مەهدی موبارەک بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک، باسی پلانی ستراتیژیی بەڕێوەبەرایەتیەکەی دەکات و ئاشکرایدەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، پلانێکی ستراتیژییان هەیە کە بۆ ماوەی پێنچ ساڵ داڕێژراوە و خۆی لە بواری ئاودێری و ئاژەڵداری دا دەبینێتەوە.
دواڕۆژ: هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی زەویە کشتوکاڵیەکان کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئەنجامدراوە بەکوێ گەیشت؟ ئایا تاکو ئێستا کارتان به و بڕیارە کردووە؟
مەهدی موبارەک: بابەتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی زەوییە کشتوکاڵیەکان، بابەتێکی درێژخایەنە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008 و لەسەر بڕیاری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق، کە لە خاڵی 4ی برگەی ئەلیف-دا هاتووە دەڵێت دەبێت هەموو ئه و گرێبەستانەی کە لەسەر زەویە کێشەلەسەرەکان هەن هەڵبوەشێنەوە، بە تایبەت لە پارێزگای کەرکووک، چونکە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی گرێبەستی بۆ کراوە کە خاوەنەکانی کورد و تورکمانن. هەروەک لەلایەن لیژنەی (شئون شیمال)ی بەعسەوە دەست بەسەر زیاتر لە 500 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی دا گیراوە، دواتر دابەشکراوە بەسەر کەسانی دیکەی خەڵکی کەرکووکدا، یاخود هاوردەن و گرێبەستیان بۆ کراوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2005، لەلایەن لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 بڕیاردرا ئه و گرێبەستانە هەڵبوەشێنەوە، کە خۆیان لە زیاتر لە شەش هەزار گرێبەستدا دەبینیەوە، لە ئێستاشدا ئه و زەویانە لەلایەن خاوەنە ڕەسەنەکانیانەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام هێشتا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن وەزارتی داد-ەوە جێبەجێنەکراوە.
دواڕۆژ: لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئه و گرێبەستانەدا مەترسیی ئەوە نییە کێشەی سیاسی ڕووبدات؟
مەهدی موبارەک : پێموانییە هیچ کێشەیەکی سیاسی ڕووبدات، چونکە زۆربەی ئه و جوتیارانە کە گرێبەستیان لەسەر ئه و زەویانە هەبوو، عەرەبی هاوردە بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ شارەکانی خۆیان و خاوەنە ڕەسەنەکانیان گەڕاونەتەوە سەر زەویەکانی خۆیان، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە جێبەجێ نەکراوە.
دواڕۆژ: دەوترێت دەستەی باڵای دادوەریی بەربەست بۆ جێبەجێکردنی ئه و بڕیارە دروست دەکات کە زەویە کێشەلەسەرەکان بە شێوەی یاسایی بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێنەوە؟
مەهدی موبارەک: بەشێک لە خاوەن گرێبەستە هەڵوەشێنراوەکان، لە دادگای کەرکووک سکاڵایان تۆمارکرد، لە ڕێگەی دادگاوە کۆمەڵێک له و گرێبەستانە گەڕانەوە، بەڵام دواتر لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە ئه و بڕیارانە ڕەتکرانەوە چونکە وتیان ئه و زەویانە کێشەیان لەسەرە و نابێت ئه و بڕیارە جێبەجێ بکرێت، به و هۆیەوە لە ئێستادا ئه و بڕیارە ڕاگیراوە.
دواڕۆژ: بەشێک لە جوتیارانی کەرکووک گلەیی ئەوە دەکەن کە ناتوانن سوود لە قەرزی کشتوکاڵیی وەربگرن، هۆکاری چیە؟
مەهدی موبارەک: دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ سەر کێشە لەسەر زەوییە کشتوکاڵیەکانی کەرکووک، چونکە مەرجی یەکەم بۆ قەرزی دەستپێشخەریی کشتوکاڵیی یاخود قەرزی بانکی ناوەندی ئەوەیە کە دەبێت ئه و زەویە کشتوکاڵییە بە ناوی ئه و جوتیارەوە بێت کە قەرزەکە وەردەگرێت، بۆیە ئەگەر زەویەکە بە ناویەوە نەبێت ناتوانێت سوود له و قەرزە وەربگرێت. زۆربەی جوتیارە کورد و تورکمانەکان لە پێدانی قەرز و هاوکاریی نێودەوڵەتی و زۆربەی هاوکارییەکانی دیکە بێبەشن بە هۆی ئه و کێشەیەوە.
