=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: کێ لەسەر حەقە بارزانی یان باخچەلی؟=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
(1) سەرۆک #مەسعود بارزانی#، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا چووە جەزیرێی باکووری کوردستان و بەشداری لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی
مەلای جزیریمەلای جزیری کرد، وەکوو هەموو سەردانەکانی تری بۆ تورکیا، هەرایەکی گەورەی لە تورکیا دروست کرد، پیشتر کە چووەتە تورکیا و لەلایەن ئەردۆغانەوە بەئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لێکراوە، میدیای تورکیا و نەژادپەرستەکان سووکایەتی زۆریان بە ئاڵای کوردستان و بارزانی دەکرد و دەیانگوت، سەروەری تورکیا پێشێل کراوە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەپاڵ ئاڵای تورکیا. ئەمجارەشیان، بەهەمان شێوە، بەهۆی بوونی لۆگۆی کوردستان لەسەر قۆڵی ئەو پاسەوانانەی سەرۆک بارزانیان دەپاراست، نەژادپەرستەکان قەڵس بوون، بەتایبەت جەهەپەییەکان و مەهەپەییەکان.
دەوڵەت باخچەلی، ئێستا هاوپەیمانیی ئاکەپە و ئەردۆغانە، لەبارەی بوونی لۆگۆیەکی ئاڵای کوردستان لەسەر قۆڵی پاسەوانەکانی بارزانی و چەکەکانی دەستیان گوتی ”بەیەک وشە دەڵێم، ئەوەی روویدا رەزالەتە و سەروەری تورکیا پێشێل کراوە“
لەلایەکی ترەوە، جەهەپە لە میدیاکانی خۆیانەوە، بەتوندی لەسەر ئەوە هاتوونەتە وەڵام و ئەوانش نەژادپەرستانە قسەیان کرد و رای گشتی تورکیایان وروژاند و گوتیان بارزانی سووکایەتی بە سەروەری تورکیا کردووە.
دەزگای بارزانی، لە بەیاننامەیەکدا گوللەکەی راستەوخۆ لە باخچەلیدا و پێی گوت ”هەر گورگە بۆرەکەی جارانی، بەڵام لە پێستی مەڕدا خۆت شاردووەتەوە.“
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بەتوندی دژی دەزگای بارزانی قسەی کردووە، دەڵێت باخچەلی ناوی بارزانی نەهێناوە، تەنیا مەبەستی پاسەوانەکان بووە کە بەچەک و ئاڵای کوردستان هاتوونەتە خاکی تورکیا، بۆیە ئەو وشانەی بەرامبەر باخچەلی بەکاریهێناوە بێڕێزییە و دەبێت لێکۆڵنەوە بکرێت.
پێموایە، سەرۆک راستگۆبوو لەوەی گوتەی باخچەلی، بۆ خودی خۆی وەرگرت، واتە راستەوخۆ بەوەی لێکدایەوە باخچەلی لەگەڵ بارزانییەتی، چونکە پێشتر و دەیان جار، بارزانی گوتویەتی، شانازی دەکەم وەکوو پێشمەرگەیەک ناوم بهێنن، من شەڕەفی پێشمەرگایەتی بە هیچ پۆستێکی دونیا ناگۆڕمەوە، بۆیە کاتێک باخچەلی دەڵێت، پاسەوانەکان، مەبەستی لە پێشمەرگەیە و بەهۆی ئەوەی بارزانیش خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت، وەڵامی داوەتەوە.
پێشتر بەر لەوەی مەهەپە ببێتە هاوپەیمانیی ئاکەپە، باخچەلی زۆر بێڕێزی بەرامبەر بە سەرۆک بارزانی کردووە، چەندین جار گوتویەتی پێشمەرگە و بارزانی تیرۆرستن، بەئاڵای کوردستانی گوتووە پارچە پەڕۆیەک و زۆر سووکایەتی تر، پێموایە دەبوایە ئەوکات وەڵامی باخچەلی بدرایەتەوە، چونکە تورکیا و حکوومەت، ئەوکات لەسەر نەدەهاتنە وەڵام و باخچەلی نەیارێکی سەرسەختی ئەردۆغان بوو.
