=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: خەباتی چەکداریی و حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەران=KTML_End=
نووسینی: #شێرکۆ کرمانج#
ئەم بەشێکە لە زنجیرە وتارێکی شرۆڤەکاریی، کە لەسەر خەباتی چەکداری و بەرئەنجام و دەرکەوتە نەرێنی و وێرانکارییەکانی بۆ سەر گەلی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، دەیاننووسم. ئەوەی ڕاستی بێت سەرەتاکانی ئەم نووسینە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 24 ساڵ پێش ئێستا و ڤێرژنی یەکەمی ئەم نووسینە بە دوو بەش لە گۆڤاری هەوار، کە لە ئوسترالیا دەردەچوو، بڵاوکرایەوە. ئەم نوسخەیە بەدەستکاریی و نوێکردنەوە لەژێر تیشکی بەردەوامبوونی خەباتی چەکداریی لە باکووری کوردستان بەگشتی و ئەو چالاکییەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (#پەکەکە#) لە 23ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا و بەرپرسێیەتییەکەی لە ئەستۆ گرت، نووسراوە.
بابەتەکە بەسەریەکەوە هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی سەرنەکەوتنی بزووتنەوە و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەویش پەیڕەویکردنی خەباتی چەکدارییە وەک شێوازێکی خەبات بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان، لەنێویاندا ڕزگاریی نیشتیمانیی. بەگەڕانەوە بۆ مێژووی کورد، بەتایبەتی دوای شەڕی دووەمی جیهانیی و ئەزموونی خەباتی چەکداری لە کوردستان لەوکاتەوە، شرۆڤەی پێشهات و دەرکەوتەکان دەکەین. لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە خەباتی چەکداریی لەوانەیە لایەنی باشیشی هەبووبێت وەک وروژاندن و حەماسەتخولقێنی و گورزوەشاندن لە داگیرکەر و ڕزگارکردنی هەندێک ناوچەی کوردستان جار جار، لێرە و لەوێ، بۆ ماوەی کورت یان درێژ. بەڵام ئەو لایەنە، یەکەم، لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە، دووەم، بە هیچ شێوەیەک لایەنە ئەرێنییەکانی خەباتی چەکداریی بارتەقای لایەنە خراپ و ئاکامە کارەساتبار و نەرێنییەکانی نابن. بۆیە، ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر تەرکیزی لەسەر دەکرێت ئاکامە خراپەکانی دەستبردنی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانە بۆ خەباتی چەکداریی.
پاش دەستنیشان کردنی ئاکامە خراپەکانی خەباتی چەکداری، هەوڵ دەدەین لە بەشەکانی کۆتایی ئەم زنجیرە بابەتە وەڵامی دوو پرسیاری دیکە بدەینەوە، یەکەم، داخۆ لایەنە کوردستانییەکان خەباتی چەکدارییان وەک تاکتیک و سەپێنرا و هەڵبژاردووە یان وەک ستراتیج. دووەم، داخۆ کوردستانییان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە پێشە، ئەگەر هەیە ئەو بژاردەیە چییە و چۆنە گرنگییاکانی چین؟ گرنگی ئەم بابەتە لەوەدایە کە تاوەکوو ئێستا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم شێوازی خەباتە لەلایەن پەکەکە و پارتی ژیانەوەی کوردستان (#پژاک#) و چەندین لایەنی دیکه [وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (حیزبی دیموکرات) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆمەڵە)] کەم تا زۆر پەیڕەوی لێ دەکرێت، یان ئەگەر وازیشیان لێ هێنابێت ئەوە جارناجارێک گفتوگۆی دەکەنەوە.
ئێمە پێمان وایە کە خەباتی چەکداریی، لانیکەم، دەبێتە مایەی: (1) پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان بە داگیرکەران؛ (2) لەدەستدانی جڵه و و ئاراستەی بزووتنەوه کوردستانییەکان؛ (3) ناشیرین و لەکەدار بوونی بزووتنەوەکان لەبەر پەیڕەوکردنی شێوازێکی باونەماو لە خەبات؛ (4) شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ (5) هەڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیریی کوردستان لەگەڵ خەڵک و جەماوەر؛ (6) هەڵگیرسان و درێژەدانی شەڕی ناوخۆ؛ (7) پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕەپانی خەبات و فرەلەشکریی؛ (8) بەشەڕگەبوونی سەرزەویی کوردستان و کردنی بە کێڵگەی شەڕ لەلایەن داگیرکەران؛ (9) بەهێزبوونی دەوڵەتی قووڵ و پێگەی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی داگیرکەران؛ (10) دەستبەردارنەبوونی چەک دوای سەرکەوتن. لەم بەشەدا گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستان دەکەین.
