ناونیشانی بابەت: چەند پەیڤێک سەبارەت بە پاسۆک
نووسەر: #بەختیار شەمەیی#
پاسۆک، کورتکراوەی (#پارتی سۆسیالیستی کورد#) بوو. لە ڕێکەوتی #11-09-1975# دا لە لایەن چەند هاوبیرێکی دێرینی (#کاژیک#)ەوە، شاری #کەرکووک# دامەزرێنراوە. پاسۆک، پارتێکی نەتەوەیی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ بوو. ئامانجی سەرکیی پاسۆک لە هەنگاوی یەکەمدا، ئازادیی کورد و یەکگرتنەوه و سەربەخۆیی کوردستانی گەورە بوو. سەرەنجام، چەسپاندنی سەروەیی یاسا و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ئازادییە دیمۆکراتییەکانی کۆمەڵگە و مسۆگەرکردنی ئازادی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گشت هاونیشتمانییەکی کوردستان بەبێ جیاوازیی کردن لەنێوان ڕەگەز و بیروباوەڕ و ئایین و ئایینزا کێکجیاوازەکانەوە.
پاسۆک پێش هەر شتێک، بیروباوەڕ بوو، بیروباوەڕی نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەرەوەریی هاوبیرە نەتەوەییەکانی کورد بوو. لە کوردستاندا و لەناو کورد و لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە سەرچاوەی گرتبوو.
پاسۆک ڕێباز و ئامانج و هیوا بوو. هەڵگری ئاڵای پیرۆزی کوردایەتی بوو. بۆ ئازادیی کورد و یەکگرتنەوەی سەربەخۆیی کوردستان، بڕوای بە تێکۆشانی ڕامیاری و چەکدارانە، لەسەر بنەمای بە ڕەوشتی شۆڕشگێڕانە هەبوو. پاسۆک، لە ڕووی ژمارە و هێزی چەکدارەوە، کەم و کەمتوانا بوو، بەڵام پاک و دڵسۆز و چۆنایەتییەکی باشی هەبوو، بەکورتییەکەی زۆر و بۆر نەبوو. لەشکری ڕەش و بێ بیروباوەڕ نەبوو.
پاسۆک، بە هۆی نەتەوەیی بوون و کوردایەتی کردن و سەربەخۆبوون و جیاوازبوونییەوە، لە دەرەوە و لە ناوەوەی کوردستان، نەیار و دژ و دوژمنی زۆر بوو.
شایانی وتنە ئەگەر پاسۆک هەتا ئەمڕۆ بیتوانیایە بمێنیتەوە و بەردەوام بووایە، دەکرا ئێستا هێزێکی گەورەی باشووری کوردستان بووایە. یان هێزی سێیەم بووایە. ئەوسا ئەو ئەگەر بەهێز بوو کە بارودۆخی باشووری کوردستان ئەم بێ خاوەنی و بێ یاسایی و پاشاگەردانییەی ئەمڕۆی بەخۆیەوە نەبینیایە، چونکە ئەگەر پاسۆک خاوەن جەماوەری زۆر هێزی زۆر بووایە، نەدەبوو و نەدەکرا هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆی نیشان نەدابایه.
ئەگەرچی پاسۆک تەمەنی کورت بوو، بەڵام هەر پاسۆک بوو کە بۆ یەکەمجار، ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لە شاخ و شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا شەکاندەوە، ئەمە مێژوویەکی پڕ لە شانازی و سەروەرییە بۆ کورد و بۆ پاسۆک.
زۆر بەداخەوە دەبێت لێردا دان بە ڕاستییەکی تاڵ و دڵتەزینیشدا بنێین کە دوای کۆچیدوایی هاوبری نەمر ئازاد مستەفای سکرتێری پاسۆک، بە هۆی لێنەهاتوویی و بەرژەوەندپەرستیی هەندێک لە هاوبیرانی سەرکردایەتییەکەیەوە، بەنای یەکگرتنەوە، پاسۆکیان لەناو پارتیدا تواندەوە و سەدان هاوبیر و لایەنگر و دۆستی پاسۆکیان ڕەنجبەخەسار و نائومێد و سەرگەردان کرد!؟
بەدڵنیاییەوە، ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی بیروباوەڕ و ڕێبازی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەریی پاسۆک، بۆ هەمیشه لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە و هەر دەژی.
بێگومان ئەمڕۆ باشووری کوردستان بە ڕوون و ئاشکرایی، جێچۆڵیی ڕێباز و بیروباوەڕی کوردایەتیی پێوە دیارە و لە هەموو کاتێکیتر پێویستی بە بیروباوەڕی کوردایەتی و بە پارتێکی نەتەوەیی پاک و دڵسۆز و ئازادیخواز و سەربەخۆییخواز و شۆڕشگێڕ هەیە.
دواجار با ئەو ڕوونکردنەوەیەش بەو هاوڕێ و هاوبیرانە ڕابگەیەنین کە دەپرسن: بۆچی پاسۆک درووست ناکەنەوە!؟ وەڵامەکەی ئەمەیە، لە ساڵانی ڕابووردوودا چەندین جار بەفەرمی داوامان لە دەسەڵاتی سیاسیی باشووری کوردستان کردووە کە مۆڵەتی یاساییمان هەبێت بۆ کارکردن بە ناوی پاسۆک یان هەر ناوێکی ترەوە کە وەک ڕێکخستنێکی نەتەوەیی ئازادیخواز و سەربەخۆییخواز کار بکەینەوە و وەکوو جاران، بە کۆمەڵ و لە چوارچێوەی پارتێکی ڕامیاریدا، کاربکەینەوە و لە خزمەتی کورد و کوردستان و بیروباوەڕی پیرۆزی کوردایەتیدا بینەوە، بەڵام مەخابن ئەو دەسەڵاتدارانەی باشوور، بە هۆی پێبەندبوونیان بە دەوڵەتە دوژمن و داگیرکەرەکانی کوردستانەوە، مۆڵەتی یاسایی بە هیچ پارت و ڕێکخستن و تەنانەت مۆڵەت بە بنکە یان سەنتەر ودامەزراوەیەیەکی نەتەوەیی نادەن کە بە فەرمی و یاسایی بوونی هەبێت!؟
بۆ ئاگاداریی هەمووان، ئێستا نە هاوبیرانی دێرینی کاژیک و پاسۆک و نە هیچ ڕێکخستنێکی نەتەوەیی لە باشووری کوردستاندا، ڕێگەپێدراو نین کە هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ڕۆشنبیریش بەئاشکرا و ئازادانە ئەنجام بدەن. بەڵام ڕاستییەکە ئەمەیە کە ئێمە وەک کۆمەڵێک لە هاوبیر دێرینەکانی پاسۆک، وەک تاکەکەس، هەتا ئێستا هەر پەیوەندیمان پێکەوە ماوە و هەر هەمان بیرکردنەوەی پاسۆکانەی خۆمان پاراستووە و تێکۆشانی نەتەوەییانە و کوردایەتیانە و ڕۆشنبیرانەمان هەر بەردەوامە.
