ناونیشانی بابەت: ڕۆژی قەدەغەکردنی جینۆساید و ڕێزگرتن لە قوربانیان
نووسەر: #عەلی مەحمود محەمەد#
77 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری قەدەغەکردنی جینۆساید و سزادانی بکەرانی دەرچوو, 10 ساڵ لەمەوپێش لە لایەن نەتەوەی کگرتووەکانەوە بە بەشداری 153وڵەت بڕیاری ئەوە درا ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی قەدەغەکردنی جینۆساید و ڕێزگرتن لە قوربانیان و سزادانی بکەرانی بناسرێت , مرۆڤایەتی خرایە بەردەم ئەرکێکی ئەخلاقی کە بەرەو ڕووی جینۆساید ببێتەوە.
جینۆساید یەکێکە لەو تاوانە گەورانەی مرۆڤایەتی بە دەستییەوە دەتلێتەوە, تاوانێکە بوونی گرووپە مرۆییەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، بیروباوەڕ......دەکاتە ئامانج, هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی, ڕێگریکردن لێی بەرپرسیارییەتییەکی دەستەجەمعییە, پێویستی بە هاوکاری دەوڵەتان,دامەزراوەکان, تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
لێ لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە لە کوردستان دەکەینەوە, بە داخەوە لە عێراقەکەی ئێمە کە 66 ساڵە پەیوەست بووە بە ڕێکەوتننامەکەوە, کەچی پڕۆسەی جینۆساید بە دوای پڕۆسەی جینۆساید تیایدا دووبارە دەکرێتەوە, تاوانبارانی جینۆساید ئازادن و لە پێگەی خۆیانەوە وەک بەشداربووی تاوان سەیر ناکرێن و دان نانێن بە ڕاستییەکاندا, لە بۆنەکاندا وەک ڕێزلێگیراو دەردەکەون و دوای مردنیان پرسەی شاهانەیان بە ئاڵای کوردستانەوە بۆ دادەنرێت, ئێستا لەوپەڕی هێزو دەسەڵاتی خۆیاندان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و .....
پێویستە ژینگەی لە بار بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید پێک بهێنرێت وەک پابەند بوون بە پاراستنی مافی مرۆڤ, سزادانی تەمجیدی تاوانبارای جینۆساید و تاوانە گەورەکان, پابەند بوون بە ڕێکەوتننامە جیهانییەکان, هاندانی کلتوری ئاشتی و پێکەوە ژیان و جیهانێکی ئاشتیانەتر و شکۆمەندتر بۆ هەموو گەلان.
بۆ ئەوەی ڕێز لەو بڕیارە جیهانییە و قوربانیانی جینۆساید بگرترێت و قوربانیان کەرامەتیان پارێزراو بێت, پێویستە دەستبەجێ تاوانباران دادگایی بکرێن, ئەوە گەڕاندنەوەی ڕێز و کەرامەتە بۆ قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردستان. هەر لێرەوە وەک ئەم ڕێکخراوانەی ناوییان لە خوارەوە هاتووە داوا لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق دەکەین ئەم ڕۆژە بە فەرمی بناسێنن بکرێتە ڕۆژێکی تایبەت تیایدا ڕێز لە قوربانیانی جینۆسایدی کوردستان و عێراق بگرن و وەڵام بە سەرجەم داواکارییەکانیان بدرێتەوە لە دادگاییکردنی تاوانباران, باشترکردنی ژیانیان, داوای لێبوردن کردن لێیان, قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوییان, گەڕانەوەی ڕوفاتی ئازیزانیان , ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و ئازادکردنی هەموو بەڵگەنامەکان, بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید و دڵنەوایی قوربانیان عێراق دەستبەجێ ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
لە کۆتاییدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە میکانیزمی کاریگەرتر بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و دەستتێوەردانی خێراترو کاریگەرتر و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان بەبێ جیاوازی پەرەپێبدات, بۆ ئەم مەبەستە دەسەڵاتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەهێزترو فراوانتر بکات.
لە کۆتاییدا جگە لە ئیدانەکردنی تاوانەکانی جینۆساید کە بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامدراون لە ئێستا و مێژوودا هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ قوربانیانی جینۆساید بە درێژایی مێژوو لە تەواوی جیهان دەردەبڕین، لەوانە قوربانیانی هۆلۆکۆست، ئەرمەن, ڕواندا, بۆسنە، بەنگەلادیش.........تاوانەکانی دیکە, کە هەرگیز نابێت دووبارە ببنەوە.
$ناوی ڕێکخراوەکان:$
1- ڕێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان.
2 تۆڕی ئایکان کوردستان.
3 ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان.
4 ڕێکخراوی جیهان بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی.
5 هەلمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە کوردستان.
6 هەڵمەتی دادپەروەری.
7-ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان وجینۆسایدکراوان.
8-رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید.
9 -تۆڕی هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی-koncicc.
10-رۆژنامەی نگرە سەلمان.
11-تۆڕی ڕێکخراوە کوردستانییەکان بۆ قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی و کۆکوژ-KNOW.
12-رێکخراوی چاودێری کوردستان-چاک کوردستان.
13-گۆڤاری تۆبزاوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=