=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: چۆن خۆمان لە شەڕی دەروونی میدیای تورکیا بپارێزین=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
سەرۆک سەلماندی ڕەگەزپەرستەکان برایەتی کورد و تورکیان وەکوو برایەتی قابیل و هابیل دەوێت!
میدیای تورکیا، زۆر زیرەک و ئاستبەرزن لەوەی بیانەوێت شەڕی دەروونی لەگەڵ بەرامبەرەکەیاندا بکەن، چۆنی بیانەوێت بەو شێوەیە ڕای گشتی وڵاتی خۆیان دەجوڵێنن، دوای بەیاننامەکەی دەزگای بارزانیش لەبارەی دەوڵەت باخچەلییەوە، شەڕێکی دەروونی زۆر خراپ و پڕ درۆ و دەلەسەیان لەگەڵ پارتی و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، دەبێت وریا بین و بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو شەڕە دەروونییەدا دەکەین.
لە 2016، ئەوکاتەی تورکیا فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیای خستە خوارەوە، نێوانی تورکیا و ڕووسیا زۆر تێکچوو و تەنانەت گەیشتە ئەوەی هێز بەرامبەر بە یەکتری بجولێنن، هەرچەندە بەدرێژایی مێژوو، 12 جار تورکیا و ڕووسیا کەوتوونەتە شەڕ لەگەڵ یەکتری و هەر 12 جاری تورکیا دۆڕاوە، بەڵام تورکیا هەمیشە لەڕووی میدیاییەوە لەپێش ڕووسیا بووە، بەتایبەت لە شەڕی دەروونی میدیاییدا.
میدیای تورکیا، نەیاندەتوانی خەڵکی خۆیان تێبگەیەنن تورکیا لە ڕووسیا بەهێزترە، چونکە گەلی تورکیا دەیانزانی ئەمە درۆیە و تورکیا هەرگیز ناتوانێت بەرامبەر بە ڕووسیا بوەستێتەوە، بۆیە ڕێگەیەکی تریان گرتەبەر، ئەویش شەڕێکی سەختی دەروونی بوو لەگەڵ ڕووسیا و ڕای گشتی ئەو وڵاتە. بۆ نموونە ڕاپۆرتی درێژیان لە میدیاکانیانەوە لەسەر ڤلادیمیر پوتین بڵاودەکردەوە و دەچوونە ناو ژیانی تایبەتی و دەیانگوت پوتین ژیانی شاراوەیە و کەس نازانێت دایکی کێیە؟ لەشوێنێکی تر باسیان لەوە دەکرد، پوتین دایکی لە شوێنێک شاردوەتەوە و نایەڵێت کەس بیبینێت.
میدیای تورکیا سەرکەوتوو بوون لەوەی شەڕێکی سەختی دەروونی لەگەڵ ڕووسیادا بکەن، ئەوەی تێبینیم کرد، نووسەرانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی دوژمنی سەرسەختی ئاکەپە بوون، بەهەمان شێوە دژی ڕووسیا قسەیان دەکرد و لەبەر چاوی میللەتی تورکیا ڕوسیایان سووک کردبوو، دەیانگوت بۆ بەرگری لە سەروەری وڵاتمان دەبێت لە پشت حکوومەت و ئەردۆغان بین.
ڕووسیا زیرەکانە مامەڵەی کرد، یەک ڕێگەی گرتە بەر بۆ لێدان لە تورکیا، ئەویش بایکۆتکردنی هەموو کەلوپەلێکی تورکی بوو، بەتایبەت بەرهەمی کشتوکاڵی، هەروەها گەلی ڕووسیاش بایکۆتی کەرتی گەشتیاری تورکیایان کرد، بەمەش کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری تورکیا دووچاری داڕمانێکی گەورە بوو و بە ملیارات دۆلار زیانیان پێگەیشت. لە ئەنتاڵیا بەهۆی نەهاتنی گەشتیاری ڕووسی، هۆتێل و ڕێستوڕانتەکان چۆڵ بوون و بەشێکی زۆریشیان دایانخست، بۆیە ئەردۆغان ناچار بوو بۆ خۆی بچێتە ڕووسیا و داوای لێبوردنی لە پوتین کرد.
بەهۆی ئەو بەیاننامەی دەزگای بارزانی، کە وەڵامی لێدوانەکەی باخچەلی داوەتەوە، کاتێک گوتبووی بوونی پێشمەرگە لە جەزیرێ شەرمەزارییە و پێشێلی سەروەری تورکیایە، میدیای تورکیا شەڕێکی سەختی دەروونیان دژی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەستپێکردووە، تەنانەت ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی ئاکەپە و مەهەپەش، هاتوونەتە ڕیزی ئەوان دژی بارزانی و هەرێمی کوردستان قسەی بێبنەما و درۆی شاخدار بەگوێی ڕای گشتی تورکیادا دەدەن.
