هونەر تۆفیقهونەر تۆفیق
بنەماڵەی بارزانی لە ڕەچەڵەکدا دەچنەوە سەر هۆزی زێباری، لە ناوچەی مێرگەسوور، گوندی بارزان نیشتەجێن، دامەزراندنی ئەو بنەماڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ باپیرەیان، شێخ تاجەدین کە لە 1825 دا تەریقەتی نەقشبەندی لە سەید تەهای نەهری وەرگرتووە، لە گوندی بارزان تەکییەی نەقشبەندی دەکاتەوە.
لە پاش شێخ تاجەدین، شێخ عەبدولسەلامی کوڕی تەریقەت بەڕێوە دەبات، لە پاش شێخ عەبدولسەلام، شێخ محەمەد کە لەناو بارزانییەکاندا بە ( محەمەدی مەهدی ناسراوە ) دەکاتە باوکی مەلا مستەفا بارزانی و باپیری #مەسعود بارزانی#، تەریقەت و تەکییەکەی بۆ دەمێنێتەوە.
لە پاش شێخ محەمەد، شێخ عەبدولسەلامی دووەم، برای شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا دەبێتە شێخی بارزان، شێخ عەبدولسەلامی دووەم لە1914 دا عوسمانییەکان لە سێدارەی دەدەن و شێخ ئەحمەدی برای دەبێتە خودانی بارزانییەکان.
تەریقەتی نەقشبەندی و بەتایبەتیش تەکییەکان جگە لە ئەرکە ئایینییەکەیان، ڕۆڵی سیاسیشیان لە کوردستاندا بینیووە، لە سەردەمی ئیمارەتە کوردییەکاندا، دەستەڵاتی سیاسی لەنێوان میر و شێخی تەریقەتەکاندا دابەشکراوە، پێکەوە کۆمەڵگەیان بەڕێوەبردووە، بەڵام لە پاش کەوتنی میرنشینەکان، ئەرک و ڕۆڵی سیاسی میرەکانیش بۆ شێخەکانی تەریقەت ماوەتەوە، لەتەکییەکانەوە بڕیارە سیاسییە چارەنووسسازەکان دراوە.
شێخانی نەهری (شێخ عوبەیدوڵای نەهری و سەید تەهای نەهری کوڕی) لەپاش هەڵوەشاندنەوەی میرنشینی بەدرخانییەکان، دەکەونە پێشەوەی دیمەنە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لەنێوان عوسمانی و ڕووس و بەریتانییەکاندا، ڕووس و بەریتانییەکان لە ڕێگای کونسڵەکانیان لە شاری وان ئەو تێکەڵاوە سیاسییە ناکۆکەیان لەگەڵ شێخانی نەقشبەندی نەهری پەیداکردووە، بەهەمان شێوەش لە کۆتایی ئیمارەتی باباندا، ئەرکی سیاسی میرە بابانییەکان بۆ شێخانی بەرزنجە - تەریقەتی قادری دەمێنێتەوە و شێخ مەحمودی حەفید ئەو ڕۆڵە سیاسییەی گێڕاوە.
شێخانی بارزان هەردوو میراتی سیاسی و ئایینی نەهریەکانیان لە سەید تەهاوە بۆ دەمێنێتەوە، لە یەکەم ئەرکی سیاسیاندا خۆیان لە هۆزی زێباریەکان جیادەکەنەوە، ئەم جیابوونەوەیە ناکۆکی و شەڕی خوێناوی بەدوای خۆیدا دێنێت، دەڤەرەکەیان (زێبار) بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای زێ دا دابەش دەبێت، بەشی بارزان لە ڕۆژهەڵاتەوە دەبێتە ناوەندێک سەرپەرشتی هۆزەکانی سنوورەکەیان دەگرنە ئەستۆ، بەمەش لە سەرپەرشتی هۆزەکانی ترەوە، هۆزی بارزان درووست دەبێت، تا سەردەمی شێخ عەبدولسەلام هۆزی بارزان درووست نەبووە کە دەڵێت ( من بەتەریقەت خالیدیم، بەعەشیرەت زێباریم و مەسکەنیشم بارزانە)، لە ڕۆژاوای ڕووبار (زێ) کەشەوە هۆزی زێبارییەکان بەرانبەریان سەنگەر دەگرن، ناکۆکییە قوڵەکەشیان لەوێوە دەست پێدەکات و زێباری دەبێت بە دوو کەرتەوە
شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا ئەرکیان دابەش دەبێت، شێخ ئەحمەد ئەرکی شێخایەتی دەگرێتە ئەستۆ و مەلا مستەفای براشی ئەرکە سیاسی و سەربازیەکان بەڕێوە دەبات.
