لە سەرۆک خێڵەکانەوە بۆ چالاکوانە مارکسییەکان
کوردستان لە 1946 تا 1975
بیاتریس گاراپۆن و عەدنان چەلیک
لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
بەشی یەکەم:
بەعادەت دەگوترێ کەوا ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی 1946دادەسپێکی سەردەمێکی کپی و بێدەنگییە بۆ جووڵانەوەی کورد. ئەو سەرکوت کردنە سامناکەی کورد لە ناوچەی دەرسیمی تورکیا لە ساڵانی 1937 – 1938دا، هەوڵ و کۆششیکی بەدوادا هات بۆ ئاوێتە کردنی نەوە نوێکان لە کۆمەڵگە نیشتمانییەکاندا بە ڕەخساندنی خوێندنی باڵا بۆ گەنجە کوردەکان و دامەزراندنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ناوچە کوردییە دوورەکاندا کاریگەریی خۆیان هەبوو لە بێدەنگ کردنی داواکارییەکانی کورددا. چونکە پشێوییەکی گەورەی وا ڕووی نەدا لە کایەی کوردیدا تا ساڵی 1961، کاتێ کە یاخیبوونێک لە کوردستانی عێراقدا بەرپابوو. جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد تووشی پەلامار و لێدانێکی سەخت بووەوە تا دواجار لە ساڵی 1975دا شکستی هێنا.
بەهەرحاڵ، ئەم بێدەنگییە بەدڵنیاییەوە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ شتێک ڕووینەداوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەم قۆناخە و لەڕاستیشدا پێویستە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دواتر لە ساڵانی 1980کان و 1990کاندا ڕێکخرایەوە. ئەمە تەنانەت دەتوانێ یارمەتیشمان بدات لە تێگەیشتنی هەندی لایەنی بزووتنەوەی کورد وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە. دوو پەرەسەندنی سەرەکی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم سەردەمە، کە بریتین لە سەرهەڵدانێکی گەنجانی کورد و ئاڕاستە کردنی پرۆژەسازییان لە نێو داواکارییەکی گشتگیردا بۆ ئازادی (بۆزئەرسەلان، 2017 ئە). گەنجانی کورد کە لە تورکیادا وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ دەرکەوتن لە جووڵانەوەی کورددا لە کۆتایی 1950کان بەملاوە، ڕۆڵێکی ڕەخنەگرانە و یەکلاکەرەوەیان بینی لە وەرچەرخاندا لە هەوڵ و داواکاریی خێڵەکییانەی سەربەخۆیی لە دەوڵەتە ناوەندییەکان بەرەو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی مۆدێرن. بەم مانایە، ساڵی 1958 خاڵێکی وەرچەرخانە. ئەو کوودەتا سەربازییە و بەدوایدا شۆڕشی ئەیلوول (واتە 11ی ئەیلوولی 1961)، کە مستەفا بارزانی بەرپای کرد، زۆرێک لە لاوەکانی کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشا لە هەموو لایەکی کوردستانەوە. ئەمەش وا ناگەیەنێت کەوا ئەکتەرە خێڵەکییەکان لەسەر شانۆی کوردی دیار نەمان لە پاش ئەم سەردەمە و ئەوەش ناگەیەنێ کە ڕاپەڕینەکانی پێشتر خاسییەتی نەتەوەیی تێدا نەبووە، بەڵام ژمارەی ڕوو لە زیادی ئەکتەرە جۆراوجۆرەکان – گەنجی خوێندکار و سەرۆکە خێڵەکییەکان و خەڵکانی شارنشین و جووتیاران - وێنەکەیان زۆر زیاتر ئاڵۆز کرد.
ئەم باسە لە سەرهەڵدانی لاوانی خوێندکاری کورد دەدوێ و پلان و پرۆژەیان بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و کۆڵۆنی کردن، کەوا پەرەسەندن و تەشەنە کردنی هۆکارە نوێکانی پەیوەندی کردن یارمەتیدەرن بۆ پەیوەندی و پێکەوە گرێدانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان. لە ساڵی 1946دا، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان – زیاتر بە کۆماری مەهاباد دەناسرێت – کە هەوڵی یەکەمە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی. دانان و ڕابەرایەتیی دانیشتووانی شارنشین و نەوەی نوێی ڕۆشنبیران، لە یەکەم دەستپێشخەرییەکانی کورد بوو کە لە دەرەوەی دینامیکییەتی خێڵەکی بەڕێوەچووە. هەرچەندە دەنگدانەوەی کۆماری مەهاباد بەگشتی لە فەزای کوردیدا سنووردار بوو، بەڵام شکستەکەی ڕاستەوخۆ لەلایەن چالاکوانانەوە وا لێکدەدرێتەوە وەک ئەنجامێک بۆ ڕێکخستنی خێڵەکی و بەو پێیە وەک حاڵەتێک کە پێویست دەکات هەڵبوەشێتەوە.
جۆردی تێجێڵ بە واقیع جەخت لەسەر قورسیی نووسینی نا ئاسۆتەسکیی مێژووی کورد دەکاتەوە (تێجێڵ، 2017). دابەشبوونی فەزای کورد بە سەر دەرکەوتنی نوێی دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم ڕەهەندێکی نوێی بۆ مەسەلەی کورد دروستکرد، کە ئەویش ئاڵوگۆڕەکانی ئەمدیو و ئەودیوی سنوور و کاریگەرییەکانیان بوو لەسەر بزووتنەوەی کورد. دینامیکە سنوور بەزێنەکان بە شێوەیەکی پارادۆکسییانە دەلاقەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ کورد. لەکاتێکدا کە ڕژێمە ملهوڕەکان دەکەونە ستەمکاری و داپڵۆسینی پرۆتێست و ناڕەزاییە گشتییەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا ئاڵوگۆڕی دیوەکانی سنوور ئەگەری بەرگریی ژێرخانی سیاسی لەگەڵ خۆی دێنێتە کایەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە خۆمان لە قەرەی ئەمبەر و ئەوبەری سنوور داوە لەسۆنگەی پەڕینەوەی بیر و ئایدیا یان ئاڵوگۆڕ پێکردنیان و ڕیفۆرم کردن لە تۆڕەکان و وێنەکان و کاڵا و بازاڕەکان و بە هەمان شێوە مرۆڤەکانیش (هێڵگرێن و ڤاسکۆنسیلۆس، 2010: 2). لێرەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بە ئاڵوگۆڕی تۆکمەی بیروبۆچوونەکان لە ڕێگەی میدیای نوێوە، چەشنی ڕادیۆ یان کۆچ کردنی فیزیکی و لەنێویاندا کۆڕ و کۆمەڵی ڕووناکبیرانی کورد لە تاراوگەکانی وەک دیمەشق و بەیروت و گەلێ لە شارە ئەوروپییەکان. مەڵبەندگەلێکی نوێی وەک ئەوروپا و زانکۆ ئەوروپییەکان، گرنگی و بایەخی بەرچاویان دەستەبەر کرد لەم سەردەمەدا. هەروەها نووسەران و دانەرانیش سەرنجیان لە گەورەپیاوان و قارەمانەکان وەرچەرخاند بەرەو بنکەی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی کورد و خەڵکی ئاسایی. ئەوجا ئەمەش هۆکاری دۆخ و سیاقی جەنگی ساردە، کە بە گەلێ سەر فاکتەرێکی بڕیاردەرە لە شێوازبەندیی زۆرێک لە ڕووداوەکانی ئەم سەردەمەمان، کە ئێمە بەتایبەتی مامەڵەیان لەگەڵ ناکەین. ئێمە مەسەلەکە لە چوارچێوەیەکی گڵۆباڵدا وەردەگرین و جەختکردنەوەش لە دینامیکەکانی بنکەوە بۆ ترۆپک دەبێت.
