=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: بۆچی پارتی لە #کەرکووک# و #سلێمانی# کورسی کەمی بەدەستهێنا=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
سەرەتا پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەموو ئەندامێک و لایەنگرانی پارتی دەکەم، بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ.
لەم وتارەدا پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێم، بۆ ئەوەی حیزب بتوانێت لەداهاتوو بەردەوام بێت لە سەۆکەوتن، کاری من ئەوە نییە تەنیا پیرۆزبایی بکەم، دەبێت شڕۆڤە و تێزی تایبەت بۆ خۆمم هەبێت بۆ دەنگەکانی پارتی.
کادیری #پارتی دیموکراتی کوردستان#، دەبێت ڕاستگۆ بێت لەگەڵ پارتەکەی و خەڵک، دەبێت دان بە هەڵەکاندا بنرێت تا بتوانن چارەسەری بکەن. دەستنیشانکردنی هەڵەکان بەشێوەیەکی تەندروست و ئەکادیمی، دەرگای سەرکەوتنی پارت دەکاتەوە، بۆیە لەروانگەی بەرپرسیارییەتی خۆمدا، وەکوو ئەندامێکی ئاسایی پارتی، باس لە چەند هۆکارێک دەکەم بۆ کەمبوونی کورسییەکانی پارتی لە کەرکووک و سلێمانی.
=KTML_Bold=یەکەم: نەناسینی جوگرافیا=KTML_End=
تاوەکوو ئێستا پرسیاری ئەوەتان کردووە، بۆچی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی ڕووخا؟ یان خاکەکەی لە زیاتر لە دوو ملیۆن کیلۆ مەترەوە بووە 700 هەزار کیلۆ مەتر، یەکێک لە هۆکارەکانی ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، پادشاکانی ئاگاداری ئەو خاکە نەبوون کە حوکومیان تێدا دەکرد، تەنانەت عەبدولحەمیدی دووەم، لە تورکیا زیاتر نەچوبووە دەرەوەی خاکەکەی و چەند پاشایەکی تر هەبوون، لە کۆشکەکەی خۆیانەوە حوکمی نیوە دونیایان دەکرد و شارەزای هیچ یەکێک لەو خاکانە نەبوون کە لەژێر دەستی ئەواندا بوون، بۆیە ئیمپڕاتۆڕ، قۆناغ دوای قۆناغ بەرەو لاوازی ڕۆیشت.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ کەرکووک و سلێمانی، کەسانێکی دانەنا لە ڕێکخستن شارەزای جوگرافیای سلێمانی و کەرکووک بن، گومانم نییە بەرپرسانی ڕێکخستن لەو دوو شارە، کەسانی شارەزا و دڵسۆز و بەتوانان، بەڵام شارەزای جوگرافیای کەرکووک و سلێمانی نەبوون، کە شارەزاش نەبن ناتوانن لەوێ سەرکەوتوو بن لە کۆکردنەوەی دەنگدا.
بۆ نموونە، پارتی نەدەبوایە شاخەوان عەبدوڵا بکاتە بەربژێری پەرلەمان، دەبوایە شاخەوان ببێتە بەرپرسی ڕێکخستن یان بەرپرسی لق، چونکە شارەزای جوگرافیای کەرکووکە و دەیتوانی سەرکەوتوو بێت لە کۆکردنەوەی دەنگ. کە ناوی شاخەوان دێنم، مەبەستم تەنیا ئەو نییە، دەیانی تر هەن لەناو پارتی، دەتوانن ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ.
=KTML_Bold=دووەم: دانانی بەربژێر=KTML_End=
بەشێک لەو بەربژێرانەی بۆ سلێمانی و کەرکووک دانرابوون، ڕاستە خەڵکی ئەو شارەن و لەوێ لەدایک بوون، بەڵام نابێت ئەوان ببنە بەربژێر، دەبێت کەسێک بێت لە قوڵایی سلێمانی یان کەرکووک بێت و نیشتەجێی ئەوێ بێت.
بەربژێرێکی پارتی هەبوو لە سلێمانی، ڕاستە خەڵکی ئەو شارەیە، بەڵام لە شەڕی ناوەخۆوە سلێمانی جێهێشتووە، ناکرێت ئەو ببێتە بەربژێر لەو شارە، چونکە کەسانی تر هەن لە شارەکە دەژین و دەتوانن چۆن ڕیکلام و پروپاگندە بۆ خۆیان بکەن، کەسێک 30 ساڵە لە شارەکەی دوور کەوتووەتەوە، ناتوانێت پروپاگندەیەکی تەندروست بکات.
=KTML_Bold=سێیەم: چالاکی کلتووری=KTML_End=
پارتی، لە سلێمانی و کەرکووک چالاکی کلتووری کەمە، نەیتوانیوە وەکوو پێویست لەبواری کلتووری و کۆکردنەوەی هونەرمەند و ڕۆشنبیری ئەو دوو شارە سەرکەوتوو بێت، چونکە هەردوو شار گرنگییەکی بێوێنە بە بواری ڕۆشنبیری و کلتووری دەدەن، دەکرێت لەو ڕێگەیەوە دەنگ کۆ بکەنەوە و خەڵک لە پارتی نزیک بکرێتەوە.
