ناونیشانی بابەت: عیشق
نووسەر: ئێلین پێلین
وەرگێڕانی: #حەسەن قزڵجی#
ئەم بەرهەمە لە گۆڤاری #بەیان#، #بەغدا#، ژ 46، ساڵی 1978دا بڵاوکراوەتەوە.
ئێلین پێلین سیمایەکی پڕشنگداری ئەدەبیاتی بولگاریایە، ناوی ڕاستەقینەی «دیمیتر ئیڤانۆڤ» ە، لە #18-06-1877# دا لە خێزانێکی دێهاتی، لە گوندی «بای لۆڤۆ» لە دایک بووە. دوای تەواو کردنی خوێندنی، هەر لەو گوندە بووە بە مامۆستا. پاشان لە پێناوی ژیاندا ئەملاوئەولای کردووە.
ئێلین پێلین زۆر زوو، هەر لە تەمەنی شازدە ساڵییەوە دەستی کردووە بە نووسین. هەوەڵین کۆمەڵە چیرۆکی ئەو سووتووی جگەرەی من: لە ساڵی1904دا بڵاوبووەوە. هەر کامێکی دیکەش لە پەرتووکەکانی ئەو وەک «ڕۆژی هاوین»، «هێلانە لەقلەقەکان»، «لە ڕەزی کلیسا»، «زەوی» و... لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییان لێکرا.
ئێلین پێلین لە لێکۆڵینەوەی نەفس و دەروونی ئینساندا تەوانایەکی بەرزی هەیە. وێنەگری دێهاتی بولگاریایە. قارەمانی چیرۆکەکانی خەڵکی ساف و سادە و دڵ ئاوەدانن. ئەو قارەمانانەی ئەو خوڵقاندوونی نەخشی ژیانیان بە تەوێڵەوە دیارە.
هەر کامێک لە چیرۆکەکانی تابلۆ و دیمەنێکی ژیانی ڕاستەقینەی ئینسانە و، تەبیعەتی جوان و قەشەنگی نیشتمانی خۆی بە لێزانی و لێهاتوویی وێنە دەگرێ و دەنوێنێ.
ماکسیم گورگی لە بارەی ئێلین پێلینەوە گوتوویەتی: «کاتێک ئاسەواری «ئێلین پێلین» م خوێندەوە، بۆنی شیوی گوڵان «جێگایەکی جوان و زەنوێرە لە بولگاریا» بە لووتمدا هات.
جوانیی وڵاتی ئێوە دەشتەکان و لێڕەوارەکانم هاتە بەر چاو، چیا بڵندد و سەربەرزەکانی ئێوە لە بەرانبەرمدا خۆیان نواند. لە هەر دێڕێکدا هەستم کرد کە ئەو وێنەگرێکی خاوەن توانای وڵاتی ئێوەیە».
ئێلین پێلین لە ڕۆژی سێیەمی کانوونی یەکەمی 1949دا لە سۆفیا لە دنیا دەرچووە.
وەرگێڕ ئەو ئێوارەیە «لۆکا» ی قەشە دروێنەوانەکانی خۆی زووتر لە هەموو وەختێک ئیزن داو، نەیهێشت وەکوو شەوانی پێشوو شایی و هەڵپەڕکێ بکەن.
«ئیۆکا»، کچە جوانەکەی قەشە، مەودایەک دۆستەکانی خۆی بەڕێ کرد و لە گەڵیان دوا و گاڵتەی کرد. پاشان بە خەفەتباری گەڕایەوە بۆ لای دایکی و دەستی کرد بە ماڵ ماڵین.
کردەوەکەی باوکی خستبوویە وتووێرە. ئیۆکا هەستی بەوە دەکرد کە «باوکی بە هەموو شتێکی زانیوە». بە درێژایی ڕۆژ چاوی مۆڕ و تووڕەی باوکی نەدەترووکا. ئێستا ئیۆکا لە دڵی خۆیدا دەیوت:
«تێگەیوە. دەبوو وریا بم».
کیژۆڵە یادی ئەو ڕۆژەی دەکردەوە کە بەخۆشی ڕایبواردبوو. توانجەکان، گەپ و گاڵتەکان، گۆرانییەکان، ئەو قسانەی هاتبوونە سەر لێو و نەدەگوتران. نیگاکانی بە دزییەوە کە بە درێژایی ڕۆژ لەنێوان ئەو و «دۆبریان» ی وەرزێڕیاندا ئاڵوگوڕ بووبوو، مەستی کردبوو.
