەگەڕێتە بارزان لە1943 و جارێکی تر جموجووڵی سەربازی دەست پێ دەکاتەوە و دوای شکستی جووڵانەوەی بارزانی مەلا مستەفا ڕودەکاتە کۆماری #مەهاباد#
پاش ئەوەش بۆ ڕووسیا و شێخ ئەحمەدیش بۆ ئێراق و بەدەستبەسەریی گواسترایەوە بۆ بەسرەو پاشان بەغدا و دوای شکستی 1975 جارێکی تر ساڵانی تاراوگە و ڕاگواستن و کوشتاری بارزانییەکان دەست پێ دەکات.
ئیتر بیروباوەڕی بارزانییەکان وەک ترادیسیۆنێکی پێکەوە گرێدراوی بەهاکان بەرەو پوکانەوە دەچێ. ئەمەش هۆو فاکتەری خۆی هەیە، چونکە لە ساڵی 1969ەوە بارزانییەکان سەرکردایەتییەکی ئایینی وایان نییە کە کۆدەنگی تەواوی لەسەر بێ، بەهۆی ئەمەوە لەوساوە ژیانی ئایینی بارزانییەکان ئازادە. دوابەدوای هەرەسهێنانی شۆڕش لە ساڵی 1975دا، پڕۆسەی تێهەڵکێشبوونی بارزانییەکان بەکۆمەڵگە و شارستانییەتی بەشێوەیەکی فراوان دەستی پێ کرد و لەم سۆنگەیەوە داخرانی کۆمەڵایەتی و درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سرووشتدا بوو بە بەشێک لەکەلەپووری و یادەوەریی ڕابردو. [1]