=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: تورکیا دەیەوێت یاسایەکی 100 ساڵ بەر لە ئێستا بۆ پرسی چارەسەریی بهێنێتەوە=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
یەکێک لە پرسە هەرە گرنگەکانی تورکیا، پرسی چارەسەریی کوردە، کە لەناو پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێکی 51 کەسیان بۆ پێکهێناوە و تاوەکوو ئێستا 18 جار کۆبوونەتەوە و چەندین پێشنیار کراوە، یەکێک لە پێشنیارەکان هێنانەوەی یاسایەکە 100 ساڵ بەر لە ئێستا لە تورکیا، بۆ دادگایی کردنی کورد دانراوە و دەیانەوێت هەمان یاسا بهێننەوە و بەسەر #پەکەکە#ی جێبەجێ بکەن.
لە 1925،
شێخ سەعیدی پیرانشێخ سەعیدی پیران، سەرهەڵدانی دژی حکوومەتی ئەوکاتی تورکیا دەستپێکرد و داوای مافی کوردی کرد، بەڵام موستەفا کەمال ئەتاتورک، لە بری ئەوەی لەگەڵ شێخ دابنیشێت و مافی کورد بدات، بەپێچەوانەوە بەهێز وەڵامی دانەوە و کۆمەڵکووژی کوردیان دەستپێکرد و شێخ سەعیدیش یەکێک بوو لەو کەسانەی لە دیل گیرا و پاشان لە سێدارەیاندا.
لە 1928، لەناو پەرلەمانی تورکیا، یاسایەکی تایبەت بە دادگاییکردنی ئەو کەسانە دامەزرا، کە لەگەڵ شێخ سەعیددا سەرهەڵدانیان کرد و داوای مافی کوردیان دەکرد، ئەو یاسایە ئەو کەسانەی دەگرتەوە، لەگەڵ شێخدا شەڕیان دژی حکوومەتی تورکیا کردووە، بەڵام کاری نامرۆڤانەیان نەکردووە و ئازاد دەکرێن، بەو مەرجەی نابێت جارێکی تر بە هیچ شێوەیەک دژی حکوومەت بوەستنەوە، ئەگەر دووبارەی بکەنەوە، لە سێدارە دەدرێن.
ئەم یاسایە کاری پێکرا و چەندین کەس ئازاد کران، بەڵام دەبێت ئەوەش باس بکرێت، دادگای (ئیستقلال) تایبەت بە سزادانی ئەو کەسانە دامەزرا کە بەشداری سەرهەڵدانیان کردبوو لەگەڵ شێخ و سەدان کەسیان لە سێدارەدا، تەنانەت بەشێکیان بەشداریشیان نەکردبوو، بەڵام چونکە کورد بوون لە سێدارە دران و شەهید کران.
ئەو یاسایەی لە 1928 لە پەرلەمانی تورکیا دەرچوو، ناویان لێنابوو یاسای شێخ سەعیدی پیران، ئێستا لەناو پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆ چڕبووەتەوە، هەمان یاسا بگێڕنەوە تەنیا بۆ بابەتی پرسی چارەسەری کورد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی (DW)ی تورکی، لەناو پەرلەمانی تورکیا ئەو کۆمیسیۆنەی دروست بووە بەناوی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموکراتی)، پێشنیاریان کردووە هەمان یاسای شێخ سەعیدی پیران بهێننەوە و چەکدارانی پەکەکەی پێ دادگایی بکرێن.
یەکێک لەو خاڵانەی باس دەکرێت، دوای ئەوەی پەکەکە بە یەکجاری چەکی فڕێدا، ئایە ئەو چەکدارانەی پەکەکە چارەنووسیان چی لێ دێت و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟ حکوومەتی تورکیا و پەرلەمانی تورکیا، چەندین پێشنیاریان کردووە، یەکێک لەوانە گێڕانەوەی یاسایی شێخ سەعیدی پیرانە، واتە چەکدارانی پەکەکە، ئەوانەی بەشدار نەبوونە لە تاوانی گەورە، لێخۆشبوونیان بۆ دەربکرێت، بەو مەرجەی جارێکی تر چەک دژی دەوڵەت هەڵنەگرن، گەرنا بەهیچ شێوەیەک لێخۆشبووونیان بۆ ناکرێت و سزای زۆر توند دەدرێن.
تاوەکوو ئێستا دەم پارتی، لەبارەی گێڕانەوەی ئەو یاسایە هیچ قسەیەکی نەکردووە و بۆچوونی خۆیان دەرنەبڕیوە، بەڵام پێناچێت پاڵپشتی بکەن، چونکە لەو یاسایەدا، شێخ سەعید وەکوو خاین مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، ئەگەر هەمان یاسا بهێننەوە پەرلەمانی تورکیا، واتە هەموو چەکدارانی پەکەکە خاین بوونە، ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان کێشە بۆ کۆمەڵگەی تورکیا دروست دەکات، بۆیە بەئەگەرێکی زۆرەوە دەم پارتی دژی دەوەستێتەوە. [1]