مێژوویەکی ترانسناشناڵی کۆماری مەهاباد
لە مێژووی کورددا، بە گەڕانەوە بۆ دواوە، مەهاباد بە خاڵی جیاکەرەوە دادەنرێت. ئەمە یەکەمجارە لە سەدەی بیستدا کەوا کورد داوای دەوڵەتی خۆیان دەکەن و لەڕاستیشدا بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک بوون بە خاوەنی ئەو دەوڵەتە. کاتێ عەبدوڵا ئۆجەلان لە سووریا دەژیا هەڵۆیەکی هەبوو کە ناوی نابوو مەهاباد، لەسەر ناوی یەکەم کۆماری کورد (مارکۆس، 2009: 265). ئەمە لەخۆیدا پێمان دەڵێ کەوا کۆمار بووە بە سیمبۆڵی بەرگریی کورد. بەهەرحاڵ، گرنگە ئەوە دووپات بکەینەوە، کە تا ئەو ئاستەی ئێمە بیزانین، کە لە دەرەوەی ئێران و هەندێ بەشی عێراق، لەڕاستیدا بەشێکی کەم کاتی ئەم جاڕدان و ڕاگەیاندنەیان بیستبوو.
(تێبینی: مەبەست لە ترانسناشناڵ transnational بەزاندنی سنوورە نێودەڵەتییەکانی نێوان وڵاتانە. لە کۆماری کوردستاندا لە مەهاباد ئەو هاوکاری و هاوکۆییەی کوردی بەشەکانی عێراق و تورکیا و سووریا بوو لەگەڵ کۆماردا، بەدەر لە سنووری نێودەوڵەتیی ئەو سێ دەوڵەتە لەگەڵ ئێراندا – وەرگێڕ).
یەکەم دەوڵەتی کوردی؟
ئێمە فۆکەس ناخەینە مێژووی کورتخایەنی ئەو کۆمارە، چونکە بە چاکی دۆکومێنت کراوە (بۆزئەرسەلان، 2009؛ ئیگڵتن، 1963؛ گۆرگاس، 2014؛ کووهی - کەمالی، 2003؛ ماکدوواڵ، 2004، وەلی، 2014). لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا، دەوڵەتی ئێرانی لاوازکراو کەمە کەمە کۆنترۆڵ کردنی چواردەوری ناوچەکەی لەدەستدا و بەتایبەتی لە ڕۆژئاواوە. ئەم نەبوونی کۆنترۆڵە بواری ڕەخساند بۆ بووژانەوە و گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. لە ساڵی 1941دا، داگیرکردنی هاوبەشی ناوچەکە لەلایەن سوپای سوور و هێزەکانی بەریتانیاوە دوا گورزی سرەواندە دەوڵەتی فارسی لە کوردستانی ئێراندا. حیزبێکی نەتەوەیی نهێنی، بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوە - ژێ کاف)، دامەزرابوو و هەر زوو خۆی گۆڕی و بوو بە حیزبێکی سیاسی لە ساڵی 1945دا، بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا) و بە پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤیێت. لە کانوونی دووەمی 1946دا کۆمارێکی کوردی ڕاگەیەنرا و قازیی محەمەد، کە ڕۆشنبیرێک بوو بە پاشخانێکی شارستانییەوە و لە هەمان کاتدا ڕابەرێکی ئاینیش بوو، بە سەرۆکی کۆمار هەڵبژێردرا. ئەوجا دەستوورێک سەپێنرا و دەبوو مستەفا بارزانی ئاسایشی کۆمار بپارێزێت و بڕیاری لەسەر بدات، کە ڕابەر و سەرکردەیەکی بەناوبانگی چەندین ڕاپەڕینی کورد بوو لە عێراقدا.
بەڵام وەرچەرخان لە سیاقی نێودەوڵەتیدا و هاوشان لەگەڵ گرژی و ناکۆکیی تیرە و هۆزەکانی دەوروبەری مەهاباد، خێرا زەنگی مەرگی بۆ کۆمارە کوردییەکە لێدا. یەکێتیی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیێت USSR، کە تا ئەو کاتە چالاکانە پاڵپشتی کۆماری دەکرد، پشتی تێکرد بەرەوڕووی چارەنووسی خۆی ببێتەوە، کاتێ پێکدادان سەلماندی کە پڕمەترسییە. پاشان داپڵۆسین و سەرکوت کردنێکی سەختی بەدوادا هات و لەسێدارەدانی قازیی محەمەد کاری کردە سەر یادەوەرییەکانی کورد. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەربەست و ڕێگریی نەکرد لە میللی بوونی حەدەکا، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 1950ی یاساداناندا، ئەم حیزبە زیاد لە 80 لە سەدی دەنگەکانی مەهابادی بردەوە (قاسملوو، 1991). هەروەها لە عێراقیش، حکوومەت ماوەیەکی دوورودرێژ بوو بە دەست یاخیبوونی بارزانییەکانەوە گیریخواردبوو و ئەمەی کردە دەرفەتێک بۆ تۆڵە سەندنەوەیەکی توند. لە 24ی مایسی 1924دا، چوار ئەفسەری سوپای عێراق کە چووبوونە پاڵ بارزانی لە مەهاباد بە ئاشکرا لە بەغدا لەسێدارە دران و ئەم ناوانە بوون: عیززەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، محەممەد مەحموود و خەیروڵڵا عەبدولکەریم (ئیگلتن، 1963) و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر ڕای گشتیی کورد. پاشان بارزانی و بەدوایدا سەدان پێشمەرگە بڕیاریان دا عێراق بەجێبێڵن بەرەو تاراوگە و داوای پەنابەری بکەن لە یەکێتیی سۆڤیێت.
سێ خاسییەت بۆ ئێمە گرنگە لەم ماوە کورتەی کۆماری مەهاباددا، چونکە دەبنە مۆرکی سەردەمێکی نوێی جووڵانەوەی کورد. یەکەم، بەپێچەوانەی زۆرێک لە ڕاپەڕینەکانی پێشتر لە مێژووی کورددا، ئەمەیان خەڵکی شار ڕابەریەتییان دەکرد. دەکرێ وا تەماشای کەرتبوونی کۆتایی هۆز و خێڵەکان بکرێت کە ئەمە هۆکاری بنەڕەتییە بۆ کەوتنی کۆمار و سەرلەبەری ئەزموونەکە خەڵکی ڕۆشنبیر و شارنشین سەرکردایەتییان دەکرد، لەکاتێکدا کە دەبوو کۆمار پشت بە دەرەبەگە فیوداڵەکان ببەستێ بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆی (کووهی – کەمالی، 2003). هەڵبەت فیوداڵەکانیش نەیاندەویست پاڵپشتی چاکسازیی پێشکەوتنخوازانە بکەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیان بوو. دووەم، کۆمار بنەمایەکی نەتەوەیی ڕوونی هەبوو و دامەزرێنەرانی هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی ناوچەییان دەدا بۆ کورد، کە بەتەواوی نائامادەگیی هەبوو لە ئەزموونەکانی پێشتردا، ڕەنگە کۆماری کوردیی ئاراراتی لێ بەدەر بێت. سێهەم، ئاوارەبوونی بارزانی بۆ یەکێتیی سۆڤیێت سەرەتای ماوەیەکی دوورودرێژ پێکدێنێت کەوا یەکێتیی سۆڤیێت هێزێکی چاودێر بوو بەسەر جووڵانەوەی کوردەوە.
