نووسینی: کریستۆفەر هیچنس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە؛ #محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق#
ئەم کتێبە لە ساڵی 2002 دا لەلایەن خانەی وەرگێڕانەوە بڵاوکراوەتەوە
لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە:
ئەمە ئەزموونێکە لە ڕۆژنامەنووسیدا پێدەچێت کەڵکی خۆی هەبێت و لەدووتوێیدا هێمنی و تووڕەییش لەخۆدەگرێت. لە لووتکەی مشتومڕی نێودەوڵەتیدا، سەبارەت بە گۆڕینی ڕژێم لە عێراقدا و لەکاتێکدا وایدەگەیاند کە حوکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئیتر بەتەواویی پابەندی ئەو سیاسەتە بووبێت، من دەستم کرد بە نووسینی زنجیرە مشتومڕی توند بۆ گۆڤار و ماڵپەڕی Slate. بۆچوونەکە بریتی بوو لە تاقیکردنەوەی شیکاریی مەودا کورت لە بەرانبەر مەودا درێژدا، لە هەمان کاتیشدا هەڵوێست و قەناعەتەکانی مەودا درێژ بخرێتە بەر پەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی مەودا کورت.
من بە نیازم ئەم تاقیکردنەوەیە بەجۆرێ لێبکەم کە لەوانیتر بێلایەنتر و سەربەخۆتر بێت. من لە ڕوانگەی کەسێکەوە دەستم پێکرد کە لایەنی بەرهەڵستکاریی عیراق و کوردی گرتبێت لە دژی سەدام حوسێن، کەسێک کە هیوای سەرکەوتنیانی خواستبێت و هاتبێتە سەر ئەو بڕوایەی کەوا سەرەکیترین و گەورەترین هەڵەی ڕۆژئاواییەکان و بەتایبەتیش ئەمریکاییەکان لە میانەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، جێگیرکردنەوەی سەدام حوسێن بوو لە دەسەڵاتدا، ساڵی 1991.
من هیچ شتێکم لەوانە نەگۆڕی کە نووسیبوومن یان قسەم لەسەر دەکردن، پێش ئەو هێرشەی لە 20 ی مارت تا 9 ی نیسانی 2003 بەڕێوەچوو بەڵام لەڕاستیدا مەسەلەکەمان گەیاندە ئاستی لەسەروەستانی ڕەحنەگرانەی هەر خوێنەرێک. پاشان ئەم بەراییە کورتە و پاشەکییەکم داڕشت. ئەمانە هەموو مێًژوویان بۆ دانراوە و بەهەمان شێوە ئەوانی تریش بۆیان دادەنرێت. ئەڵبەتە ئەو کاتەی ئەم کتێبە بچووکە دەگاتە دەستی خەڵک گۆڕانی تر ڕوودەدەن، چاک بێت یان خراپ. کەسیش ناتوانێ ئەو هیوایە بخوازێت وەک مێژوونووسێک لەبارەی ئێستاوە بنووسێت، بەڵام دەکرێ وەک وتارنووسێک بێنە و بەرە لە سەر چەواشەکاریی بارێکی مێژوویی بکرێت کەوا هەندێک ڕووداو یان ئەنجام کە بە دوای هێرشەکەدا هاتن دەبوو بە پێچەوانەوە هەرگیز ڕوونەدەن. بەهەر حاڵا لە خەونەکاندا بەرپرسیارێتی دەست پێدەکات و ئەوانەی کەوا خەونی عیراقێکی ئازادیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە دەبێ بەرپرسیارێتی لۆجیکی و ئەگەری ئەنجامەکانی داواکاریەکانیان قوبووڵا بکەن. یەک لە چالاکیەکانی ناسینی ئەوانەی بەمجۆرە مشتومڕ دەکەن ئەوەیە کە هەرگیز نەگەڕاون بەدوای خۆلادان لە مەترسیی ئەم حاڵەتە، ئەمەشە کەوا گشت ئەو جیاوازییەی دروستکردووە. من ئەم کارە بچووکەم پێشکەش دەکەم بە بەرهەم ساڵح و کەنعان مەکییە و ئەحمەد چەلەبی کە هاوڕێی ئەم خەباتە ڕەوایە و دۆستی دیرێنمن، هەروەها پێشکەشی دەکەمە دۆست و هاوکاری ئەم دواییەم میشێڵا کێڵی Michael Kelly کە لە ڕۆژی سانت پاتریکی 1957دا لە دایکبووە و لە 3 ی نیسانی 2003دا لە دەوروپشتی فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا (کە پێشتر بەناوی سەدامەوە بوو).
بیرۆکەی بنەڕەتیی، لە بینینی شێوازێکی ئاوها خێرای قسە و باسدا کە لە گێڕانەوە بچێت، بە تەوافوق دێت لە نێوان جاکۆب و وایزبێرگی Slate و جەی مانێڵی لەمەڕ ئاژانسی ولیەم مۆریس و ترێنا کیتینگی دەزگای کتێبفرۆشیی Plume/Penguin دا، کە پێشەکی و پاشەکیی درێژتریان بۆ نووسراوە. سوپاسی گەرمم بۆ ئەوان و بۆ گرەیدۆن کارتەر و ئەیمی بێڵی Vanity Fair کە هانیان دام سەر لە عێراق بدەمەوە، هەروەها بۆ پیێر مۆرگان و کۆنۆر هەننا لە دەیلی میرۆر Daily Mirror، کەوا گەلێک لە سەرنج و تێبینیەکانی ڕۆژانەمیان بڵاودەکردەوە لە سەر کێشە و ململانێکە. من بە تایبەتی منەتباری گرەیدۆن و پێیرم چونکە هەردوکیان پێیان وابوو من زۆر بە توندی و گەوجانە و بێمانا دەدەوێم، بەڵام لەگەڵا ئەوەشدا هیچکامێکیان نەیاندەویست قسەم پێ ببڕن.