$لە درووشمە سەرکییەکانی پاسۆک:$
- کوردستانێکی ئازاد، گەلێکی یەکسان.
- پێش ئەوەی هەر شتێک بین، دەبێت کورد بین. (واتە پێش ئەوەی هەر بیروباوەڕ و ئایین و ئایینزایەکمان هەبێت و سەربە هەر خێڵ و ناوچەیەک بین، دەبێت کورد و کوردستانی بین).
- کوردستان تەنیا موڵکی کوردە. (کوردستان بە سرووشتی و لە ڕووی مێژووییەوە، لانکەی سەرهەڵدانی کوردە و نیشتمانی سرووشتی و مێژوویی نەتەوەی کوردە).
- مرۆڤایەتیی کورد کوردایەتییە. (کورد بەشێکی تەواوکار و دانەبڕاوە لە مرۆڤایەتی، کەواتە هەر بە سرووشتی، کوردایەتی کردنی کورد، بەشێکە لە مرۆڤپەروەری و مرۆڤایەتییە).
- جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە.
- چەکی بێ بیروباوەڕ، سێدارەی جەماوەرە.
$هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە (پاسۆک)ەوە:$
=KTML_Bold=درووشمێکی پاسۆک بۆ هەميشە:=KTML_End=
ئەم درووشمەی پاسۆک لە گۆڤاری (ئالای سووری کوردایەتی)، ئۆرگانی هێزی پێشمەرگەی پاسۆک دا، وەک پێشنیازێکی کوردانە و دڵسۆزانە ئاڕاستەی هەموو لایەنە سۆڕشگێڕەکانی کوردستان کرابوو.
پێویستە ئەم درووشمە دڵسۆزانەیەی پاسۆک سوودی لێوەربگيرێت و پێڕه و بکرێت:
پاسۆک: (با هەر ئەوەندە ئاوڕ لە ڕابووردوو بدەينەوە کە خزمەتی ئێستا و داهاتوومان بکات).
=KTML_Bold=يەکێ لە درووشمە سەرەکييەکانی پاسۆک ئەمە بوو:=KTML_End=
(پێش ئەوەی هەر شتێک بين، دەبێت کورد بين).
واتە پێش ئەوەی سەربە هەر پارت و ڕێخکستنێکی ڕامياری بين، دەبێت سەربە نەتەوەکەمان بين، دەبێت کورد بين، پێش ئەوەی خۆمان بە دانيشتووی هەر شارێک، هەر گوندێک، هەر ناوچەيەک بزانين، دەبێت خۆمان بە کوردستانی و هاونيشتمانيی کوردستان بزانی.
پێش ئەوەی سەربە هەر ئايين و ئايينزايەک بين، دەبێت کورد بين و کوردستانی بين و کورد بوون و کوردايەتی ئامانجی سەرەکيمان بێت.
پابەند بوون بە ئايين و ئايينزا و ئايدیۆلۆژی و پارت و ڕێکخستنی ڕامياريەوه، ئەمانە کاروباری تايبەتی و تاکەکەسين، کوردايەتی و تێکۆشان بۆ ئازاديی کورد و يەکگرتنەوە و سەربەخۆيی کوردستان، ئەرک و فەرمانی سەرشانی هەموومانە، ئەمە پرسە گشتييە نەتەوەيی و نيشتمانييەکەمانە، ئەم پرسە وەک کورد و وەک هاونيشتمانيی کوردستان، کێشە و ژیان و چارەنووسی هەموومانە.
کورد بوون و کوردستانی بوون و کوردايەتی، هەموومان لەژێر يەک ئاڵادا کۆدەکاتەوە کە ئاڵای پيرۆزی کوردستانه. بەهيوای هەڵکردن و شەکانەوەی ئەو ئاڵا پيرۆزە لە هەموو بستێکی کوردستانی ئازاد و يەکگرتوو و سەربەخۆدا.
$پاسۆک و فيلمی کارتۆنی منداڵان:$
يادەوەرييەکی خۆش بۆ مێژوو.
