رووداوی ئاگرکەوتنەوە یەکێکە له و دیاردانەی ساڵانە زۆرترین زیان بە سروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنێت، ئەمساڵیش بەدەر نەبووە لە زیانەکانی ئاگرو تا ئێستا بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەوە ڕووبەری نزیکەی 15 هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سوتاون و زیان بە ڕەزو باخی هاوڵاتیان گەیشتووە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە وێنەیەکی بۆ (خەندان) نێردراوە، تیایدا مقەدەم هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری هۆبەی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاندوە: ساڵانە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پێدەشت و چیاکاندا ڕوودەدەن و دووبارە دەبنەوە و زیانێکی زۆر بە سروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنن.
پلانی پێش وەخت
ئاماژەی بەوەشکرد: لەگەڵ ئەوەی ساڵانە پێش وەخت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەنەوە کە هەوڵی دروستکردنی ئاگر بڕبدرێت یاخود کەلوپەل و پێداویستی تایبەت بە کوژانەوەیان بۆ دابین بکرێت، چونکە هەمیشە لەکاتی کوژانەوەی ئاگرەکاندا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان
مقەدەم هێمن کەمەرخان، باس لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات: بەشێک لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ پابەند نەبوونی هاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانی پۆلیسی دارستان، ئەمەش لەکاتی گەشتوسەیرانەکانیان پشکۆ و ئاگری نەکوژاوە جێدەهێڵن، یاخود لەکاتی پاککردنەوەی ڕەزو باخەکانیان یان شوانەکان لەکاتی ئاگرکردنەوەدا کۆنتڕۆڵ لەدەست دەدەن و ئاگرەکان تەشەنەدەکات یاخود هەندێ جار بەهۆی تەقینەوەی مین بەئاژەڵە کێویەکاندا ئاگر دەکەوێتەوە یان (شۆرتی تەزووی کارەبا) یان هەندێک جار ڕوودەدات ڕووداووی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە سنوریەکانەوە دێنە هەرێمی کوردستانەوە.
زیانەکان
دیارە هیچ ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بەبێ زیان نابێت، زۆر جار جگە لە زیانی سروشتی زیانی مرۆیی لێدەکەوێتەوە، مقەدەم هێمن، باس لەوە دەکات هەموو ڕوداوێکی ئاگرکەوتنەوە تا ئەو کاتەی بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت زیانی سروشتی لێدەکەوێتەوە و ڕووبەری پوش و پاوان و داری سروشتی دەسوتێت، هەندێک جار بەهۆی بوونی مین لەناوچە شاخاویی و سنوریەکان یاخود زۆری ڕوبەرە ئاگرکەوتنەوەکان و زۆری ڕێژەی (دووکەڵ) و گازە ژەهراویەکان مەترسی زۆر بۆسەر ژیان و تەندروستی ئەفسەر و کارمەندەکانیان دروست بوە و لەماوەی ڕابردودا تەقینەوەی مین زیانی بەجەستەی ئەفسەر و کارمەندانیان گەیاندوە و برینداری کردوون.
هەروەها چەند کارمەندیان بەهۆی (دوکەڵ) و گازە ژەهراویەکانەوە لەهۆش خۆیان چوون و تەندروستیان تێکچووە.
رێگر و ئاستەنگی لەبەردەم کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان
مقەدەم هێمن کەمەرخان، دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی لە یەکەم ساتی ئاگاداربون لە ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەکان مەفرەزەکانمان دەست بەجێ دەگەنە شوێنی ڕوداوەکە و بەهاوکاری لەگەڵ یەکە ئیداریەکان و هاوڵاتیان و گوند نشینەکان هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان دەدرێت، بەڵام هەندێ جار دووری شوێن و سەختی ئەو ناوچانەی ئاگرەکانی لێدەکەوێتەوە یان ڕێژەی ئەو (مین) و پاشماوەی تەقەمەنیانەی لەناوچە سنوری و شاخاویەکان بونیان هەیە، ڕێگر و ئاستەنگ دروست دەکەن لە زوو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان.
ئاماری ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکان
لەبارەی ئامار و ڕوداوەکانی ئاگر کەوتنەوە ئاماژە دەکات: لەماوەی (01-01-2013 تا 01-07-2013) تەنها چەند ڕوداوێکی کەمی ئاگرکەوتنەوە ڕویان داوە و بەوهۆکارەشەوە ڕوبەری 900 دۆنم پوش پاوان سوتاون، بەڵام لەماوەی (01-07-2013 تا ئەم بەوارە) بەهۆی ڕوداوەکانی ئاگر کەوتنەوەوە زیاتر لە (14) هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سووتاون، کە زۆرترین ڕێژە و ڕوبەری سوتاوی دەکەوێتە سنوری قەزای دوکان لە سنوری ناحیەی بنگرد، کە زیاتر لە نۆ هەزار دۆنم پوش و پاوان له و سنورە سوتاوە و بەگشتی زیانی زۆر بە کێڵگە و لەوەڕگاکان و ڕەز و باخی هاوڵاتیان گەیاندوە.
- 24-07-2013