ناونیشانی بابەت: شوێنەوارێکی 3 هەزار ساڵە لە گردی باشتەپەی هەولێر دۆزرایەوە
ماوەیەکە تیمێکی زانکۆیەکی فەرەنسا بە هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆڕانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گشتی هەرێم و شوێنەواری #هەولێر# دەستیان بە کاری کنە و پشکنین لە شوێنەوارێکی گردی (باشتەپە) لە سنووری هەولێر کردووە و توانیویانە چەندین شوێنەواری کۆن بدۆزنەوە کە مێژووی هەندێکیان بۆ سەردەمی (نەینەوا پێنج) واتە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
لەوبارەیەوە کریستۆف نیکۆل سەرۆکی تیمی زانکۆ فەرەنسییەکە بە دوالاپەڕەی وت: تیمەکەی ئێمە لە ساڵی 2013وە تا ئێستا ساڵانە لەو گردە شوێنەوارییە کاری کنە و پشکنین دەکات و تا ئێستا هەشت وەرز کارمان تێدا کردووە، نزمترین چینی ژێرەوەی گردەکە کە هەڵمانکۆڵیوە بۆ سەردەمی نەینەوا پێنج دەگەڕێتەوە، چینی بەرزتریشی بۆ سەردەمی (هلنستی) و چینی سەرەوەتریشی لەوانەیە بۆ سەردەمی ئیسلام بگەڕێتەوە، گردەکە بەرزییەکەی بۆ 30 مەتر و پانتاییەکەشی نزیکەی سێ هێکتار دەبێت.
کریستۆف وتیشی: لە وەرزەکانی پێشووی کارکردنیاندا چەندین چینیان لەو گردە هەڵکۆڵیوە، هەڵبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ ماوەیەک بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کارەکانیان وەستاندبوو، بەڵام ئێستا لە بەرنامەیاندایە لە ساڵانی داهاتوودا چینەکانی خوارەوەی شوێنەکە هەڵبکۆڵن.
سەرۆکی تیمە فەرەنسییەکە ڕاشیگەیاند: لە ماوەی گەڕان و کنە و پشکنیندا چەندین شتی کۆنی مێژووییان دۆزیوەتەوە لەوانە: دیوار و گۆزە و تەنوور، تابلێتی نووسینی بزماری کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی پاشا (توکولتی نینۆیا)ی سەردەمی ئاشووری ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، لە کۆندا ئەو گردە وەک شوێنێکی فەرمانڕەوایی ناوچەکە بووە، بەشی سەرەوەشی گۆڕی سەردەمی ئیسلامی نوێمان تێدا دۆزیوەتەوە.
بەپێی زانیاری تیمەکه بێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند شوێنێکی ئەو گردە لە لایەن چەند کەسێکەوە بە مەبەستی دەرهێنان و دزینی پارچەی شوێنەواریی کۆن، قووڵ کراوە، بەڵام نازانرێت ئایا هیچ شتێکیان دەرهێناوە و بردوویانە یان نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە. [1]