ناو: سامیە
نازناو: مەشخەڵ
ناوی باوک: شاکر سادق
ناوی دایک: ئەمینە شێخە عەبدولڵا
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #06-05-2026#
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
شوێنی کۆچی دوایی: ئەڵمانیا
$ژیاننامە$
مەشخەڵ؛ ناسناوی شیعری شاعیری ئافرەتی بەهرەدار و شۆڕشگێڕ و زانا و ناوداری هەولێری دکتۆرە (سامیە شاکر سادق)ە.
مەشخەڵ لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لە شاری هەولێر (گەڕەکی قەڵات) لە بنەماڵەیەکی ئەدەب پەروەر و هۆشیار و ناودار لەدایکبووە، دایکی (ئەمینە شێخە عەبدولڵا) لەدایکبووی گوندی (#پیرداود#)ی دەشتی دزەییانە، باوکی لە بەر ئازایەتی بە (عەبدوڵلا ڕووت) ناسراوە، (ئەمینە خان) ئافرەتێکی دیندار و خواناس و قسە لەڕووبووە.
شاکر سادق حەمە سەلیم-ی باوکیشی پیاوێکی دنیادار و سەخی تەبیعەت و میوانپەرست بووە، بەهۆی کاری باوکییەوە (مەشخەڵ) خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچکەی #شەقڵاوە# تەواو کردووە، و قۆناغی ناوەندی لە هەولێر بەسەرکەوتووانە بڕیوە.
لە ساڵی 1958دا، خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو کردووە، بۆ یەکەم جار لە شارۆچکەی شەقڵاوە وەک مامۆستا دامەزراوە، لە پاشان بۆ هەولێر گواسترایەوە وەک بەڕێوەبەر و زۆر بەسەرکەوتووانە کاری خۆی بەئەنجام گەیاندووە.
مەشخەڵ هەر لە منداڵییەوە هەستی نووسینەوەی هۆنراوە و پەخشانی هەبووە و بەرەبەرە پەرەی پێداوە، هەتا بەتەواوی لە جیهانی هونەر و هۆنراوەدانان جێگای خۆی کردووەتەوە و قەڵەمێکی دیار و یاخی و بەبرشتی سەردەمی خۆی بووە.
مەشخەڵ، کاتێک چەپکێک لە بیرەوەرییەکانی بەنێوی (سێ بێ / بەستەپیازە، بەغدا، بەرلین) دەنووسێتەوە تەمەنی حزبی نزیکەی نیو سەدە دەبێت و هەمووشی بۆ ئایدیا و ئامانجە پیرۆزەکەی تەرخان کردووە، ئەو ئامانجەی تا سەر ئێسقان باوەڕی پێ یان هەبووە و دڵسۆزانە خەباتی بۆ کردووە قوربانی بێ پایانیشی بۆ داوە، ئێستاش بە هەمان نەفەس و دڵسۆزی جارانی کاردەکات.
شایەنی ئاماژەپێ دانە، کە هاوڕێیەکی دێرینی دکتۆرە (سامیە) کە ئەویش بەڕێز (بەدیعە محەمەد نەجیب ساڵح) ە پێشەکییەکی کورت و پوختی بۆ (سێ بێ) نووسیووە و لە بەشێکیدا دەڵێت: (لە میانی ئاشنابوونمان بەیەکتری، خوشکە سامیە هەمیشە کەسێکی خێرخواز و چاکەویست بوو و یارمەتیی چەندین خێزانی هەژار و نەداری دەدا و بەوپەڕی ڕێزەوە تەعامولی لەگەڵ خەڵک دەکرد. هەروەها بیروبۆچوونەکانی واقیع بینانە و زانستییانە و کۆمەڵایەتی و لە بەرژەوەندی گەلی کورد بوون)....
