ئەشکەوتی کونە شەمشەم
#چرۆ هەورامی#
ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە نزیک گوندی #تۆراخ تەپە# لە چلچەمە و لە 40کیلۆمەتریی شاری #مەریوان# هەڵکەوتووە. ئەشکەوتی کونە شەمشەم لە بەردی ئاهەکی درووست بووە و خاوەن سێ دەرگای جیایە و بەداخەوە بە هۆی گرینگیپێنەدان یەکێک لە دەرگاکانی بە هۆی ڕووچوونی کێوەکە داخراوە. ئەم ئەشکەوتە بە ڕووبەری 455 مەتر نموونەیەکی سرووشتی ناوازەیە. گرینگیی زۆری ئەم ئەشکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتە ناوازەکەی و تایبەتمەندییە زەویناسی و بایۆلۆژی و کەلتوورییەکانی. کونە شەمشەم جیا لەوەی کە شوێنێکی گەشتیارییە، مێژووییشە، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە چەند کەرەستەیەکی قوڕینی تێدا پەیدا کراوە کە مێژووکەیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی دەورەی دالمایی کە بە باشی دیارە شوێنی نیشتەجێبوون بووە.
شایەنی باسە کە کونە شەمشەم بە شوێنی شەمشەمەکوێرە بەناوبانگە و جۆرێکی تایبەتیی شەمشەمەکوێرەی تێدا دەژی. وەک شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکانی تری کوردستان، تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی لەسەر ئەم ئەشکەوتەش لێکۆڵینەوە نەکراوە و تەنانەت گرینگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە. [1]