دایک
نووسینی؛ مەکسیم گورکی
وەرگێڕانی: #حەسەن قزڵجی#
ئەم بەرهەمە لە گۆڤاری (#هیوا#)، #بەغدا#، ژ 9- 10، نیسان و مایسی ساڵی 1959دا بڵاوکراوەتەوە.
وا دەردەکەوێت «مەکسیم گورگی» دایکی زۆر خۆشویستووە، پایەیەکی بەرزی بۆ دایک داناوە. سێ چیرۆکی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە سەرباسی هەرسێکیان «دایک»ە؛ یەکێکیان لاسایی نامەیە، یەکی تریشیان چیرۆکێکی گەورەیە، ئەوی کەشیان ئەم چیرۆکە بچوکە کورتەیە، جا هەرچەن کارەساتی ئەم سیانە لە یەک جیاوازن، بەڵام هەرسێکیان لە باسی دایک و پایەی بەرزی دایک ئەدوێن.
با زمان بە پیاهەڵوتنی ئافرەتێک بکەینەوە کە دایکە، دایک: سەرچاوەی ژیان! ئەم چیرۆکە لە تەیمووری لەنگی دڵڕەقەوەیە: جهان گیری، شەلی خۆشبەخت، کە ویستی جیهان ژێرەوژوور بکات. پەنجا ساڵ هەموو جێگەیەکی تێکەڵ بە خوێن کرد. شاران و دەوڵەتانی لەژێر چەکمەی ئاسنینی خۆیدا وێران کرد، وەک فیلێک پێ بەسەر شارەمێروولە دابنێ.. پێی ئەنایە هەر شوێنێ، جۆگای خوێن بەدوایدا ئەکشا. گەلێ کۆشکی بەرزکردەوە لە ئێسقانی «گەلە» بەی دەس کراوەکان، و لە تۆڵەی مەرگی «جانگیر»ی کوڕیا سێ ساڵی تەواو تۆزقاڵێ میهرەبانی و بەزەیی لە سووچی دڵیا جێی نەئەبووەوە. با زمان بە پیاهەڵوتنی دایک بکەینەوە. دایک: ئەو هێزەی کە مەرگ سەری زەبوونی بۆ دائەنەوێنێ. چێرۆکێکی ڕاستەقینە لە دایک بگێڕینەوە: دایکێک کە نۆکەر و خزمەتکاری مەرگ، تەیمووری شەلی دڵڕەق، لە عاستیا سەری ڕێز و قەدری دانەواند.
دەشتی سەوز و زەرنگاری «کانی گوڵان» کە بە گوڵاڵە و بەیبوون داپۆشرابوو، و شاعیرەکانی سەمەرقەند ناویان نابوو «دۆڵی گوڵ»، لەو جێگەیەی کە منارە بەرز و شینەکانی شار لە دوورەوە دەبینران، تەیموور جەژنێکی گەورەی گرتبوو، پێنج هەزار خێوەتی لە چەشنی بایەوان هەڵدابوو، کە لە بانی هەر یەکێکیانەوە سەدان ئاڵای ئاوریشمین ئەشەکایەوە!.. لە ناوەڕاستی ئەم چادرانەدا، خێوەتی تەیموور، وەک شاژنێک لەناو کارەکەراندا وەستابێ، لەسەر دوانزە هەسونی زێڕ- کە هەر کامێکیان بە درێژایی باڵا پیاوێ بوو- هەڵ درابوو، لە چوار سووچی خێوەتەکەدا، «چونکە چوارگۆشە بوو» چوار هەڵۆی زیوینیان داچەقاندبوو و لە ناوەڕاستی ئەواندا، هەڵۆی پێنجەمین: پادشای پادشاهان، تەیمووری دەستەڵاتدار، لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی دانیشتبوو، ڕووکاری وەکوو دەمی خەنجەرێکی پان بوو کە بە خوێن سوور کرابێ: خوێنی کە بە هەزاران جار پێیەوە لکابوو. لە تەختی