=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: تورکیا خۆی بۆ دەستوورێکی تازە ئامادە دەکات، کورد لە کوێی ئەم دەستوورەیە؟=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە ئاکەپە، کە لە 11 کەس پێکهاتوون، بەچڕی کار لەسەر دەستوورێکی تازە دەکەن بۆ تورکیا و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو دەستوورە تەواو دەبێت و پێشکەشی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیای دەکەن. بەڵام کێشەی گەورەی ئەو دەستوورە، ناکۆکی نێوان پارتە سیاسییەکانە لەناو پەرلەمانی تورکیادا.
میدیاکانی نزیک لە ئاکەپە بڵاویان کردوەتەوە، دەستووری تازە چەندین گۆڕانکاری گەورەی تێدا کراوە، پشتیان بە دەستووری 1921 و 1924 و 1961 و 1982 بەستووە، واتە ئەو مادانەی گرنگن لە دەستووری ئەو ساڵانەدا، دەستکاری ناکرێن و وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام بەشێکی زۆری دەستوور گۆڕانی بەسەردا دێت، بەجۆرێک ئەردۆغان بتوانێت بۆ سێ خولی تر وەکوو سەرکۆماری تورکیا بمێنێتەوە و بتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا.
تاوەکوو ئێستا ئاکەپە و مەهەپە، خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، دەستووری تازە سەرۆکایەتی بێت، یان وەکوو نموونەی فەڕەنسا نیمچە سەرۆکایەتیی بێت، یان بگەڕێنەوە بۆ سیستەمیب پەرلەمانی، بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لەو سیستەمانە، ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی بڕیاری لەسەر دەدەن.
دەتوانن دەستوورێکی تازە لە پەرلەمان تێپەڕێنن؟
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی بەردەم ئاکەپە و مەهەپە بۆ تێپەڕاندنی دەستوور، کەمی ژمارەی کورسییەکانیانە لەناو پەرلەماندا.
ئاکەپە و مەهەپە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆماریدا لەناو پەرلەماندا هاوپەیمانن، بەڵام ڕێژەی کورسییەکانیان 323 کورسییە، بۆ ئەوەی بتوانن دەستووری تازە بخەنە ڕیفڕاندۆمەوە، دەبێت 360 کورسی پەرلەمانیان هەبێت و 37 کورسییان کەمە.
دەبێت لەناو پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ پارتێکی تری سیاسی هاوپەیمانیی ببەستن، نزیکترین پارتیش بۆ ئاکەپە و مەهەپە، دەم پارتییە، واتە ئەگەر بێت و بتوانن دەم پارتی ڕازی بکەن دەنگ بە دەستووریی تازە بدات، ئەوکات دەتوانن دەستوور بخەنە ڕیفڕاندۆمەوە.
ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی #هەدەپە# و هەروەها کەسایەتییەکی سیاسی گرنگی باکووری کوردستانە، لە تازەترین دیمانەیدا دەڵێت: ”رەنگە دەم پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی تورکیادا، دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، بەو مەرجەی پرسی چارەسەریی کورد ئەنجامی هەبێت“ ئەم گوتەیەی ئاڵتان بەو مانایەش دێت، ئەگەر دەم پارتی بڕیار بدات دەنگ بە ئەردۆغان بدات، واتە ڕێگەی بۆ خۆش دەکات بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر، واتە دەم پارتی دەنگ بە دەستووری تازەی تورکیا دەدات.
کورد لەکوێی دەستووری تازەی تورکیایە؟
لە دەستووری تورکیادا، کورد وەکوو نەتەوە بەهیچ شێوەیەک باسی لێوە نەکراوە، بەپێچەوانەوە هەموو کوردێکی تورکیا وەکوو تورک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، لە مادەکانی 1 تا 4ی دەستووری تورکیا، باس لەوە کراوە، هەموو ئەو کەسانەی لە تورکیادا دەژین، تورکن و خوێندنیش تەنیا بە زمانی تورکی دەبێت و لە تورکی زیاتر هیچ زمانێکی تر قبوڵکراو نییە.
چەکدانانی #پەکەکە# و هاتنەبەرباسی پرسی چارەسەری کورد، باسکردن لەزمانی کوردی و هەروەها گوڕینی ئەو مادانەی دەستوور کە تەنیا نەتەوەی تورک ناسێنراوە هاتووەتە بەرباس. دەم پارتی لە چەندین شوێندا دەڵێن دەبێت دەستووری تازە مافی کوردی تێدا جێبکرێتەوە، سەرەکیترینیان ڕێگە بدرێت کورد بەزمانی دایک بخوێنێت، هەروەها کورد وەکوو نەتەوە بناسێنرێت.
بەڵام ئاکەپە و مەهەپە، تاوەکوو ئێستا بەهیچ شێوەیەک لەبارەی ئەو داوایەی دەم پارتی قسەیان نەکردووە، تەنیا لەرێگەی میدیاکانیانەوە دەڵێن، مادەی 1 تا 4ی تورکیا بەهیچ شێوەیەک گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی سەر بە ئاکەپەن و پشتگیریی لەوە دەکەن، لە دەستووردا کورد وەکوو بناسێنرێت.
ئەگەر بێت و ئاکەپە و مەهەپە بیانەوێت دەستووری تازە بخەنە ڕیفڕاندۆمەوە، بەبێ دەم پارتی ناتوانن، ئەگەر دەم پارتیش ڕازی نەبێت دەنگ بە دەستوور بدات، ئەوکات هەوڵەکان و خەونەکانی ئاکەپە و مەهەپە نایەتە دی، بۆیە ئەگەر هەیە، لەبارەی خوێندن بەزمانی کوردی و ناساندنی کورد وەکوو نەتەوە، گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دەرگاکان بەڕووی کورد دانەخەن.
لەدەستووری 1921دا، بەڕوونی لە مادەی 11 تا 21 باس لە مافی کورد کراوە، لەوێدا کورد وەکو نەتەوە ناسێنراوە و ڕێگە دراوە بەزمانی خۆیان بخوێنن و تەنانەت تا ئەو ئاستەی، ئاماژە دراوە ئەگەر کورد بیەوێت خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، لەرێگەی ڕیفڕاندۆمەوە دەتوانن. بۆیە ئەگەر لەدەستووری تازەدا چاوێک بە دەستووری 1921 بخشێننەوە و سوودی لێوەربگرن بۆ چارەسەری پرسی کورد، گرنگە ئەو مادانەی پەیوەندی بەکوردەوە هەیە، لە دەستووری تازەدا شوێنی بۆ بکەنەوە، ئەوکات هەنگاوی چارەسەریی پرسی کورد، دەگاتە خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=