ساڵی 1979 بارەگای (پاسۆک) لە گوندی (شێنێ) بوو، شێنێ يەکێک بوو لەو گوندە نەگوازراوانەی سەر سنووری فەرميی ئێراق و ئێران. شێنێ سرووشتێکی شاخاويی زۆر سەخت و زۆر جوانی هەبوو و پڕ لە باخ و بێستان و کانياو بوو. خەڵکەکەيشی زۆر پاک و دڵسۆز بوون و زۆر دڵسۆزی پێشمەرگە و شۆڕش بوون. ئێمەيش، هاوبيرانی پاسۆک، دوو خانووی چۆڵکراومان خاوێن کردبووەوە و کردبوومانن بە بارەگای خۆمان. لە شێنێ جگە لە ئێمە بارەگای زۆربەی پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانيشی لێبوو، ماڵی خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ عيزەدينی حوسێينی لە پشتی بارەگاکەی ئێمەوە بوون. بارگای پاسۆک بە وتەی د. قاسملۆی نەمر، بووبوو به (بارەگای نەتەوە يەکگرتووەکان)، زۆربەی کۆبوونەوەکانی ڕێکەوتن و هەوڵی ئاشتی و ئاشتبوونەوەی هەموو پارت و ڕێکخراوه ناکۆک و دژبەيەکەکانی ئەو سەردەمە، هەموويان له بارەگای پاسۆک ئەنجام دەدران. بەکورتييەکەی بارەگای هاوبيرانی پاسۆک کراوە بوو بۆ هەموو کەس و لايەنێک. لە شێنێ هاتوچۆ و ميوانداری لەنێوان پێشمەرگەی هەموو لايەنەکاندا هەبوو. بارەگای پاسۆک بەردەوام به و توانا ماديی و مرۆڤييه کەمەی کە هەمانبوو، بەڵام هەميشە پڕ لە ميوان بوو. هەموو پێشمەرگە و کەسايەتی و لايەنەکان بارەگای پاسۆکيان به ماڵی خۆيان دەزانی. تاکە بارەگای پێشمەرگەی کوردستانيش بوو کە ئاڵای پيرۆزی کوردستانی تێدا هەڵکرابوو. ئەمه بۆ مێژوو دەبێت باس بکرێت که ئەو دەمە هەموو لايەنەکانی ديکەی کوردستان، دژی هەڵکردنی ئاڵای پيرۆزی کوردستان بوون، پيشاندان و بەرزکردنەوەی ئاڵای پيرۆزی کوردستانيان بە شۆڤێنيزم و ڕەگەزپەرستی و جيابوونەوەخوازی دەزانی!؟ بەڵام ئاڵای کوردستان لای هاوبيرانی پاسۆک يەکێک بوو له هەره هێما پيرۆزەکانی کورد و کوردستان، پاسۆک، بە ژمارە کەم بوو، بەڵام لە هەڕەشە و گلەيی و گاڵتەپێکرن، بێباک بووين و ئاڵای پيرۆزی کوردستان بەسەر بارەگای پاسۆکەوە هەردەم بەسەربەرزی و ئازادی دەشاکايەوە. ئەم پێشەکييە پێويست بوو بۆ ئەوەی بابەتێکی گرنگتان بۆ بگێڕمەوە کە ئەمەیە: شەوێکيان هاوڕێيانی کۆمەڵەی مارکسی-لينينی کوردستان-کملک، ميوانی ئێمە بوون. لە ڕاستيدا هاوڕێيانی کۆمەڵە زووزوو سەردانيان دەکردين و نێوانمان باش و خۆش بوو. لەو ميوانیدارى و دانيشتنانەدا بەگشتی باسی هەموو بابەتێک دەکرا. لە يەکێ لەو دانيشتن و ميواندارييانەدا، هاوبيری نەمر، کاکە فەرهاد خەفافی گيانبەخشيوو، باسی پێويستبوونی بە کوردی کردنی فيلمی کارتۆنی بۆ منداڵانی بە کورد و کوردستان کرد و زۆر بە پێويست و گرنگ و پڕبايەخ بابەتەکەی باس دەکرد، بەڵام بەداخەوە هەموو ميوانەکان کرديان به پێکەنين و گاڵەتە و گەپ و وتيان ماڵتان ئاوا بێت هاوبيرانی پاسۆک ئێوه هەموو شتێکتان هەر بە کوردی دەوێت و بەدەست ئێوە بێت هەموو شتێک ببێت بە کوردی! بەکورتييەکەی باسەکە به و پێکەنين و گاڵته و گەپە کۆتايی پێهێنرا. پرسيارەکه لێرەدا ئەمەيە: ئايا هاوبيرانی پاسۆک لەو سەردەمەشدا، لەو بێ توانايی و به و ژمارە کەمەشەوە هەر ئاسۆی بيرکردنەوە و بيروباوەڕی کوردايەتييان فراوانتر نەبووە؟ تێگەيشتن و ڕەهەندی بيرکردنەوەيان پێشکەوتووتر و دووربينانەتر نەبووە؟ دڵسۆزتر و خەمخۆرتر نەبوون بۆ پەروەردە و ژيانی داهاتووی منداڵانی کورد و کوردستان؟ بەڵام خۆشبەختانە، ئەمڕۆ هەموو لايەنە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، دامودەزگەی گەورە و شوێنکار و ستۆديۆی پێشکەوتوويان بۆ بەرهەمهێنان و دۆبلاژکردنی فيلمی کارتۆنی منداڵان دامەزراندووه و به سەدان کارمەند و بە دەيان هونەرمەند و شێوەکار و هونەرپیشه، لەم بووارەدا کار و خزمەت دەکەن و بووەتە پيشە و سەرچاوەی ژيانيان. بە ميلۆنان دۆلار بۆ ئەم مەبەستە پيرۆزە خەرج دەکەن و ڕۆژانه له کەناڵە تيڤييەکانيانەوه پەخشی ئەو فيلمی کارتۆنی کوردیيه دەکەن که ئەو سەردەمه، جگە لە هاوبيرانی پاسۆک، هەموويان به خەياڵ و شۆڤێنيزم و ڕەگەزپەرستييان دەزانی و گاڵتە و پێکەنينان پێی دەهات!؟.
ئيتر هەموو لايەکتان هەر سەرکەوتووبن ..... هەر بۆ پێشەوە.
$بۆ مێژوو ..... پاسۆک و ئاڵای پيرۆزی کوردستان:$
ڕەنگە هەتا ئێستا لای هەمووان ئاشکرا و زانراو نەبێت کە بۆ يەکەمجار چ پارتێک دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ئاڵای پيرۆزی کوردستانی لە باشووری کوردستان هەڵکردووه!؟
بێگوامان بەسەربەرزی و شانازييەوە، پاسۆک يەکەمين پارتی ناو بەڕەی کوردستانی بوو کە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان له باشووری کوردستان، ئاڵای پيرۆزی کوردستانی لەسەر بارەگای پاسۆک لە گوندی (شێنێ) هەڵکرد. هاوبيرانی پاسۆک يەکەمين پێشمەرگەی کورد و کوردايەتی بوون کە ئەو کارە نەتەوەييە پيرۆز و ئازايانەيان ئەنجام دا.
