نووسینی: #محەمەد هەریری#
پێشەکی
دۆسێی دووەمم لێرەدا ئەزموونێکی مەزنی سێکویلاریزمە لەناو ئیسلامدا، ئەویش ئەزموونی جەلالەدینی محمد ئەکبەرە [1556 – 1605] یەکێکە لەو سوڵتانانەی مەغۆل کە حوکمی هیندی کۆنی کردوە واتە هیندستان و پاکستان و بەنگلادیشی ئێستا.
جەلالەدینی ئەکبەر دەیسەلمێنێ کە مرۆڤ هەتا نەخوێندەواریش بێ وەک ئەو، نەوەی شەشەمی جەنگیزخان و هۆلاکۆش بێ، ئەگەر لە ناخیدا ویستی چاکەکاری هەبێت، و لە مێشکیدا عەقڵێکی ناوازە وخێرخوا هەبێت، بۆی هەیە موعجیزەیەک لە ژیان دروست بکات بە هەزاران خاوەن بروانامەی دکتۆرا و فەیلەسوف و سیاسی نەکرێ کە زۆریان ڕۆڵی تێکدەرانەیان هەیە لەناو گەلاندا، لەبەر گەڕانیان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا!
لە قۆناغێکدا ئەکبەر بڕیاری دا مامەڵەی هەموو دین و ئۆلەکانی هیندستان بکات بە یەکسانی، بە جۆرێک هیچ جیاوازیەکی وای نەهێشت لە نێوان موسڵمان و هیندۆسی و جوو و مەسیحی و براهمیەکان. ئەو هێندە لە هیندۆسەکان نزیک بوەوە تا خزمایەتی لەگەڵ کردن و ژنی لێ هێنان، و نیوەی سەرکردەکانی سوپاکەی هیندۆسی بوون، جزیە و سەرانەی لەسەر هیندۆسەکان هەڵگرت، و باجە ستەمکار و بێ ماناکانی لەسەر هەلگرتن کە ساڵانە ملیارەها دیناری دەخستە خەزینەی دەولەت!
وەها بیرکردنەوەیەک لەو سەردەمەدا، بیرێکی عەبقەری و بلیمەتی دەوێت کە بەسەدان ساڵ پێش سەردەمی خۆی کەوتبێتەوە. ئەو لێبوردەییەی ئەو بیری بۆ چوو و پەیڕەوی کرد بە کرداریش، هێشتا لە هیچ کوێیەکی جیهان ئەزموونێکی سێکیولاری ڕوخسار دیموکراتی لەسەر گۆی زەمین بە ئەوروپا وخۆرئاواوەش دروست نەببوو!
هەوڵ و حالەتی بیر و حوکمی ناوەرۆک سێکیولار کەم نین لە مێژووی ئیسلامدا، بەڵام لە هەموو ئەو حالەتانە بەهێزتر بەڕای من جەلالەدینی ئەکبەرە، کە دەکرێ وەک نمونەیەکی بەرایی ویەکەمی حوکمێکی دیموکراتی و سێکیولار لەناو جیهانی ئیسلامیدا لە قەڵەم بدرێت، هەتا پێش سیکیولاریزمی ئەوروپی خۆرئاواییش کەوتەوە لە ڕێزگرتن لە دین و بیروباوەڕە جیایەکان. سێکیولاریزم وەک زاراوە و دۆکترینێکی فیکری لە سەدەی حەڤدەهەم دەرکەوت، یانی زیاتر لە سەد ساڵ پاش کۆچی دوایی ئەکبەر!
ئەکبەر لە کاتێکدا باوەری بە یەکسانی دینی بوو، و بەکرداریش پەیڕەوی دەکرد لە ئەوروپا تازە ڕێنیسانس دەستی پێکردبوو، هێشتا بزوتنەوەیەکی لاواز بوو لەبەرامبەر باڵادەستی دینی کڵێسا، ئەو کاتە زۆر لە لاهوتییە ناودارەکانی وەک دسیدریموس ئەراسیموس، و هوڵدریخ و تۆماس مۆر و مارتن لۆتەر و جۆن کاڵڤن لە خەبات دابوون لە دژی جیهانبینی تەسکی کەنیسە، و هەندێکیان وەک مارتن لۆسەر هێشتا نەگەیشتبوە ئاستی بیرکردنەوەی یەکسانی دینەکانی ئەکبەر، زۆر بە تووندی هێرشی دەکردە سەر جووەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا و خەڵکی هاندەدا بۆ هێرشکردنە سەریان چونکە دەیویست ببنە مەسیحی لەسەر مەزهەبی پرۆتستانتی خۆی! لە ئیسپانیا ئەو موسڵمانانەی مابوون کەلەپاچە دەکران لەسەر دین! لە فەرەنسا وەک شەڕی شیعە وسونەی ئێستا، کاتۆلیک و پرۆتستانت خەریکی یەکتر قڕکردن بوون! ئەکبەر بەوپەڕی متمانەوە وڵاتەکەی دوورخستبوەوە لە گێژاوی کێشە دینیەکان و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی موسڵمانانی ئیسپانیا و مەسیحییەکانی فەرەنساشی دەدا!
بێگومان وەک چاوەڕوان دەکرێ لە هەر گۆڕانکاریەک بە دڵی پاسەوانانی کۆن نەبێت، لەبەر چاوی خۆمان لەو ڕۆژگارە دەبینین چۆن حەشرێک بە خەڵکانی چاکساز و ڕیفۆرمخواز دەکەن، بۆیە لە سۆنگەی هەوڵە ڕیفۆرمە ڕەگوڕیشەییەکانیەوە، سەدەها مەلا وشێخ و فەقیهی ئیسلامی دژایەتی خۆیان نیشانی جەلالەدینی ئەکبەر دا، و سەدان تۆمەتیان بۆ هەڵبەست بە دژایەتی دین و ئیلحاد و لەو بەیت وبالۆرانەی دینیەکان کە تا ئەمڕۆش بەرۆکمان بەرنادا!
لە وڵاتانی ئێمە لە کتێبەکانی مێژووی قوتابخانەکان تەنها باسی ئەوانە دەکەن کە بە شمشێر ڕوبارێک خوێنیان ڕشتوە یان لە ئەفریقیا یەک میللەتیان وەک مەڕوماڵات بە کۆیلە بردووە، یان لە ئەندەلوس سەدان هەزار سەرمەڕ نا، سەرمرۆڤ و جاریەیان بۆ خەلیفەی دیمەشق ناردۆتەوە! لە کاتێکدا چەندین مرۆڤی مەزنی وەک جەلالەدین ئەکبەری مرۆدۆست و یەکسانخواز فەرامۆش دەکرێن!
محەمەد هەریری