زوهێر ئەعرەجی قایمقامی قەزای ناوەندی #موسڵ# ڕایگەیاند: بەهۆی شەڕی دژی تیرۆریستانی #داعش#ەوە، نزیکەی 90%ی ناوچەی موسڵی کۆن زیانیان بەرکەوتووە، (بڕیارە بەپێی پلانێکی پێویست و بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاوەدان بکرێنەوە).
بەپێی لێدوانەکەی قایمقامی موسڵ کە ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردۆتەوە (نزیکەی 270 ناوچەی مێژوویی لە موسڵی کۆن بە تەواوەتی وێران کراون و بڕیارە ڕێکخراوی یونسکۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی عیراق، نۆژەنکردنەوەی ئه و ناوچە مێژووییانە بگرێتە ئەستۆ).
عیراق؛ لە دوو ساڵدا 90 هەزار کەس کوژراو و برینداربوون
لەلایەکی دیکەوە، نێردەی #نەتەوە یەکگرتووەکان# لە عیراق ڕایگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 90 هەزار کەس لە عیراقدا بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەکانەوە گیانیان لەدەستداوه و برینداربوون.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردۆتەوە، ئەوەی خستۆتەڕوو (بەهۆی بەردەوامی توندوتیژییەکان و شەڕی تیرۆرەوە، لەماوەی نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016، 42 هەزار و 243 کەس لە عیراق کوژراون، 47 هەزار و 368 کەسی دیکەش برینداربوون). بەپێی ڕاپۆرتەکە (له و ماوەیەدا پارێزگای بەغدا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، پارێزگای ئەنبار لە پلەی دووەمدایە، پاشان پارێزگای نەینەوا).[1]
27-08-2017