لە هەندەرانيش هەر هاوبيرانی پاسۆک بوون کە بۆ يەکەمينجار لە هەموو بۆنە و خۆپيشاندانە سياسييەکاندا ئاڵای پيرۆزی کوردستانيان بە گەلانی جيهان ناساند.
شايانی باسە، پێشمەرگەکان و هاوبيرانی پاسۆک، لەسەر هەڵکردنی ئاڵای پيرۆزی کوردستان، دووچاری کێشە و هەڕەشەی لايەنە دەسەڵاتدارەکانی ناو بەڕەی کوردستانی بوونەوە کە ئەو کاتە ئەوان پێيان وا بوو کە نابێت بە هۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە، بە جيابوونەخواز و سەرەبەخۆييخوازمان بزانن!؟ بەڵام پێشمەرگەکان و هاوبيرانی پاسۆک، ئەگەرچيش ژمارەيەکی زۆر کەم بوون و لەباری ماديی و سەربازييەوه هەژار و کەمتوانا بوون، بەڵام هەر سوور بوون لەسەربەرز ڕاگرتنی ئاڵای پيرۆزی کوردستان و ئەو ئاڵا پيرۆزه نەتەوەييەيان بە خوێنی خۆيان شەکاندەوە و پاراستيان.
زۆر بەداخەوە ئێستا لە باشووری کوردستان، تاکە پارتێک و ڕێکخستنێک کە لە ڕووی ياساييەوە لەلايەن دەسەڵاتی کوردييەوە، ياساخ بێت، پاسۆک و هاوبيرانی نەتەوەيين، بەڵام هەر ئەو دەسەڵاتە بە پارە و بوودجەی ميللەت، تی ڤی و ڕاديۆ و ڕۆژنامە و گۆڤاری بۆ ئيسلامييە ساييە درووستکراو و بەکرێگيراوەکان درووست کردووە بە هەزارانيانی بە مووچەی زۆر و موفت، خانەنشين کردوون کە هيچيان تەنانەت بۆ يەک چرکەش کوردايەتييان نەکردووە و کەسيان پێشمەرگەی کورد و کوردستان نەبوون و بە دڵنياييەوه، يەک دڵۆپ فرمێسک و خوێنيشيان بۆ کورد و کوردستان و کوردايەتی نەڕژاوە!؟ بە پێچەوانەوە هەر هەموويان بەر چاوی ميللەت و دەسەڵاتەوە، بە ئاشکار و بە ئازادانە هاوسۆزی چەکدارە تێرۆريستەکانی #داعش#ن و بانگاشه بۆ داعشيزم دەکەن و بەئاشکرا و ئازادانە و بە پلان و پيلان و بەرنامەی دوژمنانی کورد و داگيرکەرانی کوردستان، زۆر چالاکانە خەريکی تەعريبچێتی و بەعەرەب کردنی کورد و کوردستانن!؟
بەڕاست ئەمە چ کارەساتێکی نەتەوەيی نيشتمانييە، کە ئەمڕۆ باشووری کوردستان خاوەنی ئەو هەموو باند و گرووپە ئيسلامييە سياسيانەيە، خاوەنی يەک لەشکری گەورە لە مەلا و بانگخواز و مامۆستای ئايينی و فەقێ و دەروێش و خوێندکاری خوێندنگە ئيسلامييە داعشييەکانە، بەڵام پارتێکی نەتەوەيی شۆڕشگێڕ و سەردەميانە نەبێت و بۆی نەبێت بە ئازادانه و ئاشکرا کار و چالاکيی کوردايەتی ئەنجام بدات!؟
ئێستا کێشە و خەممان ئەم پرسيارەیە: ئايا ئەم ئەزموون و دەسەڵايە سياسييەی باشووری کوردستان، بەردەوام دەبێت و هەر وەک ئێستا دەمێنێتەوە و داهاتووی دەبێت!؟
$باشووری کوردستانی بێ (پاسۆک) و بێ بیروباوەڕی کوردایەتی و بێ سەربەخۆییخوازی:$
ئێمە دەڵێین: ڕاستە پاسۆک بە ژمارە کەم بوو، بەڵام پاسۆک بیروباوەڕ بوو، هێزی ژیاندنەوەی هەست و هۆش و گیانی کوردایەتی و کوردستانی بوونی نەتەوەی کورد بوو .
- پاسۆک بوو بڕوای بە کۆکردنەوەی ئەندامانی زۆروبۆر و لەشکری ڕەش و بێبیروباوەڕ نەبوو.
- پاسۆک بوو دژی لێخۆشبوونی گشتی بوو بۆ خۆفرۆشتووان و ناپاکان و نیشتمانفرۆشان و کۆنە #بەعس#ی و جاش و سەرجاش و موستەشار و ئەنفالچییەکان!؟
- پاسۆک بوو دوای کۆماری کوردستان لە #مەهاباد#، ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لە شاخ و شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا بەرز شەکاندەوە.
- پاسۆک بوو دوای (کاژیک)، بەئاشکرا بانگی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی دا.
- پاسۆک بوو، فێری میللەتی کوردی کرد کە کوردیش وەک نەتەوە و کوردستانیش وەک نیشتمان، هەمان مافی نەتەوەکان و نیشتمانەکانی دیکەی جیهانی هەیە.
- پاسۆک بوو بانگی یەکێتیی نەتەوەیی کوردی دا بە گوێیی هەموو کوردانی کوردستانی گەورەدا.
