کەمبوونەوەی گرژییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دروستکردووە، بەشێوەیەک هەم نرخی لیرە بەرزبووەتەوە، هەم ڕێژەی هەناردە لەو وڵاتە. ئێستاش بازرگانانی باکووری کوردستانیش دەیانەوێت کاڵای زیاتر هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن.
بازرگانانی باکووری کوردستان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە تاوەکو ڕێگەی واژۆکردنی گرێبەستی هاوئاهەنگی بازرگانی لەگەڵ باشووری کوردستان و ئاستی هەناردەی باکووری کوردستانیش بەرزبکەنەوە. سەرۆکی ژووری بازرگانی #ئامەد# پێیوایە، کەمبوونەوەی گرژییەکانی #هەولێر# و ئەنقەرەش دەبێتە هۆی پێشخستنی کاری بازرگانی لەنێوان باکوور و باشووری کوردستان.
تورکیا دەیەوێ لەڕێی هەنگاوی گرنگ لە بازرگانیدا، ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە بەهۆی گرژی و گەمارۆکانەوە لێی دروست بووە.
رووخسار پەکجان، وەزیری بازرگانیی تورکیا دەڵێ لە نۆڤەمبەردا ئاستی هەناردەکاریمان بەڕێژەی 9.49% زیادیکردووه. قەبارەی هەناردە گەیشتووەتە 15 ملیار و 532 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستی هەناردەیە لە مێژووی تورکیادا.
وەزیری بازرگانیی تورکیا جەختیش دەکاتەوە لەوەی لە 11 مانگدا ئاستی هەناردە بەڕێژەی 7.8% هەڵکشاوە و هەناردەی تورکیا گەیشتووەتە 168 ملیار و 77 ملیۆن دۆلار.
رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو (25-11-2018) شاندێکی بازرگانیی باکووری کوردستان سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە.
هەر لەمیانی سەردانەکەدا ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر پرۆتۆکۆڵی هاوئاهەنگیی پەرەپێدانی بازرگانییان واژۆکرد. محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی ڕووداو، ئەم هەنگاوەی لەڕووی بازرگانییەوە بە گرنگ وەسفکرد.
لەکاتێکدا تورکیا هەنگاوێکی وەها لە کەرتی بازرگانی دەنێت، باکووری کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا پشکدار دەبێت، کە ئەمە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بازاڕەکانی باشووری کوردستانیشەوە هەیە.
پێداچوونەوە: هەڵات ڕێبوار[1]
#02-12-2018#