ساڵانە پانتاییەکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بە گەنمەشامی دادەچێندرێن، هەر جووتیارێک کەمترین ڕووبەری 100 دۆنم بە گەنمەشامی دادەچێنێت تا دەگاتە 1000 دۆنم، بەڵام ئەمساڵ جووتیاران خۆیان لە زیانەکانی ساڵی ڕابوردوو دوور دەگرن و ڕووبەری کەمتریان بە گەنمەشامی داچاندووە.
لەداتاکانی ساڵی 2014 تاوەکو 2016ی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت کە ساڵ دوای ساڵ بەرهەمهێنانی گەنمەشامی کەمبووەتەوە، بەجۆرێک ساڵی 2014 بڕی 24 هەزار و 584 تۆن و ساڵی 2015 بڕی 23 هەزار و 720 تۆن، ساڵی 2016 بڕی 14 هەزار و 722 تۆن گەنمەشامی بەرهەمهاتووە.
گەنمەشامی وەک زۆربەی بەروبوومەکانی دیکە کە هاوردە دەکرێت و داتاکەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگەکانی هەرێم تۆمار دەکرێت و نادرێتە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیە وەزارەت ئەو داتایەی لەلانیە کە ئاخۆ ساڵانە بڕی چەند گەنمەشامی وڵاتان هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لەخواروو و ناوەڕاستی عێراق 17 کۆمەڵگەی وەرگرتن و وشککردنەوەی گەنمەشامی هەیە، ساڵانە تۆنێک گەنمەشامی جووتیارانی عێراق بە 430 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئامادە نین بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕنەوە.
ئەیوب فازیڵ، جووتیارێکی خەڵکی گوندی پەرپیتانە لە #هەولێر# باس لە زیانەکانی ساڵی ڕابوردووی دەکات و دەڵێت: ساڵی ڕابوردوو 400 دۆنم لە زەوییەکانم بە گەنمەشامی داچاند، بەڵام لەکاتی دروێنە هەموویم بە زەرەر فرۆشتەوە، چونکە هەر تۆنێکم بە 180 هەزار دینار بە قەرز فرۆشتووە کە هێشتا پارەکەم وەرنەگرتووە چەند کۆمپانیایەک لێمان دەکڕن بەس بە قەرز و بەو نرخە کەمەش.
دەشڵێت: حکومەتی عێراق هەر تۆنێکی جووتیارانی عەرەب بە 400 هەزار دینار وەردەگرێت و پارەکەشیان پێدەدات، بەڵام هی ئێمەی کورد وەرناگرن تەنیا بەجۆرێک دەتوانین بیدەینە بەغدا بەناوی جووتیارێکی عەرەب و بە شەریکی.
وتیشی: تێچووی هەر دۆنمێک لە چاندنی گەنمەشامی 200 هەزار دیناری پێویستە، لەکاتێکدا تەواوی پێویستییەکان خۆمان دەیکڕین، ئەمەش زەرەری زۆرترە لە قازانج بۆیە ئەمساڵ تەواوی ئەو جووتیارانەی هاوڕێمن چاندنی گەنمەشامیان کەمکردووەتەوە.
لە هەرێمی کوردسان هەزار و 317 کێڵگەی پەلەوەر هەن. ساڵانە پێویستیان بە هەزاران تۆن گەنمەشامی هەیە بۆ ئالیک. پێشتر زۆربەی کێڵگەکان پشتیان بە ئالیکی هاوردە دەبەست، کارگەکانی ئالیکیش گەنمەشامییان لە دەرەوە دەهێنا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە سێ کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە شاری هەولێر دامەزراون، بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانیان گەنمەشامیی جووتیاران دەکڕنەوە.
دەوەن موحسین، خاوەنی کارگەی ئالیکی کۆسار بۆ دەڵێت: گرێبەستمان لەگەڵ 500 جووتیار کردووە، ئامادەکاریمان بۆ کڕینەوەی 20 تا 30 هەزار تۆن گەنمەشامی کردووە.
کارگەکەی دەوەن لە ساڵی یەکەمدا تۆنێک گەنمەشامی بەشێوەی دەنک بە 340 هەزار دینار دەکڕییەوە، بە مەرجێک ڕێژەی شێی 25% زیاتر نەبێ، بۆ زیادبوونی هەر پلەیەکیش لە ڕێژەی شێیەکە 4 هەزار دیناریان دادەشکاند، ساڵی ڕابوردوو نرخی تۆنێکیان بۆ 300 هەزار دابەزاند، ئەمساڵیش تائێستا نرخی کڕینەوەیان دیاریی نەکردووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ نایشارێتەوە کە نەمانی پاڵپشتی بۆ جووتیاران و هاوردەی گەنمەشامی کاریگەری هەبووە لەسەر نرخ و بەرهەمی گەنمەشامی جووتیاران.
حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: چەند ساڵێکە پاڵپشتیکردنی جووتیاران لەپێدانی قەرزی کشتوکاڵی و پەین و بنەتۆو ڕاگیراوە ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر جووتیاران.
دەشڵێت: هاوردەکردنی گەنمەشامی قەدەغە نەکراوە بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ هاوردە ڕادەگرین.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکراشیکرد: لەداڕشتنی پلانی وەزارەت بۆ ئەنجومەنی وەزیران داوای دامەزراندنی ژمارەیەک کارگەی دروستکردنی ئالیکمان کردووە بۆ ئەوەی لەساڵانی داهاتوودا چاندنی بەرهەمی گەنمەشامی گرنگی زیاتری پێبدرێت.[1]