- پاسۆک بوو دژی شەڕی ناوخۆ و دژی براکوژی و دژی کورد بە کورد بەکوشتدان بوو و هەرگیز دەستپێشخەری شەڕی براکوژی نەبووه.
- پاسۆک بوو درووشمی (پێش ئەوەی هەر شتێک بین، دەبیت کورد بین) واتە پێش ئەوەی سەربە هەر لایەنێک بین، هەر ئایین و ئایینزایەکمان هەبێت، هەر بیروباوەڕێکمان هەبێت، دەبێت کورد بین.
ئێستا کاتی ئەوەیە وەک هاوبیرانی پاسۆک لە سەرانی پارتە دەسەڵاتدارەکان و لە دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی کوردی بپرسین: باشتر نەبوو لەبری مۆڵەتدانی یاسایی بە هەموو ئەو باند و گرووپە ئیسلامییە سیاسییانە و کۆمەک کردن و یارمەتیدانیان، کە ئێستا بوون بە ئەژدیها لێتان و گەنجانتان بە بەرد و ئاگرەوە دەکەن بە گژدا و بارەگاکانتان دەسوتێنن، مۆڵەتی یاساییتان بە نەتەوەییەکان بدایە و تا لە بارودۆخێکی ناسک و هەستیاری وەک ئەمڕۆدا، ئارامی و ئاساییش و ئاشتیی کوردستانیان بپاراستایە!؟
بۆچی نەتەوەییەکان تاکە لایەن بن کە مۆڵەتی یاسایی کارکردنیان پێنادرێت و بواریان پێ نادەن کە خاوەنی دەنگ و ڕەنگی خۆیان نەبن، بۆچی تەنیا نەتەوەییەکان بن کە مافی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیان نەبێت لە کەناڵی تی ڤی و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان!؟
بۆچی لە باشووری کوردستاندا تەنیا ڕێکخستنی نەتەوەیی دەوڵەتخواز و سەربەخۆییخواز، هاوکاری ناکرێت و بوودجەی بۆ تەرخان ناکرێت و مافی کارکردنی یاسایی پێنادەن مافی هەبووی نییە!؟ بۆچی!؟
$پاسۆک و کۆمەڵە:$
کۆمەڵەی مارکسی-لینینیی کوردستان کە پاشان ناوی گۆڕا بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لەگەڵ پارتی سۆسیالیست کورد پاسۆک دا، ئەگەرچیش دوو جیهانبینیی سیاسیی لێکجیاوازیان هەبوو، بەڵام چەندین ڕوانگە و شێوازی کارکردن و وتاری هوبەشیان هەبوو. هەرچەند هەر دوو ڕێکخستنەکە لە دوو هەلومەرجی جیاوازدا سەریانهەڵداوە، بەڵام هەردووکیان چەندین ئامانجی هاوبەشیان هەبوو کە دەتوانین زۆر بە کورتی ئاماژەیان پێبدەین:
- هەر دوو لایەن باوەڕیان بە یەکێتیی کورد و ئازادی و یەکگرتنەوەی کوردستای گەورە هەبوو.
- لە وتاری هەردوو لادا، کوردستان، وەک نیشتمانیی مێژوویی و سروستیی نەتەوەی کورد و هاونیشتمانییانی کوردستان دەستنشانکرا بوو.
- خاڵی هاوبەشی شێوازی ڕێکخستن و کارکردنی هەر دوو لا ئەوە بوو کە لەسەر بنچینەی کەم و پوخت درێژرابوو، ئەندامانی هەردوولا لە پاکترین و دڵسۆزترین تاکەکانی کۆمەڵگە پەسەند کرابوون.
- هەر دوو لا دژ و دوژمنی ئێراقچێتی و داگیرکەرچێتی بوون.
- هەر دوو لا بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد و کوردستان، بڕوایان بە خەباتی چەکدارنە و زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە هەبوو.
- هەر دوو ڕێکخستنەکە وەکوو دوو خوێندنگە و فێرگەی پێگەیاندنی ئەندامان و کادرانی دڵسۆز و لێهاتوو و لەخۆبووردوو بوون بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.
- سەرەنجام، هەردوو لا بەهۆی ئەم تایبەتمەندییە ڕێکخراوەییانەیانەوە، دووچاری یەک سەرەنجام بوونەوە و لەنێوچوون.... زۆر بەداخەوە!؟
$ئەزموونێکی تاڵی نێوان یەکێتی و پاسۆک:$
به و هیوایەی لایەنە سیاسییەکانی کورد، سوود لە ئەزموونەکانی ڕابووردوو وەربگرن و ئەو مێژووە خراپە، هەرگیز دووبارە نەکەنەوە.