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرکییەکانی بە ئاکام نەگەیشتنی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان، پشت بەستنیان بووە بە وڵاتانی دراوسێ و گرەوکردنیان بووە لەسەر کێشەکانی ئه و وڵاتانەی کوردستانییان بەسەردا دابەشکراوە. سەرنەکەوتنی شۆڕشی چواردە ساڵەی ئەیلول (1961-1975) بە سەرکردایەتی مەلا مستەفای بارزانی نموونەیەکی زەقی ئه و دیاردە کوشندەیەیە کە تووشی شۆڕشەکانی کورد بووە. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی 1962، واتە تەنیا ساڵێک دوای دەست پێ کردنی شۆڕشەکە، کاتێک شای ئێران، محمد ڕەزا، دەستی کرد بە دابینکردنی تەقەمەنی سووک و پاڵپشتی دارایی بۆ کوردەکان دژی حکومەتی عێراق. پشتگیریی دارایی ساڵانە و ناردنی چەک لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیادی کرد و لە 1974 دا گەیشتە لوتکە و لە 75 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند (تەماشای کتێبی “#مام جەلال#: دیداری تەمەن، ل. 306 بکە).
دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول لە 1975، #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# (یەکێتیی) لە دیمەشق دامەزرا و بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی “نوێ” ئەوێیان بە تاران گۆڕیەوە. پاشانیش لەبەر چەند هۆیەکی جیۆپۆلیتیکی و سەرنەگرتنی مفاوەزاتەکانی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و زویربوونی سووریا لە مفاوەزاتەکە، یەکێتیی ڕووی کردە تاران و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران دامەزراند، بە ڕادەیەک کە سوپای پاسداران لە هەندێک چالاکی پێشمەرگە بەشداریان کرد. پێش یەکێتیی، #پارتی دیموکراتی کوردستان# (پارتی) پەیوەندی لەگەڵ ئێران خۆشبوو له و خەباتەی کە لە سەرەتای هەشتاکان چڕببووە و پشتیوانی لە ئێران وەردەگرت. وەک یەکێتیی، پارتی لە هەندێک ناوچە چالاکی هاوبەشی لەگەڵ سوپای پاسداران ئەنجام دا. بێجگە لەمە، بارەگا سەرەکییەکانی پارتی لە گوندی زێوە و شاری کەرەج بوون تا ڕاپەڕینی بەهاری 1991. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە دوای ئەوەی کەوتنە بەر فشاری هێزەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەر زوو بۆ کۆمەک و یارمەتی پەنایان بۆ عێراق هێنا. هەندێک لە بارەگا سەرەکییەکانی هەردوو لایەن تا ڕاپەڕین لەو ناوچانەدا بوون کە لەژێر سایەی حکومەتی عێراقی-دا بوون و کەم تا زۆر کۆمەکی سەربازیی و لۆجستییان لە عێراق وەردەگرت. بەهەمانشێوه، پە=که=که، دوای دامەزراندی لە 1978 هەر زوو سەرکردایەتییەکەی بنەوبارگەی تێک ناو ڕووی کردە سووریا. دواتریش دوای ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی لە 1984 سووریای کرد بە پشتیوانی سەرەکیی خۆی و دەشتی بیقاع-یشی لە لوبنان کرد بە مەڵبەندی مەشق و سازدانی گەریلاکانی بۆ شەڕ لە کوردستان. بەگشتیی، پێداویستییەکانی خەباتی چەکداریی (چەک، فیشەک، ئازوقە، پارە، هتد) پاڵنەریی سەرەکی دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان و داگیرکەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون.