دەنگدانەوە لە کوردستاندا بەگشتی
ئێمە زیاتر لە ئەزموونەکە خۆی، دەنگدانەوەی کۆماری مەهابادمان لە لا مەبەستە لە تێکڕا فەزا و کایەی کورددا. ئەگەرچی سەرچاوەکانی ئەم ئەم بابەتە تا ڕادەیەک نەگونجاوە و ئەوەی لێیانەوە بەدەستیدێنین ئەوە دووپات دەکاتەوە کە دەنگدانەوەی ئەم ئەزموونە سنووردار بووە، ئەگەرچی دامەزرێنەرانی کۆماری مەهاباد هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەوایی و شەرعییەتیان داوە لە تەواوی خاک و ناوچەی کوردستاندا. لەپێش دامەزراندنی کۆمار، لە ساڵانی 1944 و 1945دا، گەلێ لە سەرکردەکانی کورد لە عێراق و سووریا و تورکیاوە سەردانی مەهابادیان کردووە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ئاڵوگۆڕی هاوکاری و یارمەتی. حەمزە عەبدوڵا و وردی (محەمەد تۆفیق وردی - وەرگێڕ لە عێراقەوە هاتن، قەدری بەگی کوڕەزای جەمیل پاشای دیاربەکر لە سووریاوە و قازیی مەلا وەهاب لە تورکیاوە هاتن. لە ئابی 1944دا، کۆبوونەوەیەکی لووتکە لە چیای داڵانپار بەسترا، لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و ئێران و تورکیا. ئامانجەکەش ڕاگەیاندنی یەکێتییەکی سیمبۆڵیی گەورەتر بوو. جارێکیتر قازیی مەلا وەهاب نوێنەرایەتیی تورکیای دەکرد (ئیگڵتن، 1963: 36). باشە ئەمە کێیە؟ چونکە زەحمەتە باس لەمە بکرێت و ئەم ناوە لە هیچ سەرچاوەیەکی تردا نەهاتووە.
هاتنی مەلا مستەفای بارزانی لەگەڵ نزیکەی دە هەزار کەسدا مەسەلەیەکی تەواو زانراوە. بەڵام ئەوەی کەوا زانیاریی کەمی لەسەرە، ژمارەی ئەو کوردانەی کەوا لە تورکیاوە هاتوون و چوونەتە ناو لەشکرەکەی بارزانییەوە. لە باس کردنی کاروباری کەنیسەیدا ویلیەم ئیگلتن دەڵی نزیکەی پەنجا کەس لە ناو پیاوەکانی بارزانیدا بوون و لە تورکیاوە هاتبوون (ئیگڵتن، 1963: 56). لە کتێبیکی تردا، حەمید بۆزئەسەلان دەنووسێت کەوا ژمارەیەکی زۆری کوردی تورکیا شان بە شانی بارزانی شەڕیان کردووە (بۆزئەرسەلان، 2009: 43). بەڵام ئاسەوارێکی زۆر کەمی جموجووڵ و هاتنی کورد هەیە لە تورکیا یان سووریاوە بۆ کۆماری مەهاباد. بۆ نموونە، جانیب یڵدرم، کە چالاکوانێکی کورد بووە و لە ساڵی 1946دا خوێندکاری کۆڵێج بووە لە ئەنقەرە – کە لە ساڵی 1925 لە لایس لەدایکبووە - و لە یادەوەریی خۆیدا وای دەگێڕێتەوە: ئێمە دواتر دەنگوباسی مەهابادمان بیستووە و کاتێ کە چووم بۆ فەرەنسا، لە دوای ساڵانی 1950کانەوە. تەنانەت ئەو کاتەش لەبەر ئەوە بوو کە من مەراقم بوو و لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ ئەو خوێندکارە کوردانەی لە ئێرانەوە هاتبوون و... ئەوانیش بۆیان باس دەکردین کە چۆن قازیی محەمەد حوکمی سێدارەی بەسەردا دراوە و جێبەجێ کراوە (میرئۆغڵوو، 2005: 112). جانیب یڵدرم کەسێکی بە ناوی سافی ناسیوە، کە سکرتێری شەخسیی قازی محەمەد بووە، بەڵام ئەوە ڕووندەکاتەوە کە سافی حەزی نەکردووە لەبارەی مهابادەوە قسە بکات، چونکە لە ژێر کاریگەریی شۆک و ترۆمای لەسێدارەدانی قازی محەمەددا بووە.[1]
بەشی دووەم:
ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەوڕووی ئالینگارییەکی تووند و قورس بووەوە بە هۆی مەیل و کەمەندکێشییەوە لەلایەن ئایدیۆلۆجیا و حیزبی کۆمۆنیستەوە. لە ناو هەر چوار پارچەی کوردستاندا.
کوردەکانی سووریا لەنێوان ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزمی کوردیدا
لەپاش کۆتایی هاتنی ماندێتی فەرەنسی لە سووریا لە ساڵی 1946، دانیشتووانی کوردی ئەو وڵاتە تێکەڵاوی بەشداریی سیاسی بوون لەسەر ئاستی نیشتمانی. لەم بەشدارییەدا کورد دوودڵ نەبوون لەنێوان ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزمی کوردیدا (تێجێڵ، 2008: 42). زۆرێک لە کوردەکان کەوا لە یەکەکانی هێزی ماندێتی فەرەنسیدا خزمەتیان دەکرد لە ماوەی ماندێتی فەرەنسیدا بەردەوام بوون بەردەوام بوون لەسەر چالاکیی خۆیان لە قۆناغی دوای ماندێتدا و پاشان لایەنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی سوورییان گرت، کە لەو دەمەدا زۆر نزیک بوو لە چەپەوە. لە ساڵی 1949دا دووان لە سێ دیکتاتۆرەکەی سووریا کە بەدوای یەکدا هاتن (حوسنی ئەلزەعیم و ئەدیب ئەلشیشکلی و سامی ئەلحینناوی) بە ڕەگەز کورد بوون (تێجێڵ، 2008: 44). ئەمە تا ڕادەیەک جێی سەرسوڕمان بوو کاتێ ئەوەمان بیر دەکەێتەوە کە لە ساڵانی 1920کان و 1930کاندا، سووریا بووبووە مەڵبەندی جالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد، پێکەوە لەگەڵ لوبناندا. ئەم چالاکییانە، کە بە شێوەیەکی گەورە و بەرچاو هاوکار بوون لە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوچەکەدا، لەلایەن ئەو ڕووناکبیرە کوردانەوە بەڕێوەدەبران کە بە هۆی سەرکردە ناسیۆنالیستەکانی تورکیاوە دەرکرابوون و ئاوارە بووبوون، جەسنی نەوەکانی جەمیل پاشا کەوا کوڕەزاکەی لە ساڵی 1944دا سەردانی مەهابادی کردبوو وەک کوردێکی سەرکردە و قسە ڕۆیشتوو. (گوینەش، 2019: 63؛ تێجێڵ، 2008). لەپاش کشانەوەی فەرەنسا لە ساڵی 1948دا، ڕووناکبیرانی کورد بەردەوام بوون لەسەر کۆششی خۆیان بۆ بووژاندنەوە و پەرەپێدانی هۆشیاری و کولتوور و شووناسی نەتەوەیی کورد لە سووریادا.
