دواڕۆژ، مستەفا شێخ محەمەد
کێڵگەی مینی مێوبان کە بە گەورەترین کێڵگەی مین دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان بە ڕوبەری (653.000) مەتردووجار لە دەڤەری باڵەکایەتی پاکرایەوە.
زێبار خالید وتەبێژی دەزگای گشتی کاروباری مین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ڕۆژی 22-11-2016 لە مەراسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای مین گەورەترین کێڵگەی مین لەدەڤەری باڵەکایەتی دوای تەواوکردنی کارەکانی لە لایەن ڕێکخراوێکی ئەمریکی ڕادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە.
وتەبێژی دەزگای گشتی کاروباری مین، ڕونیشکردەوە کێڵگەی مینی (مێوبان) لەگوندی ناوەندەی سەربە قەزای چۆمانه و ڕوبەرەکەی (653.000) مەتر دووجایە کە لەساڵی 2012 بری (3.985.666.800) دیناری لەسەر بوجەی پارێزگای هەولێر بۆ تەرخانکرا و ڕێکخراوی (EODT) ئەمریکی لە ماوەی نێوان (25-06-2013) تاکو (21-08-2016) کاری پاکسازیکردنی بۆ ئەنجامداوە.
ناوبراو، ئاشکراشیکرد لە کێڵگە مینەکەدا بە گشتی ڕووبەری (653.000) مەتر دووجا پاکراوەتەوە و (1021) مین لەناوبراوە لەگەڵ (225) پارچە تەقەمەنی نەتەقیوی جۆراوجۆر، بەمەش هاوڵاتیانی ئەم ناوچە لە مەترسی مین ڕزگاریان بوو.
- 23-11-2016