ئیۆکا حەزی لە دۆبریان کردبوو، نیگای ئەو دڵی ئەمی دەلەرزاند.
کیژۆڵەکە بە درێژایی ڕۆژ چاوەڕوانی ئەوە بوو شەو دابێت و ئەو دووانە بتوانن لە تاریکاییدا هەڵپەڕن، گۆرانی بڵێن و بە دەنگی بەرز پێبکەنن. ئیۆکا ئارەزووی دەکرد لەو هەڵپەڕکێیەدا کە هەموو شەوێ دوای کار دەست پێدەکرا، لە تەنیشت دۆبریانەوە هەڵپەڕێ.. تەماشای ئەو بکا، چپە لەگەڵ یەکتر بکەن، بە جۆرێکی وا کەس نەبینێ و نەبیسێ.
بەڵام ئەمەی قەوما...؟
باوکی پیاوێکی دەوڵەمەند و ناسراو و بەناوبانگ بوو. ئیۆکا دەیزانی ئەم پیاوە گرژ و دڵڕەقە دروێنەوانەکانی هەروا بە خۆڕایی بەرنەدابوو.
بەڵام دۆبریان بیری لەمە نەکردبووەوە. دوای کار هەنگاوی هەڵبڕی و گەیشتە ئیۆکا... بە نیگەرانییەوە
پرسی:
-ئیۆکا! دەتوانیت پێم بڵێی باوکت ئەمڕۆ بۆچی وا زووتر ئێمەی ئیزن دا؟ تۆ بڵێی لە نەخشەی ئێمە گەیشتبێ؟ بێگومان ناهێڵێت... باوکت ئێمە لە یەک جیا دەکاتەوە.
ئیۆکا پێکەنی و خەریک بوو ئەم خەیاڵە لە سەری دۆبریان دەرکا.
-نەخێر، حاڵی باش نییە.
دۆبریانیش پێکەنی و وتی:
-بڵێم چی.
دۆبریان، پاشان چووە سەر حەزمان . کە تەنیا کەوت بە خەفەتەوە ئاخێکی هەڵکێشا. ژان چووە دڵی. لەبەر خۆیەوە وتی: «ئای قەشە! قەشە... ئەگەر هەموو شتێکت دەزانی...»
دانیشت، دەستەکانی لەبەریەک بڵاو کرد و لەسەر شارەیەک گیای تەڕ ڕاکشا. ڕوانییە ئاسمان. دیمەنی دڵڕفێنی ئاسمان لە شەودا کە ڕێگای «کاکێشان» وەک پشتێنێکی زێڕین لە ناوقەدی هەڵابوو ملیۆنەها ئەستێرەی پێوە دەدرەوشایەوە، سەرنجی ڕاکێشا. هاتەوە سەرخۆ و ئارام بووەوە. دڵی لیپاولیپ پڕ بوو لە عیشق. هاتەوە بیری کە لەژێر ئەم ئەستێرانەدا بوو ئیۆکا بەڵێنی دایە «بۆ هەمیشە خۆشی دەوێ».
بەڵام باوکی؟ لەبەر خۆیەوە وتی: «دەیسا چ دەکات با بیکا».
پاشان هەستا. لەسەر مەڵۆیەک گیا دانیشت و بە سۆزەوە دەستی کرد بە شمشاڵ لێدان. لە بێدەنگی ئارامی شەوی هاویندا ئاوازی خۆشی شمشاڵ ئاسمانی پڕکرد. شمشاڵەکە لە هەوەڵەوە نەرم بوو. ئاوازێکی شادیهێنەری هەبوو. پاشان گۆڕا. قورس بوو. دەیناڵاند و ئاوازەکەی زۆر خەفەتاوی بوو. ئاوازێکی وا کە ژیانی هێمن و خەفەتباری خەڵکی لادێی دەنواند.
ناڵەناڵ ئاسمانی پڕ کرد. ئاواز فڕی و وەکوو گریانی شەو بە هەموو جێگایەکدا بڵاوبووەوە. لوول بوو، وەک لافاوی فرمێسک داڕژا. دەتوت بۆ لێبوردنی گوناحانی نەکراوی خۆی دەپاڕایەوە و بە نائومێدی داوای یارمەتیی دەکرد. لۆکای قەشە دوای شێو کردن لەناو باغەکە مایەوە تا هەوا هەڵمژێ. بەکەمتەرخەمی گوێی دەدایە دەنگی شمشاڵەکە و بە تووڕەییەوە لە بارەی دۆبریانەوە بیری دەکردەوە. عیشقی پاکی ئەو قەشەی ڕەنجاندبوو. لۆکا لە دڵی خۆیدا دەیوت: «ئیۆکا، کچە تاقانەکەی ئەو، تاقە دوڕ و گەوهەری ئەو، عاشقی ڕەعیەتێکی ڕووت و ڕەجاڵ بووە، هەتیوێکی وا کە ئاسمان پێخەف و زەوی ڕایەخیەتی و شەو لە تەویلە لای ئەسپەکان دەخەوێ».