یەکێتی، هونەر و ڕۆشنبیری لە سلێمانی کوشتووە و ئەو لایەنەی بەحیزبی کردووە، توێژی هونەرمەند و ڕۆشنبیران لەو پارتە نیگەرانن و لێی دوورکەوتوونەتەوە، دەکرا پارتی لەو ڕێگەیەوە ئەو بۆشاییەی پڕ بکردایەتەوە.
جارێکیان ڕێم کەوتە سلێمانی و چوومە چاپخانەی شەعب، دوو شاعیر و چەند هونەرمەندێکی تر لێم نزیکبوونەوە، کە پێشتر دەیانمناسی و باسیان لە پارتی کرد و گوتیان ئێمە حەز دەکەین ببین بە پارتی، بەڵام پارتی لێمان نزێک نەبووەتەوە، باسیان لەوەش کرد، توێژی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران سیاسەتی پارتیان بەدڵە، دەبێت پارتیش دڵی بۆیان بکاتەوە.
=KTML_Bold=چوارەم: هەلی کار=KTML_End=
ڕاستە پارتی فشارێکی زۆری لەسەرە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کەرکووک و سلێمانی، بەڵام دەکرێت لەرێگەی چەند پرۆژەیەکی وەبەرهێنانەوە، هەلی کار بۆ لایەنگرانی خۆی پەیدا بکات، تەنانەت بەشێکی زۆری گەنجان هەن بێکارن و بێلایەنن، لەرێگەی ئەو پرۆژانەوە دەکرێت گەنجان بخەنە سەر کار.
بۆ نموونە ماجیدی مۆڵ، لە سلێمانی گوایە وەبەرهێنانی پارتییە، تا چەند ڕاستە نازانم، بەڵام دەکرێت لەرێگەی پرۆژەی لەو شێوەیە هەلی کار بۆ گەنجان بدۆزرێتەوە و دەنگی پارتی لەو شارە زیاد بکات، چونکە سلێمانی ڕقی لە پارتی نییە وەکوو ئەوەی باس دەکرێت، بەپێچەوانەوە سلێمانییەکان پارتیان قبوڵە، بەڵگەش بۆ ئەوە، لە هەڵبژاردنی 1992، لە سەنتەری سلێمانی پارتی لە یەکێتی بردەوە، کەواتە کەمتەرخەمی هەیە و دەبێت چاک بکرێت.
=KTML_Bold=پێنجەم: سلێمانی #هەولێر# نییە=KTML_End=
یەکێتی هەموو هەڵبژاردنێک دروشمی (وەریدەگرینەوە) بەرز دەکاتەوە، بەڵام کەی 1+1 بووە 3، ئەوکات وەریدەگرنەوە، ئەنجامی هەڵبژاردن و خزمەتکردنی هەولێر وا دەڵێن، نەک بۆچوونێکی حیزبیانە.
بەڵام ئەمە بۆ سلێمانی وا نییە، دەکرێت پارتی دروشمەکەی یەکێتی دژی خۆیان بەکاربهێنێتەوە لە سلێمانی و بڵێت وەریدەگرینەوە، چونکە دەرکەوت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، لە کۆی 18 کورسی یەکێتی 8 کورسی هێناوە، کەواتە نیوە کەمتری کورسییەکانی هێناوە، ئەمەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ پارتی تا سلێمانی وەربگرێتەوە.
سیاسەتی ستراتیژ، ئەوە نییە بە هەڵبژاردنێک و دوو هەڵبژاردن لە سلێمانی ببیتە زۆرینە، بەڵکوو دەبێت بەرنامەت هەبێت، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن کورسییەکانت زیاد بکات، تا بەتەواوی دەبیت بە زۆرینە، وەکوو چۆن لە هەولێر زۆرینەی ڕەهایت، دەکرێت لە سلێمانی ئەگەر نەبیتە زۆرینەش، بەڵام کێبڕکێی توند بکەیت بۆ زۆرینە، بەمە دەڵێن سەرکەوتن.
خاڵەکان زۆرن ئەگەر قسەی لەسەر بکەم، بەڵام بۆ کاتێکی تری لێدەگەڕێم و دەکرێت تۆش وەکوو کادیرێکی دڵسۆز، خاڵی تری بۆ زیاد بکەیت.
لە کۆمێنت، ئەو وتارە دادەنێم کە هەڵسەنگاندنم بۆ دەنگە ملیۆنییەکەی پارتی کردوە، دەکرێت سوودی هەبێت و تۆی خوێنەر بۆچوونی خۆتی لەسەر بدەیت، پێموایە ئەگەر باس لە پارتی بکەین، دەبێت بیکەینە دوو قۆناغ، قۆناغی یەکەم، پارتی بەر لەوەی دەنگەکانی بگاتە ملیۆنێک زیاتر، قۆناعی دووەم، پارتییەک لەدایک بووە دەنگەکانی زیاترە لە یەک ملیۆن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=