=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: تورکیا دوای 100 ساڵ دەیەوێت خەونی عەبدولحەمیدی دووەم بهێنێتە دی=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
=KTML_Bold=هێڵی شەمەندەفەر لە تورکیاوە بۆ سووریا و لەوێشەوە بۆ مەکە و مەدینە، ئایا پڕۆژەکە بە ڕۆژاوای کوردستاندا تێپەڕ دەبێت؟=KTML_End=
پڕۆژە گەورەکەی ئیمپڕاتۆڕییەتی عوسمانی، ڕاکێشانی هێڵی شەمەندەفەر بووە لە ئیستانبۆڵەوە بۆ مەکە و ناوی پڕۆژەکەش هێڵی ئاسنینی حیجاز بووە. عوسمانییەکان لە دروستکردنی ئەو پڕۆژە گەورەیە نزیکبوون، بەڵام نەیانتوانی بیهێننە دی، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، دوای 100 ساڵ دەیەوێت هەمان پرۆژە دەستپێبکاتەوە.
ئەو پڕۆژەیە لە سەردەمی عەبدولحەمیدی دووەم دەستیپێکرد، ئامانج لێی گەیشتنی موسڵمانان بووە بە ئاسانترین شێوە بۆ مەکە و مەدینە، ئەگەرچی پرۆژەکە لە ئیستانبوڵەوە بۆ شام و مەدینە تەواو بوو، بەڵام بۆ مەکە شکستی هێنا. ئەو ڕێگە ئاسنینە تا ماوەیەکی زۆر مابوو، بەڵام ئێستا ئاسەوای نەماوە و بەکەڵکی ئەوە نایەت بەکاربهێنرێتەوە، دەبێت سەر لەنوێ دروست بکرێتەوە.
ئاژانسی (BBC) تورکی لەوڕوەوە بەدواداچوونێکی وردی کردووە و بڵاوی کردوەتەوە، ئوردن و تورکیا و سووریا ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە ئیستانبۆڵەوە بۆ مەکە و مەدینە، بەڵام تاوەکوو ئێستا سعوودیا ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە.
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، لە #23-09-2025# ئاماژەی دا، هەرسێ وڵات لەبارەی ئەو هێڵە ئاسنینە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و پڕۆتۆکۆڵێکیشیان ئیمزا کردوە، بەڵام ڕوون نییە، سعودیاش دەبێتە لایەنێکی ئەو پڕۆژەیە یان نا.
ئورالئۆغڵو، لە کۆنگریەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، سەرەتا هێڵە ئاسنینەکە لە سووریاوە دروست دەکرێت، هەنگاوی یەکەم 30 کیلۆمەترە و تورکیا پاڵپشتی دەکات، هەروەها وڵاتی ئوردنیش لەڕووی چاککردنەوە و تەکنیکییەوە پاڵپشتی پرۆژەکە دەبێت. تورکیا لەرێگەی مینای عەقابەوە دەیەوێت دەریای سوور بەهێز بکات و بەرێگەی وشکانی بگاتە ئوردن، ئەمەش دەبێت لەرێگەی سووریاوە بێت، تورکیا بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پلانەی جێبەجێ بکات، بەرنامەیەکی گەورەی داناوە.
خەونی عەبدولحەمید کە بە نێوەیی بەجێمابوو
لە بیرەوەرییەکانی عەبدولحەمیدی دووەمدا هاتووە، ئەو پڕۆژەیە خەونی بەجێماوی ئەو بووە، کە لە 1900 بە فەرمانی پاشا بڕیار دراوە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت و ناویشیان لێناوە (حاجیزی ئاسنین)، لەڕێورەسمێکی گەورەشدا بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانرا و دەست بەکارکردن کرا.
پڕۆژەی هێلی ئاسنین، بەدرێژایی 1400 کیلۆمەتر دروست دەکرا، لە ئیستانبۆڵەوە بۆ مەدەینە و لەوێشەوە بۆ مەککە. ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بکرایە، لە ئیستانبۆڵەوە دەتوانرا بگەیتە مەکە و فەریزەی حەج جێبەجێ بکرێت. ئامانجی سەرەکی پرۆژەکەش ئەوە بووە، هاووڵاتیان بەئاسانی بتوانن بگەنە مەکە، هەروەها عوسمانییەکان ویستویانە، هەموو ئەو وڵاتە عەرەبیانەی داگیریان کردوە بەیەکتری و بە تورکیای ببەستنەوە.
بەشی یەکەمی پڕۆژەکە بەئامادەبوونی عەبدولحەمیدی دووەم، لە 1908 تەواو بوو و لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا کرایەوە، بەڵام هێڵی شەمەندەفەر نەگەیشتە مەکە و لە مەدینە کۆتایی پێهات، واتە هێڵەکە تا مەدەینە تەواو بوو.
لەبارەی ئەوەی بۆچی پڕۆژەکە نەگەیشتە مەکە و لە مەدینە مایەوە، نەجلا گولای مێژوونووسی تورکیا، قسەی بۆ (BBC) کردووە و دەڵێت، لەلایەن قەبیلەی بەدەوییەکانەوە هێرش کرایە سەر ئەو پرۆژەیە و پێیانوابووە لە ئابووریان دەدرێت، چونکە حاجیان کاتێک هاتوونەتە مەدینە، لەوێوە حوشتریان بەکرێ گرتوە و بە حوشتر چوونەتە مەکە، ئەگەر هێڵی شەمەندەفەر هەبوایە، کەی حوشتری ئەوانی بەکرێ نەدەگرت، بۆیە ڕێگەیان بەتەواوکردنی پرۆژەکە نەدا.
لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی لاواز بوو و بەریتانیا و فەڕەنسا توانیان بەشێکی زۆری ئەو خاکەی لەدەستی عوسمانی بوو داگیری بکەن، بۆیە پڕۆژەکەیان بەتەواوی لەناو برد. ئەو پرۆژە گەورەیەش بە وەرگرتنی قەرز بووە لە بانکی کشتوکاڵی، هەروەها هەموو ئەو کەسانەی سەر بە عوسمانی بوون و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەژیان، پارەیان بۆ ئەو پڕۆژەیە نارد و پاشان لە ڕێگەی زیادکردنی باجەوە، توانرا پارەی ئەو پڕۆژەیە دابین بکرێت، ئەگەرچی خەونەکە نەهاتە دی، چونکە ڕێگەیان نەدا بگاتە مەکە و لە مەدینەشەوە پڕۆژەکە لەناو بردرا.
بەڵام تاوەکوو ئێستا ڕوون نییە، ئاخۆ ئەردۆغان دەتوانێت دوای 100 ساڵ خەونی عەبدولحەمید بهێنێتە دی؟ چونکە سعوودیە پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەرنەبڕیوە و هەروەها نازانرێت ئاخۆ دیزانی پڕۆژە تازەکە چۆنە و ئاخۆ بەناو ڕۆژئاوای کوردستاندا تێپەڕ دەبێت یان نا؟ [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=