خێوەتەکە، کە بە جوانترین نایابترین ڕایەخ داپۆشرابوو، سێ سەد پەرداخی زێڕینی پڕ لە شەرابیان دانابوو لەگەڵ هەر شتێکی نایابا کە بۆ خوانی پاشایەتی بەکەڵک بێ، بەزم گیرەکان لە پشتی سەری تەیموورەوە جێگای خۆیان گرت، لە تەنیشتییەوە هیچ کەس دانەدەنیشت، نزیکانی و فەرماندەرانی و گەورە پیاوەکانی، هەموو لەبەر پێیا دانیشتن. نزیکتر و خۆشەویستر لە هەمووان «کرمانی» شاعیری سەرمەست بوو، کە تەیموور بواری لە هەڕەتی سەرخۆشیا گاڵتە بەسەرداری گەورە بکات، و ئەو پیاوە جەنگاوییە بەسامە بداتە بەر توانج .. دەبا زمان بۆ پیاهەڵوتنی شاعیرێ بکەینەوە کە لە خوای تاک و تەنیا بەولاوە هیچ ناناسێت، و لە قسەی هەقدا کۆڵ نادا.. لە هەڕەتی جەژن و لە گەرمەی شانازی و گێڕانەوەی شەڕان و سەرکەوتنەکاندا، کە پیاوەکانی تەیموور نوقمی سامی ئەو بووبوون، لەناکاو هاواری ژنێک وەک قریشکەی ماهەڵویەک، لە چەشنی بروسکە کە بەناو هەورا تێئەپەڕێ، گەیشتە گوێچکەی بەی دەس کەری «سوڵتان بایەزید». ئەم دەنگەی بەلاوە ئاشنا بوو، و کاری کرد لە دڵە زامارەکەیا کە مەرگ هێلانەی تێدا کردبوو.. فەرمانی دا بزانن ئەم هاوارە دوور لە شادییە لە کێوەیە؟ وەڵامیان هێنا، کە لە ژنێکی شێتی شپرزەوەیە، کراسێکی شڕی لەبەرایە و بە زمانی عەرەبی ئەدوێ و ئەیەوێ- بڵێ: ئەیەوێ- سەرداری گەورە ببینێ. فەرمانی دا بیهێنن. دوای پشوویەک، ژنەکە لە بەرانبەریا وەستا، پێخاوس و بەرگی شڕی لەبەردا بوو. پرچە شۆڕەکانی و سینگە ڕووتەکەی داپۆشیبوو، ڕواڵەتی وەک برنجە زەردە بوو، لە چاوەکانیا گرنگی و لە خۆڕادیوی دەبینرا، دەستە گەنم ڕەنگەکانی کە هەرگیز نەئەلەرزین بۆ لای سەرداری شەل درێژ کرد و وتی: «ئەرێ تۆ- سوڵتان بایەزیدت- شکاندووە؟ گوێ بگرە: تۆ هەرچی بکەی ئینسانیت و منیش دایکم! تۆ مەرگ ئەچێنیت، من ژیان ئەبەخشم! تۆ گوناهت دەربارەی من کردووە، من هاتووم کە لای من لە گوناهی خۆت بڵاڵێیتەوە! بیستوومە کە درووشمی تۆ «دادپەروەری و دەستەڵاتە» باوەڕ ناکەم! بەڵام ویژدان گاڵ دەدا کە لە بەرابەری منا گوێڕادێر بی! من دایکم!». سەرداری شەل ئەوەندە زیرەکی و وریا بوو کە پەی بە تەوژمی پشت ئەم قسانە بەڕی. بە ژنەکەی فەرموو دانیشێت و بەسەرهاتی خۆی بگێڕێتەوە. ژنەکە وتی: «من خەڵکی «سالرنو»م کەوا لە ئیتاڵیا لە وڵاتێکی دوور کە تۆ شارەزای نیت، باوکم ماسیگر بوو، مێردەکەشم هەر ئەوە کاری بوو، بە دڵنیایی دەژیا و من مایەی بەختیاری ئەو بووم. منداڵێکم بوو لە هەموو منداڵان جوانتر».
