=KTML_Bold=شۆڕشی ڕۆزا پارکس دژی ڕەگەزپەرستی=KTML_End=
#کارزان گلی#
ئایا ڕۆزا پارکس لە باکووری کوردستان بوونی نییە؟
ڕۆزا پارکس، سومبولێکی گەورەی ئەمریکایە، کە توانی دژی ڕەگەزپەرستی بوەستێتەوە و سیستەمی ئەمریکای بەرانبەر ڕەشپێستەکان گۆڕی.
لە ساڵی 1955 لە ویلایەتی ئالاباما لە ئەمریکا، ڕۆزا پارکس، وەکوو هەموو ڕۆژانی تر لە کار تەواو بوو و ویستی بۆ ماڵەوە بگەڕێتەوە. ئەو سواری پاس بوو وەکوو هەموو ڕۆژانی تر، بەڵام کاتێک سپی پێستێک هاتە ناو پاسەکە، شۆفێری پاس داوای لە ڕۆزا کرد، هەستێت و شوێن بۆ سپی پێستەکە بکاتەوە، چونکە ئەوکات بەیاسا ڕێکخرابوو، دەبوایە لەناو پاسدا، ئەگەر سپی پێستێک سوار بوو، ڕەشپێستێک شوێنی بۆ بکاتەوە، بەڵام ڕۆزا ئەمەی ڕەتکردەوە و بە شۆفێری پاسەکەی گوت، هەرگیز هەڵناستم، منیش وەکوو ئەو مرۆڤم، ئەمەش گرژی دروست کرد و لەناو پاسەکە بوو بەشەڕ و پاشان شەڕ و خۆپیشاندان تەواوی ئەمریکای گرتە67وە.
لەو ساڵانەدا لە تەواوی ئەمریکادا، ڕەشپێستەکان لە قوتابخانە و پارکەکان و ڕێستوڕانت و نەخۆشخانە و پاسەکاندا، وەکوو هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا، تا سپی پێستێک هەبایە ڕەشپێستەکان هیچ مافێکیان نەبوو، بۆ نموونە ئەگەر سپی پێستێک و ڕەشپێستێک بەیەکەوە بچوونایەتە تەوالێت، سپی پێستەکە مافی زیاتر هەبوو و تا ئەو نەچووبایە ڕەشپێستەکە بۆی نەبوو بچێت، ئەمە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان وابوو، بەڵام خەباتی ڕۆزا، ئەو سیستەمەی بە ئەمریکا گۆڕی.
ڕۆزا بەهۆی ئەوەی شوێنی خۆی بۆ سپی پێستێک نەکردەوە، دەستگیر کرا، بەڵام خەباتی ئەو بە هەموو ئەمریکادا بڵاوبوویەوە و بە سەدان هەزار هاووڵاتی ڕژانە سەر شەقام و پشتگیری خۆیان بۆ ڕۆزا دەربڕی و داوایان کرد، ئەو یاسا ڕەگەزپەرستییە کۆتایی پێ بێت.
لە ئەمریکا لە چەندین شوێن بایکۆت دەستیپێکرد و لە مۆنتگۆمەری بە هەزان خەڵک بایکۆتی پاسەکانیان کرد و گوتیان بەپێ دەڕۆین و سواری پاس نابین، ڕای گشتی ئەمریکا سۆزیان بۆ ڕۆزا جولا و مافیان دایە ڕەشپێستەکان بەوەی زوڵم و ستەمیان لێدەکرێت.
مارتن لۆسەر، نووسەری گەورەی جیهانیش دەنگی هەڵبڕی و دژی ئەو ستەمەی لە ڕەشپێستەکان و ئەو ڕەگەزپەرستییەی بەرامبەریان دەکرێت وەستایەوە هاتە ڕیزی خۆپیشاندەران.
دوای چەند ساڵێک، دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاریدا، بەهیچ شێوەیەک نابێت لەناو پاسدا ڕەش پێست شوێن بۆ سپی پێستەکان بکاتەوە و هەستێت، ئەمە ڕەگەزپەرستییە و دەبێت ئەو یاسایە بگۆڕێت، پاشان لە هەموو ئەو شوێنە گشتییانەی ڕەش پێستەکان وەکوو هاووڵاتی پلە دوو سەیر دەکران، یاسایەکە هەڵگیرا و ئیدی وەکوو سپی پێستێک مافیان هەبوو، ئەمەش لە سایەی ئەو شۆڕشە سپییەی ڕۆزا دەستپێکردبوو.
ڕاستە ڕۆزا بۆ سپی پێستێک هەڵنەستا، بەڵام توانی هەموو ئەمریکا هەستێنێتە سەر پێی و دژی ڕەگەزپەرستی بوەستنەوە و خەبات بکەن.
لەدوای دروستبوونی کۆماری تورکیا لە 1924، لەسەر دەستی موستەفا کەمال ئەتاتورک، کورد وەکوو نەتەوە دووچاری ڕەگەزپەرستی زۆر گەورە بووەوە، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو ڕەگەزپەرستییە نەبوو لە ئەمریکا بەرامبەر بە ڕەش پێستەکان دەکرا.
لە باکووری کوردستان، هەر کەسێک بەزمانی کوردی قسەی بکردایە سزایان دەدا، سزایەکەش دەستگیرکردن و پێژماردنی پارە بوو، بۆ نموونە بۆ قسەکردن بە هەر وشەیەکی کوردی، کوردەکە دەبوایە یەک قوروش بداتە دەوڵەت.
لە ئەمریکا ڕەش پێستەکان هاووڵاتی پلە دوو بوون، بەڵام لە باکووری کوردستان کورد، هاووڵاتی پلە سێش نەبوو، چونکە بەبەرنامە کار بۆ ئەوە دەکرا، کورد نەخوێندەوار بکەن و منداڵی کورد لە خوێندن بێبەش بکەن و لەناویان ببەن.
لە ئەمریکا ڕۆزا هەموو خەڵکی هێنایە سەر شەقام، تەنانەت ئەو سپی پێستانەش کە دژی ڕەگەزپەرستی بوون هاتنە ڕیزی ڕەش پێستەکان، هەر ئەوەش بوو وای کرد، سیستەمی سیاسی ئەمریکا بگۆڕێت و ببێت بە وڵاتێکی گەورەی دیموکراتی.
بەڵام لە تورکیا چەند زوڵم بەرامبەر بە کورد کرابێت، چەندە ڕەگەزپەرست بن بەرامبەر بە کوردان، گەلی تورکیا نەهاتوونەتە سەر شەقام و پشتگیری کوردیان نەکردووە، بۆیە ئێستاش ڕێگە نادرێت کورد بەزمانی دایک بخوێنیت.
لە باکووری کوردستانیش ڕۆزا پارکس زۆرن، خەباتیشیان لەو کەمتر نەبووە بۆ مافی کورد، بەڵام گەلی ئەمریکا و گەلی تورکیا جیاوازن، لە ئەمریکا گەل ئاستی ڕۆشنبیری گەیشتوەتە ئاستێکی باڵا، بۆیە پشتگیرییان لە داواکانی ڕەش پێستەکان کرد، بەڵام تاوەکوو ئێستا گەلی تورکیا هەزمی نەک نەتەوەی کورد، بەڵکو هەزمی زمانەکەشی ناکات. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=