مینا خانم، هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد، لە ساڵی 1908ز. زایینی لە شاری #مەهاباد# چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و لە تافی لاویدا بوو کە باوک و مامێکی لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی و هێرشی ڕووسەکان بۆ سەر کوردستان و ئێران، لە دەسدا.
ئەم ژنە تێکۆشەر و نیشتمان پەرەوەرە لە ساڵەکانی 1927 و 1928ز. دا لەگەڵ پێشەوای کورد قازی محەمەد یەکتر دەناسن و پاشان ژیانی هاوسەری پێک دەهێنن. میناخانم یەکێک بوو لە هاوکارەکانی پێشەوا لە گشت بوارەکاندا گەر چی بەهۆی ئەوەی کە لە کاتی منداڵیدا لە ناوچەکەیاندا قوتابخانە نەبوو نەیتوانیبوو بخوێنێ، بەڵام ژنێکی لێهاتوو، ڕۆشنبیر و سیاسی بوو، ئەوانەی کە میناخانیان دەناسی دەڵێن ئەگەر کەسێک میناخانمی بە باشی نەناسیبایە وای دەزانی خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە. دەگێڕنەوە کە بۆیە یەکێک لە کاربەدەستەکانی ئێران لە کاتی قسەکردن لەگەڵیدا پێی دەڵێت خانم ئێوە دەرچووی کام زانکۆن؟ خاتوو مینا لە وەڵامدا دەفەرمێ زانکۆی قازی محەمەد، میناخانم توانی لە ماوەیەکی کەمدا بگاتە ئەو ئاستەی کە ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت لە هاوکاریکردنی هاوسەرەکەی و لە ژیانی سیاسی و ئیداریشدا بەشداریی بکا.
مینا خانم لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بووە سەرۆکی ڕێکخراوی یایا و بەم شێوەیە میناخان بووە یەکەم سەرۆکی یەکێتی ژنانی کوردستان و توانی دەورێکی بەرچاو بگێڕێت لە خزمەتکردن بە ژنانی وڵاتەکەی و هاوکارییان بکات و ڕێکخراوەکەی توانی لە بواری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە خزمەت بە ژنان بکات و پێداگیر بێ لە وەرگرتنی مافەکانی ژنان و چەسپاندنی مافەکانیان لە دەوڵەی کۆماری کوردستاندا.
ئەم ژنە تێکۆشەرە لە تەمەنی 38 ساڵی دا بوو کە هاوسەرەکەی لە سێدارە درا و ئیتر لەو کاتەوە جگە لە دایکایەتی ئەرکی باوکیشی بۆ منداڵەکانی کەوتە ئەستۆ. خاتوو مینا 9 منداڵی لە پێشەوا قازی هەبووە، یەکێک لە منداڵەکانی هەر لەناو لانکەدا گیانی سپارد و 8 منداڵی بۆ مایەوە کە توانی هەموویان بنێرێتە قوتابخانە و بەشێکیشیان زانکۆ تەواو بکەن و منداڵەکانی بە بیری کوردایەتی و نەتەوەییەوە گۆش کرد.
میناخانم لە ژیانیدا تووشی گەلێک ناخۆشی و ناڕەحەتی هاتووە. لە لایەن ڕێژیمە داگیرکەرەکانی ئێرانەوە تووشی زیندانیکردن و ئەشکەنجە و ئازار بووەتەوە. ئەم ژنە شۆڕشگێڕە لە ساڵی 1984ز. لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندی ئێرانەوە بۆ ماوەی 11 مانگ زیندانی کرا و کەوتە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژییەوە. میناخانم لەو کاتەی کە لە زیندان بوو بەهۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە تووشی نەخۆشی دەبێت، ڕێژیمی ئاخوندی بۆ ئەوەی کە میناخانم بنێرێتە نەخۆشخانەی ئاسایی داوا دەکات کە یەکێک لە کچەکانی بە جێگای ئەو لە زیندان بکرێن. بۆیە خاتوو فەوزییە دەچێتە زیندان و میناخانم بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران بەڕێ دەکرێ. لە نەخۆشخانەی تاران بە هاوکاری کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە ڕزگار دەبێت و لە مەشهەد دەشاردرێتەوە.
میناخانم لە ساڵی 1991ز. ڕوودەکاتە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەکی کەم دەگەڕێتەوە مەهاباد. لە ساڵەکانی1995 و1996ز. بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی ڕوودەکاتەوە هەندەران و پاش ئەوەی کە لە چاکبوونەوەی نائومێد دەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد و سەرەنجام لە ڕێکەوتی 17-02-1996ز. بە یەکجاری چاوەکانی لێک دەنێ و ماڵاواییمان لێ دەکا.