ناونیشانی بابەت: یادێک له عارفی ناوداری کورد #شێخ ئەحمەد بارزانی#
#موحیب مەهابادی#
ئەمڕۆ #11-01-2026# بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی عارف و سەرکردەی ناوداری کورد جەنابی شێخ ئەحمەد بارزانی موڕشیدی گەورەی تەریقەتی نەقشبەندی و تێکۆشەر و زانای بلیمەتی کوردستان، وێنەیەکی دەگمەن و یادگاری بەڕێزیان بڵاو دەکەمەوە له ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیان له بارزان، کورتەیەک له ژیاننامەی جەنابیان: شێخ ئەحمەد بارزانی کوڕی شێخ محەمەد بارزانی کوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەکەم لە ساڵی 1896ی زایینی دا لە ناوچەی #بارزان# لەدایک بووە و پاش لەسێدارەدانی شەهید شێخ عەبدولسەلامی دووەم کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە دەبێتە خودانی بارزانییەکان و ڕێبەری تەریقەی نەقشبەندی لە ناوچەکەدا، لە ساڵی 1931 دا بە هۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ حکومەتی ئەوسای ئێراقدا، شەڕ وپێکدادان لەنێوان هێزی بارزانییەکان و سوپادا ڕوو دەدات و نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت، کەدواتر بە شۆڕشی یەکەمی بارزان ناسێنرا، بەڵام بەشداریکردنی هێزی ئینتیدابی بەریتانی لەشەڕەکاندا و بۆردومانی ئاسمانیی بۆ سەر ناوچەکان وا دەکات شێخ ئەحمەد لەگەڵ 400 هاوەڵیدا بەرەو تورکیا بڕۆن و لەوێ داوای پەناهەندەیی بکەن، حکومەتی ئەوسای تورکیاش بە هۆی ئەوی کە پێشتر شێخ ئەحمەدی بە هاوکاریکردنی شۆڕشی ئارارات تۆمەتبار دەکرد و بۆ تێکنەچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراقدا خۆی و هاوەڵەکانی ڕادەستی بەغداکردەوە، لەگەڵ ڕادەستکردنەوەیدا بۆ شارەکانی باشوور دووردەخرێتەوە و ساڵی 1936 دەهێنرێتە بەغدا کە هاوکات دەبێت لەگەڵ دوورخستنەوەی #شێخ مەحمودی حەفید# دا بۆ ئەو شارە و بەوەش سەردان و پەیوەندیی لەنێوانیاندا درووست دەبێت. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێراق شێخ ئەحمەد دووردەخەنەوە بۆ ناسریە، ساڵی 1939 بۆ ماوەیەکی کەم دەینێرنە پردێ و کفری و پاشان لە سلێمانی جێگیردەبێت. لە 1943 دا مەلا مستەفای برای لە ناوچەی بارزان شۆڕش دەست پێ دەکاتەوە و کاتێک حکومەت داوای دانووستانی لێ دەکات یەکەم مەرجی بۆ دانووستان و ڕێککەوتن گەڕانەوەی شێخ ئەحمەد دەبێت بۆ بارزان و ساڵی 1944 بڕیاری دورخستنەوەی لەسەر لادەبرێت و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی کوردستان له مەهاباد، شێخ ئەحمەد بە هاوەڵی مەلا مستەفا و هێزێکی بارزانییەکان بەشداریی شۆڕشەکە دەکەن. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان له مەهاباد مەلا مستەفا بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەڕوا بەڵام شێخ ئەحمەد بۆ پاراستنی گیانی ژن و منداڵەکان خۆی ڕادەستی ئێراق دەکاتەوە، پاش دەستبەسەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆدەردەکرێت، بەڵام دوای سێ ساڵ بڕیارەکە دەگۆڕدرێت بۆ زیندانیکردنی هەتاهەتایی و تاکودەتای ساڵی 1958 لە بەندیخانەدا دەبێت. ئازاد بوونی شیخ ئەحمەد هاوکات دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی مەلا مستەفادا لە یەکێتی سۆڤیەت، لەوێ بەدواوە و پاش گەڕانەوەی بۆ ناوچەی بارزان خۆی بۆ بەڕیوەبردنی کاروباری کاری ئایینی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە تەرخان دەکات و لە پرسی شۆڕشدا بەشداریی ڕاستەوخۆ ناکات، بارزانییەکان سەردەمی ڕابەرایەتی شێخ ئەحمەد بەسەردەمێکی زێڕین دادەنێن کەتیایدا پێشکەوتن و چاکسازیی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە، لەکانوونی یەکەمی ساڵی 1968 دا باری تەندرووستیی شێخ ئەحمەد تێک دەچێت و لەنۆی ئەومانگەدا بەهەلیکۆپتەر دەبرێتە بەغدا بۆ چارەسەرکردن بەڵام سەر لەبەیانی #11-01-1969# لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە #بەغدا# کۆچی دوایی کرد. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=