لێرەدا حەزدەکەم پێش ئەوەی زیاتر بچمە ناو بابەتەکە لەسەر دوو شت هەڵوەستە بکەم. یەکەم، من ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگە، گەریلا یان #شەڕڤان# بوون. هاوکات، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم، بەوانەش لە خەباتی چەکداریی گیانیان فیدا کردووە. ئەو ڕەخنانەی من لەسەر شێوازێکی خەباتە بە هیچ شێوەیەک نابێت وەک بێڕێزیی بە ماندووبوون و خوێنی ڕژاوی بەشدارانی خەباتی چەکداریی ببینرێت. دووەم، دەمەوێت خوێنەر ئاگاداربکەمە کە مەبەست لە پشتبەستن نۆکەرایەتی کردن نییە، لەم بابەتە کە باس لە پشتبەستن دەکەین مەبەستمان تاوانبارکردنی نە سەرکردایەتی و نە بنکردایەتی ئەم لایەنانە نییه بەڵکوو ڕەخنەکردنی خەباتی چەکدارییە کە حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستانی هێناوەتەگۆڕێ.
بەبنەما لەسەر دیالەکتیکی هۆ و ئەنجام دەکرێت شرۆڤەی پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی و پشتبەستن بە داگیرکەران بکەین. بەپێی ئەم دیالەکتیکە هەموو ئەنجامێک هۆی هەیە، ئەگەر هۆکە بەهێز بێت ئەنجامەکە حەتمی دەبێت، ئەگەر هۆکەش بێهێز بێت ئەنجامەکەی وەک ڕووداوێک دەردەکەوێت، بە زمانی بازاڕ پێی دەڵێن ڕێککەوت (سودفە). بۆ نموونه، ئەگەر کەسێک خۆی باش ئاماده بکات بۆ تاقیکردنەیەک ئەوە سەرکەوتنی شتێکی حەتمییە، ئەگەریش کەم یان هەر خۆی ئاماده نەکات ئەوە سەرکەوتنی بە سودفەیە. بە بنەما لەسەر ئەم پرنسیپە دەتوانین هۆی سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانی کوردستان تا ئه و شوێنەی پەیوەندی بە خەباتی چەکدارییەوە هەیە شی بکەینەوە.
کەمن ئەوانەی گومانیان لەوەدا هەبێت کە هۆی هەره سەرەکی شکستهێنانی “شۆڕشی ئەیلول” لە باشوور بە سەرکردایەتی پارتی پشتبەستنی بوو بە ئێران، ئێرانێک کە لە باشترین دۆخ نەیارە و لە خراپترینیش دوژمن و داگیرکەر. گومان لەوەشدا نییە کە “شۆرشی نوێ”ی کوردستان لە 1976-1988 بە ڕابەرایەتی یەکێتیی بەهەمانشێوە پشتبەستن بوو بە ئێران، کە بەهەمان ئاکامی گەیاند. ئاشکراشە کە “ڕێککەوتنی ئەدەنە” لە نێوان سووریا و تورکیا، بە سەرپەرشتی ئێران و میسر، لە 1998، بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی سووریا لە پەکەکە، کە دەرپەڕاندنی “عەبدوڵا ئۆجالان”ی سەرکردەی شۆڕشی کوردانی باکوور بەدوای خۆیدا هێنا، هۆکاری هەرە سەرەکیی بێهێزبوونی بزووتنەوەکە له و پارچەیەی کوردستان-دا بوو، لانیکەم لاوازبوونی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە، کە لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو بەشێکی زۆری باکووری کوردستانی لەژێر دەسەڵاتدا بوو و چالاکییەکانی گەریلا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باکوور گرتبۆوە، کەچی لە بیست ساڵی ڕابردوودا تاک و تەرا نەبێت، گەریلا لە باکوور بوونی نەماوە. لە باشووریش گەریلا توانای هێرشیان لە دەست داوە، بەرگرییکردنی لێ دەرچێت، ئەویش لە چەند شاخێکی سەخت لە دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان، لەنێو تونێل و ئەشکەوتەکانی باشوور نەبێت. ئەمانە ڕاستیی تاڵن.