لەو کاتەدا دەرگاکە بەهێواشی کرایەوە. لەبەر ڕووناکیی ئاگرەکە. سێبەری ئیۆکا، کە بە لنگەلەرزە دەچووە دەرەوە، دیاری دا.
قەشە تووڕە بوو. لە کاتێکدا لەبەر تووڕەیی ددانە کیڕەی دەکرد. بە دوای ئەوەدا کەوتە ڕێ. لۆکا لە دڵی خۆیدا وتی: «لێدانێکی وای لێدەم عەقڵی بێتەوە سەرخۆ».
بەڵام ئیۆکا ون بوو.
قەشە چوو بۆ لای حەزمان. قەڵافەتی درێژی کە لەبەر تیشکی مانگە شەو دەبینرا، هێواش و بە پارێز وەکوو ڕۆحێکی سەرلێشێواو دەستی کرد بە پشکنین. سێبەری زل و قورسی خۆی لەگەڵی دەگەڕا.
دۆبریان چرپەی پێی ئەوی بیست و لێوی لە شمشاڵەکە کردەوە. کە لۆکای قەشە نزیک بووەوە، شمشاڵەکەی شاردەوە و لەبەری هەستا. قەشە وەستا و بە دەنگێکی گڕ و نووساوەوە وتی:
-دۆبریان تۆ هەمیشە کارگەرێکی باش بووی بۆ من، بەڵام...
قەشە نەیدەزانی بڵێ چی. لەبەر تووڕەیی دەلەرزی. بەڵام ددانی بە خۆیدا گرت و بۆ وشەی نەرمتر دەگەڕا تا کوڕەکە نەڕەنجێنێ.
دۆبریانیش نەیدەزانی قەشە دەیەوێت بڵێ چی... بە بێ سەبری چاوەڕوان بوو.
ئاخری لۆکا هاتە زمان، ئەمجار هێمنتر بوو...
-من لە کاری تۆ ڕازیم، بەڵام هێندێ شت دەبینم کە...
دۆبریان تێگەیشت و سەری خۆی داخست. خوێن دە ڕوخساری گەڕا و وەکوو گڕ بڵێسەی دا.
-ئەو کارەی تۆ دەیکەی باش نییە. شوورەییە. وا چاکە لێرە بڕۆی. ئیتر نامەوێت لێرە کار بکەی. ئیتر کار بکەی. ئیتر نامەوێت لێرە بتبینن. ئەو بیر و خەیاڵە لە سەرت دەرکە کە بە هیوای ئەوەبی شتێکت دەسگیر ببێ... تێگەیشتی؟ ئیتر بڕایەوە.
قەشە قسەکانی تەواو کرد و بە هەنگاوی قورس و قایم بەرەو ماڵەوە کەوتە ڕێ.
دۆبریان لە جێی خۆی وشک بووبوو. نەیدەزانی چ بکا. لەم قسەیە دڵی گوشرا. لە هەوەڵەوە نەختێ بە دەوری خۆیدا خولایەوە. پاشان کەوتە ڕێ، دەرگای حەوشەکەی کردەوە و لە کووچە و کۆڵانی گوندەکەدا ون بوو.
لۆکای قەشە گەیشتەوە ماڵەوە. گرژ و تووڕە بوو. هەر بەو چەشنەی کە لە پێشدا هەبوو. ئیۆکا و دایکی لە کەنار ئاگرەکە دانیشتبوون. ژنەکە لە مێردەکەی ڕاما و پاشان پرسی:
-تا ئەم درەنگانە لە کوێ بووی؟
لۆکا کە لە کەنار ئاگرەکە لەسەر کورسییەک دانیشت و چاوی بڕییە گڕی ئاگرەکە کە بڵێسەی دەدا و سەمای دەکرد. ورتەی نەکرد. ژنەکە دیسانەوە هاتەوە دەنگ و وتی:
-هەستە بڕۆ بخەوە. بە درێژایی ڕۆژ لەبەر خۆرەتاو بووی و ماندوو بووی.
