=KTML_Bold=سەردەمی پڕوپووچیی=KTML_End=
#کارزان گلی#
ماوەیەکە خەریکی خوێندنەوەی چەند نووسین و کتێبێکم لەبارەی سیستەمی پروپووچیی، بەتایبەت کتێبە ناوازەکەی (ئالان دۆنۆ) نووسەری کەنەدایی بەو ناوە، کە (د.
ڕزگار ئاغاڕزگار ئاغا) وەریگێراوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. بەداخەوە بەبێ ئەوەی ئاگادار بین بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشێکی زۆرمان چووینەتە ناو ئەو سیستەمە سەقەت و ژەهراوییە.
لەسیستەمی پڕوپووچیدا، کە هەموو بوارەکانی ژیانی گرتووەتەوە و ئەو دیاردەیەش تەواوی دونیای گرتووەتەوە، پڕوپووچەکان یەکتری دەدۆزنەوە، لەهەمووشی ترسناکتر ئەوەیە، خۆیان بەڕێکخراوەیی دەکەن و پاشان دەست بەسەر دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا دەگرن، لەوێشەوە ئیدی هەموو پیرۆزییەکان بێبایەخ دەبێت و پارە شوێنیان دەگرێتەوە.
دۆنۆ لە کتێبەکەیدا بەناوی (سەردەمی پڕوپووچیی)، بەشێکی تەواوی بۆ زانکۆ تەرخان کردووە و پێیوایە لەو ڕێگەیەوەیە مرۆڤی پڕووپوچ و دامەزراوەی پڕوپووچ بەرهەم دێت، زانکۆ ئەوەندەی کار دەکات بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی سەرمایەکەی، ئەوەندە بیر لە مانا ناکەتەوە و بیر لەوە ناکەتەوە ئەو کەسەی زانکۆ تەواو دەکات، تا چەند پڕ زانیاری و زانست و ئاستی ڕۆشنبیری بەرز بووەتەوە، ئەمەش مرۆڤی پڕوپووچ دروست دەکات.
دۆنۆ، دەرچوانی زانکۆ، بەو کەسانە دەچوێنێت کە بازرگانی بەمادەی هۆشبەرەوە دەکەن، پێیوایە وەکوو چۆن بازرگانە گەورەکانی جیهان، سەدان کەسیان بەکرێ گرتووە مادەی هۆشبەریان بۆ بفرۆشن، واتە ئەوانەی مادە هۆشبەرەکە دەفرۆشن، بازرگانە گەورەکان نین، ئەوان بەکرێگیراون و ڕۆژانە چەند دۆلارێکیان دەست دەکەوێت. بۆ دەرچووی زانکۆش هەروایە، ساڵانە هەزاران کەس دەرچووی زانکۆن و بێکارن، هۆکارەکەشی ئەوەیە لە زانکۆ فێری ئەوە نەبوون چۆن کار بدۆزنەوە و ئاستی ڕۆشنبیری و زانستیان بەرز بێت، بۆیە هەروەکوو ئەو کەسانەی ڕۆژانە بە چەند دۆلارێک مادەی هۆشبەر دەفرۆشن، قوتابیانی زانکۆش بە چەند دۆلارێک ڕۆژانە لە ڕێستوڕنت یان کافێ و شوێنە گەشتیارییەکان کار دەکەن و بوارەکەی خۆیان فەرامۆش دەکەن.
سەردەمی پڕوپووچیی، ئەوەندە مەترسیدارە لەم سەردەمەدا دێتە ناو ژوورەکەت و لەگەڵ خۆیدا دەتبات، بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەیت، بۆیە گرنگە تاک هۆشیار بێت و هەتا بۆی بکرێت لەو سیستەمە بەدوور بێت.
ئەگەر لەڕووی ئابوورییەوە سەیری ئەو سیستەمە بکەین، دۆنۆ باس لە (گەشەپێدانی بە پلان) دەکات، ئەو چەمکە ئابوورییە سەردەمی پڕوپوچی دایهێناوە، بۆ نموونە تۆ گسکێکی کارەبایی دەکڕیت و مارکەیەکی زۆر باشە، تا دوو ساڵ گرنتی هەیە، پاشان ئەگەر کەرەسەتەیەکی ئەو گسکە لەکاربکەوێت، ناتوانیت دانەیەکی تری بۆ بکڕیت و کۆمپانیا دەڵێت دروست نەکراوە و دەبێت فڕێی بدەیت و دانەیەکی تر بکڕیت، واتە بەو شێوەیە دێیتە ناو ئەو سیستەمە، چونکە گسکەکەی خۆت زۆر باشە و پێویست بەوە ناکات بیگۆڕیت، بەڵام بەناچاری پێت دەگۆڕن، بۆ هەموو کەلوپەلەکانی تریش هەروایە و گەشەپێدانی بە پلانیان لەسەر جێبەجێ کردووە.