لەم وەختەدا سەرداری پیر قسەی ژنەکەی بڕی و وتی: «وەک جانگیری کوڕم»، ژنەکە گورجانە وتی: «منداڵی من لە جوانی و ژیریدا هاوتای نەبوو. شەش ساڵانە بوو کە دزانی دەریا ڕژانە قەراخی دەریای ئێمە و خەزوری من و گەلێکی تریان کوشت و کوڕەکەمیان ڕفاند. ئەمە چوار ساڵە دنیای بە شوێنا ئەپشکنم کەچی ئەوەتا لای تۆیە! بەوەشا ئەزانم چونکە پیاوی بایەزید ئەو دزە دەریاییانەیان گرت و ئەمجار تۆیش بایەزیدت شکاند و هەرچییەکی هەبوو کەوتە دستت. جا خاترجەم ئاگات لە شوێنی کوڕی من هەیە و لەسەر تۆیە بم دەیتەوە!». ئەوانەی لەوێ بوون هەموو دایانە پڕمەی پێکەنین. سەرکردەکانی سوپا و فەرماندارانی وڵاتان کە خۆیان بە پسپۆڕ دەزانی وتیان: «ئەم ژنە شێتە!» ماقوڵان و گەورەکانی هۆزیش دایانە پاڵ ئەوان پشتیوانییان لە قسەکەیان کرد. بەڵام کرمانی شاعیر تەنیا کەسێ بوو کە پێنەکەنی، بەڵکوو وردبووەوە و بە بیراچو و ڕاستەوخۆ سەرنجی ژنەکەی ئەدا. تەیمووری شەلیش بەسەر سووڕماوییەوە تێی ئەڕوانی. ئەنجا شاعیر، لەژێر لێوەوە، وتی: «بەڵێ شێتە وەک ئەو ژنانەی جگەرگۆشەیان لە کیس چووبێ!». لە دوایییا فەرماندەری فەرماندەران، دوژمنی، ئاساییش و ئارامی وتی: «ژنەکە! لەو وڵاتە نادیارییەوە چۆن گەیشتیتە ئێرە؟ ئەم هەموو دەشتودەریا و کۆسار و ڕووبارەت چۆن بڕی؟ چۆن لەدەس ئەو پیاوانەی، لە جانەوەری کێوی دەڕندەترن خۆت ڕزگار کرد و بێ چەک و تەنیا ڕێگات گرتەبەر؟! چەک تەنیا پشتیوانی مرۆڤی بێدەسەڵاتە و تاقە دۆستێکە کە ئینسان تا ئەو وەختەی بتوانێت بە چاکی بەکاری بهێنێ گزی ناکات!».با سەردانەوێنین بۆ گەورەیی ئافرەت، ئەو ئافرەتەی کە دایکە و خۆشەویستی ئەو تەگەر و بەرهەڵست ناناسێت و بە مەمکی خۆی ڕێگە لە دنیا دەکاتەوە. هەموو شتێکی باش لە ئادەمیزادا بەروبووی تیشکی ڕۆژ و شیری دایکە و ئەمە کە خۆشەویستی ژیانمان فێر ئەکات. ژنەکە وتی: «من لە گەڕانەکەما هەر تووشی دەریایە بووم ئەویش پڕ بوو لە دوورگە و گەمی ڕاوی و توانیم بە کۆمەکی ئەوان لێی بپەڕمەوە. مرۆڤ کاتێک بە شوێنی خۆشەویستێکیا ئەگەڕێ هەموو شتی ئامادە دەبینی بۆ خزمەتی خۆی. پەڕینەوەی ڕووبار بە مەلە بۆ کەسێ کە لە قەراخ ئاو هاتبێتە دنیاوە کارێکی ئەوندە گران نییە». لەم وەختەدا کرمانی وتی: «..کۆسار بە لای خۆشەویستەوە، وەک دەشت نەرمان وتەخت ئەبێ!» ژنەکە لەسەری ڕۆیشت: «وە تووشی جانەوەرانی سامناکی کێوی بووم، بەڵام هەموو جانەوەرێ دڵێکی هەیە و من لەگەڵ ئەواندا، هەر بەو جۆرە کە لەگەڵ تۆدا ئەدوێم، قسەم کرد، ئەوانیش وەختێک کە ئەموت دایکم، باوەڕیان پێ دەکردم دڵیان پێم ئەسووتا، بۆچی جانەوەرانی دڕندەی کێویش بەچکەی خۆیان خۆش ناوێت و بۆ پاراستنی گیانیان تەقەلا نادەن؟!». ژنە