بەهەرحاڵ، ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەوڕووی ئالینگارییەکی تووند و قورس بووەوە بە هۆی مەیل و کەمەندکێشییەوە لەلایەن ئایدیۆلۆجیا و حیزبی کۆمۆنیستەوە. لە ناو هەر چوار پارچەی کوردستاندا، کوردستانی سووریا بەراییترین و بەربڵاوترین شوێن بوو کە پارتی کۆمۆنیست تێیدا تەشەنە و گەشە بکات و جێگەی شیاوی خۆی بکاتەوە. بەگوێرەی هاڕیت ئەڵسۆپ (2015)، چەندین فاکتەر هەیە بۆ ئەمە. یەکەم، پارتی کۆمۆنیستی سووریا، کە لە ساڵی 1927دا دامەزراوە، لەلایەن خالید بەکداشەوە ڕابەرایەتیی دەکرا، کە خۆیشی کورد بوو، لە ساڵی 1936وە تاوەکوو مردنی لە ساڵی 1995دا. بەکداش ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە هێشتنەوەی پشتگیریی بنکەیەکی جەماوەریی بەرچاوی کورد بەدرێژایی مێژووی ئەو حیزبە (جگەرخوێن، 2003). دووەم، بەچڕی هێنانی مەکینە و ئامێری کشتوکاڵی بۆ وڵات گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی-ئابووریی گرنگ و بەرچاوی دروستکرد لە ناوچە کوردییەکانی سووریادا و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ ئەوەی گرووپە جۆراوجۆرەکان بە شێوەیەکی سەرەکی خاوەن مڵکە زەویدارەکان و جووتیارەکانیان، بکەونە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەستەبەر کردنی توانا و دەسەڵات. بەو پێیە حیزبی شیوعی بوو بە حیزبیکی میللی لە چیا کوردییەکاندا. مامەڵە و سەوداکردنی حیزبی شیوعی لەگەڵ مەسەلەکانی وەک یەکسانی و مافی جووتیاران و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سامان و خۆشگوزەرانی بوو بە مایەی پەسەندی و دڵبەندییەکی خێرا لەلایەن چینی جووتیارانی کوردەوە و لە ناو ڕۆشنبیرانیشدا. هەروەها حیزبی شیوعیی سووری سەرنجی جگەرخوێنی شاعیری کورد و ڕۆشنبیرانی کوردیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا وەک (محەممەد فەخری و ڕەشید حەممۆ و شەوکەت نەعسان) پشتیوانیی سۆڤیێت بۆ مەلا مستەفای بارزانی لەپاش ئاوارەبوونی فاکتەرێکی سێیەمی گرنگە کەوا کوردی سووریای بەرەو حیزبی شیوعیی سووریا ڕاکێشا (ئەڵسۆپ، 2015: 68 – 69). لەبەر ئەم هەموو هۆکارانە و بەزۆریش پێدەچێت بە هۆی ئاڕاستەی چەپڕەوییەوە کە سەدا و دەنگدانەوەی مێشکی جووتیارە هەژار و بێ زەوییەکانی داگیر کردبوو و هەروەها لاوە خوێندەوارەکانیش، کە لە ئایدیۆلۆجیای مارکسی-لینینیدا هۆکارێکیان دەبینییەوە بۆ ڕەخساندنی ڕزگاربوون و یەکسانی و دادپەروەری بۆ گەلی کورد، بۆیە حیزبی شیوعی بوو بە سەنتەری چالاکییە سیاسییەکانی کورد لە دوادوایی ساڵانی 1940کانەوە تا ساڵی 1957 (ئەڵسۆپ، 2015: 69). لە ساڵانی 1950کانەوە شتەکان کەوتنە ئەوەی گۆڕانکارییان بەسەردابێت کاتێ کە سەرهەڵدان و برەوسەندنی دوژمنکارانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی پاڵی بە چالاکوانە کوردەکانەوە نا لە سووریا کەوا حیزبێکی نوێ دابمەزرێنن کە ڕوون و ئاشکرا وا نەخشەی بۆکێشرابوو کە بەرگریی لە مافەکانی کورد بکات و ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا بوو. هەژموونی گوتاری نەتەوەیی عەرەب لە سووریادا لە نێو هۆکارە یەکەمەکانی دامەزراندنی ئەو حیزبە کوردییە بوو. لە ساڵی 1958دا، یەکگرتنی سووریا لەگەڵ میسری ناسریدا لە کۆمارێکی عەرەبی یەکگرتووی کورتخایەندا نموونەیەکی ئاشکرای دڵبەندیی بەرپرس و کاربەدەستە سوورییەکانە بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبی. بەڵام مەسەلەکە زۆری تریشی بەدەمەوە هات و وەک بەرپرسانی پارتی کۆمۆنیست وادیار بوو سڵیان لەو ژمارە زۆر و بەرچاوەی پاڵپشت و لایەنگرانە کردەوە و ترسان لەوەی حیزبەکەیان ببێتە حیزبێکی کوردی (جگەرخوێن، 2003: 307 – 309)، بۆیە هەڵوێستی پارتی کۆمۆنیست، لە ساڵانی 1950کاندا، لە بەرانبەر داواکارییەکانی کورددا لە ئاسانکاری و چاوپۆشییەوە گۆڕا بۆ ڕەتکردنەوە و ویستیشی چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی بەرتەسک و سنووردار بکات و تەنانەت هەڵوێستیکی فەرمیشی وەرگرت و ڕەتیکردەوە کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا بنێت لە سووریادا. ئا لەم بارودۆخەدا بوو کەوا لە ساڵی 1957دا پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا دامەزرا و ئامانجی گشتیی دانپیانان بوو بە مافە فەرهەنگی و کولتوورییەکانی کورد و بە گۆرانکارییە دیموکراتییەکان لە سووریادا. ئەم ڕێکخراوە زۆر دەوامی نەکرد و لە ساڵی 1960دا سەرکردەکانی گیران و هەر زوو چالاکییەکانی خۆی کردە نهێنی.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەریی خۆی هەر بە گەورەیی مایەوە لە ناو ئەو خوێندکارە کوردانەدا کە بە مەبەستی خوێندن نێردران بۆ ئەوروپا. ئەم خوێندکارانە و ژمارەیەکی کەمی ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە ڕێکخستنی پشتیوانی لە دەرەوە بۆ شۆڕشی بارزانی لە ئێراق (وەک عیسمەت شەریف وانلی و نورەدین زازا؛ بڕوانە وانلی، 2014؛ زازا، 1993). لە ڕاستیدا، ساڵی 1958 لە سووریادا دەسپێکی سەردەمێکی فرەیی سنووردارە بە هۆی یەکگرتنەوە لەگەڵ میسری تاکڕەوی ژێر دەسەڵاتی ناسردا و ئەوە لە ئێراقدایە کە سەرلەنوێ بزووتنەوەی کوردی تێدا لەدایکدەبێتەوە.