ئەگەر لەڕووی هونەرییەوە سەیری بکەیت، سەردەمی پڕوپووچیی بەشێوەیەکی فراوان ئەو بوارەی گرتووەتەوە، لەلایەک هونەرمەندان دەخرێنە ناو ئەو سیستەمە و بەپارەیەکی زۆر لەخزمەتی کۆمپانیا و مارکە گەورەکانی جێهانی یان ناوەخۆیی دەبن، جیا لەوەی سەرکردە دکتاتۆرەکانیش بەکاریان دەهێنن بۆ پەردەپۆش کردنی سیستەمە سەقەتەکەی خۆیان.
دۆنۆ ئاماژە دەدات، ساڵ هەبووە لە کەنەدا هەزار ڕووداوی بەریەککەوتنی شەمەندەفەر هەبووە، لەرێگەی هونەر و نووسەرانەوە ئەو ڕووداوانە داپۆشراوە و وایان لە خەڵک گەیاندووە ڕوووداوەکان نەخوازراو یان قەزاو قەدەر بووە، لە کاتێکدا هەڵەکە لەو کۆمپانیایە بووە و شەمەندەفەرەکانی بەشێوەیەکی زۆر خراپ و بێکوالێتی دروست کردووە.
تۆ وەرە سەیری ئەو هونەرمەندانە بکە کە ئاستیان بەرزە و هونەری ڕاستەقینەیان پێیە، خەڵک پێشوازیان لێ ناکات، بەڵام هونەرە پڕووپووچەکان ڕەواجیان زۆرە و زۆرترین پێشوازیان لێ دەکرێت، ئەمە کوردستانی بەچڕ گرتووەتەوە، تەنانەت ئەدەبیاتیش هاتووەتە ناو سیستەمەوە و کام ڕۆمانی پرووچوپە پڕفرۆشترینە، بەڵام ڕۆمانە ئاست باڵاکان فرۆشیان کەمە، ئەمە بەپلانە و کاری بۆ کراوە، واتە پێت وا نەبێت پڕوپووچەکان نەزانن، نەخێر ئەوان ئەزموونیان هەیە و دەزانن چۆن خەڵک بهێننە ناو سیستەمی خۆیان.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سیاسەت و قسەی لەسەر بکەین، سیستەمی پڕووپووچی زۆرترینی لەورێگەیەوەیە، بەجۆرێک سیستەمەکە ڕۆچۆتە ناو بواری سیاسەت، کاریگەریی لەسەر هەموو لانەکانیش تریش کردووە.
تۆ سیاسییەکی بەئەزموون و ڕۆشنبیر و بەتوانابە، هیچ بایەخێکی نییە، بەڵام پۆپۆلیست بە و درۆ بۆ خەڵک بکە و کردارت نەبێت و تەنیا قسە زل بکە، زیاتر پێشوازیت لێ دەکرێت. لە بواری سیاسەتدا پڕوپووچەکان یەکتری دەدۆزنەوە، لایەنە ترسناکەکەشی ئەوەیە، خۆیان بەدامەزراوەیی دەکەن و دەخزێنە ناو دام و دەزگاکان و پۆستی باڵا وەردەگرن.
ئەگەر بتەوێت ببیت بە پەرلەمانتار، پێویستت بەوە نییە زیرەک و یاساناس و دیبلۆماسی بیت، بەڵکوو پۆپۆلیست بەو جنێوفرۆش بە بەئاستێکی نزم قسە بۆ خەڵک بکە، دەچیتە پەرلەمان. ئێمە چەند پەرلەمانتارێکمان بینی چۆن لەورێگەوە چوونە ناو پەرلەمانی کوردستان، بەجنێو و قسەی نەشیاو و زمانێکی شەڕانی چوونە پۆستێکی باڵاوە. لەناو دام و دەزگاکانیشدا لەو جۆرە کەسانە زۆرن، هەر لە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و زۆری تر، لەرێگەی سیستەمی پڕووپووچییەوە ئەو پۆستەیان وەرگرتووە، کەسە شیاوەکانیش بێکار ماوەنەتەوە و حیسابیان بۆ ناکرێت. لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەوانەی شیانن هەمیشە لە پۆستە باڵاکان بن، چونکە فیکر و ئاستی ڕۆشنبیری و توانایان ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا، ئێمە قسە لەسەر ئەوانە ناکەین.
مەترسی ئەو بوارە ئەوەیە، پڕووپووچەکان کاتێک دەچنە پەرلەمان یان پۆستێکی تری باڵا وەردەگرن، بە خەڵک دەڵێن، ئەها ئێمە لەو ڕێگەیەوە لە پەرلەمانین، سەیری کە چۆن پۆستمان وەرگرتووە و ژیانمان گۆڕاوە و لە هیچمان کەم نییە، تۆش دەتوانیت جنێوفرۆش بیت، دەتوانیت وەکوو ئێمە ئاستت نزم بێت و پۆپۆلیست بیت، لەوڕێگەیەوە ژیانت بگۆڕیت.
کەواتە دەبێت وریا بین چۆن خۆمان لەو سیستەمە بپارێزین، چۆن لەخۆمان و ماڵ و منداڵمانی دوورخەینەوە، چونکە سیستەمێکە وەکوو ژەهر بەناو دونیادا بڵاوبووەتەوە و هەرێمی کوردستانی بەشێوەیەکی فراوان گرتووەتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=