ناونیشانی بابەت: تاڤگەی گەوێڵە
نووسینی: #چرۆ هەورامی#
تاڤگەی گەوێڵە کە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری #مەریوان# دێتە ئەژمار، لە ناوچەی سەرشیوی ئەم شارە و لە نزیک گوندی #گەوێڵە# هەڵکەوتووە. گوندی گەوێڵە یەکێک لە کۆنترین گوندەکانی شاری مەریوانە و لە 20 کیلۆمەتری مەریوان و لەسەر ڕێگەی مەریوان-#سەقز# هەڵکەوتووە. لە ئێستادا نزیک بە 30 بنەماڵە لەم گوندەدا دەژین و زیاتر لە 40 بنەماڵەیش بە هۆی نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان بۆ مەریوان و شارەکانی دیکە کۆچیان کردووە.
تاڤگەی گەوێڵە لەنێو دڵی سرووشت و شاخەکانی مەریواندا بووەتە جێگای سەرنجی گەشتیاران، بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا بە هۆی کەشوهەوا و جوانیی سرووشتەکەی، خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن. بەرزیی تاڤگەکە زیاتر لە 50 مەترە. هەروەها تاڤگەکە یەک کیلۆمەتر لە جادەی سەرەکیی مەریوان-سەقزەوە دوورە و بۆ ئەوەی بڕۆیتە لووتکەی تاڤگەکە دەبێت شاخەوانی بزانیت، بە هۆی ئەم چەند خاڵەوە تاڤگەی گەوێڵە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و سەرنجڕاکێش، تاڤگەی گەوێڵە یەکێکە لە شوێنە ئاوی و جوانەکانی شاری مەریوان، دەوروبەری تاڤگەکە سەرسەوز و دڵگیرە و بۆ کات بەسەربردنی گەشتیاران گونجاوە. [1]