کریستییانەکانی دەشتی نەینەوا، بەتایبەتی لە ناحیەی #ئەلقوش#، دوای تێپەڕاندنی چەندین ناخۆشی و دەربەدەری و ئاوارەیی، توانییان کەلوپەلی کۆن و کەلەپووری خۆیان لە لەناوچوون بپارێزن و لە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە ناوی (مۆزەخانەی کەلەپووریی ئەلقوش) کۆ بکەنەوە.
جوزیڤ ئەلقوشی، خاوەن و بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، لەبارەی مۆزەخانەکەیەوە دەڵێت: ”ئێمە لە ساڵی 2013ەوە وەک گرووپێک دەستمان کرد بە گەڕان و کۆکردنەوەی کەلوپەلە کەلەپوورییەکانمان کە لەلایەن باب و باپیرانمان بەکار هێنراون“.
دەشڵێت: ”بۆیە زیاتر لە ساڵێک سەرقاڵی کۆکردنەوە و گەڕان بووین تا لە ساڵی 2014 توانیمان 2250 پارچەی کەلەپووری و مێژوویی کۆ بکەینەوە و مۆزەخانەیەک بە هەمان ناونیشان بکەینەوە.“
بە گوتەی خاوەنی مۆزەخانەکە، کۆنترین پارچەی ناو مۆزەخانەکە بریتییە لە گۆزەیەکی ئاو کە لە مەزارگەی پەیامهێن ناحووم لە لایەن تیمێکی شوێنەواری لە کاتی نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکە دۆزراوەتەوە و تەمەنی نزیکەی هەزار و سەد ساڵە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!