دینامیکە نوێکانی سنوور بەزاندن؛ ڕێگەوبانەکان و ڕادیۆ و ئەوروپا وەک سەنتەرێکی نوێ
شۆڕشی ساڵی 1958 و گەڕانەوەی بارزانی بۆ ئێراق و شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961وە و دەنگدانەوەیان لە فەزای کورددا هەرێمی کوردی ئێراقیان خستە ناوجەرگەی کوردستانێکی نوێی وێناکراوەوە. بەڵام ئەمەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆرانکارییە قووڵانەی پەیوەندی کردن و تێپەڕاندنی سنوورەکان و ئەو دینامیکە ترانسناشناڵانەی کار لەسەر گۆڕانکاریی ناوچەی کوردی دەکەن بەگشتی.
تێپەڕاندنی سنوورەکان لە فەزای کوردیدا؛ دینامیکە کۆن و نوێکانی ترانسناشناڵ
سنوورەکانی نێوان (ئێراق-ئێران، ئێران-تورکیا، تورکیا-سووریا) هەمیشە هەمیشە ڕاگوزەر و شوێنی پەڕینەوە و ئەمبەر و ئەوبەر بوون. بە شێوەیەکی نەریتی هاتوچۆ کردن لە سنوورەوە و کۆچە وەرزییەکان فاکتەری گرنگ بوون بۆ بەلێشاو ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری و قسە و باس. خێڵە نیمچە کۆچەرەکان، کە هەموو هاوینێک لە سنوور دەپەڕینەوە، تا تووندوتۆڵ کردنی سنوورە نێودەوڵەتییە نوێکان، هێزیکی سنووربەزێن بوون. حکوومەتە نیشتمانییەکان زۆریان هەوڵدەدا کە کۆنترۆڵیان بکەن بەڵام سەرکەوتنێکی کەمیان بەدەستدەهێنا. لە ساڵی 1943دا، لەسێدارەدانی بێ دادگایی کردنی سی و سێ جووتیاری کورد لە تورکیا کە بەردەوام و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە سنووری ئێران دەپەڕینەوە دەکرێ بەو هەوڵدانەوە گرێبدرێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو خێڵانە (بڕوانە بێشکچی، 1991؛ ئوێزگەن، 2003). لە ساڵی 1961دا، ڕاپۆرتێکی دیبلۆماسی لەلایەن پێیەر لیسکۆی ڕاوێژکاری باڵوێزی فەرەنسا، ئیشارەت بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی ئێران باجی سەر ئاژەڵیان زۆر بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی خێڵەکان واز لە پەڕینەوەی سنوور بێنن1. گواستنەوەی هەموو جۆرە کاڵایەک، تووتن، ئەلکوهول و چەک، لە هەندێ ناوچەی دیاریکراو هۆکاری بژێویی بوون بۆ زۆربەی دانیشتووان.
قاچاخچێتی هەر لەسەر ئەو کاڵایانە ڕانەوەستاوە کە دەوڵەت قەدەغەی کردوون، بەڵکو دەبێ وا پێناسەش بکرێت کە تەحەدایەکە و ڕێی خۆی گرتووە بەدوای ڕەهەندە مادییەکانەوەیە. لە ڕاستیدا، قاچاخچێتی دوورە لە سنووردار کردنیەوە بۆ ئازوگوێزی کاڵای قەدەغەکراو، بەڵکو شکاندنی سنووریشە. چونکە قاچاخچی کاری قاچاخی بە هەموو شتیکەوە دەکات کە دەوڵەت ڕێی لێ بگرێت یان قەدەغەی بکات یان مامەڵەی پێوە بکرێت. قاچاخچی یارمەتیی کەسی حوکمدراو یان هەڵاتووی دەدا کەوا کۆماری تورکیا بەدوایەوە بوو بیگرێت، یان ئەو خەڵکەی هەوڵیان دەدا بگەنە بەیرووت بۆ کارکردن لە ماوەی گرانی و برسێتییەکەی ساڵانی 1940کاندا و هەروەها تا ساڵانی 1950کانیش، ئەو قوتابییانەی مەدرەسەش (فەقێ) کە دەیانویست بچن بۆ خوێندن لە مەدرەسەکانی بنخەت (لە کوردستانی بەشی سووریا) (تێبینی؛ مەدرەسە لە کوردستانی لای ئێمە پێیدەوترێت حوجرە و بە زۆری لە مزگەوتەکاندا بووە. بنخەت؛ مەبەستی ئەو هێڵی شەمەندەفەرەیە کە لە بەغدا و مووسڵ و حەڵەبدا تێدەپەڕی بۆ ئەستەمبووڵ بە ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانیدا و دواتر بوو بە خەتی سنووری نێوان سووریا و تورکیا، کە بەری سووریا پێی دەوترا بنخەت واتە خواری خەتی ئاسنەکە و سەرەوەشی کە بەشی تورکیا بوو پێی دەوترا سەرخەت – وەرگێڕ). هەروەها قاچاخچییەکان دەشیانتوانی ئەو کەسانە لەخۆ بگرن و بیانپارێزن کە دوژمنایەتیی خێڵەکییان هەبوو وەک تۆڵەکردنەوە یان ژن فڕاندن. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دیبلۆماسیی فەرەنسی، چەک لە یەکێتیی سۆڤیێتەوە دەگوێزرایەوە بۆ شوێنی جۆراوجۆری کوردستان و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرا و یاخیبووان یان شۆڕشگێرانی گەلێ ڕاپەڕینی پێ چەکدار دەکرا2. ئەم بازرگان و خێڵانە بەشدار بوون لە خولقاندنی فەزایەکی کوردیی هەماهەنگ و تۆکمەدا. بەڵام دینامیکە نوێکانیش لە ساڵانی 1960کاندا پاڵێکی نوێی دا بەم جووڵانەوەیە.
قاچاخچییەکان، بە شێوەیەکی ڕوو لەزیاد لە ساڵانی 1960کان بەملاوە، نەواری کاسێت و کتێب و گۆڤاری قەدەغەکراویان بە سنوورەکاندا دەپەڕاندەوە و هەروەها ئەو خەڵکە گەنجانەش کە دەیانخواست بچنە ڕیزی ئەو بزووتنەوەیەوە کە بارزانی سەرکردایەتیی دەکرد لە ئێراق لە ساڵانی 1960کان و 1970کاندا، بە هەمان شێوە ئەو کەسانەش کە لە کوودەتا سەربازییەکانی 1971 و دواتر 1980 لە تورکیا هەڵدەهاتن و بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکان دەپەڕینەوە (چەلیک، 2019: 175). ڕاپۆرتەکەی لیسکۆ کە لە 1961دا نووسراوە باس لە دروستکردنی ڕێگەیەکی نوێ دەکات کە باکوور و باشووری کوردستان بەیەکەوە دەبەستێ لە ئێران3. ئەم ڕێگەیە، وەک دیبلۆماسییەکە دەڵێ، ڕەنگە یارمەتیی گەشەکردنی پەیوەندیی بازرگانی بدات لە نێوان ئەم دوو دەڤەرەدا، لەکاتێکدا کە تا ئەو کاتە تۆڕی بازرگانی کوردستانی باکووری بە ئازەربایجانەوە دەبەست. ئەو دەڵێ کە ئەم ڕێگە تازەیە ڕەنگە ڕۆڵێک ببینێ لە پێکهێنانی شووناسێکی کوردیی گونجاوتر و پتەوتر. ئەمە دیسان بۆ بەشەکانی تری کوردستانیش ڕاستە، بەتایبەتی کوردستانی تورکیا. گەشەکردن و پەرەسەندنی ڕێگە نوێکان مەوداکان کورت دەکاتەوە و هەستێکی گەورەتر دەدا بە کوردەکان بۆ چوونەوە سەر هەمان کولتوور. لەپاش کوودەکەی ساڵی 1958، گەلێ لە کوردەکانی ئێراقیش پەنایان بردە بەر (تورکیا و ئێران). لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرەنسا لە ساڵی 1959دا، هێنری سپیتزمویلەری باڵیۆزی فەرەنسا لە تورکیا، باس لەوە دەکات کە نزیکەی دوو هەزار پەنابەری ئێراقی لە تورکیادان لەو کاتەدا4. هەندێک لەوانە وادەزانرێت کە بەرهەڵستکاری مستەفا بارزانی بوون و بۆ ئێرانیش هەڵاتبوون5. ئەوان بەدڵنیاییەوە هەواڵەکەیان لە ڕێگەی ڕۆژنامەیەکەوە بڵاوکردووەتەوە، بە ناوی کوردستان کە بەنهێنی دابەش دەکرێت. لیسکۆ باس لە واتەواێک دەکات لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە و بەردەوام دووپات دەکرێتەوە و هەمووان بەباشی ئاگایان لە گرتنەکانی ئەم دواییەیە لە ئێراق و تورکیا6.