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین، کاریگەریی ڕێککەوتنی ئەدەنە لەسەر بزووتنەوەکەی باکوور دەگەڕێتەوە بۆ بوونی بارەگاکانی پەکەکە لە لوبنان و پشبەستنی بە سووریا بۆ دابینکردنی بارەگا بۆ مەشق و ڕاهێنان لە دۆڵی بیقاع و یارمەتی سەربازیی و لۆجستیکی. هەرئەویش بوو بەهۆی ئەوەی کە سووریا دەستی باڵای هەبێت لە دیاریکردنی ئاراسته و دواڕۆژی بزووتنەوەکه، لانیکەم تا ئەو کاتەی بارەگاکانی پەکەکە لە بیقاع بوون.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان بۆ پشت بە داگیرکەرانی کوردستان دەبەستن؟ بە دەربڕینێکی دیکە شۆڕشەکان چۆن دەتوانن پشت بە بێگانە نەبەستن؟ کورد چۆن دەتوانێت بەرانگژی تورکیا بێتەوه و پشت بە سووریا نەبەستێت؟ یان دژی دەوڵەتی عێراق یان ئێران خەبات بکات بێئەوەی یارمەتی لە ئێران یان عێراق وەرنەگرێت؟ ئایا دەکرێت شەڕی پارتیزانی بکرێت و کۆمەک لە دەروجیران وەرنەگیرێت؟ ئایا شەڕ بێ ئازووقە دەکرێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئه و پرسیارانە دەبێت هۆکانی پشتبەستن بە دراوسێکان (داگیرکەران) بدۆزینەوە، ئەوسا ڕێگەچارەی خۆقوتارکردن لە نەهامەتی پشتبەستن بە بێگانە دەستنیشان بکەین.
دەست پێ کردن و درێژەدان بە خەباتی چەکداریی لەلایەن بزووتنەوەکانی کوردستان، پێویستیی پشبەستن بە دەروجیران دێنێتە گۆڕێ. بۆ؟ چونکه، بۆ خەباتی چەکداریی، بزووتنەوەکان (کادیر و پێشمەرگەکانیان، گەریلاکانیان) پێویستییان بە چەک و گولە و تفاقی جەنگی و زەخیرە بۆ چەکدارەکانیان دەبێت، هاوکات پێویستییان بە نەخۆشخانە دەبێت بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانیان، هتد. ئەمانەش وا لە بزووتنەوەکان دەکەن پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببەن بۆ کۆمەک و یارمەتی و پشتیوانی. بە واتایەکی دیکە، خەباتی چەکداریی میکانیزمی پشتبەستن بە دراوسێکان دێنێتەگۆڕێ. هاوکات، لەبەر شوێن و واقیعی جوگرافی کوردستان کە “وڵاتێکی دەورەدراو” (landlocked)، واتە وڵاتێکی بێ کەنارە و لە هەموو لایەکەوە بە وشکانی دەوردراوە، ئەوا زۆرجار، ئەگەر نەڵێین هەمیشە، ئه و لایەنەی کە بزووتنەوەکانی کوردستان داوای یارمەتی لێدەکەن، یەکێک لە چوار داگیرکەرەکەی کوردستان-ە. هەڵکەوتی کوردستان وای کردووە، ئەگەر دۆستێکی کورد بەنیازپاکی، یان بۆ بەرژەوەندی خۆی، بیەوێت یارمەتی ڕاپەڕینەکانی کوردستان بدات، ئەوا بەناچاریی بۆ گەیاندنی کۆمەک و چەک و تەقەمەنی دەبێ لە ڕێگەی دراوسێیەکی، داگیرکەرێکی، کوردستان بیان گەیەنێت. مێژووش پێمان دەڵێت کە دراوسێکانی کوردستان تەنیا بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان یارمەتی کوردیان داوە و دەدەن، یان یارەمەتی لایەنی دیکە دەگەیەنن.
دیارە ئەمە تەنیا لەسەر دراوسێ نەیارەکانی کوردستان جێبەجێ نابێت، بەڵکوو لەسەر ئه و هەرێمە نیمچە سەربەخۆیەی کوردستانیش لە باشوور یان هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە هەر پارچەیەکی کوردستان لە دواڕۆژ دابمەزرێت، جێبەجێ دەبێت. چونکە هەرێمەکە/وڵاتەکە، بۆ نموونە: هەرێمی کوردستان، بەپێی بەرژەوەندییە کاتییەکانی مامەڵە لەگەڵ بزووتنەوە کوردستانییەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکات، وەک ئەوەی ئێستا بە زەقی دەبینرێت لە مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور. بۆیه، ئه و فشارەی کە ئێستا هەرێم جارجار دەیخاتە سەر بزووتنەوە چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵات یان باکوور شتێکی چاوەڕوان کراوە.