بەیاننامەکەی دەزگای بارزانی، گوولەیەک بوو راستەوخۆ بۆ دڵی باخچەلی، لێدان لەو دڵەش واتە لێدانە لە دڵی ئەردۆغان، چونکە ئەگەر لە پەرلەمانی تورکیا مەهەپە لە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئاکەپە بکشێتەوە، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و ئاکەپە زۆرینە لە دەست دەدات و ئەردۆغان وەکوو سەرکۆمار کۆتایی پێدێت، بۆیە لەسەر باخچەلی هاتوونەتە وەڵام و پشتگیریی لێدەکەن.
واتە بەبۆچوونی من، بەیاننامەکە گشتگیر بوایە باشتر دەبوو، واتە لەبری ناوی باخچەلی، بە گشتی باسیان لە رەگەزپەرستەکان بکردایە، ئەوکات هیچ کاردانەوەیەکی نەدەبوو.
(2) ئەوانەی پێیانوابوو پارتی نۆکەری تورکیایە، یان دەیانگوت پیاوی تورکیایە، بەو بەیاننامەیەی دەزگای بارزانی، سەلمێنرا هەموو ئەو تۆمەتانە درۆیە، ئەگەر پارتی پیاوی تورکیا بایە، بەو شێوەیە وەڵامی باخچەلییان نەدەدایەوە، بەڵام سەرۆک راستگۆ بوو لەوەی، دەستبردن بۆ سەروەری کوردستان، کە پێشمەرگە یەکێکە لەو سەروەرییانە، بێوەڵام نابێت. پارتی هاوپەیمانیی تورکیایە، بۆ بەرژەوەندی کورد و کوردستان، هەرێمی کوردستان قوبرس نییە تا تورکیا، بە باخچەی پشتەوەی خۆی بزانێت.
ڕوونیش بووەوە برایەتی تورک و کورد لای رەگەزپەرستەکان، تەنیا قسەیە و کردار نییە، ئەوەتا هەزمی لۆگۆیەک ناکەن بەئاڵای کوردستانەوە، موسا عەنتەر باشی گوتووە ”برایەتی تورک و کورد، وەکوو نینۆک و گۆشت وابووە، هەمیشە کورد نینۆکەکە بووە، هەر درێژ بێت بڕیویانە“
(3) کوان ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەی خۆیان پێ نیشتیمانپەروەرە؟ بۆچی پشتگیریی لەو هەڵوێستە مەردانەی سەرۆک ناکەن؟ بۆچی وەکوو نووسەرانی تورک، لەسەر پێشمەرگە و سەروەری کوردستان نایەنە وەڵام؟ ئاخر ئەوەیە جیاوازی سەرۆک بارزانی و ئەوانی تر، بەبێ دەنگی و بە هەیبەتی خۆی، وڵاتێکی هێناوەتە لەرزین و بەیاننامە دوای بەیاننامە دەردەکەن، لە کاتێکدا بارزانی وەکوو پێشمەرگەیەکی بەئەدەب، پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی بە گەلی تورک و کورددا. کە دەڵێن دەبێت نووسەر راستگۆ بێت، واتە لەسەر سەروەرییەکانی وڵاتی خۆی بێتە وەڵام و سەرشۆڕی و سووکایەتیی قبوڵ نەکات، لە ناوەخۆش با قەڵەمەکەی جەنجەر بێت بۆ گەندەڵکاران، نەک وەکوو نەعامە سەری خۆت بخەیتە ژێر گڵ و وشەیەک نەڵێیت بەرامبەر بەوانەی بێڕێزی بە پێشمەرگە دەکەن، کەچی بۆ پارت و سەرکردەکانی ناوەخۆش وەکوو نووسەرێکی پاڵەوان خۆت بناسێنیت.
لە کۆتاییدا سوپاسی سەرۆک دەکەم، سەلماندی سەرکردەیەکی مێژوویی و نەتەوەییە، پێموایە ئەردۆغانیش عاقڵانە هەنگاو دەنێت و بۆ درێژەدان بە پرسی چارەسەریی، بابەتەکە بە دیبلۆماسی چارەسەر دەکەن، ئەوەیشی مایەی دڵخۆشییە، سەرکردەکانی ئاکەپە، نموونە بولەنت ئارینج و چەند کەسایەتییەکی تر، دەڵێن کێشەیەکی بچووکە و بارزانی سەرکردەیەکی گەورەیە و بەهێمنی ئەو ناکۆکییە چارەسەر بکەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=