بەڵام گرنگترین داهێنان لەو کاتەدا بەدڵنیاییەوە ڕادیۆ بووە، کەوا کوردەکانی پێکەوە گرێداوە بەسەر جوگرافیای کورددا. لە ساڵی 1939دا پەخشکردن بە کوردی دەستی پێکردووە و یەکێک بووە لە بەرهەمی ڕووناکبیرانی کورد لە تاراوگە. ئەوجا لەبەر ئەوەی کە قسە کردن و بڵاوکردنەوە بە کوردی قەدەغە بووە و بە تاوان دانراوە لە تورکیادا لە ساڵی 1925 بەملاوە، بۆیە ئێزگەکانی پەخش کردنی ڕادیۆ بە زمانی کوردی لە دەرەوەی تورکیا جەماوەری زۆر گەرەی هەبوو لە ناوچە کوردییەکاندا (ئینانچ، 2017؛ ئونگۆر، 2011). یەکەم سێ ئێزگەی ڕادیۆ کە بە کوردی پەخشیان دەکرد، ڕادیۆی بەغدا (1939 – 1940)، شەرق ئەلئەدنا (1943 – 1945) و ڕادیۆی وڵاتی شام - بیلادولشام (1941 – 1946) (حەسەنپوور، 2005: 438). ڕادیۆ یەریڤان کە دواینی ئەم ڕادیۆیانە بوو، لە نێو ناسراوترین و زۆرترین گوێگری هەبوو لە ناو کوردەکانی تورکیادا (ئاغجەکولو، 2012). ئەم ڕادیۆیە لە 1ی کانوونی دووەمی 1955دا دەستیکرد بە پەخشکردنی بەرنامەکانی. ئەو کارمەندانەی ئێزگەی ڕادیۆکەیان بەڕێوەدەبرد بە شێوەیەکی سەرەکی کوردی یەزیدی و ئەرمەن بوون و لەلایەن حکوومەتی سۆڤیێتییەوە مۆڵەتی پێدرابوو بە خەرج و تێچوونی داراییشەوە و بێگومان چاودێریی ناوەرۆکی بابەتەکانی دەکرا بێجگە لە ڕێنمایی هەڵبژادنی بەرنامەکانیشی (جەمیلە جەلیل، 2017). ڕادیۆ یەریڤان یەکەم و گرنگترین هۆکاری میدیای کولتووری بوو لە ناو کوردەکانی تورکیادا وەک ئامرازێکی نوێ. دەنگی کوردی لەو پەخشە ڕادیۆییەوە نوێ بوو بۆ کوردەکان. لە تورکیادا، پراکتیزە کردنی تواندنەوە ئامانجی سووککردنی زمان و کولتووری کوردی بوو. بەڵام ڕادیۆ یەریڤان گۆرانیی کوردیی نەریتیی پەخشدەکرد و بە هەمان شێوە گۆرانییەکانی دەنگبێژانیش و ئەو مێژووەی گۆرانییەکە باسی دەکرد و پاشان گۆرانییەکانیش ڕاڤە دەکران لەلایەن ئەو مێژوونووسە کوردانەوە کە بانگهێشت دەکران بۆ ئێزگەی ڕادیۆکە. زانا و توێژەران کارەکانی خۆیان لەبارەی کوردەوە دەنارد بۆ ئەوەی لە ڕادیۆوە پەخش و بڵاو بکرێتەوە (جەلیلێ جەلیل، 2017: 37). بەو پێیە ڕادیۆ وەک مانگێکی سەتەلایتی دەسکردی بەرگری کردن کاری دەکرد (چەلیک، 2018: 360). لە هەلومەرجی پەخشکردندا، ڕژێمی کەمالی کوردستانی تورکیای بە ناوچەیەک دانابوو کە دەبێت تورکبوونی تێدا بڵاوببێتەوە. مەبەست لە دابەشکردنی دەستبڵاوانەی ئێزگەکانی ڕادیۆ لەم ناوچانەدا بەئاشکرا بڵاو کردنەوەی مێژووی تورک و کولتوور و فەرهەنگی ڕەسمی بوو. بەڵام نەدیم گوێرسلی ڕۆژنامەنووسی تورک، لە سەردانیدا بۆ ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵات لە ساڵی 1962دا، بۆی دەرکەوتووە کەوا خەڵک لەجیاتیی ئەوەی گوێ لە ڕادیۆی (TRT (Türkiye Radyo Televizyon Kurumu بگرن کە کەناڵی گشتیی تورکیا بوو گوێیان لە ڕادیۆی تاران دەگرت، یان لەوەش خراپتر گوێیان لە ڕادیۆی یەریڤان دەگرت. دەسەڵاتداران لە کاردانەوەی ئەوەدا بڕیاریان دا سیگناڵی ڕادیۆی یەریڤان پەکبخەن و ئیزگەی ڕادیۆی زیاتر بنێرن بۆ ناوچەکانی سنوور (ئونگۆر، 2011: 201).