لە ساڵانى سییەکانی سەدەی ڕابردوودا هەردوو برا بەهۆی پەیوەندییە ئایینییە - مێژوویەکەیانەوە بە #هەکاری# و #شەمزینان#ەوە ڕووی سیاسیان لە باکووری کوردستان بوو، ڕاپەڕینە چەکداریەکانی بارزان بە ڕابەرایەتی هەردوو براکە، کۆماری تورکیا و شانشینی ئێراقی نیگەران کردبوو، لە 1935 دا هەردوکیان دوور دەخرێنەوە بۆ #سلێمانی#، لە کاتی دامەزراندنی کۆماری #مەهاباد#دا مەلا مستەفا لە سلێمانییەوە هەڵدێت بۆ بارزان و لەوێوە چەکدارەکانی کۆدەکاتەوە، ڕوودەکاتە کۆماری مەهاباد، لە پاش شکستی کۆمارەکەی قازی محەمەد، هەڵدێت بۆ ڕووسیا، تا 1958و بەکۆماری بوونی ئێراق لەوێ دەمێنێتەوە.
لە ئێراقی کۆماریدا ڕۆڵی سیاسی بنەماڵەی بارزانی گەورە دەبێت، لە دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان#دا 1946، کاتێک مەلا مستەفا 1903 -1979 لە یەکێتی سۆڤیەت بوو، ئەو پارتە مەلا مستەفا وەک سەرۆکی خۆیان دەستنیشان دەکەن، لە 1958 دا لەگەڵ حکومەتی کۆماری ( عەبدولکەریم قاسم ) دا ڕێکدەکەون و مۆڵەتی فەرمی بە پارتی دیموکرات دەدەن، لە کۆنگرەدا مەلا مەستەفا دەکەنەوە بە سەرۆکی پارتی.
لە 1961 دا لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم دا تێک دەچێت، ڕاپەڕینی چەکداری ئەیلول دەست پێدەکات تا1970کە لەگەڵ ئەحمەد حەسەن بەکر و حکومەتی #بەعس#ییەکاندا ڕێکدەکەون و پەیمانی 11 ی ئازار کە بریتی بوو لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان ئیمزا دەکەن.
لە 1974 دا لەگەڵ حکومەتەکەی بەکردا ناکۆک دەبنەوە، ڕاپەڕینی چەکداری دەست پێ دەکاتەوە، بەڵام سێ لە کوڕەکانی مەلا مستەفا، عوبەیدوڵا 1927-1982 کە وەزیری دەوڵەت بوو لە حکومەتەکەی بەکردا هەروەها لوقمان و سابیر، لە باوکیان جیادەبنەوە، تا 1982 لەگەڵ حکومەتی بەعسییەکاندا دەمێننەوە، لە 1982 دا سەدام حسێن هەرسێکیانی لەسێدارە دا.
لە 1975 دا مەلا مستەفا شۆڕشەکەی ڕادەگرێ، دەست لە سەرکردایەتی سیاسی پارتەکەی هەڵدەگرێت بۆ ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی کوڕی جێدەهێڵێت.
لەپاش مردنی ئیدریس بارزانی 1944 -1986، مەسعود بارزانی دەبێتە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان .
لە پاش کەوتنی کۆمارەکەی سەدام حسێن و درووستکردنەوەی کۆماری سێیەمی ئێراق 2003، بنەماڵەی بارزانی لە ئێراقدا ڕۆڵی سیاسیان فراوانتر دەبێت.
مەسعود بارزانی دەکرێتە ئەندامی مەجلیسی حوکمی ئێراق و دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2017.
خاڵی مەسعود بارزانی، هۆشیار زێباری چەند جارێک وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی ئێراق بەڕێوەدەبات.
نێچیرڤان ئیدریس بارزانی برازای مەسعود بارزانی کە لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.
#مەسرور بارزانی# کوڕی مەسعود بارزانی کە لە ئێستادا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ماوەی دە ساڵ ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان بوو.
مەنسوور بارزانی کوڕی مەسعود بارزانی فەرماندەی لەشکری یەک و گوڵانی هەرێمی کوردستانە.
سیروان سابیر بارزانی، برازای مەسعود بارزانی فەرماندەی هێزی تایبەتیی پڵنگی ڕەشی هەرێمی کوردستانە. [1]