سەرەتای هەشتاکان، هێشتا هیچ کێشەیەک نەکەوتبووە نێوان یەکێتی و پاسۆکەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە، ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ڕووی دا: مەفرەزەیەکی یەکێتی، لە شارباژێڕ، بەبێ هیچ هۆکار و بەڵگە و دادگاییەک، دوو هاوبیر و پێشمەرگەی پاسۆک، نەمران بێستوون و فارس یان بەبەرچاوی گوندنشینەکانەوە گوللەبارانکرد. شایەنی باسە ئەو دوو هاوبیر و پێشمەرگەیەی پاسۆک، لە ئەنجامدانی چالاکییەکی شۆڕشگێرانە، لە #سلێمانی#یەوە گەڕابوونەوه و دووچاری ئەو چارەنووسە چاوەڕواننەکراوە کرابوون. پاشان پاسۆک، لە تۆڵەی ئەو تاوانەدا، لەشەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارانەدا، هەر لە شارباژێر، کۆتاییان هێنا بە ژیانی 7 پێشمەرگەی یەکێتی و چەند پێشمەرگەیەکیشان بریندار بوون، زۆر بەداخەوە لەو شەڕەدا نەمران مامۆستا جەمال و فەرهاد قادر کە زاوا و ژنبرای یەکتری بوون، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی تردا، گیانیان لەدەست دا. لەو شەڕەدا پاسۆک هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوت. ئەمە کارەسات و ڕووداوێکی زۆر دڵتەزێن بوو بۆ هەردوو لایەن و بێگومان بۆ کورد و کوردایەتیش. دوای ئەو کارەساتە، سەرکردایەتیی یەکێتی لە نامەیەکدا بۆ پاسۆکیان نووسیبوو: هیچ نەبوویایە داش بەداشتان بکردایە!؟ واتە پێشمەرگەی کورد داشی دامەن و دەبێت داش بە داشیان پێبکرێت. پاسۆک لە وەڵامدا بۆ یەکێتیی نووسیبوو: ڕاستە ئێوە لە ئێمە زۆرتر و بەتواناتر و بەدەسەڵاتترن، بەڵام دەبێت تێبگەن کە هەموو کونێک کونی دەست پیاکردن نییە!؟
زۆر بەداخەوە لەو کارەسات و ڕووداوانەدا، هیچ لایەک نەک هەر سوودمەند نەبوون، بەڵکوو ماوەیەکی زۆریش نێوانی یەکێتی و پاسۆک تێکچوو و هەردوولا تێیدا زەرەرمەندبوون. لەگەڵ هەموو ئەو تاوانانەشدا کە بەرانبەر یەکترکران، به و مێژووە خراپەشەوە، سەرەنجام، بە ناچاری، یەکێتی و پاسۆک پێکەوە دانیشتن و ڕێککەوتنەوە و داوای لێبووردنیان لە یەکتری کرد!؟
گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێن و کارەساتباره، به و مەبەستەیە کە هەمووان تێبگەین، ئەگەرچی هەڵە و تاوانیشمان بەرانبەر یەکتر کردبێت، کە نابێت هەرگیز دووبارەیان بکەینەوە، بەڵام ئێمە هەموو کوردین و هاوخوێن و هاونیشتمانی و هاوبەرژەوەندی و هاوچارەنووسین. سەرەنجام هەر دەبێت، لەبەر بەرژەوەندیی کورد و کوردایەتی، داوای لێبووردن لە یەکتری بکەین و ڕێکبکەوینەوە و لاپەڕەکی نوێ لەگەڵ یەکدیدا هەڵبدەینەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی هەموو ئەو پێشمەرگە نەمرانەی یەکێتی و پاسۆک کە زۆر بەداخەوە، بە ناڕەوا بوونە سووتەمەنیی شەڕێکی نەخوازراو و ناپێویست..... ڕەوانیان شاد و ئاسوودە بێت
$مردن و ڕۆژ تەواو بوون بۆ هەمووانە، بەڵام نابێت بەدەستی خۆت ئەنجامی بدەيت:
یادەوەرییەک.....$
ساڵی 1979 کە لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەکان و هاوبيرانی (پاسۆک) دا بووم. ڕۆژێکيان لەگەڵ هاوبير پێشڕەودا بەرەو دۆڵەتوو دەگەڕاينەوە، دوو تفەنگی ژێ سێ مان پێبوو، لەپڕ گوێمان لە دەنگی هێليکۆپەتەر بوو، کە تاماشامان کرد پۆلێک هێليکۆپەتەری ئێرانی بەرەو لای ئێمە دێن، بە هاوبير پێشڕەوم وت: با ڕاکەين خێرا لە شوێنێکدا خۆمان بشارينەوە. هاوبیر پێشڕەو، پێشمەرگەيەکی زۆر ئازا و چاونەترس بوو، وتی خۆشاردنەوەی چی، کە نێزيک بوونەوە دەستڕێژيان لێدەکەين، بەڵکوو يەک دووانێکيان لێ بخەينە خوارەوە! ئیتر يەکسەر، بە زۆر پەلکێشم کرد و وتم ڕاکە هەتا نەهاتوونەتە سەر سەرمان با خۆمان بشارينەوە، با بزانين چی ڕوو دەدات. زۆری پێنەچوو هێليکۆپتەرەکان گەيشتنە سەرمان، بەڵام ئێمە لەبن داروبنە و کەندەڵانێکدا خۆمان شاردبووەوە، پێشڕه و وتی هەستە با دەستڕێژیان لينکەین، وتم هاوبير گيان تۆ بۆ گيانی خۆت لێ زيادە، بەم 2 ژێ سێ و چەند فیشەکەوە، هيچمان پێناکرێت و زۆر بەئاسانی هەردووکمان دەکوژن. بەکورتييەکەی چەند خولەکێک، بە ترس و لرز و دڵەڕاوکێوە ئەو مشتومڕەمان بەردەوام بوو و هێليکۆپەتەرەکانيش چەند مووشەکێکيان بەردايە خوارەوە و چەند دەستڕێژێکی زۆريان لەو ئۆتۆمێل و بار و کەلوپەلانەی حيزبی دێمۆکراتی کوردستان کرد کە لەو ناوچەيەدا بەجێيان هێشتبوون، ئيتر پاشان دوورکەوتنەوە و ڕۆيشتن. ئێمەيش کە دڵنيا بووينەوە هيچ مەترسییەک لە گۆڕيدا نەماوە، هاتينە دەرەوە و بەڕێکەوتينەوە، پاشان پێشڕه و وتی: بەخوا باش بوو خۆمان کەر نەکرد و دەستڕێژمان لێنەکردن، ئەگەرنا ئێستا فتيان کردبووين. پێم وت برا گيان ئێمە بۆ ئەوە چەکمان هەڵنەگرتووە کە هەر دەبێت بکوژرێين، بەڵکوو لە پێناوی بەرگری و ئازادی و مانەوەدا چەکمان هەڵگرتووە، بەڵام ئەگەر لەم پێناوەشدا پێويست بکات و لەناو بچين، ئەوە ئێمە بە خواستی خۆمان ئەم ڕێگەيەمان هەڵبژاردووە و دەبێت ئامادەبين باجەکەيشی بدەين. بەکورتييەکەی، خۆشاردنەوە و خۆپاراستن یان ترسنۆکیش، لە کاتی پێويستی خۆيدا، سوودی خۆی هەر هەيە.