لەوەشدا دەردەکەوێت کە خەباتی چەکداریی و پشتبەستن بە لایەنێکی دیکە پەیوەندییەکی دیالەکتیکیانەیان هەیە. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە، هەرکاتێک بزووتنەوەیەک پشت بە لایەنێکی دەرەکی ببەستێت، ئەوا لەلایەک دەبێتە مایەی لەدەستدانی جڵەوی بزووتنەوەکە، لەلایەکی دیکەش، بزووتنەوەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆجی و فکری لایەنە پشتپێبەستراوەکه. بۆ نموونە، سەرەڕای ئەوەی پەکەکە تاڕادەیەک لە نەوەتەکان سەربەخۆیی خۆی پاراستبوو، بەڵام لەبەرئەوەی بارەگای سەرکردایەتییەکەی لە سووریا و بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانی لە لوبنان بوون، ئەوا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەخزایە ژێر کاریگەریی ئه و دەوڵەتە، وەک تێوەگلانی پەکەکە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ ڕازیکردنی پشتیوانەکەی، سووریا. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە تا دەهات بزووتنەوەکە پێداویستیی جەنگ و تفاق و شوێنی مەشقکردنی زیاتر دەبوو. بەهەمان شێوە، بوونی پەکەکە لە سووریا، کە هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەستبردنی بۆ چەک و پەیڕەوکردنی خەباتی چەکداریی، یەکێک له و هۆکارانە بوو کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی تەماشا بکرێت، چونکە هەم سووریا، وڵاتە پشتپێبەستراوەکە، دەیان ساڵە وەک وڵاتێکی پاڵپشتیکەر لە تیرۆر ناسراوە، هەم خەباتی چەکداریی شێوازێکی ڕەتکراوەیە بۆ خەبات لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا (لە بەشەکانی داهاتوودا قسەی زیاتری لەسەر دەکرێت). لەلایەکی دیکەوە، توندڕەویی سووریا کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ڕەوتی فکریی و پراکتیزیی پەکەکە دانابوو. سووریا بەمەبەستی فشارخستنە سەر تورکیا و پارسەنگکردنی تەرازووی هێز لە کێشەی ئاو لەگەڵ تورکیا پە-که-کەی بەکاردەهێنا. لەهەمانکاتدا شەڕی مەعنەوی و ئایدۆلۆجی ئەمریکا و ئیسرائیلی-شی پێ دەکرد، گوایە بەرەی دژی ئیمپریالیزمیان پێکهێناوە، گوتارێک کە ئێستاش، دوای زیاتر لە 25 ساڵ لە دەرچوون لە سووریا، کەچی پەکەکە نەیتوانیوە لێی ڕزگار بێت. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی دەربازنەبوون لە گوتاری دژە-ئیمپریالیزم، نزیکیی ئەو ڕێکخراوە بێت لە ئێران لەم ساڵانەی دوایی، کە خۆی بە ڕابەری بەرەی دژی-ئیمپریالیزم دەزانێت، ئەوەی ئێران ناوی لێناوە بەرەی مقاوەمەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە 1946 دامەزرا، تا سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو زیاتر خەریکی خەباتی ژێرزەمینی و جەماوەری بوو. پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ هیچ دەروجیرانێکی کوردستان نەبوو، کەچی لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە چەکدارییەکەی 1961 هەرزوو سەرکردایەتییەکەی بەمەبەستی کۆمەک وەرگرتن دەستی لەگەڵ ئێران تێکەڵ کرد. بەوەش نەوەستا لەڕێگای چەند کەسێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل-یش پەیوەندی بەسترا. گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە سەرەتای دامەزراندی پارتی تا 1961 لە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە و ڕەوتە فکرییەکانی پارتی ڕوویان نەدابوو، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەدی بۆچی دوای دەست پێ کردنی خەباتی چەکداریی، بزووتنەوەکە دەستی بۆ دراوسێکانی درێژ کرد. ئەگەر خەباتی چەکداریی و پێداویستییەکانی شەڕ نەبووبێت ئەدی دەبێ چی بێت؟ واتە، خەباتی چەکداریی زەرورەتی پشتبەست بە بێگانەی هێناگۆڕێ. لەهەمان کاتدا، بەنزیکبوونەوە لە ئێران و ئیسرائیل پارتی هەم جڵەوی بزووتنەوەکەی لە دەستدا، هەم بوو بە بەشێک لە گەمە ئیقلیمییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەم لە ڕەوتە شۆڕشگێڕییەکانی ئه و سەردەمی ناوچەکە دوورکەوتەوە، لەوانە حیزبی شیوعی عێراقیش. ئێمە لێرە باس لە باشی یان خراپی نزیکبوونەوە یان دوورکەوتنەوە لە حیزبی شیوعی و بلۆکی ڕۆژهەڵات ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە پشتبەستن بە بێگانە حەتمییەتی گۆڕین لە ئاراستەی فکریی بزووتنەوەکەش دێنێتەگۆڕێ. پارتی تا سەرەتای شەستەکانی ڕابردوو وەک هێزێکی چەپ خۆی دەناساند و لە حیزب و لایەنە چەپەکانی ناوچەکە نزیک بوو، بەڵام کاتێک بزووتنەوەکە لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل پەیوەندی گرێدا، ئێدی پارتی پشتی لە چەپ و بلۆکی ڕۆژهەڵات کرد و ڕووی لە ئێران و ئەمریکا کرد، وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی موحافیزکار خۆی نمایش دەکرد.