قەشە بەکەمتەرخەمی وەڵامی دایەوە.
-خەوم نایە. پاشان وتی:
-دۆبریانم دەرکرد.
ئیۆکا کە لە تەنیشت دایکییەوە وەستابوو، لەرزی و چاوی بڕییە دایکی. ژنەکەش بە سەرسووڕماییەوە ڕوانییە مێردەکەی. کشووماتییەک ماڵەکەی داگرت. گڕی ئاگرەکە هەروا بڵێسەی دەدا. دیوارە سپییەکە و شتوومەکی خانووەکەی نوقمی ڕووناکایی کردبوو. پشیلەیەک کە لە کەنار ئاگرەکەدا پاڵ کەوتبوو میاواندی. لۆکا سەری بەردابووەوە و خەریکی بیرکردنەوە بوو. دەنکی تەزبێحەکەی دەستی بە تووڕەیی دەگێڕا. ڕوخساری ئارام بوو هیچی پێشان نەدەدا. بەڵام تیشکی ئاگرەکە لەسەر دەموچاوی یاریی دەکرد و تووڕەیی ئەوی دەردەخست. دوای بێدەنگییەکی زۆر ئازاردەر وەکوو کەسێ لەگەڵ خۆی قسە بکات وتی:
-هەر دەبوو دەری کەم... پاشان بە پەڕۆشەوە هەناسەیەکی هەڵکێشا.
ژنەکە پرسی:
-بۆچی؟ مەگەر چی کردبوو؟
قەشە بە تووڕەییەوە ڕوانییە کچەکەی و وەڵامی دایەوە:
-لە ئیۆکا بپرسە.
پیرێژن کە بە دوای کاری خۆیدا دەڕۆیشت، بەکەمتەرخەمی وتی:
-تۆش پیاوێکی سەیری. لۆکا وتی:
-ئیۆکا هەموو شتێکت بۆ دەگێڕێتەوە.
ئیۆکا کە لەو کاتەدا مەنجەڵێکی بە دەستەوە بوو، لە قوژبنێکدا وەستابوو، ڕۆیشت مەنجەڵەکەی لەسەر تاقەیەک دانا و گەڕایەوە. دەستی بە چاوییەوە گرت و دایە پڕمەی گریان. قەشە لەم کارە ئەوەندەی دیکەش تووڕە بوو، نەڕاندی:
-دەشگری! دەزانم بۆچی دەگری. بڕۆ دەرەوە.
ژنەکە تووڕە بوو:
-بە گژ منداڵەکەدا مەچۆ... تێدەگەی؟ قەشە زیاتر نەڕاندی:
وازبێنەو با بڕوا. نامەوێت ئیتر چاوم بە چاوی بکەوێ. ئەوەندەی لێدەدەم عەقڵی بێتەوە سەرخۆ.
ژنەکە وتی:
-پیاوەکە ئەوە شێت بووی؟
ئیۆکا ڕۆیشتە دەرەوە. پیرێژنەکە بە گژ قەشەدا چوو. لۆکا هەستا دەرگاکەی شەق پێوە دا و ئەویش چووە دەرەوە.
لۆکا چووە ناو باغەکە جگەرەیەکی داگیرساند. لە کاتێکدا تەنیا سێبەرەکەی لەگەڵی بوو. دەستی کرد بە پیاسە کردن.
گوندەکە لە چەند سەعات لەوە پێشەوە لە باوەشی شەوی فێنکی مانگی حوزەیراندا نووستبوو. مانگ لە ئاسماندا مەلەی دەکرد. لە هیچ کوێیەکەوە هیچ دەنگیک نەدەهات. تەنیا ئاشی گوندەکە بوو کە بە گەڕانی هێمن و یەک چەشنی خۆی کشووماتیی شەوی دەشڵەقاند. زنجە چەپۆک لێدراوەکانی لە کاتێکدا لە گۆشەی باغچەکان هەڵترووشکابوون دەحەسانەوە، وەرزێڕە شەکەت و لە پێکەوتووکانیان گرتبووە باوەشی خۆیان. لە سەرەوەی ئەم دیمەنە لادێیانەوە، لەژێر تیشکی مانگدا خاچی گەورەی کلیسا دەدرەوشایەوە. ئەمە تاقە هومێد و هیوای وەرزێڕەکان بوو. خاچی گەورە دڵی پڕ لە خەم و خەفەتی لادێیەکانی خۆش دەکرد. لە بەرانبەر کلیساوە چنارە بەرزەکان وەکوو ژنە دنیا نەویستە ڕەشپۆشەکان، بە چەشنێکی سامدار بە ڕیز وەستابوون. لۆکا بە تووڕەییەوە لە باغەکەدا پیاسەی دەکرد و بیری دەکردەوە.
