کەمال سابیر (بە گوێرەی ناسنامەکەی: کمال صابر) لە ساڵی 1944 لە گەڕەکی #مەڵکەندی# لە #سلێمانی# چاوی بەدنیا هەڵهێناوه، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی هەر لە سلێمانی تەواو کردووه. هەر لە مناڵییەوە خەریکی کاری هونەری بووه، لە ناو هاوڕێکانی دا بەقسە خۆش و نوکتە چی ناسراوه. هونەرمەند لە ساڵی 1970دا ژیانی هاوسەری پێکەوە ناوە و خێزانێکی مامناوەندی دروست کردووه، دوو کوڕ و دوو کچی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە بە ناوەکانی (هەردی، هەڤاڵ، هەڵاڵه و هەرێز) وە لە چوارچێوەی خێزانەکەشی دا هەردەم وەک هاوڕێ ڕەفتاری لەگەڵدا کردوون.
مامۆستا کەمال هەرچۆن لە بواری هونەریدا خەریک بووە ئاوەهاش شانبەشانی هونەرەکەی خەریکی کاری ڕامیاری و کوردایەتی بووه، هەرگیز بەرامبەر دوژمندا چۆکی دا نەداوە و بوێرانە لە ڕوویاندا وەستاوەتەوە و سووربووە لەسەر ڕێبازەکەی. کەمال سابیر مرۆڤێکی دڵپاک و ڕەوشت بەرزبوو، مرۆڤێکی کۆمیدی زۆر گەورەی میللەتی کورد بوو.
هەر بۆیەش ئەم هونەرمەندە لە ناو میللەتەکەیدا بە گەورە و سەربەرز و خۆشەویست ناوی دەرکردوو بوو، هەموو ماڵێکی کوردستان کەمال سابیری هونەرمەند و مرۆڤیان دەناسی و خۆشیان دەویست.
لە ڕۆژی 1997-06-02 دڵە مەزنەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە هونەر و خۆشەویستانی کرد و بەم کۆچەی کەلێنێکی گەورەی لە هونەری کوردیدا دروست کرد.
لە وێستگەکانی هونەرمەند کەمال سابیر بەدرێژایی ژیانی:
- ساڵی 1964 - 1965 خانەی مامۆستایانی تەواو کردووه
- لە ساڵی 1969 دەستی بەکاری هونەری کردووه
تاکو ساڵی 1972 ئەندامی تیپی #هاوڕێیانی گەزیزە# بووە
- لەساڵی 1973 ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری #تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی# بووه
- ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە ساڵی (1983 - 1993) ئەندامی کۆمیتەی باڵای یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووه
- ئەندامی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووه
- ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان بووە ساڵی 1991
- ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری بەرنامەی کەشکۆڵ بووه
- بەڕێوبەری تەلەڤزیۆنی هەرێمی کوردستان بووە ساڵی (1994 -1995)
- 1983 - 1984 بوێرانە کۆمێتەی شاروشاخی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستانی بەیەکەوە گرێ داوه
- 1996 - 1997 سەرپەرشتیاری هونەری بووە لە مەڵبەندی هۆی فێرکردن[ 1]