بەپێچەوانەوە، لەبەرئەوەی بزووتنەوەکەی باکوور بنەوبارگەی لە سووریا دانابوو ئەویش دژ بە ڕۆژئاوا و بە شنەی ڕۆژهەڵات سەمای دەکرد، بزووتنەوە کوردییەکەش لەسەر هەمان ئاواز دەیخوێند و ئاڵای سووری کۆمۆنیزمی لە شاخەکانی کوردستان هەڵکردبوو. بەوەش نەوەستا، وەک ئاماژەی پێ کرا، لە لوبنان لەپاڵ فەلەستینیەکان شەڕی ئیسرائیلی دەکرد.
ئەمانە هەموو نیشانەی ئەوەن کە خەباتی چەکداریی بێجگە لەوەی پێویستیی پشتبەستن بە وڵاتێکی دراوسێ، لە دۆخی کوردستان، داگیرکەرێک، دێنێتەپێش، ئەوا بزووتنەوە چەکدارییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان دەکەونە ژێر کاریگەریی فکریی و ئایدیۆلۆجیی ئه و لایەنەش کە پشتی پێ دەبەستن. ئەمەش دەبێتە مایەی نەک هەر لە دەستدانی جڵەوی بزووتنەوەکە بەڵکو ئاراستە فکرییەکانیشی ڕەنگدانەوەی واقعی ڕۆژ نابن چونکە بە ناچاری دەکەونە ژێر ڕەحمەتی خەتە ئایدیۆلۆجییەکانی دەوڵەت یان لایەنە پشتپێبەستراوەکە. یەکێک لە بەرەنجامەکانی پشتبەستن بە بێگانە، کە زادەی پەیڕەوکردنی خەباتی چەکدارییە، لەگەڵ دەستدانی جڵەوی بزووتنەوەکە، دەوڵەتە پشتپێبەستراوەکە دەخاتە پێگەیەکی بەهێز لە کاریگەریی دروست کردن لەسەر بزووتنەوەکە. بۆیە هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی وڵاتە پشتپێبەستراوەکە بخوازێت فوویەک لە “مەشخەڵی” شۆڕشەکان/ڕاپەڕینەکان دەکەن.
ئەوە به و مانایە نییە کە خەباتی چەکداریی تاکە هۆکاری سەرنەکەوتن یان سەرانگۆبوونی بزووتنەوە کوردستانییەکانە، بەڵکو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان. بۆیە من له و باوەڕەدام یەکەم هەنگاو بەره و سەرکەوتن و لەدەستنەدانی ڕکێفی بزووتنەوەکانی کوردستان بە وەلانانی خەباتی چەکداریی وەک شێوازێکی خەبات دەست پێ دەکات.
لە بەشەکانی داهاتوودا، گفتوگۆی خاڵە نەرێنی و نەهامەتییەکانی دیکەی خەباتی چەکداریی دەکەین، لەوانە: ناشیرینبوون و باونەمانی خەباتی چەکداری وەک شێوازێکی خەبات؛ شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ تا کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هەڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیرییەکانی کوردستان لەگەڵ خەڵک و جەماوەر. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=