نەدیم شەنەر، لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی حوریەتی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، بارزانی بەپیاوی ڕووسیا و ئەمریکا و ئیسرائیل ناو دەبات، پێیوایە سەرەکیترین هاوپەیمانیی ئەو سێ وڵاتە بارزانییە، دڵنیام سەرنووسەری ڕۆژنامەی حوریەتیش کاتێک وتارەکەی خوێندوەتەوە پێکەنینی پێهاتووە و بڕوای بەو درۆیانە نەکردووە.
عەبدوڵا ئاغار، شارەزای سەربازی تورکیا و لێکۆڵەر لەو بوارە، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت، بارزانی ویستویەتی بە تورکیا و دەوڵەت بڵێت، ئەگەر بمەوێت باکووری کوردستانتان لێ داببڕم، دەتوانم و پێمدەکرێت.
یەڵماز ئۆزدیل، کە نووسینەکانی دژە ئاکەپە و خودی ئەردۆغانە، کەچی هاتووەتە ئەو بەرەیە و لەبارەی بارزانی کۆمەڵێک درۆی ڕیز کردووە و بەرای گشتی تورکیا دەفرۆشێتەوە. ئەو ئۆزدیلە، ئەوەندە دژە کوردە، چەندین جار سووکایەتی بە ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان کردووە.
ئیسماعیل سایماز، پێموایە ڕۆژنامەنووسێکی هەرە بوێر و ڕاستگۆیە لە تورکیا، دەڵێت بۆچی درۆ لەگەڵ خۆمان بکەین، هاتنی بارزانی و بوونی پێشمەرگە بۆ پاراستنی، پەیوەندی بە وەزارەتی ناوەخۆ و پرۆتۆکۆلەوە هەیە، تورکیا بۆ خۆی ڕێگەی داوە و ئیتر بۆچی ئەو هەرایەتان دروست کردووە، بڕۆن لەگەڵ وەزارەتی ناوەخۆ قسە بکەن.
بیرم کردەوە و گەیشتمە ئەو بڕوایە، بارزانی بەچوونی بۆ جەزیرێ، ڕووی ڕاستەقینەی ڕەگەزپەرستەکانی نیشانی دونیادا، بە کوردی گوت، دەبێت وریا بن بەرامبەر بە ڕەگەزپەرستەکان و کاتێک باسی برایەتی کورد و تورک دەکەن، ئەو برایەتییەیان دەوێت کە قابیل و هابیل هەیانبوو، نەک برایەتییەکی ئەبەدی و یەکسان لە میراتدا.
دەبێت میدیای کوردی زۆر هەستیارانە بەرامبەر بەو شەڕە دەروونییە هەڵسوکەوت بکات، نابێت هەرچی ئەو نووسەر و میدیایانەی تورکیا لەسەر کورد و هەرێم و بارزانی گوتیان، ئێمەش بیگوازینەوە و بیکەین بەهەواڵ، نەخێر دەبێت فەرامۆشی بکەین و خۆمان نەخەینە ناو ئەو شەڕە دەروونییە، چونکە لەشەڕی دەروونی میدیاییدا لە تورکیا نابەینەوە.
ڕەنگە چەندین کەناڵ و پەیج هەبن دژی پارتی بن، بەڵام بۆ ئەم پرسە نابێت حیزبیانە بیر بکەنەوە، دەبێت نەتەوەییانە بیر بکەنەوە، چونکە بارزانی بە نیشاندانی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، ئەوانی شڵەقاندووە، نەک وەکوو سەرۆکی حیزبێک، بۆیە تکایە هەرشتێکی خراپ لەسەر بارزانی یان هەرێمی کوردستان نووسرا، مەیگوازنەوە و گرنگی پێمەدەن.
دەمەوێت باس لە بابەتێکی گرنگ بکەم، ئێستا ئاکەپە و جەهەپە، شەڕێکی سەختیان دەستپێکردووە لەگەڵ یەکتریدا بەوەی کامیان جەلادی کورد بوونە و یەکتری بەجەلادی کورد تۆمەتبار دەکەن و بۆ ئەمەش بەڵگە دەهێننەوە، لێیان گەڕێن با بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر ئەوەی کامیان جەلادی کورد بوونە، با فۆکەس بخەبینە سەر ئەو لایەنە و ڕای گشتی تورکیا و کورد بجوڵێنین، چونکە ئەمە یەکەمجارە لە نێوان خۆیان ڕاستییەکان دەڵێن و دانی پێدا دەنێن جەلادی بەرامبەر بە کورد کراوە، هەر ئەوە خۆی ڕاستی بەیاننامەکەی دەزگای بارزانی دەردەخات، گورگن لەژێر پێستی مەڕدا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، گرنگە پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا تێکنەچێت و برەوی زیاتر پێ بدرێت، چونکە لەبەرژەوەندی هەردوولایە و ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی لە نێوان هەردوولادا هەیە، ئەوەندە گرنگە، باکوورییەکان پێی حەساونەتەوە، با لە شەڕی میدیای تورکیا خۆمان بەدوور بگرین و هەموو کەناڵەکانی دیبلۆماسیش بەکاربێنین بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=