دواڕۆژ: ئێستا دوو پلانی هاوینە و زستانە هەیە بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی، ئایا هیچ پلانێکی درێژخایەنتان هەیە بۆ برەودان بە ئاستی بەرهەمهێنان؟
مەهدی موبارەک: وەک بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک دوو پلانی هاوینە و زستانەمان هەیە، پلانی زستانە ساڵانە لە مانگی حەوتەوە دەست پێدەکات تاوەکو کۆتایی مانگی دوانزە و تایبەتە بە بەروبوومی گەنم و جۆ، هەموو پێداویستیەکانی بۆ دابین دەکرێت، هەروەها پلانی هاوینەشمان تایبەتە بە بەروبوومی گەنمەشامی و بەروبوومەکانی دیکە، ئەوەیش هەموو پێداویستیەکانی و ئاسانکارییەک بۆ جوتیاران دەکرێت، هەر لە چاندنی بەروبوومەکەوە تا کاتی بەبازاڕکردنی و ناردنی بۆ سایلۆکانی وەزارەتی بازرگانی. هەروەها پلانێکی ستراتیژیمان هەیە کە بۆ ماوەی پێنچ ساڵ داڕێژراوە، ئەوەیش خۆی دەبێنێتەوە لە بواری ئاودێری و ئاژەڵداریدا، ئێستا دەست بەجێبەجێکردنی ئه و پلانە کراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک-دا.
دواڕۆژ: ئه و بەروبوومانە چین کە جەختدەکەنەوە لەسەری لە ڕێگەی پلانەکەوە؟
مەهدی موبارەک: پارێزگای کەرکووک بە چەند بەروبوومێک بەناوبانگە، بە تایبەت گەنم و جۆ و گەنمەشامیی زەرد، بۆیە دەبینین هەموو کات بەرهەمهێنانیان ڕوو لە بەرزبوونەوەن. ساڵانەش بەرهەمی گەنم، پێشهاتنی داعش، دەگەیشتە پێنچ سەد هەزار تەن گەنم و جۆ-یش دەگەیشتە زیاتر لە چل هەزار تەن و گەنمەشامیی زەرد-یش دەگەیشتە دوو سەد و پەنچا هەزار تەن و هەندێک کات لەسەر ئاستی گەنمەشامیی زەرد دەگەیشتینە ئاستی یەکەم و دووەم لەسەر ئاستی عیراق بۆ بەرهەمهێنان. لە زۆربەی ئه و بەروبوومە ستراتیژیانە دەگەیشتینە ئاستی زیاتر لە ئاستی بەکارهێنان لە پارێزگاکە، هەروەها لە بواری ئاژەڵدارییش گەیشتووینەتە ئاستی زیاد لە ئاستی بەکارهێنان، بە جۆرێک 7 هەزار سەر گامێش و زیاد لە 700 هەزار سەر مەڕ و 79 هەزار سەر بزن و 70 هەزار سەر مانگامان هەیە کە سەروەتێکی زۆرە لە بواری بەروبوومەکانی ئاژەڵدا. لە ڕووی کێڵگەی پەلەوەر-یشەوە، 70 کێڵگەی بەرهەمهێنمان هەیە، کە بەشی خواستی پارێزگاکە دەکات، چ لە ڕووی گۆشتی سپی-یەوە چ بەرهەمی هێلکە بێت.
دواڕۆژ: هیچ بیرۆکەیەکتان هەیە بۆ پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای سەردەم لە بواری کشتوکاڵدا؟
مەهدی موبارەک: ناکرێت پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت بە شێوازی تەقلیدی و کۆن، بەڵکو دەبێت هەموو شێوازەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم بخرێنە بەردەست، هەر لە ئامرازەکانی ئاودێریی مۆدێرن و سەرجەم جۆرەکانی تر کە بە شێوەیەکی باش بەکارهێنراون و لە ئێستادا سوودی زۆریان لێ وەرگیراوە. هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پڕۆگرامێکی ئاودێریی مۆدێرنی هەیە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی کە پارێزگای کەرکووک-یشی تێدایە.
دواڕۆژ : ڕووبەری ئه و زەویانە چەندە کە لە ژێر دەستی داعش ڕزگارکراون و ڕووبەری ئه و زەویانەیش کە ئازادنەکراون چەندە؟
مەهدی موبارەک: ئه و ناوچانەی کە داعش دەستی بەسەردا گرتووە، دەکەوێتە خوارووی کەرکووک، نزیکەی 400 هەزار دۆنم دەبێت و بە باشترین زەویە کشتوکاڵیەکانی پارێزگاکە دادەنرێن، لەبەرئەوەی زۆر بە پیتن و بۆ چاندنیش ئاسانن، هەروەها ڕێرەوی ئاودێریی کەرکووک و حەویجە-یان بەسەرەیەوە. ئه و ناوچانە بە چاندنی بەروبوومە ستراتیژیەکان ناوبانگی هەبوو، هەروەها بەرهەمی لۆکە-یشی تێدا دەچێنرا، بەڵام سێ ساڵە ئێمە هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ ئه و زەویانە ناکەین. بە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە ناوچەیەکی زۆر ڕزگارکراوەتەوە، بە تایبەتی لە داقوق و بەشیر و دەورووبەری تازە و دبس، کە بە زیاتر لە 25 هەزار دۆنم مەزەندە دەکرێت، ئه و ڕووبەرانەیش گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو پلانی کشتوکاڵیمان و هاوکاریی هەموو جوتیارانی ئه و ناوچانەیشمان کردووە. ئەوەی کە ماوە زیاترە لەوەی ئازادکراوە.
07-07-2017