لەسەر قسەکانی ڕۆیشت: «پیاو لەبەر چاوی دایکا لە منداڵێک زیاتر نییە، تۆ دەکرێت حاشا لە بوونی خوا بکەی، بەڵام هەرگیز ناتوانی حاشا لە بوونی دایک بکەیت». ژنە لەم کاتەدا قیژاندی: «خێراکە! کوڕەکەم بدەرەوە. ئەمن دایکی ئەوم و خۆشم ئەوێ!». با سەر بۆ گەورەیی ئافرەت دابنەوێنین. ئافرەتە کە مووسا و عیسا و محەمەدی خستوەتەو، ئەوە کە گەورە پیاوان دێنێتە جیهان بە هەر چییەکەوە بنازی لە دایکەوەیە. خاپوور کەری شاران، ئەو شەلە زۆردارە، کەوتە وتووێرە پاش بێدەنگییەکی درێژ بەوانەی لە دەوروبەری بوون وتی:«من تەیمووری خواپەرست، ئەوەی پێویستە بووترێ بە ئێوەی ئەڵێم: ماوەیەکی زۆرە و دنیا لەژێر پێمدا ئەناڵێنێ، سێ ساڵە لە تۆڵەی جانگیری کوڕما دنیام غەڵتانی خوێن کردووە، بە درێژایی ئەم ماوەیە خەڵک لەبەر خاتری شاران و وڵاتان لەگەڵ منا جەنگاون و هیچ کەس سەبارەت بە ئینسان بە گژما هاتووە! و ئینسان هیچ وەختێک ڕێز و نرخی بەلامەوە نەبووە، من: ئەو تەیموورەی کە لە پاش بەی دەسکردن بە بایەزیدی وت: بڕواناکەم شاران و خەڵکی شاران بەلای خواوە نرخێکیان ببێ، و ئەو لە زنجیرا بوو من لە کاتێکدا ژیانم بەلاوە وەک ژەهر تاڵ بوو، تەماشای چارەڕەشی ئەوم دەکرد- لە بەرانبەر یەکێکی وەک منا ئەوەتا ژنێک دانیشتووە هەست و بیرێکی لە منا هەڵگیرساندووە کە تا ئێستا نەمدیوە بە خۆمەوە. ئەم بە جۆرێک لەگەڵ منا ئەدوێ ئەڵێی خێرخوازێ منە، ئەم ناپاڕێتەوە و تکا ناکات. ئەم دەیەوێت و داوا ئەکات. ئێستا ڕازی تەوژمی ئەم ژنە تێدەگەم. ئەم خۆشەویستی لە دڵایە. و ئەو خۆشەویستییە وای لێ دەکات کە منداڵەکەی بە ڕیشەی ژیانی بزانێت ..!». زۆردار کە کوڕەکەی خۆی بیر کەوتبووەوە، ئەیناڵاند، لە دوای پشوویەک ڕوویکردە پیاوەکانی و وتی: «هەر ئێستا سێسەد سوار لە سەرانسەری ناوچەی فەرمانڕەوای منا بۆ دۆزینەوەی کوڕی ئەم ژنە بکەونەڕێ. ئەم ژنە لێرە دەمێنێتەوە و منیش بە دیارییەوە دائەنیشم تا کوڕەکەی ئەدۆزرێتەوە، خۆشی لەو کەسەی کوڕی ئەم ژنە ببینێتەوە. ژنە بزەیەکی گرت بۆ تەیمووری لەنگ، زۆرداری کۆنەساڵ لە جێگای خۆی هەستا و کشومات سەری بۆ ژنەکە دانەواند، کرمانیش دەستبەجێ دەستە شێعرێکی لە تاریفی ژنێکا کە عەشقی دایکانەی لەسەردایە خوێندەوە.
«.. ئەمە هەمووی وایە: هەر وشەیەک کە لێرەدا وترا ڕاستە، دایکانی ئێمه دەزانن، لەوان بپرسه پێت دەڵێن: «بەڵێ ئەمانە ڕاستن، لە سەرەتاوە ڕاست بوون و هەتاهەتایە ڕاست دەبن، ئێمە دایکان لە مەرگ بەهێزترین، ئێمەین کە بۆ دنیا هەمیشە پسپۆڕ و شاعیر و پاڵەوان دێنێتە بەرهەم، و هەر شتێک کە ئینسان لە سایەیدا بگاتە سەربەرزی و شانازی پێی ئەبەخشین ..». [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=