=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: برینی کۆمەڵکووژکردنی 500 کورد 47 ساڵە ساڕێژ نەبووە=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
ئەمڕۆ بوو لە مەراشی باکووری کوردستان 500 کورد کۆمەڵکووژ کرا.
لەمێژووی تورکیادا، چەندین کۆمەڵکووژی دژی کورد بوونی هەبووە، کۆمەڵکووژییەکانیش پێشتر باس کراوە وەکوو (کۆمەڵکووژی کۆچگیرییەکان، شێخ سەعید و هاوڕێکانی، کۆمەڵکووژی زیلان، کۆمەڵکووژی دەسیم...هتد)، کۆمەڵکووژی گوگومیش (مەڕاش)، یەکێکی ترە لەو کۆمەڵکووژییانەی دژی کوردی عەلەوی ئەنجام دراوە، کە هەموو ساڵێک لە تورکیا یادی ئەو کۆمەڵکووژییە دەکرێتەوە و وەکوو پەڵەیەکی ڕەش بۆ حکوومەتی ئەوکاتی تورکیا باس دەکرێت.
لە #19-12-1978#، پەلاماری عەلەوییەکانی گوگوم درا، لەو پەلامارەدا 111 عەلەوی بەشێوەیەکی زۆر دڕاندانە کوژران، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەم کۆمەڵکووژییە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ کودەتای 12ی ئەیلوولی 1980، واتە کۆمەڵکووژییەکە بەشێک بووە لە بەرنامەی کودەتایەکە.
حکوومەتی ئەوکاتی تورکیا، دەیان کەسی لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیر کرد و 29یان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، هەروەها حەوتیان زیندانی هەتا هەتاییان بەسەر سەپێنرا.
کۆمەڵکووژییەکە بۆ ڕوویدا؟
لەو کۆمەڵکووژییەدا کە 111 کەس کوژران، سەدانیش بریندار بوون و 210 ماڵی عەلەوییەکان سوتێنراو و 70 شوێنی کاریشیان ڕووخێنرا.
پەلامار بۆ سەر عەلەوییەکانی گومگوم، هەفتەیەکی خایاند، بۆیە بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا 500 کوردی عەلەوی کوژراوە، واتە لە ڕۆژی یەکەم 111 کوژراوە، بەڵام بەدرێژایی هەفتەکە ڕێژەی کوژراو بۆ 500 بەرز بووەتەوە.
ئەگەر سەیری میدیاکانی تورکیا و هەروەها ئەو نووسینانە بکەیت کە لەبارەی کۆمەڵکووژی گومگوم بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵکووژییەکە دوو هۆکاری هەبووە، یەکەمیان ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ کودەتای 1980، کە کەنان ئێڤرەن، ئەندازیاری ئەو کودەتایە بووە، هەروەها هۆکاری دووەمیش پەیوەندی بە پرسی کورد هەبووە، هەروەها پەیوەندی بەوەوە هەبووە، کە کورد چاوترسای بکەن و پێیان بڵێن، بەهیچ شێوەیەک خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد مەکەن.
ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەری #پەکەکە#، لەبارەی کۆمەڵکووژی ماڕاشەوە، لە کتێبی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان) بووە ئاماژە دەدات، کاتێک کۆمەڵکووژی (گوگوم) کرا، ئێمە بەڵێنماندا کە دەبێت تۆڵەیان بکەینەوە، چونکە هەر بێدەنگ بووینایە، ڕەنگە لە شارەکانی تریش هەمان کۆمەڵکووژی ئەنجام بدرابوایە، بۆیە چەند کەسێکمان لە سەرانی حکوومەت کوشت، بەمەش توانیمان بە حکوومەت بڵێین، کە ئێمە هەین و تۆڵە دەکەینەوە.
مەڕاش، پارێزگایەکی سەر بە باکووری کوردستانە و ناوی (گومگومە)، بەڵام لەگەڵ گۆڕینی ناوی هەموو شارەکانی باکووری کوردستان، گوگومیش بووەتە قارەمان مەڕاش.
سەرەتا نەتەوەپەرستەکانی تورکیا، دووبەرەکیان لە نێوان سوونی و عەلەویدا دروست کرد، سوونییەکان هان دەدران تا پەلاماری عەلەوییەکان بدەن، بە هۆکاری ئەوەی موسڵمان نین و هەروەها هەوڵ بۆ دابەشبوونی تورکیا دەدەن.
لە 19ی12، لە سینەماکانی گومگوم، فیلمی سینەمایی (ڕۆژ کەی هەڵدێت) نماییش دەکرا، کە جونەیت ئارکن، ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینی، ئەو ئەکتەرەش زۆر نەتەوەپەرست بوو و لە هەرێمی کوردستان بە (بەتەڵ غازی ناوی) دەرکردووە. لەکاتی نماییشی فیلمەکەدا، بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە، کە ئەو بۆمبە ئاگری شەڕەکەی گەورە کرد.
وەکوو ئەوەی ئاژانسی (ئێڕۆ نیوز)ی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، محەممەد لەبلەبیچی و موستەفا کانڵیدەرەوە، کە هەردوکیان سەرۆکی یەکەم و دووەمی، کۆمەڵەی نەتەوەپەرستانی مەڕاش بوونە، دەستیان هەبووە لە دانانی ئەو بۆمبە، تا لەو ڕێگەیەوە خەڵک هان بدەن بۆ پەلاماری عەلەوییەکان و لەوەشیاندا سەرکەوتوو بوون.
مەڕاش لەڕووی ئاساییشەوە لەدەست دەرچوو، والی ئەوکات بەناوی تەحسین سۆیلوو، داوای کرد سەرباز لە عەنتابەوە بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە، بەڵام دوای یەک هەفتە ئینجا سەرباز توانی کۆنتڕۆڵی شارەکە بکات، ئەویش دوای کوژرانی سەدان عەلەوی و ڕووخانی سەدان ماڵ و شوێنی کار.
ئەگەرچی زیاتر لە 800 کەس لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیر کرا و بەشێکی زۆریان سزا دران، بەڵام سێ پارێزەر، کە خۆیان تەرخان کردبوو بۆ ئەو دۆسییەیە، بەشێوەیەکی گوماناوی کوژران، ئەوانیش (جەیهان جان لە #10-09-1979# کوژرا، خەلیل سەدقی گوولووئۆغڵو لە #02-02-1980# کوژرا، ئەحمەد ئاڵبای، لە #03-03-1980# کوژرا). [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=