ئەوەی بیرەوەرییەکانی (مەشخەڵ) بخوێنێتەوە دەزانێت، کە ئەم زاتە چەندە ناخۆشی و ئەزیەت و دەربەدەری و چەوسانەوەی بینیوەو هەروەها قوربانی زۆریشی بۆ چارەسەری کێشەی ڕەوای گەلەکەی داوە، تەواوی وەزو توانای خۆی خسووەتە حزمەتی گەلەکەی و لە پێناویشیدا باجێکی زۆری داوە، ئێستاش بە هەمان گڕوتینی جارانییەوە سوورە لەسەر خەبات و داکۆکیکردن لەمافی چەوساوەکانی گەلە ستەمدیدەکەی و بەدلێکی گەرمەوە بەرژەوەندی گشتی خسووەتە سەرووی بەرژەوەندی تایبەت، هەر بۆیە بەشانازییەوە لە گەنجینەی (سێ بێ) دا دەڵێت:
(پاش نزیکەی نیو سەدە لە خەباتی بێ پسانەوە، لەم دنیایەدا جگە لە شەرەف و شان و شکۆی خۆم وەک ئافرەتێکی نێو بواری سیاسەت و ئەدەب، هیچ شتێکی دیکە شک نابەم، کەئەمەش مایەی سەربەرزیمەوبە هەمووسەروەت و سامانی دنیا نایگۆڕمەوە)..
لە (سێ بێ) دا، دکتۆرە (سامیە) چەندین بەڵگە نامەی گرنگی بڵاوکردووەتەوە کە ژیانی خۆی و خانەوادەکەی بەرەو ئاییندەیەکی نادیار برد، بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی (بەرەی نێوان حزبی شیوعی و حزبی بەعس)کە (مەشخەڵ) کادیرێکی دیارو چالاکی حزبەکەی بووە، هەروەها چەندین وێنە دانسقەی خۆی و خانەوادە و هاوڕێیانی بڵاوکردووەتەوە لەتەک چەندین دیکۆمێنت ونامەی گرنگ.
دکتۆرە سامییە لە (سێ بێ) دا دەڵێت: (لە بنەماڵەکەمان چەندین کەسایەتی دیارو شوڕشگێر هەڵکەوتوون کە بەگیانی خۆیان بەرگرییان لە نیشتمان کردووە و خزمەتێکی بەرچاوی شارەکەشیان کردووە هەتا لە بواری یاسادانانیش، لەوانە:
1 / کاک موسا سەمەد، کە یەکێک بووە لە ئەندامانی ڕێکخراوی (دارکەر) (الحگاب) کە کۆمەڵەیەکی سیاسی بووە و، بۆ سەربەخۆیی کورد تێ دەکۆشا و لە دواییدا ناوی ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵی 1939 دا بووە (حزبی هیوا) و مامۆستا ڕەفیق حلمی بووە سەرۆکی، هەروەها لەناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی ڕابردووش بووە وەزیری پەروەردە لە کوردستان.
2 / کاک (عادل سەلیم)، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی شیوعی ئێراق بوو، هەروەها بۆ ماوەی 3 ساڵ وەزیری گواستنەوەوگەیاندن بووەو، حزمەتێکی زۆری بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە.
3 / دکتۆر (کەمال عەزیز توتنچی)، ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانان و دکتۆرێکی لێزان و بەناوبانگ بوو و، لە هەردوو بواردا حزمەتی بەرچاوی هەبووە.
دکتۆرە (سامیە)لەگەڵ دەستپێکردنی ژیانی ڕامیاری، دەستی بە نووسین و هۆنراوە دانانیش کردووە، هەتا لە ساڵی 1969دا، وەک ئەندام لە (یەکێتی نووسەرانی کورد) دەست بەچالاکی دەکات، پەرە بەکاری وێژەی هۆنراوە نووسینیش دەدا وبەرهەمەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانیش بڵاو دەکرانەوە, هەندێک لە هۆنراوەکانی وەک سروود لە قوتابخانەکان دەوترانەوە، کە دانانی ئاوازەکەی لە لایەن مامۆستا (فوئاد ئەحمەد نانەکەلی) بووە وەک هۆنراوەی (ئاشتی خوازین)...