$کۆيلە و ڕۆبۆت و تاکپەرست:$
بێ ناو هێنان، چەند کەسانێک کە ئێستا هيچيان لە ڕيزبەندی هاوڕێکانی لاپەڕەکەمدا نەماون، بۆيان نووسيبووم، ..... تۆ (پاسۆک) بوويت، بۆچی وێنەی گەريلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و #شەڕڤان#ەکانی يەپەگە و يەپەژە بڵاو دەکەيتەوە!؟
بەگشتی ئەم وەڵامەم بە هەموويان داوەتەوە:
بەڵی بە شانازييەوە پاسۆک بووم و ئێستايش وەک بیرکردنەوە و بیروباوەڕ و ئامانج، هەر پاسۆکم، ئەگەرچی ئێستا پاسۆک بنکە و کار و چالاکيی سياسيی لە باشووردا نەماوە، بەڵام پاسۆک وەکوو مێژوو و بيروباوەڕ و کاريگەريی هەر ماوە و هەر دەمێنێت، بەڵێ لەبەر ئەوەی کە پاسۆک بووم و پاسۆکم، پاسۆک فێری کردووين که نەتەوەی کورد و نيشتمانی کوردستان بەشێکن لە مرۆڤايەتی و جيهان، هەربۆيە کوردايەتيی کورد، مرۆڤايەتييە و مرۆڤايەتيی کورد، کوردايەتييە. پاسۆک فێری کردووين کە کورد يەک نەتەوەیە و کوردستان يەک نيشتمانە، هەموو بستێکی کوردستان سەنگەری تێکۆشانی هەموو پێسمەرگە و گەريلا و شەڕڤانێکە. بەڵێ بە شانازييەوە وێنە و چالاکييەکان و بابەتەکانی پێشمەرگە و گەريلا و شەڕڤانەکان بڵاو دەکەمەوه و ئەمە ئەرک و فەرمانی سەرشانمه.
شايانی باسە، جگە لەوانەی کە باسم کردن، کەسانێکی زۆری ديکەيش هەن کە ناوێرن و ناتوانن نە لايکی بابەتاکان بکەن و نە بە يەک وشەش کۆمێنتێکيان لەسەر بنووسن، چونکە ئەوە زيانی بۆ پەزەکانيان و بۆ بەرژەوەندييە تايبەتييەکانيان دەبێت.
بژی بيروباوەڕی بەرز و پيرۆزی کوردايەتيی پاسۆک.
هەر سەرکەوتووبن، هەر بژين پێشمەرگەکان و گەريلاکان و شەڕڤانە ئازا و دڵسۆز و گيانلەسەردەستەکانی پاراستنی کورد و کوردستان.
$یادەوەریی دامەزراندنی پارتی سۆسیالیسی کورد، (پاسۆک):$
چەند بەڕێزێک، لە ڕووی دڵسۆزی و خەمخۆرییانەوە، بە پەیام و بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوەکردم و هەموویان ئەو پرسیارەیان دەکرد کە ئەمڕۆ یادەوەریی دامەزراندنی (پاسۆک)ه، ئەی بۆچی هیچ دەنگتان نییە!؟
لە ڕاستیدا ئەمڕۆ نە له کوردستان و نه لە هەندەران، بزووتنەوە و چالاکییەک نەماوە بە ناوی پاسۆکەوە، ئەوەی هەیە هەر هەوڵی تاکەکەسیی هاوبیرانی پاسۆکە، ئەمەش شوێنی حیزبایەتی و چالاکی سیاسی بەکۆمەڵ ناگرێتەوە. زۆر بەداخەوە لە کاتێکدا که ئەمڕۆ لە هەموو کات و سەردەمێکی دیکە، کورد و کوردستان پێویستیان بە هەبوونی پارت و ڕێکخستنی سیاسیی نەتەوەیی هەیە، کەچی شتێک نەماوە و نییە بە ناوی بیروباوەڕ و هەست و هۆش و گیانی نەتەوایەتی و کوردایەتییەوە!؟
کارەساتەکانمان لێرەوە دەستیان پێ کردووە!؟
$پاسۆک و ناسیۆنالیزم:$
برادەرێکی چەپ - بيروباوەڕ، له کورته پەيامێکدا بۆینووسيوم، (ڕاستە پاسۆک حيزبێکی ناسيوناليستی دژ بە عەرەب و تورک و فارس بووە).....!؟.
وەڵامی ئەو بەڕێزەم بەم شێوەیە داوەتەوە کە لێرەدا بۆ ئێوەی بەڕێزیشی بڵاودەکەمەوە:
براى بەڕێزم ..... ڕێز و سڵاوی زۆر بۆ ئێوە. زۆر سوپاس بۆ پرسيارەکەتان. هەوڵ دەدەم زۆر بەکورتی وەڵامی ئەو پرسيارەتان بدەمەوە، ئيتر خۆتان، چۆن تێدەگەن و چۆن بير لەم وەڵامەدەکەنەوە، سەرپشک و ئازادن.
بەر لە هەر شێک، پاسۆک دژی هيچ نەتەوە و هيچ کەمەنەتەوەييەک نەبووە. ئێمەی کورد خۆمان، نەتەوەیەکی ژێردەستە و چەوساوە و نيشتمان داگيرکراو و دابەشکراوين، کارێکی ژيربێژانە و ڕاست و ڕەوا نييە و نابێت، دژی هيچ نەتەوەیەکيتر بين. بەڵام دەکرێت بڵێين، لەناو نەتەوە سەردەستە و دەوڵەتدارەکانی تورک و عەرەب و فارس دا، کەسان و پارت و کۆڕ و کۆمەڵ زۆر هەبن که دوژمنی ئێمەی کورد بن. ئەمە ڕاستییەیەکە و نکوڵی لێناکرێت. بەڵام ئێمەی کورد، وەکوو نەتەوە، هەرگيز دژ و دوژمنی ئەوان نەبووين و نابين. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بە هيوا و ئاواتين کە ئەو نەتەوانە دۆستمانبن و دۆستيان بين و وەکوو چەند دراوسێيەک، يەکتری پەسەند بکەين و ڕێزلەيەکتری بگرین و بە ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا پێکەوه بژين. ئەمە لە بەرژەوەنديی هەموو لايەکمانە.
