حکومەتی عێراق تیمێکی ناردە #دەربەندیخان# و تیمەکە هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی #بوومەلەرزە# دەکات، سەرۆکی لیژنەی عێراق بۆ کۆمەکی بەنداوەکە دەڵێت سێ ملیار دینار بۆ #بەنداوی دەربەندیخان# تەرخانکراوە.
یەکەم هەنگاوی نەشتەری کرداری بۆ ساڕێژی برینی بەنداوە پیرەکەی دەربەندیخان دەستیپێکرد، سێ تیم کاری تێدادەکەن، تیمی بەنداوەکە خۆی، تیمێکی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و تیمێکی تەکنیکی بەنداوی #حەمرین#.
تۆفیق جاسم، بەڕێوەبەری بەنداوی حەمرین بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند لە یەکەم چرکەساتی ڕووداوەکەوە، لەسەر داوای سەرۆکوەزیران تیمێکی تەکنیکیمان نارد بۆ ئەوەی سەلامەتی بەنداوی دەربەندیخان بپارێزین، لەمڕۆشەوە لەگەڵیان کاردەکەین.
تیمێکی پسپۆڕی زانکۆی دیجلەی دیاربەکری باکووری کوردستان، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نێردراونەتە بەنداوەکە، بڕیارە ئەندازیارەکان لە ڕاپۆرتەکەدا داوای کۆمەکی ماددی و ئەندازەیی ئەنقەرە بکەن.
سەفیق ئۆغلۆ، پسپۆڕی جیۆلۆجی لە زانکۆی دیجلە بە ڕووداوی ڕاگەیاند ئێمە بە ڕاپۆرت کۆی وردەکاری ڕووداوەکە و لایەنی تەکنیکی و پێداویستییەکان ئاڕاستەی زانکۆکەمان و حکومەتی تورکیاش دەکەین.
سێ ڕۆژ دوای کارەساتەکە، لەسەر داوای حەیدەر عەبادی، تیمێکی هاوبەشی وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، سەرچاوە ئاوییەکان، کۆچ و کۆچبەران و ئەمینداری گشتی نووسینگەی عەبادی، شوێنەواری بوومەلەرزەکەیان بینی، بڕیارە حکومەتی بەغدا کە سوودی گەورەی ئاوی بەنداوەکە بۆ ئەوانە، کۆمەکی خەڵک و بەنداوەکەش بکات.
دەرباز محەممەد، سەرۆکی لیژنەی عێراق بۆ کۆمەکی بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت ئێمە دوو کار دەکەین، یەکەمیان بڕی سێ ملیار دینارمان بۆ دەستبەجێ چاککردنەوەی بەنداوەکە داناوە، دووەمیش کۆمەکی هەموو لێقەوماوان دەکەین.
بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر ڕاگری بەنداوەکە، ڕۆژانە ئاوێکی زۆر بەردەدرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەو کاتەی تیمە بیانییەکان دەگەن، تیمی ناوخۆیی کاریگەرییە نەبینراوەکانی بەنداوەکەی بۆ دەر نەکەوێت.
هەر کاریگەرییەکی کتوپڕ لە بەنداوەکە ڕوو بدات، ژیانی نزیکەی 500 خێزانی، گەڕەکی سیروان و گوندی ژاڵە ناو دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، ئەحمەد سێ ڕۆژ بەدوای چارەسەر و دڵنیاییدا دەگەڕێت، بەڵام هێشتا دوو دڵی بەری نەداوە.
ئەحمەد محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی سیروان دەڵێت تەنیا قایمقام یان بەڕێوەبەری بەنداوەکە دڵنیاییمان بداتێت، ئێمە دێینەوە ناو ماڵەکانمان و هیچ کۆمەک و یارمەتییەکیشمان ناوێت.
بەنداوی دەربەندیخان، ساڵی 1961دروستکردنی تەواو بووە، توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتری چوار گۆشە ئاوی هەیە، ئێستا زیاتر لە ملیارێک ئاوی تێدایە، سەرچاوەیەکی گرنگی کشتوکاڵە بۆ بەشێکی دەشتی گەرمیان و سنووری پارێزگای دیایە و حەوزی حەمرین.[1]
16-11-2017