ماڵپەڕی خەندان
#بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان# لە #سلێمانی# ڕایدەگەیەنێت لە سنووری شارۆچکەی #شنگال# دوای هاتنی #داعش# 400 هەزار هاوڵاتی ئاوارەبوون و تا ئێستاش 616 پێشمەرگە لەو سنورە شەهید بوون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە سلێمانی بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر کارەساتی شەنگالدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان چالاکانەتر کار بۆ شەنگال بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەڵێن چەکدارانی داعش پاش ئەوەی هێرشیان کردە سەر کوردانی بێتاوانی ئێزدی لە قەزای شەنگال، بە کۆمەڵ کۆتایی بە ژیانی سەدان کەس لە گەنجان و پیاوان هێنا، هاوکات نزیکەی پێنج هەزار لە کچان و ژنانی ڕفاند، دواتر کڕین و فرۆشتنی پێوە کردن و 400 هەزار هاوڵاتیش ئاوارەبوون و لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 616 پێشمەرگە لە سنووری شنگال شەهیدبوون.
هەروەها داوا دەکەن پاش ئازادکردنی شەنگال سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و کاروباری ژنان و گەنجان، چالاکانەتر کار بۆ ڕفێندراون و ستەم دیدەیی تەواوی خەڵکی شەنگال بکەن، کە بەهۆی گروپە دڕنده و چەتەکانی داعش، توشی ئازارو ژان بوون، بۆ ئەوەی ئەم کارەساتەی گەلی کورد بە دیکۆمێنت بکرێت و بۆ مێژوو بنوسرێتەوە.
ساڵی 2014 و دوای دوو مانگ لە کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ئەو ڕێکخراوە ڕێڕەوی هێرشەکانیان لە ڕۆژی 3ی ئابدا بەرەو شەنگال گۆڕی و لەماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵیانکرد و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی ئێزیدیی ئاوارەبوون و سەدانیشیان کۆمەڵکوژ کران. لەنێو چەکدارانی داعشدا سەدان چەکداری بەڕەگەز بیانی هەن.
04-08-2017