پاسۆک کوردايەتی، بيروباوەڕ و ڕێبازی بووه و تەنیا هەر کوردايەتيی کردووە. پاسۆک بڕوای تەواوی بە مرۆڤايەتی و دادپەروەريی کۆمەڵايەتی و دۆستايەتی و ئاشتيی نێوان نەتەوەکان هەبووە. پاسۆک مرۆڤايەتيی کوردی له کوردايەتيدا بەرجەستە کردبوو، چونکە کورديش وەک نەتەوە بەشێکه له مرۆڤايەتی. کەواتە مرۆڤايەتيی کورد، کوردايەتييە و کوردايەتی کردنی کورد، مرۆڤايەتييە. ئيتر چۆن دەکرێت و دەگونجێت، پاسۆک دژی نەتەوەيەکيتر بوو بێت!؟
ئايا پاسۆک پارتێکی ناسيۆناليست بووە؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسيارە ماتماتيکیانە نييە و بە ئا يان نا، بە ڕەش یان سپی، وەڵام نادرێتەوە. چونکە تێگەيشتن و بيرکردنەوە لە چەمکی ناسيۆناليزم، زۆر ئاڵۆزە و لێکدانەوە و شيکاری و ڕاڤەی جۆراوجۆری بۆ کراوە و دەتوانرێت بە گەلێ شێوە و شێواز پێناسە بکرێت. بەکورتییەکەی ناسیۆنالیزم، فرە ڕەهەندە و یەک جۆر نییە و پێناسە لێکجیاوازی هەیە.
بە کورتييەکەی زۆر بەئاسانی و سادەوساکاری دەڵێم: ئەگەر ناسيۆناليست بوونی پاسۆک هەر ئەوە بووبێت کە وەکوو پارتێکی نەتەوەپەروەر و نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕ و ئازاديخواز، بڕوای به و ڕاستييە هەبووە و بۆی تێکۆشاوە کە نەتەوەی کورديش هەمان ئەو مافانەی دەبێت هەبێت کە نەتەوە ئازاد و سەربەخۆ و دەوڵەتدارەکانی ديکەی جيهان هەيانە، ئەگەر ئەمە ناو بنرێت، ناسيۆناليزم، ئەوا بەڵێ پاسۆک بە شانازييەوە پارتێکی ناسيۆناليستی کوردی بووە. بەڵام ئەگەر ناسيۆناليزم، بیرکردنەوە و بزووتنەوە و هەوڵی داگيرکاری و بەطاڵانبردنی سامانی نيشتمانی نەتەوەيەکيتر و ژێردەستەکردن و چەوساندنەوە و کوشتو کوشتاری نەتەوە و کەمەنەتەوەییەکی تر بێت، ئەگەر ناسیۆنالیزم لووتبەرزی نەتەوەیی و خۆبەگەورەتر زانين بێت بەرانبەر نەتەوە و کەمەنەتەوەييەکانيتر، ئەوا پاسۆک نەک هەر پارتێکی ناسيۆناليست نەبووە، بەڵکوو بە هەموو بوون و هێز و توانايەوە دژی ناسۆناليزم و ئەو جۆرە ناسیۆنالیزمە بووە.
هيوادارم وەکوو پێويست توانيبێتم، وەڵامی پرسيارەکەی بەڕێزتانم دابێتەوە.
دووبارە سوپاس بۆ ئێوە و هەر سەرکەوتووبن و هەر بژين.
$دەوڵەتی کوردی:$
ئەگەر نەتەوەی کورد خاوەنی پارتێک یان بەرەیەکی نەتەوەیی و سەرکردايەتييەکی کۆمەڵکاری نەتەوەیی و ژیرمەند و شۆڕشگێڕ و لەخۆبووردوو بووایە، لەو دەیان ميلیۆن کوردە، تەنیا يەک ميلیۆنی بەس بوو بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، جا دەوڵەتێک بە يەک ميلۆن کورد درووست نەکرێت! بە دڵنیاییەوە بە دەیان ميلیۆنی دیکەش درووست ناکرێت!؟
هیچ شک و گومانێکی تێدا نییە، هەتا خاوەنی ئەو پارت و سەرکردە و سەرکردایەتییە ئەزموونکراو و ماوەبەسەرچووانە بین، هەتا نەبینە خاوەنی پارتێک یان بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی و سەرکردایەتییەکی کۆمەڵکاری نەتەوەیی کە لەئاستی بەرپرسیارییەتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کورد و کوردستاندا بن، پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی و یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی کوردستان، هەر وەک خەونی کوردە پاک و دڵسۆز و تێکۆشەرەکان دەمێنێتەوە..... زۆر بەداخەوە بۆ دەریایەک فرمێسک و خوێنی ڕابووردووی میللەتەکەمان.
$دایکێکی کورد: دەستم دامێنتان ئێوە جاش مەکوژن!؟$
ساڵانی هەشتاکان، پیرەژنێکی شارباژێڕی بە پێشمەرگەکانی پاسۆکی وتبوو، دەستم دامێنتان ئێوە جارێ جاش مەکوژن، چونکە حکومەت کوردە باشەکان دەکوژێت و ئەگەر ئێوەیش کوردە خراپەکان بکوژن، کەواتە کورد نامێنێت!؟
ئەم وتەیە ئەگەرچیش سادەوساکارە و ئەو دایکە بەڕێزە لە ڕووی دڵسۆزییەوە وتوویەتی، بەڵام لەڕاستیدا وتەیەکی دڵسۆزانە و ڕاست و درووست و لۆژیکیانه بووه. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=