ئادار ناچێ بەبێ دۆ، نیسان ناچێ بەبێ جۆ یان لەگەرمیان یان لەشەنگاڵ
ئەم ئیدیۆمە ئەوەندەی پەیوەندی بە ئەزموون و تاقیکراوەی وەرزێر و کشتیار و جوتیار و جۆوان و شوانکارەی کوردانەوە هەیە ئەوەندە بۆ مەبەست و توانج و ماناسازی و وشەسازی بەکارنەهاتووە چونکە مانگی ئادار واتە خاکەلێوە و نەورۆز کە گژوگیا پڕ بە زار و دەمی مەڕ و بزن هاتووە و لە و مانگەدا کاریلە و برخۆڵە گەورە بوون و دەتوانن ئەوانیش گیاوگۆڵ بخۆن لەجیاتی شیری دایکیان لەلایەکیتریشەوە مەڕ و بزنیش تێر و پڕ دەبن و ئەوەی بچێتە بن(ددان)یان دەچێتە ناو(گوان)یان بەمەش شیر و بەرهەمەکانی زۆر دەبێت بۆیە وتراوە(ئادار ناچێ بەبێ دۆ) بڕگەی دووەمی ئیدیۆمەکەش مانگی(نیسان) واتە کۆتایی(گوڵان) و سەرەتایی(جۆزەردان) واتە دانەوێڵەی جۆ لەمانگی گوڵان شیری تێ دەکەوێت و لەمانگی جۆزەردان وادەی درەووی دێت ئینجا ئەم دروێنەیە هەندێجار لە سنووری دەشتی شەنگاڵ دەبێت یاخود لە گەرمیان واتە لە و دوو ناوچەیە لە یەکێکیان دروێنەی جۆ پێشتر یان دواتر دەکرێت بۆیە وتراوە(نیسان ناچێ بێ جۆ، لەیان لەشەنگاڵ یان لەگەرمیان). [1]
#ئادار ناڕوا بەبێ دۆ، نیسان ناڕوا بەبێ جۆ#