دکتۆرە (سامیە)، لە سەرەتای ژیانییەوە شیعر و وشە دەکاتە ئامرازی خەبات و تێکۆشان، بۆیە لە هەر بۆنەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی کورددا حزوری هەبووە و شیعری داناوە و لە کۆڕوکۆبوونەوەی جەماوەریدا پێشکەشی کردووە، بەهێزترین هۆنراوەی (مەشخەڵ)، هۆنراوەی (بیری چەسپاوە)، کە چاوەڕوانی ڕۆژی ڕاستەقینەی ژینی ئازادی نەتەوەکەیەتی، تاکوو بەسەربەرزی لەبەر ڕووناکی ڕۆژی بیری چەسپاودا بژی کە هەتاهەتایە ئاوا نابێت و دەڵێت:
(ڕاستە هاوڕێ من کچێکم... خاوەن بیروباوەڕێکم
لەت لەتم کەن گەر بمکوژن... قەت ناگۆڕێم هەر یەکم
گەر بمخەنە ژووری زیندان.... هەر چەند ئازاریشم بدەن
هەرگیز ناوەستم نابەزم..... چونکە دڵسۆزم بۆ وەتەن
من هاوار ئەکەم لە مەیدان.... ئازادی بۆ گشت میللەتان
لەبن دێت هەر بەتێکۆشان... ڕەگ و ڕیشەی گشت خوێنمژان.)
بەڕێزان، ئەوەی لەسەرەوە باسم کردووە گوڵبژێرێکە لەڕەوتی ژیان و خەبات و تێکۆشانی خاتوو سامیە شاکر سادق (مەشخەڵ)، چونکە باسکردن و گێڕانەوەی تەواوی بەسەرهات و تێکۆشان و ماندووبوونی ئەوزاتە بە چەندین کتاب تەواو نابێت، بۆیە لێرەدا هەربەوەندە کۆتایی بەم چەند وشەیە دەهێنم و هیوادارم لە داهاتوودا بتوانیین زیاتر لاپەڕەکانی ژیان و تێکۆشانی دکتۆرە (سامیە)هەڵبدەینەوەو بە نەوەکانی نوێ ئاشنای بکەین....
لەکۆتای دا هەرئەوەندە ماوە بڵێم: هیچ بەرهەمیک بێ کەم و کوڕی نابێت، بۆیە لێرەدا داو لە پسپۆڕان و ڕەخنەگران دەکەم، کە بە شێوەیەکی زانستیانە لێکۆڵینەوە لەسەر ژیان و تێکۆشان و خەبات و بەرهەمەکانی (مەشخەڵ) وەک ئافرەتێکی زانست پەرست و ماندوونەناسی بواری خەبات و تێکۆشان بنووسن و زیاتر بەنەوەی نوێ ئاشنای بکەن، چونکە (مەشخەڵ)ی زانست و خەبات، بەر لەوەی ملکی خانەوادەکەی بێت، ملکی نیشتمانێکی لەخاچ دراوی بێ ناسنامەیە کە هەموو جوانی تەمەنی لە پێناو زانست و ئازادیی ژیان و سەربەستی و یەکسانیدا کردە قوربانی......!
تەمەن درێژببێت (مەشخەڵ) ی بلیمەت ومامۆستای بەهەردار و شۆڕشگێڕ و شاعیر و زانست پەرست و زانا و ناودار و مرۆڤ پەروەری خاوەن بیری چەسپاو وهەلوێستی نەگۆڕ...!
ڕۆژی 06-05-2026 بەنەخۆشی لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
بەرهەمە چاپ کراوەکانی دکتۆرە سامیە (مەشخەڵ):
1/ دیوانی بیری چەسپاو / هەولێر 1973
2 / دیوانی بەهرەی دوور / سوید 1984
3 / بیوگرافییای ناساندنی نووسەرانی کورد / بە زمانی ئەڵمانی / 1991
4 / ئەلف و بێ ی کوردی بە ناونیشانی (هەولێر / بۆ خوێندکارانی ئەڵمانی) / 1986
5 / نامەی (بکالۆرێۆس و ماجستێرو دکتۆرا / (لایبزیگ).
6 / سێ بێ / بەستەپیازە، بەغدا، بەرلین / بەشێک لە بیرەوەرییە سەختەکانی ژیانم / هەولێر، 2019
7 / وەرگێڕانی کتێبی (ئەلکسەندرا کۆلۆنتای) لە عەرەبییەوە بۆ سەرزمانی شیرینی کوردی، بە ناونیشانی (ڕزگارکردنی ئافرەتە کرێکارەکان)، هەولێر، 2019 [1]