کوتووپڕ، شیوەنی ژنێک کشوماتیی شەوی شڵەقاند. شیوەنەکە هەوای پڕ کرد. دەتوت لە گومبەزی ئاسمان درا و گەڕاوە و بەسەر گوندەکەدا کەوت... پاشان ئەم هاوارە دوو-سێ جار چەند پاتە بووەوە. بە شیوەنی ژنەکە کەڵەشێرەکان ڕاپەڕین. شەو شڵەقا... قەشە بە پەشۆکاوی لە جێگەی خۆی چەقی. لەناکاو تارماییەک لە دوورەوە دەرکەوت. ژنەکەی شەقە بوو. بە شپرزەیی و پەشۆکاوی وەکوو شێتان ڕایدەکرد. ژنەکە پڕی دایە جوببەی قەشە. کەوت و دەستی کرد بە گریان. دەنگی شیوەنی ئەو دیسان ئاسمانی پڕ کرد. بە چەشنێکی وا دەگریا و هاواری دەکرد دەتوت شێت بووە قەشە وریا بووەوە.
-ژنەکە هەستە! دەستی دا پیلی ژنەکە تا هەڵی ئەستێنێ.
-چ قەوماوە؟
ژنەکە جوببەی قەشەی گرتبوو. قسەی پێنەدەکرا. پەشۆکابوو. قەشە تێگەیشت شتێکی خراپ قەوماوە، پرسی:
-ئیۆکا... ئیۆکا لە کوێیە؟
ژنەکە زمانی بەسترابوو. جوببەی قەشەی گرتبوو. ڕایدەکێشا بۆ لای ماڵەوە. نەیدەتوانی بڕوا. لۆکا ئەوی بە زەویدا ڕادەکێشا. ژنەکە بە کوڵ دەگریا.
لەژێر پلەکانەکان، ئیۆکا خوێناوی و بێگیان ڕاکشابوو. ژنەکە بە کوڵ دەگریا.
لەژێر پلەکانەکان، ئیۆکا خوێناوی و بێگیان ڕاکشابوو. ژنەکە خۆی بەسەر تەرمەکەدا کێشا.
دوای تاوێک خەڵکی گوندەکە لە کووچە و کۆڵانەوە پەیدا بوون. بە خەواڵوویی و پەشۆکاوی حەوشەی ماڵی قەشەیان پڕ کرد. شیوەن و گریان لە هەموو لایەکەوە دەستی پێکرا. ئیۆکا بەمردوویی ڕاکشابوو.
کێردێکی تیژی لە دڵی خۆی ڕۆکردبوو. دەستە ساردەوەبووکەی هێشتا مشتووی کێردەکەی گرتبوو. مانگ تیشکی زیوینی خۆی خستبووە سەر ڕوخسارە جوانەکەی. برژانگە ڕەش و پڕەکانی لەژێر تیشکی مانگەشەودا دەبریسکانەوە.
کراسە سپییەکەی ئیۆکا دڵی پڕ لە ئەوینی ئەوی داپۆشیبوو. چەند پەڵەی خوێن وەکوو گوڵە مێخەکی سوور بە کراسە سپییەکەیەوە دیاربوو. کچان لە دەوری ئاڵقەیان بەستبوو بە کوڵ دەگریان. ژنی قەشە بە بێهۆشی لەولاوە کەوتبوو. لۆکا کە لادێیەکان لە دەوری کۆ بووبوونەوە و بە قەڵافەتی درێژیەوە لە ناویاندا دیاربوو بە پەشۆکاوی دەیڕوانییە ئەو کارەساتە و بە شێواوی دەستی ڕادەوەشاند.
خەڵکەکە کۆبووبوونەوە و بە سەرسووڕماوی لە یەکتریان دەپرسی:
«لەبەر چی ئەم کیژۆڵە جوانە کێردی لە دڵی خۆی ڕۆکردبوو؟»
پیاوێکی پیر لە کاتێکدا کە خاچی دەکێشا، وتی:
-ئێمە پیر بووین... ئێمە نتوانین لە لاوەکان تێبگەین. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=