لە ساڵانی 1960کاندا، ڕادیۆ کەوتە ئەوەی ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە داڕشتنەوە و سەروبەرگرتنی کوردستان وەک ڕووبەرێکی یەکگرتووی کولتووری. لە ساڵانی 1950کاندا پەخشی ڕادیۆ زۆر تەشەنەی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ نموونە لە تورکیادا نزیکەی هەموو قاوەخانەیەک (یان چایخانەیەک) ئامێرێکی ڕادیۆی تێدابوو لە کۆتایی 1950کاندا (بیلەی، 1970). لە ساڵی 1946دا، کوردەکانی ئەستەمبووڵ گوێیان لە پەخشی کوردیی ڕادیۆی ئێراق دەگرت. لە کوردستانی ئێرانیش، وەک لێسکۆ ڕاپۆرتی لەسەر دەدا پەخشی ڕادیۆی کوردی لە یەکێتیی سۆڤیێت و ئێراق و تەنانەت لە قاهیرەشەوە بە بایەخێکی گەورەوە گوێیان لێ دەگیرا. لە مەهاباد، هەموو دووکانێکی بازاڕ بەئاشکرا ڕادیۆیان دەکردەوە و خەڵکی گوێی بۆ ڕادەدێرا و بە پێی لێسکۆ، هەرکەسێک ئامێری ڕادیۆی هەبوایە بە وردی و ڕێکوپێکی درێژیی شەپۆل و کاتەکانی پەخشی بەرنامەکانی دەزانی7. وەک هۆکارێکی نوێی پەیوەندیکردن دینامیکییەتی نوێی ترانسناشناڵی (نێوان وڵاتانی) بەهێزکرد و شوێنەکانی دەرەوەی کوردستان بایەخێکی تەواوی وەرگرت بۆ جموجووڵ و یەکێتیی سۆڤیێت، لە ڕێگەی پەخشی ڕادیۆییەوە یەکێک بوو لەو شوێنانە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوروپا بەتەواوی گرنگیی خۆی هەبوو، کەوا خوێندکارانی گەنج لە بەشە جیاجیاکانی کوردستانەوە لە نێوان خۆیاندا پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان دەبەست و بەرکەوتەیان هەبوو لەگەڵ گوتاری مارکسی و دژە کۆڵۆنیاڵیدا و بۆ نموونە، ئەمە زۆر ڕوونە لە یاداشتەکانی ئیکینجیدا (ئیکینجی، 2010).
ئەوروپا وەک مەڵبەندێکی نوێی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد
هەموو چالاکییە کولتووری و دیبلۆماسییەکانی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوە کۆمۆنیستی و دژە کۆڵۆنیاڵییەکان، بەتایبەتیش یەکێتیی سۆڤیێت، لەنزیکەوە بەسترابوو بە سەرهەڵدانی گوتاری چەپەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەدیاریکراویش لە ناو کورددا. پەرەسەندنی چالاکیی چەپ تەنها لە ڕێگەی تاکەکەسەوە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵکو کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی خوێندکارانیش ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. لە ماوەی جەنگی سارددا، زۆرێک لە خوێندکاران و ڕۆشنبیرانی کورد لە چەندین پایتەخت و شاری گەورە نێشتەجێ بوون، وەک دیمەشق و بەیرووت، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەوروپادا وەک (لۆزان و پراگ و پاریس و ستراسبۆرگ و مۆسکۆدا) بوون. تا ساڵی 1975، زۆربەی خوێندکارە کوردەکانی ئەوروپا لە ئێراق و سووریاوە ڕۆیشتبوون. بە هۆی گەشەکردنی گەورەی ئەم دوو وڵاتەوە، بەتایبەتی لە سیستەمی ئابووری و خوێندندا، پەیوەندیی نێوانیان و وڵاتە ئەوروپییەکان ڕووی لە زیادبوون کردبوو، وەک بەریتانیا لە حاڵەتی ئێراقدا و فەرەنسا لە حاڵەتی سووریادا، وەک هێزگەلێکی ئیمپریالیی پێشتر. هەڵبەت زیادبوونی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی سوودیان لە زەمالە و یارمەتیی حکوومییەکان وەرگرتبوو لە وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ڕەنگە یارمەتیدەربن لەم مەسەلەیەدا (شێخمووس، 1989: 4 – 5).
یەکەم ڕێکخراوێک بۆ خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا ساڵی 1949 لە سویسرا دامەزرا. ئەم ڕێکخراوە گۆڤارێکی دەرکرد بە زمانی کوردی و فەرنسی بە ناوی دەنگی کوردستان - La Voix du Kurdistan (زازا، 1993). بەڵام لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە تا ساڵی 1975، تا ڕادەیەک هەموو چالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد لە دەرەوە و بەتایبەتی لە ئەوروپادا، لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورددا لە ئەوروپا کۆبووەوە (KSSE)، کە ساڵی 1956 لە شاری ڤیسبادنی ئەلمانیای ڕۆژاوا دامەزرا، لەلایەن 17 خوێندکاری کوردەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە لە وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپا دەیانخوێند. دوتر کۆمەڵەی خوێندکاران گەشەی کرد بۆ نزیکەی سێ هەزار ئەندام لە ساڵی 1975دا و لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان لقی کردەوە. کۆمەڵەکە چەندین گۆڤاری دەردەکرد بە کوردی و زمانە ئەوروپییەکان و بەشداریی دەکرد لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی لاوان و قوتابییاندا و ئێوارە کۆڕی کولتووری و فەرهەنگیی ڕێکدەخست و وەک نوێنەرانی دیپلۆماسیی جووڵانەوە کوردییەکان کاری دەکرد لە ناو کوردستاندا و یارمەتیی قوتابییە کوردە تازە گەیشتووەکانی دەکرد بە ڕەخساندنی ڕێنمایی و خزمەتگوزاری بۆیان (شێخمووس، 1989: 3). کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە تۆڕە نێودەوڵەتییەکان و نیشتمانییەکانی خوێندکاراندا بەشدار دەبوو و پاڵپشتیی بزووتنەوەکانی ڕزگاریی نیشتمانیی جیهانی سێهەم و تۆڕە شۆڕشگێرە ترانسناشناڵەکانی دەکرد (تێجێڵ، 2018). لەبەر ئەوەی کۆمەڵەکە بە کۆمۆنیست لەقەڵەم دەدرا، بۆیە دەسەڵاتدارانی گەلێ وڵات بایەخێکی گەورەیان دەدایە (ئەممان، 2001). چالاکییەکانی کۆمەڵە و کۆمیتە لاوەکییەکانیشی حکوومەتی ئێراقیان بە ڕادەیەک بێزار کردبوو کەوا ڕادیۆی بەغدا بە چەند مانگێکی کەم لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی عەبدولکەریم قاسم ئەندامەکانی دەسنیشان دەکرد. هەر لەسەر هەمان ڕێچکە، حکوومەتی ئێراق داوایەکی سەرکەوتووانەی لە حکوومەتی نەمسا کرد بۆ ئەوەی نەهێڵێت ئەم کۆمەڵەیە کۆنگرەی دوانزەهەمی خۆی لەو وڵاتە ببەستێت (تێجێڵ، 2018). هەروەها ڕێکخراوەکانی تریش چالاک بوون، وەک هەڤرێ – کۆمالا شۆڕشڤانێن کوردێن تورکیا لە ئەوروپا (پێکەوە – کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردی تورکیا لە ئەوروپا). ئەم ڕێکخراوە لە نێوان ساڵی 1971 – 1974دا گۆڤارێکی بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی دەردەکرد بە ناوی ڕۆناهی Ronahî8.
پەیوەست بە کۆمەڵەی خوێندکارانەوە، لە نووسینێکدا کە لە ڕۆناهیدا بڵاو بووەوە بە ناونیشانی ژ بۆچی، هەڤرێ خۆی بەوە دانابوو کەوا ڕێکخراوێکە نەک تەنها بۆ قوتابییە کوردەکان بەڵکو بۆ کرێکارانی کوردیشە (ڕۆناهی، 1971: 1). هەروەها هەندێ نامیلکەشی بۆ عیسمەت شەریف وانلی و کەمال بورقای چاپ کردووە (گوینەش، 2012: 71).
ساڵانی 1960کان و 1970کان لە ئێراق و تورکیادا؛ چۆن گەنجە کوردەکان پشتگیریی مارکسیزمیان دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
کوردایەتی (کوردیزم) و مارکسیزم هێشتا هەر بنەمای کولتوور و فەرهەنگێکی هاوبەش پێکدێنن و هاوبەشیشن لە گەلێ ئەکتەری ئەمڕۆی ناوچەی کوردیدا ئەگەرچی بێ گرژی و دژوارییش نەبوون. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کار و چالاکیی یەکێتیی سۆڤیێت، بە پشتبەستن بە شوێن و کات و پاشان جووڵاندن و جۆشدانی تۆڕەکانی کەمینە لە ئێران و سووریا و لوبنان و فەلەستین و میسر لە ساڵانی 1920کان و 1930کاندا (تێرمیناسیان، 1997). لەڕاستیدا باسی ڕۆڵی ڕژێمی سۆڤیێتمان کرد لە مەسەلەی کۆماری مەهاباددا. ئاوارەبوونی بارزانیش لە یەکێتیی سۆڤیێتدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لەپێش ساڵی 1958دا. بەڵام دیسانیش، وەک حەمید بۆز ئەسەلان بۆی دەچێت، ئارەزووی پەیوەندی کردن لەگەڵ جیهانی مارکسییەتدا، کە بوو بە هۆی ئەوەی لە ساڵانی 1960کاندا و بەلای کەمەوە لە ناو فەزای ئەمبەر و ئەوبەری سنووردا، کورد ببێتە فرۆشیاری گەڕۆکی کۆمینتێرن (بۆزئەرسەلان، 2017ب). لە ساڵانی 1960کان بەملاوە و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردەکان حیزب و ڕێکخراوە نیشتمانییەکان بەجێدێڵن و هی خۆیان دادەمەزرێنن و بایەخی خۆیان لەسەر شووناسی کوردی چڕدەکەنەوە. هەروەها داواکارییەکانی کورد زیاتر ڕادیکاڵ بوون و لە مافە کولتووری و فەرهەنگییەکانەوە گۆڕان بۆ مافی چارەی خۆنووسین.
شۆڕشی ئەیلوول لە ئێراق؛ تووندڕەوی و توندوتیژیی بەکۆمەڵ
لە ساڵی 1958دا، کوودەتایەک ئەنجام درا لەلایەن ئەفسەرانی سوپای ئێراقەوە دەسەڵاتی گرتەدەست و حوکمی پاشایەتیی ڕووخاند. سەرکردەی ئەو شۆڕشە، کە عەبدولکەریم قاسم بوو، بنەچەیەکی تێکەڵی هەبوو؛ باوکی موسڵمانێکی سوننە و بە ڕەگەز کورد بوو، دایکیشی موسڵمانێکی شیعەی خەڵکی بەغدا بوو (بەپێچەوانەوە وەک باس دەکرێت باوکی عەرەبی سوننە بووە و دایکی کوردێکی فەیلیی شیعە بووە – وەرگێڕ). ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی خولیا و هیوایەکی گەورەی لە کوردستانی ئێراقدا پەیداکرد. چەند هەفتەیەک لە دوای کوودەتاکە، مستەفا بارزانی لە تاراوگەکەی لە یەکێتیی سۆڤیێتەوە گەڕایەوە کە دەیەیەکی خایاندبوو، کە لەپاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی 1946دا داوای پەنابەریی کردبوو. لێرەوە ئیتر حیزبەکەی، پ.د.ک (پارتی دیموکراتی کوردستان) دۆخێکی یاسایی وەرگرت و بەخێرایی کاریگەرییەکی گەورەی بەدەستهێنا لە کوردستانی ئێراقدا. بارزانی هەوڵیدا دۆخێکی ئۆتۆنۆمی دەستەبەر بکات بۆ کوردستانی ئێراق بەڵام شکستی هێنا لە قەناعەت کردن بە عەبدولکەریم قاسم. لەپاش وەستانی دانوستان شۆڕشێک لە ئەیلوولی 1961دا هەڵگیرسا. مێژووی نوێ باس لەوە دەکات کە شۆڕشەکە لەلایە ن مەلا مستەفا خۆیەوە دەستی پێنەکردووە بەڵکوو لەلایەن باڵە چەپەکەیەوە بووە کە لە دەوری ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی کۆبووبوونەوە (بۆزئەرسەلان، 2009: 50). بەو پێیە، جووڵانەوەی کورد کە توانی یەکێتییەکی ناوخۆیی دەستەبەر بکات لە کۆتایی ساڵانی 1940کانەوە، دابەش بووبووە سەر دوو تاقمدا کە شەڕی یەکتریان دەکرد. مەلا مستەفای بارزانی کە گۆڕابوو بۆ کەسێکی موحافزەکار لەپاش ئەو مانەوە دوورودرێژەی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا، کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراو بوو لە ناو کەسە دەمڕاست ناودارەکانی هۆزەکان و شارستانیدا. بەڵام هێزەکانی، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە باڵی چەپی پارتی بوون و سەرۆک و دەمڕاستەکانیان وەک چینی دوژمن تەماشا دەکرد. لە ساڵی 1964دا، ناکۆکییەکە تەواو قووڵبووەوە و بگرە وای لە کەساتەتییەکانی باڵی چەپ کرد، کە ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانی بوون، شان بە شانی هێزەکانی ئێراق دژ بە بارزانی شەڕ بکەن لە ساڵی 1966دا (بۆزئەرسەلان، 2009: 49 – 50).
بە شێوەیەکی گشتی، ناجێگیری و پشێوی لە ئێراقدا بەردەوام بوو بۆ ماوەی نزیکەی چواردە ساڵ و بوو بە هۆی زیان لێکەوتنێکی قورس لە سوپای ئێراق. هەڵبەت ڕێکخستنێکی کارای گەریلا بەدڵنیاییەوە یەکێکە لە هۆکاری گورجی و چاپووکی، بەڵام دۆخ و سیاقی جەنگی ساردیش ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری بینی. پاڵپشتی کردنی شای ئێران، کە بڕیاری دابوو پێشمەرگەی کورد چەکدار بکات بۆ لاواز کردنی دەوڵەتی ئێراق، بە هەمان ئەندازە گرنگ بوو. بەهەرحاڵ، لە بەهاری 1975دا و لەگەڵ توانەوەی بەفری چیاکانی ناوچەکەدا ئەم پاڵپشتییە هاتە کۆتایی. لە کۆبوونەوەی ئۆپێکدا کە لە مارتی 1975دا لە جەزائیر بەسترا، شای ئێران و سەددام حوسێن ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتییان مۆر کرد و ئەنجامەکەی کێشانەوەی پاڵپشتیی ئێران بوو لە کورد و شۆڕشەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تێکشکا و کۆتایی هات (زازا، 1975: 49). خەباتی نەتەوەیی کورد بەرەوڕووی شکستێکی گەورە بووەوە. ئەمجارەیان کوردەکانی تورکیا بە بایەخ و سەرسامییەکی گەورەوە تەماشای تێکۆشانی نەتەوەیی کورد دەکەن بە سەرکردایەتیی بارزانی کە خەباتی نەتەوەیی لەئەستۆ گرتووە، ئەگەرچی بە هۆکاری جۆراوجۆریش بێت.[2]